"an independent online kurdish website

گەڕانەوە یان گێڕانەوەی سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق بەڕێز جەلال تاڵەبانی، لەم ساتەوەختەدا كە وڵاتی بەناو عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت،rebwar-kerim-weli-

لەلایەك جێگەی دڵخۆشییە، لەلایەكی دیكەشەوە گومان و پاڵەپەستۆ خستنەسەر رێچكەیەكی سیاسی نیشان دەدات. بە واتایەكی دیكە ئەم گەڕانەوەیە شتێكی ئاسایی نییە و تەوقیت و كاتەكەی جێگەی لێوردبوونەوەیە.

 خەڵكی ئاسایی ناو یەكێتی و تەنانەت دەرەوەی یەكێتیش بەوە خۆشحاڵن كە سەرۆك كۆماری پێشووی عێراقی پێشوو، دوای نزیكەی دووساڵ چاوەڕوانی دەگەڕێتەوە وڵات. ئەگەرچی پێشتر بڕیار وابوو كە یەك دوو رۆژ بەر لە هەڵبژاردنەكانی 30ی نیسانی رابردوو ئەم كارە بكرێت، بەڵام گرتەیەكی ڤیدیۆیی چەند چركەیی و هەندێ دەست و قاچی دیكە، كافی بوو بۆ راستكردنەوەی باری لەنگی یەكێتی و دەربازبوونێكی كاتی لەو قەیرانەی تێیكەوتبوون. ئەوە وایكرد كە باڵێك لەناو یەكێتیدا بە بیانووی ئەوەی ئەو “سەركەوتنەی بەدەستیان هێناوە” بەرهەمی كەس نییە غەیری خۆیان نەبێ، ویستیان و توانییان هەژموونی خۆیان بەسەر پاشماوەی یەكێتیدا بسەپێنن. ئەوەی باڵی دەستڕۆیشتوو حیسابی بۆ نەكردبوو، رووداوەكانی مووسڵ و توانەوەی شێرە بەفرینەكەی ئێران “مالیكی” بوو. بۆیە بە درێژایی مانگێك یەكێتی نەیدەزانی چی بڵێت و هەركەسە لە ئاوازێك دەیخوێند.

 باڵی دەستڕۆیشتوو وای دانابوو كە بە دوو هەنگاو (یەكیان لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان و ئەوی دیكەش وڵاتی بەناو عێراق، پێگەی خۆی دادەكوتێ). هەنگاوی یەكەم بەسەركەتوویی كۆتایی هات و كاندیدەكان و داواكانیان لە ئیدارەی كوردستاندا سەری گرت. چەند چركە ڤیدیۆكە كاری خۆی بەزیادەوە كرد. هەنگاوی دووەم ئەوە بوو كە موعتەمید و نهێنیپارێزە مەزنەكەش (نەجمەدین كەریم) كە سەركەوتنێكی بێوێنەی بۆ تۆمار كرابوو، كورسییەكەی بەغدا پڕبكاتەوە. چونكە قەت ناچێتە عەقڵەوە ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی بێئەوەی حیزبكەی ئاگادار بێت (بەڵام باڵی دەستڕۆیشتوو ئاگادار بوو) جەسارەتێكی سیاسیی وا لە خۆی نیشان بدات. بەڵام ئیدی كە دیتی بۆی ناچێتەسەر و مەترسیی كودەتای سەربازیی فەرماندەكانی پێشمەرگەی ناو یەكێتی، باڵی دەستڕۆیشتووی ناچاركرد هەنگاو بۆ دواوە بنێنن.

لەگەڵ هەموو رێز و حورمەتم بۆ مام جەلال، بەڵام راستییەك هەیە كە ئەویش ئەوەیە لەو رۆژەوە كە بەڕێزیان بۆ چارەسەری لە دەرەوەی وڵاتە، ژیانی سیاسی كۆتایی هاتووە، یان ئەوەتا كۆتایی پێهێندراوە. ئەگەرنا لەو هەموو قەیران و ئاڵۆزییەی یەكێتی تێیكەوت، رستەیەكی مام بەس بوو بۆ كۆتاییهێنان بە موناقەشە و جەدەلەكانی ناو یەكێتی و پێویستی بەوە نەبوو هەفتەی سێ رۆژ قاسم سلێمانی لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەوام بكات!

 باڵی دەستڕۆیشتوو كە ئێستا لەناو یەكێتیدا باش دیارن كێن، بەر لە هەموو كەس گەورەترین مەترسین بۆ سەر ناو و ناوبانگ و رابردووی خەباتی مام جەلال. ئینجا ئەوان كە خۆیان بە میراتگری رێبازی مام جەلال دەزانن، رەنگبێ لە رووی ماڵی، دارایی و دەسەڵاتەوە لە مام جەلالەوە زۆریان بۆ مابێتەوە، بەڵام پێناچێ بەو رادەیە سیاسەت و بیركردنەوەی ئەویان بەنسیب بووبێت. مام جەلال بەدرێژایی تەمەنی سیاسیی خۆی دەیزانی دۆست و دوژمنەكانی خۆی چۆن ئیدارە بدات، ئەگەرچی ئەو سیاسەتە زۆر كێشەی لەناو یەكێتیدا كەڵەكە كرد، بەڵام قەت نەیهێشت یەكێتی تووشی فەوزا ببێت. میراتگرەكان ئەمڕۆ بەچەپ و راست خەریكن، هەموو هێزەكە لەواندا كۆببێتەوە و جڵەوەكە لەدەست ئەواندا بێت. خۆشیان دەزانن كە ئەوە تاسەر نابێت، بەڵام تا دوا هەناسە مام جەلال بەكاردێنن.

 باڵی دەستڕۆیشتوو، بەهێنانەوەی تاڵەبانی بۆ سلێمانی و راگەیاندنی ئەوەی كە (هێشتا سیاسەتی پێدەكرێت) دەیانەوێ تا دوا هەناسە تاڵەبانی بەكاربێنن.

 ئەم بەكارهێنانە تەنها لە ناوخۆی كوردستان نابێت و دەیانەوێ شتێكی وەك ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لێ دروستبكەن و لەسەر هەموو ئاستەكان، جا كۆنگرەی یەكێتی بێت یان ماددەی 140 فەرق ناكات، گرنگ ئەوەیە كە ناوبەناو فتوایەك لەدەمی ئەوەوە بدرێت.

 

2014-07-21

روداو

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی