شار بەجارێک لەبەریەک کشاوەتەوە! ساڵان هەر شیرن بوو لە قاوەخانەی ‘شینە’ی دانیشتبای و گوێت لە قسەی خۆشی خەڵک ڕاگرتبایە. ناشکوری نەبێ، هەرچەند ئەو کاتیش عالەمەکە بەشێوازێکی دیکە دەیان ناڵاند. لەگەڵ ئەوەش هەر سەد خۆزگە بەو دەمی کا! بابم زوڵم و زۆری لەم سەردەمە لە تام چۆتەدەر! هەرچی پێدەچێ پیاو زیاتر ئاخ و حەسرەت بۆ ڕابردوو هەڵدەکێشێ!
یاخوا کوێر بم! بەدوای شەهید بوونی تاکە کوڕەکەمان ‘خەجێ’ی دایکی بەجارێک تواوەتەوە و بووە بە قانگڵە بەنێک! سەرباقی بەدەست گریانیشەوە چاوەکانی دێن لە دەست دەچن! چ بکا؟… باشە دڵیشی نەتۆقیوە! بەڕاستی ئێمە مەمانان دڵمان لە بەردیش ڕەقترە دەنا پاش مەرگی ‘ڕەشید’ی دەبووایە هەردووکمان جێبەجێ رووحمان دەرچووبایە! کوڕە خۆ لە ئێمە هەناسەساردو داماوتر ‘زینەتی’ بووکمە! پێش مەرگی ڕەشیدی مێردی هەر دەتگوت ماینی حدوودە. دەست و مەچک جوان، کێل گەردن و چاوگەش بوو. خانمێک بوو، لە شۆخ و شەنگی دا لەو نێوەنێوانە هاوتای نەبوو. ئێستا ئەو کابانە گورج و گۆڵە! پاش شەهید بوونی ڕەشید ڕەنگی بەڕووانەوە نەماوە، لە دوورەوە لاکەی سەری دێ و چاوەکانی زەق دەچنەوە!!
یاڕەبی لە چاوی پیس و بەڵای لابەلا بەدوور بن! ئەوەی هۆی بەسەر پێوە ڕاوەستانمانە، تەنیا ئەم دوو چەنگە منداڵانەی کوڕەزام ‘سروە’ خان و ‘شەماڵە’کەمن. خۆ ئەگەر ئەوانیشمان نەبووبان، ئیدی بۆ هەتاهەتایە چرای ماڵمان دەکوژایەوە!…
نێو قەیسەری و دوکان و بازاڕ زۆر قەڵەباڵغە، ڕێی ڕێداری نییە!؟ ساڵان وا نەبوو! ئێستا دەڵێی خەڵک لە ساڵی گرانی گەڕاونەتەوەو لە هەموو شتێک ڕۆدێن! بابم خەڵک تاوانی نییە، چ بکەن؟ هەموو لەسەر جێگاو ڕێگای خۆیان هەڵکەندراون و راویان ناونە نێو شارو شارۆچکان! قوڕوەسەرانە هێندیان دابڕدابڕ و ڕۆژی ڕەش دیوە، لەترسی پاشەرۆژ و رۆژی لێقەومان ناهێڵن هیچ شتێک وەهەرد کەوێ!
خۆزگە ئێستا منداڵەکانم لەگەڵ بۆایەو پڕ بە بەری خۆیان بەرگ و پێڵاوم بۆ کڕیبانایە! خۆ لەکاتی هاتنم بۆ شار بەستەزمانانە هەستیان بەوە کردبوو، بەجێیان دەهێلم و دەچم بۆشار، هەربۆیە وەک پشیلە بەدەورمدا هەڵدەسووڕان و خۆیان ڕێدەخشاندم. باش بوو دایەپیرە خافڵاندنی، منیش سووکێک خۆم لێ دزینەوە. چ بکەم بەخۆم نییە، ئێستا ئارەزویان دەکەم و دڵم لە سۆیانیان چەنگێکی لێهاتۆوە. واچاکە زوو حاجەتەکانم بکڕم و بگەڕێمەوە ماڵ، دەزانم لەلای منداڵەکان نەبێ دڵم لە هیچ شوێنێکی ئەم دنیاییە ناسکنێ و ناحەسێتەوە!..
بڕوانە! پێش ئەم جامە چەندە شتی جوان و ڕەنگاوڕەنگی منداڵانی لێ دانراوە؟ دەبێ ئەو پەرەنگە جوانانە لەگەڵ نەختێک زنگیانە بۆ دەست و مەچەکی کیژۆڵەکەی خۆم بکڕم! خۆ ئەگەر سواڵی دنیاو قیامەتیشم کردبێ ئەم کولێجە پووڵەکەدارەشی بۆ هەر دەکڕم! جا ئەوکاتە وەرن سەیری بووکە چینی یەکەی من بکەن! بەڵام بێتوو بۆ سروەی ئەو مشتە شتە جوانانە بکڕم، خۆ بە مەرقەدەکەی ‘کاکە ئەحمەد’! لە شەڕو گیڕەی شەماڵی ڕزگاریم نایە! واباشە هەتا لەبیرم نەچووە لە پێشدا لە فیکری ئەو دابم!…
دەی با لادەمە گوزەری کوتاڵفرۆشان، دەستێک جلوبەرگی رێک و کەمێک کراوە بۆ بووکەکەم و کراسێکیش بۆ ژنەتیوەکەم هەڵگرم، بەڵکوو بتوانم جڵی ڕەشیان پێ لەبەر داماڵم!… بابم! خۆ هەر ئێمە کوڕمان شەهید نەبووە کە هەتاهەتایە سەرمانی بۆ لە قوڕنێن؟! ئێمەش سایلی ئەو خەڵکە جەرگ سووتاوە. ئەوجار شوکری خودا کوڕم شوێنەواری کوێر نێیە! لە بەڵا دوور بێ بۆ دە دوازدە ساڵی دیکە شەماڵەکەشم جێگای بابی خۆی دەگرێتەوە. یاڕەبی ئەوەندەی گڵ لە سەر گۆڕی ڕەشیدە بەعومری شەماڵی زیاد بێ! لەگەڵ باوکی هەر دەڵێی سێوێکەو قاشکراوە! کچیش هەر ئەوەندە چاوت هەڵێنا بۆ خۆی گەورە بووە. بێمزەڕەت بێ! سروەم زۆر ژیکەڵەیە و بێتوو جلی جوانی دەبەر دەکەی، لەبەر جوانی بڵێ تاوسێکەو تەواو…
مخابن کوڕ کوژران زۆر گورچکبڕە! پشتی پیاو وەک ژێی کەوان وێک دێنێ. منیش پیر بووم و توانام لەبەردا نەماوە، دەنا بە مەرقەدەکەی کاکە ئەحمەد نەمدەهێشت چەکی ڕەشیدی بکەوێ! چ بکەم پیری چی لەگەڵ ناکرێ، هوشترە لەبەر دەرکی هەموو ماڵێک یخ دەخوا. لەوەش دڵنیام شەماڵ شوێنی باب و باپیری خۆی دەگرێتەوە، ڕەشیدیش هەر چاوی لە من کرد. ڕاستیان گوتوە:
“گیا لەسەر پنجی خۆی دەڕوێ!”
ئاخ پیری ماڵت وێران بێ! ئەم چەند ساڵانە دوایی بە تەواویی لە هیزو توانات خستم، بێتوو هەروا بڕواتە پێش، تەمەنێکی زیاد بڕناکەم. ئاخ! … دەردی من هەر پیری نییە، بەڵکوو دەردی یەکتەنی لەویش گرانترە! ساڵان باشبوو بڕە هیوایەکمان بەڕەشید و ژنەکەی هەبوو. دەمانگوت لەوەختی پیری و گۆجەگۆجەدا دەستمان دەگرن، بەڵام ئێستا چی؟ کوڕ لە دەستچوو، بووکیش ئاوا ڕووخا! خوایە هەڵی نەگری!… خوایە تەختی ئەو پیاوکوژانە وەرگێڕی!… بابم، پیاو کوشتن و کورد تاڵان کردن هەر وەک ئاو خواردنەوەی لێهاتووە! هیچ پیاوخەراپێک نەماوە دەرحەق بە ئێمەی کورد نەیکەن! هەر ئەوەندە ماوە رۆژێک بێن هەموومان بگرن، بمان بەن بەخڕی لە دەریاکانمان هاوێن و دەرخواردی ماسییانمان بدەن. پەکوو!… لەو هەموو زوڵم و زۆردارییە! جا کوردە ماڵوێرانەکە سەری خۆت بۆ کوێ دەبەی؟…
حەوتوویەک نابی سەدان ماڵیان بەسەر خەڵکی ڕەش و ڕووتدا کاول کردووە، تەنانەت زیندەوەریان پێ نەهێشتوون! بڕوانە!؟ لەسەر ڕووی گۆی ئەم زەوییە کەس بەرامبەر بە ئەم بێدادییە گوێی نابزوێ! چاخ بە ئاخ و ناڵەیانەوە ناوەستێ! هیچ دوور نییە رۆژێک کوتوپڕ بەسەر ئەم چەند ماڵەی دێیەکەی ئێمەش دانەدەن، ئەو خانووە قورماویانەمان بەسەردا تێکنەتەپێنن. جا ئەوکاتەیە مردن سەت قات خۆشترە لە ژیان! بەس نییە کە مردین لەسەر خاکی خۆمان چاڵ دەکرێین و یەکی بستەخاکێکمان پێ دەبڕێ!…
ئاخ پشتم زۆر دەئێشێ و قاچم لە دوو نایە، واباشە لادەمە قاوەخانەیک چایەکی گەرم بخۆمەوەو سیغارێک بکێشم، بەڵکوو تۆزقاڵێک پشووم بێتەوە سەرخۆ! بەڵام نا! وا چاکە لەپێشدا شڕوشاڵاتی ماڵێ و دیاری بەرخۆڵەکانم بکڕم، جاپاشان…
وادیارە هێندەشم پارە پێ نەماوە؟ دەورو زەمانەکەش گۆڕاوە! ساڵان لەلای تاجرو توجاڕی شاران بڕە سەنگایەکمان هەبوو! باوەڕو ئێعتبارێک هەبوو! سەنگ و سوکێک هەبوو! هەرنەبێ تا سەر خەرمان و حاسڵات هەڵگرتن بۆ هیچ دانەدەماین و پێداویستی یەکانی خۆمان بە قەرزو قۆڵە ڕادەپەڕاند، بەڵام لەم چاخەدا خەلەوخەرمان و گاجووت، مێگەل، سەگ و شوان، گاوو گۆل و… چی؟ ئاخر بە ئێعتباری کامیان سەنگ و سووکیمان لەگەڵ بکەن و بە قەرز شتمان بدەنێ! بابم دێهات نەما! ئەوەی ماویشە مەگەر خەڵکەکە دەوێرن لە ترسی گیانیان سەرهەڵێنن و بەشێنەیی بەمووچەو مەزراکانیان ڕابگەن؟ تەنانەت ئەو کەسانەی دوور لە چاوی دوژمن ئەویش بەشەو دارێک لەسەر بەردێک دادەنێن و دوو دەنک تۆو بەهەرد دادەکەن، هەرکە گەیشتە حاسڵات ئەو ماڕزانە بە تۆپباران وڵاتەکەمان لێ دەکەن بە ئاگرستان و هەست و نیستمان ئاور تێ بەردەدەن! بابم، کەس وەک ئێمە دێنشینەکانی ئەم دیارەی لێ نەقەوماوە. خەڵک هەموو ڕەنگ زەردی لای ماڵ و منداڵی خۆیانن. ئاخ بابم ڕوو زەردی لای ماڵ و منداڵ بوون دەردێکی گرانە!…
پارەیەکی ئەوتۆم پێ نەماوەو زۆریشم برسییە، ئیشتیام لە چایەکی داخ و سیغارێکە! یاڕەبی ئەستۆو ڕانم شکێ! نەمکرد لە ماڵێ قدوولەکەم پڕکەم لە تووتن، لانیکەم بێ سیغار نەمێنمەوە. سەرەڕای هەموو دەردان، بۆن و بەرامەی کەباب، ئاو بەلغاوەی پیاودا دێنێتەخوار! نان و کەبابی شاران تام بۆنێکی دیکەی هەیە! لادێی کە چووییە شارو نان و کەبابی نەخوارد، هەر وەک ئەوەیە نەچووبێتە شار. هاوار بەماڵم! دەردو مەینەتەکە ئەوەندە لە سەریەک کەڵکە بۆتەوە، پیاو نازانێ بیر لە کام لایان بکاتەوە، واباشە وڵامی ورگم وەپاشگوێ بخەم، نەفس چ نییە، گرینگ ئەوەیە ڕەنگ زەردی لای خاوو خێزانەکەم نەبم…! ڕەنگ زەرد!….
سەرباری هەموو دەردان پاش مەرگی ڕەشید گوناحباری ژنە لێقەوماەکەشی بووین! هێشتا جوان و جحێڵە، هەرچی بەخەسووەکەیدا لێی ڕادەسپێرم، بەڵکوو بۆ خۆی مێردێک بکاتەوە. برا! بەهیچ لەونێک ناچێتە ژێربار و وڵامی ئەوەیە:
“_ پاش مەرگی ڕەشید مێرد بەقەبر دەکەمەوە!” چ بکەم! بە ناشکوری نەبێ ژنەکانیشمان لە لەزەتی دنیایە تەمابڕاون…
خۆزگە ئێستا هێندێک پارەی زیادیم لە باخەڵدا بووایە و چووبام تێر بە زگ نان و کەبابێکم خواردبایە! کوا ئەگەر پووڵیشم پێ بووایە، دەمتوانی بەبێ منداڵەکان پاروو قووت بدەم؟ بەبێ منداڵان خواردنم لێ حەرامەو هەنگوین بەزارم تاڵە! رۆژم لێ وەدرەنگی کەوت؟! بێتوو دەست و برد نەکەم دەفریای گەڕانەوەی ماڵ ناکەوم و بۆ شەوێش پووڵی میوانخانەو ڕووی چوونە ماڵانم نییە. بە ئەستۆو ڕانی شکاووم لەبەر دەرفکریان نەپڕژام بگەمە جیپە شڕەی ‘حەمە’ش تاکوو بەجێیهێشتم. خۆ لەمە بەدوا لەترسی ئەو ناپیاوە خوێنڕێژانە پەلەوەریش ناوێری بۆلای گوندەکەی ئێمە پەل ببزێوێ! بەڵام چ ناکرێ و ناچارم، بە پەناو پەسیوانیشدا دابێ، دەبێ هەر خۆم دەربازکەم و بۆ شەو بگەڕێمەوە ماڵ! ئەگەریش هەر نەگەیشتمەوە، هەرچەند تەزووی شەوی ئێستا ساردە، چ باک! من منداڵی کێوو لاپاڵانم، دەچم تاکوو وڵات ڕووناک دەبێتەوە لە پەنایەک وچانێک دەدەم. تەنیا گرفتی سەر ڕێگای ئێستام ئەوەیە، دەبێ راوەستم لەگەڵ ئەوەی وڵات بووڵێڵ بوو، بە دزە دزە و دوور لە چاوەدێری دوژمن بە پشتی پێگەکەی سەرپەڕی شاردا خۆم دەربازکەم…
ئەوە سەیتەرەی نەیارم وەپشت سەرنا، کۆڵەبارەکەم زۆر قورسە. سەرباقی چاوەکانم حوکمیان نەماوە، لەبرسانیش ئەوە هاردەبم! خۆ ئەگەر پەلکێک نان و چایەکم خواردبایەوە یەکجار وا بێ تاقەت هەر نەدەبووم. لەبەر بێ سیغاریش تاریکی لەپێش چاوم وەک دیوارێکی لێهاتووە. خۆ ئەگەر ناچاری و دەستکورتی لێ گەڕابایە، بەم شەوە سەگ لە کون نایەتەدەر! بڕوانە بێجگە لە من خەزەک، ڕێوی و چەقڵیش بەدەرەوە هەیە؟ ئەگەر بەشەرعیش بێ بەشەو لە چۆل و چیایان سەفەر یەکتەنە هەر درووست نییە! بەڵام پیاو هەتا دەمرێ نازانێ چی بەسەر دێ. دەنا کوا بۆمن هاتووە، بەم شەوە تاریک و تنووکە، بە کوێرەکوێرو کوتەکوت هەڵوەدای نێو شاخ و بەندەنان بم! چی دیکە ناتوانم! ناتوانم زیاتر لەوە درێژە بەڕێگاکەم بدەم! واباشە تاکوو هەوا کەمێک ڕووناک دەبێتەوە، لەپەنا گابەردێک وچانێک بدەم، پاشانیش خودا گەورەیە…
حیسابم لە دەست دەرچووە. دەبێ بۆ جێژنی نەورۆز چەند رۆژ مابێ؟ کوڕە مەگەر دەردو خەم دێڵن پیاو هۆشی بێتەوە بەرخۆ؟ بابم لە وڵاتی ئێمە شایی خۆشی هەڵگیراوە، کەس لە فیکری ئەوەدا نییە کەنگی نەورۆزە! ساڵان حەوتوویەک بۆ نەورۆز دەما، عالم وێکرا دەکەوتنە تەدارەک و هێلکەیان سوور دەکرد. داراو نەدار جلی ئاڵاوڵاو خاوێنیان دەبەر دەکرد. هەمووکەس لەم اڵە خۆیان برینجیان لێدەنا، بۆنی پڵاو بەڕۆنی خۆماڵی وڵاتی دادەگرت. لە هەموولایەک جمووجۆڵ و شادی بوو. کوڕوکاڵ بۆ هەتەرێ و مەتەرێ وەسەربانان دەکەوتن. بەرۆژیش خەریکی هێلکەشکێنە دەبوون. شەوی نەورۆز کوڕانی ئازا لەسەر بەرزترین لووتکەی چیاکان ئاگری نەورۆزیان دەکردەوە، ئێستا لەم سەردەمەدا چی؟… بابم، عالەم لەبەر لێقەوماویی خۆیان ئاگایان لە تەواویی خۆشی یەکانی ئەم رۆژگارە بڕاوە!…
هەواکە ساردو نمدارە تەزووی سەرما لە ئێسقان کاردەکا. خۆ ئەگەر ئێستا سیغارەکەم هەبۆایە نەختێک هۆشم دەهاتەوەبەر! پیاوی سیغارکێش، سیغاری بەلاوە لە نان و ئاو گرینگترە. دەترسم بێ سیغاری بە پەلێکمەوە کا!…
وا باشە پەلە نەکەم لەم پەنایە کەمێکی دیکە خۆ مات کەم. “ئەوەی لەسەر سەبرانە لەسەر خێرانە”بۆ یەک دوو کاتژمێری دیکە ئەستێرەی بەیانی دەنگوێ و وڵاتیش ڕووناک دەبێتەوە. پاش ئەوەی دۆست و دوژمن لێک جودا کراوە، ئەوسا بە دڵنیاییەوە دەتوانم وەڕێ کەومەوە. کاکی خۆم کەس بە کەسە، لەوانەیە لەسەر پەلەپەلیان و بێ سیغاری بەگوللەیەکی بەڕەڵا گیانم بەفیڕۆ بدەم. هەرچەند قەت لە مەرگ نەترساوم، نەمازە ئێستا کە بە نیوە زیندوویی لەسەر پێ راوەستاوم. خۆ ئەگەر لەبەر خاتری ژن و منداڵی ڕەشید و ئەو پیرەژنەی خێزانم نەبۆایە، مردن هەزار جار ئاواتمە!… ئای باوکە گیان!… چەندەم شایی بەو دوو تفڵانەی ڕەشیدە! ئەوەندەی ئەولاد شیرنە، سەت ئەوەندە زیاتر نەوە شیرنە! خۆ ئەگەر بەردم بەکۆڵ کێشابێ و سواڵی حەوت دەوڵەتانم کردبێ، دیسانێش هەردووک نەوەکانم وەبەر خوێندنێ دەنێم! مڕۆڤ
