"an independent online kurdish website

وتووێژ لەگەڵ بەڕێز چەكۆ ڕەحیمی ئەندامی كومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانchako_rahimi-02

 

ئاو یەكێك لە گرنگترینی ئەو هۆكارانەیە كە ژیان دەبەخشێ، ژینگە و سروشت جوان دەكات و دەرەتانی بۆ ژیانی مرۆڤ و گیانلەبەرانی جۆراجۆر پێك هێناوە. لە كۆنەوە گۆتوویانە”ئاو و ئاوەدانی”. لە وڵاتە پێشەیی و پێشكەوتوەكاندا لە ئاوی زەریا و تاڵەكان بۆ فێنك كردنەوەی كەرەستەی پێشەیی كەڵك وەردەگرن و ئاوە شیرینەكان دەپارێزن. بە پێچەوانەوە لە وڵاتانێكی دواكەوتووی وەك ئێران لە ئاوە شیرینەكە پتر بۆ كەرەسەی پێشەیی كەڵك وەردەگرن و زۆر گرنگی بە پاراستنی ئاوە شیرینەكان نادەن. لە مەڕ گرینگی سەرچاوە ئاوییەكانی كوردستان و پاراستنی ژینگەی كوردستان و هەروەها ڕاگواستنی ئاوی كوردستان لەلایەن ڕێژیمی كۆماری ئیسلامییەوە بۆ شوینەكانی دیكەی ئێران، وتوویژمان لە گەڵ بەڕێز ” چەكۆ ڕەحیمی” ئەندامی كومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران پێك هێناوە.

 

پ: بەڕێز كاك چەكۆ ڕەحیمی تكایە لە سەرەتادا هێندیك باسی ئاو و سەرچاوە ئاوییەكان و ڕووبارەكان لە كوردستانی ئیران بۆ خوێنەرانی كوردستان بكەن؟

 

و: كوردستان وڵاتی كوردان، ناوچەیەكی ستراتژیكییە كە لەنێو دڵی جوگرافیایی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەڵكەتووە و ناوچە گرینگەكانی وڵاتانی(توركیە، ئێران، عێراق و سووریە)ی لە خۆ گرتووە. ناوچەیەكی شاخاوییە كە لە باری تۆپۆگرافییەوە نەخشێكی كاریگەریان لە ڕێژەی بارینى (باران و بەفر) و بوونی سەرچاوەی ئاوەكانی، شیرینی ڕەوان و ژێرزەوینیدا هەیە. زنجیرە كێوەكانی زاگرۆس و ئاگری كە لە سەرەكیترين زنجیرەكێوەكانی كوردستانن، لە باری هەڵكەوتوویی و بەربڵاوبوونیانەوە، لە هۆكارە دیاریكراوەكانی بارینى (باران وبەفر) لە كوردستان بە ئەژمار دێن. بارینی بەفر لە سەر لووتكە و بەرزاییەكان سەرچاوەی سەرەكی ئاوی زێی گەورەكانی كوردستان پێك دێنن. بارینی باران لە پێدەشت و لێڕەوارەكاندا دەبێتە هۆی سەرچاوەی ئاوەكانی ژێر زەوی، كە دیمەنێكی جوان و سەوز و پڕ ئاوی بە سروشتی كوردستان بەخشیوە. كوردستان بە هۆی زنجیرەكێوەكانی زاگرۆس یەكێك لە دەوڵەمەندترین ناوچە پڕ ئاوەكانی ئێرانە كە ئاوی ڕووبار و زێی ڕەوانەكان، گۆلەكانی(زرێباری مەریوان و ورمێ) و بەنداو و ئاوە ژێرزەوییەكانی كوردستان دابین دەكەن. سەرچاوەی ئاوە سەرەكییەكانی كوردستان لە بارینی بەفری زستانی لە سەر لووتكە و بەرزاییەكان دابین دەبێت. كە چەند زێ و ڕووباری پڕ ئاوی هەمیشەیی و دەیان ڕووباری بچووكی وەرزيی لێی دروست دەبن و بە نێوشار وگوندەكانی كوردستانی ئێراندا تێدەپەڕن ودەبنە هۆی سەوزایی و باغات و بەروبومى كشت وكاڵی و دابین بوونی ئاوی خەڵكی كوردستان. دەكرێ ڕێچكەی ئاوی زێ و ڕووبارەكانی كوردستانی ئێران بەم شێوەیە دابەش بكەین:

 

سەرچاوەی ئاوەكانی باكووری ڕۆژئاوا (باكووری گۆلی ورمێ)كە بریتین لە زێی ئاراس (توركیە وسنووری وڵاتی ئازەربایجان و پولدەشت)، قوتۆرچای (بەرزايیەكانی گەلی قوتۆر و ئەلەند)، ئاق چای (چالدوران) هەموویان دەڕژێنە دەریای خەزەرەوە. ئاواچیق چای (چیاكانی ئاواچیق باكووری ڕۆژئاوای ماكۆ) و ساریسوو (چاڵدران) دەڕژێتە كوردستانی توركیە.

–                 سەرچاوەی ئەو ئاوانەی دەڕژێنە گۆلی ورمێ وە، بریتین لە: زولاچای (سەڵماس)، نازلوو چای (توركیە وبرادۆست)، شهرچای (جێرمێ)، ڕووباری گادەر (شنۆ)، ڕووباری جانداران (مەهاباد)، زێی زەرینەرود یان جەغەتوو(چلچەمە و هەرمێدۆڵی سەقز، سیوەچی بانە و چیای بەرانان)، ڕووباری تەتەهوو یان سیمینەرود(برایم حەساری بۆكان)، ڕووباری ساروق (ماین بڵاغ هەوشار)، ڕووباری ئەجیرلوو(ماین بڵاغ هەوشار).

زێی بچووك یان كەڵوێ كە لە (سیاكێو، ماشكان ولاوێن) سەرچاوە دەگرێت، دوای تێپەڕین بە ناوچەی سەردەشت لە سنووری سەردەشت و قەڵادزێ دڕواتە كوردستانی باشوور(عێراق)، لەوێش ڕا دەڕژێتە زێی دجلەوە.

ئەو سەرچاوەی ئاوانەی دەڕژێتە كوردستانی باشوور(عێراق) و لەوێشەوە بۆ كەنداوی فارس (بەشێكی زۆری سەرچاوە ئاوكانی پارێزگاكانی ورمێ، كوردستان،كرماشان، ئیلام) كە بەشێكی لە پارێزگاكانی هەمەدان و لۆرستانەوە سەرچاوە دەگرن و دوای تێپەڕبوون بە ڕووبەرێكی فەراوانی كوردستاندا، بەشێكی دەڕژێنە دەریای خەزەر و بەشە زۆرەكەی دەڕژێنە كوردستانی باشوور(عێراق) و كۆتایەكانی دەڕژێتە كەنداوی فارسەوە، بریتین لە: ڕووباری قشڵاق (هەزاركانیان وچلچەمە) ڕووباری مەریوان و سەرچاوەكانی زرێبار(چلچەمە و چیای شاهۆ) زێی سیروان(قشڵاق، چیای شاهۆ، ئاوی مەریوان) ڕووبارەكانی زمكان و زرشك (گەهوارە، تازە ئاوا) زێی سەێمەرە(روانسەر، جوانرۆ، ماهیدەشت، كوزەران، كەنگاوەر، سەحنە و نەهاوەندی هەمەدان) ڕووباری ئەلوەند(كرند، سەرپێڵی زەهاو، قەسری شیرین، گیڵانغرب)، ڕووباری چەنووڵە(مەڵەكشاهی، چەنووڵە، ساڵح ئاوا، ئیلام)، ڕووباری زەرنە (ئەیوان، زەرنە، سەرتەنگ، لۆرستان) دەڕژێنە كوردستانی باشور(عێراق)ەوە. ڕووباری تلوار(لە بەرزایيەكانی سنە)، ڕووباری قزل ئۆزون (لە ماین بڵاغ و دیواندەرە) سەرچاوە دەگرن و دەڕژێنە دەریاى خەزەرەوە).