کە خوێندەوار بوو باشتر لە واتای ژیان تێدەگا. حیسانی نەخوێندەوار
کۆڵەوارە، نایەڵم بە هیچ لەونێک نایەڵیم نەوەکانم نەخوێندەوار بن!!…
ئەوە رۆژ سەری لە ئاسۆ وەدەرنا. ئێستا وەختە منداڵەکان لە خەو هەستن، سروە بەر لە نەنکی لە خەو هەڵدەستێ، بەڵام شەماڵە سەگە کەمێک خەوخەو و قوونگرانە. بەیانیان هەتاکوو لە خەو هەڵی دەستێنی، دەبێ سەعاتێک زیاتر دەست بەسەرو گوێلاکی دابێنی. خۆ شەوانەش پیاویی گێژ دەکا، ئەوەندەی حیکایەتانمان پێ بگێڕێتەوە. باوەڕکە! حیکایەتی وایە پتر لە سەت چەلی بە نەنکی گێڕاوەتەوە. لەگەڵ ئەوەش هەرکە کاتی خەوتن هات زوو خۆ دەخزێنێتە نێو باخەڵی یەکمان و دەست پێدەکاتەوە، دەی باپیرە! دەی دایەپیرە گیان! ‘بزنۆکەو مەڕۆکە’م بۆ بگێڕەوە! ‘مام هۆمەری بنکەند’ی تان لەبیر نەچێ!… خۆزگەم بەخۆیان! چاک نییە هێشتا لە دەردو خەمی ئەم رۆژگارە حاڵی نین و نازانن لە دنیادا چ باسە!…
ئۆخەی خۆ ئەوە ئاوایشم لێ وەدەرکەوت! تاکوو منیش بە پیرەپیر دەگەمەوە ماڵ، منداڵەکانیش بۆ نان و چای بەیانی لە خەو هەڵدەستن. لەوانەشە نەنکیان پێش بەرچایی بە پیرمیانەوە بێنێ. چونکە ئەو عادەتی من باش دەزانێ. چەند ساڵێکە بەشەو لە هیچ جێگایەک گیرنەبوومە، ئەگەر ناچاریش بووبم، بەهەر لەونێک بووە بۆ بەرچایی بەیانیان خۆم گەیاندۆتەوە ماڵ…
ئیشتیای نانم بەسەرچووە، تامی زارم زۆر تاڵە، تەنیا ئیشتیام لە پیاڵەیەک چاو مژێک سیغارە! لە حەق نەگوزەرێن بۆن و بەرامەی شینکەو گیاو گۆڵی تازە سەر لە خاک وەدەرناو لەگەڵ جریوەو جووکەی پەوەرانی نێو ئەم لێڕەوارە رووح وەبەر مردوان دەنێن.
خۆ ماشڵڵا ڕەپستەی ئەمساڵەمان ئەگەر بۆ بەهار بارانەکەشمان هەبێ، ئیدی پەسڵانێ بەرپا دەکا! بەزیاد بێ! هەر نان و تووەکەمانی لێ وەدەرکەوێ شکورانە بژێرین. ئای لەو ساڵە خۆشە!… واوێدەچێ بەهاری ئەمساڵەمان بەرسق و رۆزی دەرچێ. بەڵکوو رووحم و کەرەمی خودای لەگەڵ بێ، ئەم بەهارەمان ببێ بە بەهاری ئازادی… کوا خودا کارێکی وامان لەگەڵ دەکا لەم نگبەت و چارەڕەشی یە ڕزگارمان بێ!
لە پارشێوێ ڕا دەنگی تۆپان دێ. لەم مەڵبەندە دەنگی تۆپباران ئاساییە، بەڵام نا، هەر دەڵێی لە نزیک ئاوایی ڕا دێ!؟ دەنگەکە زۆر نزیکە!؟ دەنگی ڕمبەی ئەم تۆپانەی ئێستا، هیچ وەدەنگی تۆپی رۆژەکانی دیکە ناچێ!؟ خۆ گوێشم لەبەر بێ خەوی و بێ سیغاری نەگیراوە؟ دوور نییە تۆپەکانیش پیر بووبن و دەنگ و ڕمبەیان گۆڕابێ؟ سەیر نییە، لەوکاتەوە تۆپ داهاتووە ئەم سەرزەمینەی ئێمەی پێ دەکوتنەوە! هیچ جێی سەرسوڕمان نییە! چونکە تۆپەکانیش بەدەست زاڵمان سواون و گرمەیان گۆڕاوە…!
ئەوە لە ئاوایی نزیک بوومەوە! ئەی ی ی…! ئەم دووکەڵە شینە چییە دەوران پشتی دێی داپۆشیوە؟ ئەم دووکەڵەی ئێستا هیچ وەک دووکەڵی تەندووران ناچێ!؟
بۆنێکی تیژ گەروم دەکزێنێتەوە؟ وادیارە سەرماکەی ئەمشەو کاری خۆی کرد!؟ هیچ نییە! بۆخۆم دەردی خۆم باش دەزانم، هەر کەمێک زووتر بگەمەوە ماڵ، چایەکی گەرم بخۆمەوە، دەردو عەلەمم لێ دەبڕێ!…
ئەوە بۆ ئەو ژنەتیوەی پیرێژنم منداڵەکان بەپیرمەوە ناهێنێ؟… نابابە گەروم زۆر دەبرژێتەوە و دەروونم قوڵپان دەدا! بەستۆی شکاوم دڵم نەهات دوو دەنک لەو نۆقڵە سوورانەی بۆ منداڵەکانم کڕیوە باوێمە نێو زارم و ئیدی دەرونم هێڵنجان نەدا…
تۆپبارانی ئەم بەیانە زۆر بێ ڕەزایە! نەکا نۆرە ڕاگۆاستنی ئەم چەند گوندانەی دەورو بەرمان هاتبی؟ نەخێر ناوێرن!… وەڵڵاهی هەتا بەم لاپاڵانەوە تاکە یەک پێشمەرگە مابێ، قەت ناتوانن بە ئاسانی هەنگاو بەرە ئەم چڕو بەندەنانە باوێن!… ئاخ گەروم چەندە دەکزێتەوە، سەریشم دەگێژەوە دێ، خۆ ئاویش بە چاومەوە گیر نابێ!؟
هاااهااا ئەوە بەرخۆڵەکانی منیش نەنکیان بە دوایانەوە، بەرەوپیرم لەماڵ وەدەرکەوتن. ئای ئای!… ئەدی ئەو کەوتن و هەستانەوەیان لە چییە!؟… هۆۆۆ رۆڵەکانم پەلە مەکەن! چاوتان لەپێش خۆتان بێ، نەکەون!… ڕاوەستن ڕاوەستن ئەوە گەیشتمێ!… تەک بابە گەورەتان لەسەر گەڕێ! کوڕە هۆی شەماڵ ئەوە بۆ دەستی سروەی ناگری؟ کاکە گیان دەستی بگرە نەکەوێ!… هۆۆۆی خەجێ بەملی شکاوت بگە سەریان مەهێڵە هێندە بکەون! پەلە مەکەن گەیشتمێ! شیرنیات و نۆقلی سوورم بۆ هێناون. زۆرم شت بۆ کڕیون. سروە کولێجە پووڵەکەداریشم بۆ کڕیوی! شەماڵ پەلە مەکە! نەمگوت دەکەوی.!؟..
بۆ نەگبەتی! ئەوە بۆ ڕاست لەم چەند هەنگاوەدا قاچم وەستاو بەدوامدا نایە!؟ کوڕە هەتاکو بەڵایەکیان بەسەر خۆیان نەهێناوە، با زوو بگەمەلایان!.. قەت دەبینی؟ ئەو بەستەزمانانە لەم بستە ڕێگایەدا چەند جار کەوتن و هەستانەوە؟ ئای ئای! بۆچی هەر دەڕۆم نایانگەمێ!؟… تەماشا خۆ پیرێژنیش لە دواوە بە هەردەوە مەڵۆس بوو! ڕەنگە ئەویش بەپیری سەریەوە خەرفابێ و باوباوێنم لەگەڵ بکا!… ئای ئای کوڕە ئەو عالەمە بەم بەیانەییە بۆچی وادەکەن!؟ هەڵدەستن و دەکەونەوە؟! سەیرە، خۆ بێجگە لە دەنگی تۆپان و دووکەڵ هیچ شتێکی دیکە دیار نییە؟ نا نا!! هاهاها!!!… ئەوە گوللە تۆپێک لە نزیک منداڵەکان وەهەرد کەوت. دەی خودایە بیانپارێزە، نەزرم… ل…هاوار! هاوار!!… ئەی ماڵوێران خۆم! پشتم شکاو ئاویی ئەژنۆم وشک بوو!… کوڕە خۆ جریوە لە پەلەوەرانیش بڕا! نە دەنگ نەسەدا، وڵات بێدەنگ. نە ئۆحەو نەباڕە… خەڵک
لاڵ! هاوار بڕا!! ئای ماڵی وێرانم! قوڕم وەسەر! خۆ بێچوولە نازدارەکانم هەر بە یەکجاری بە هەردەوە مڵۆس بوون؟!…
بۆ هەر دەڕۆم ئەم بستەڕێگایە دوایی نایە؟… ئەوە گەیشتمێ ئای ی!… ئەوە بۆچی بەرخۆڵەکانم چاویان زەق و ملیان بەلارەوە ناوە؟!… ئای خنکام! خنکام!… کچێ خەجێ! زینەتێ! زوو بگەنێ و بزانن ئەوە بۆچی منداڵانە وایان بەسەرهات! ئای خنکام…! کچێ ئەوە بۆ بەهاوارمەوە نایەن؟! ئەی هاوارو داد بۆ فریاد ڕەسێک! بۆ هەرد ناقەڵشی! ئاسمان بۆ خوێن ناگری؟! ئای لەو بێ بێویژدانیە! ئای لەم بێ عەداڵەتییە! ئای لەم سەرەڕۆییە! کوا ویژدان؟ کوا مافی مرۆڤ لەکوێ نەستووە!؟
ڕۆڵەکانم هەستنەوە سەرپێ نۆقڵی سوور، جلی جوان و کەلوپەلی کایەم بۆ کڕیون… دە تۆزێک وەرنە ئامێزم… تیر دەمتان بە سێوکی دەمێیەوە نێم ، با پڕ بەسێ یەکانم بۆنی خۆشتان هەڵمژم!… هەر چەند هەناسەتان زۆر ساردە، بەڵام بەهەناسەی ساردتان دەرونم وەک کورەی ئاسنگەری دەدەمێتەوەو ئاگرێکی بەتینی لێ بەرز دەبێتەوە، ئەویش بەچەشنێک دڵی وەک بەردی ڕەق و ساردی پێ دەتوێتەوە…
ئەهای خەڵکینە!… مەگەر نازانن ئەوە سەرەتای بەهارەو کاتی ژیانەوەیە؟ ئیمڕۆو سبەیەک جێژنی ئێمەی کوردانە! وەرن سەیر کەن، چۆن خوێنمژانی تینوو بەخوێنی کورد سەرچۆپی کێشی دیلانی ئەم نەورۆزەمانە! وەرن سەیرکەن…! وەرن ببینن چۆن منداڵە خوێن مەیوەکانمان چاوی زەقیان لەم دیلانە بڕیوەو داوا لە دەنگ خۆشان دەکەن، کارەساتی ئەم جێژنەمان لەبیر نەکەن و هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا بە بەیت و بالۆرە، لەسەر لووتکەی چیاکانی ئەم وڵاتە لەخوێن شەڵاڵ بووەدا بەسەرهاتەکان بگێڕنەوە. بادایکانیش بە سۆزی لایەلایەکەیان بێشکەی کۆرپەکان ڕاژێنەوە… ئاخ خنکام! خنک..ا…م…!