 

پ: وشكبوونی دەریاچەی ورمێ و لە كەمیدانی ئاوی زریبار چ پێوەندییەكی لە گەڵ سازكردنی بەنداو و تونێلە ژێرزەوییەكان بۆ ڕاگواستنی ئاو لە كوردستاندا هەیە؟

 

و: كوردستانی ئێران بە هۆی پڕ ئاوییەوە لە كۆنەوە پێویستی بە بەنداو نەبووە و ئاسەوارێك لە بەنداوی ئاو نابیندرێت، بەڵام بە پێچەوانە لە ناوچەكانی دیكەی ئێران كە بە درێژایی مێژووی چەند سەدەی ڕابردوو تووشی كەم ئاوی بوون، ئاسەواری بەنداوی كۆن دەبیندرێت. هەروەها بە هۆی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی ناوەندیی ئێران كە باوەڕیان بە دەسەڵاتی كۆكراوە لە ناوەنددا هەبووە و هەموو ناوەندە بڕیاردەر و ئابووریی و بازرگانی و پێشەیی لە ناوەنددا كۆكردوەتەوە. بوونی حەشیمەتێكی زۆر لەو ناوچانە پێویستی بە ئاوى زۆر هەیە و هەر بۆیە لە ساڵەكانی 1328ی هەتاوی(1949ی زایینی)-یەوە بەم لاوە دروست كردن بەند‌اویان لە سەر ڕووبارەكانی كوردستان دەست پێكردوە و بە مەبەستی عەمباركردن و وزەی بەرق، كەڵكیان لێوەرگرتووە. تا پێش شۆڕشی گەلانی ئێران (1357 هەتاوی بەرانبەر بە1979زایینی)15 بەنداو، و لە ساڵی 1385ی هەتاوی بەرانبەر بە2008ی زایینی نیزیك بە 150 بەنداو لە ئێران درووست كراوە، كە 25 بەنداویان لە كوردستانن. بە پێی گەڵاڵەیەكی پیشنیاری وەزارەتی وزە بۆ لێدانی 588 بەنداوی داوەتە دەوڵەت. دوای پەسند كردنی ئەو گەڵاڵەیە لە مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئێران و بە پەسند گەیشتنی شوورای نیگابان و وەلی فەقیە، بە سپای پاسداران وجیهادی كشاوەرزی سەر بە قەرارگای “خاتم الانبیا” سپێردراوە تا ئەم پرۆژانە جێبەجێ بكەن. لە كوردستانی ئێران بێجگە لەم 25 بەنداوە، 15 بەنداوی دیكە خەریكە ساز دەكرێن و بۆ 68 بەنداوی دیكە خەریكی توێژینەوەن. بەم مانایە كە لە ناوچەی كوردستاندا دەبێت 108 بەنداو دروست بكرێ.

 

سروشتییە لە هەموو وڵاتانی دیكە و بە تایبەتی وڵاتانی پێشكەوتووی پێشەییدا بەنداو سازكراون، بەڵام مەبەستەكان لێك جیاوازن، ئەوان بە مەبەستی پاراستنی ئاوە شیرینەكانی و جوان كردنی ژینگە و دابینكردنی ئاو بۆ كشت و كال وئاژەڵداری و بوونی ئاوی پاقژ بۆ خەڵكی ناوچەكە بەنداویان ساز كردوە. بەڵام كۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی ڕاگواستنی ئاوەكانی كوردستان بۆ ناوەندی ئێران و ناوەندە پێشەییەكان لەلایەك، و لە لایەكی دیكەوە لەژێر ئاوخستنی ئاسەوارەكۆن و مێژوویيەكانی نەتەوەی كورد و هەروەها چۆڵكردنی شارۆچكە و گوندەكانی كوردستان و ئەمنییەتی كردنی بارودۆخی ناوچە كوردنشینەكان بووە. كۆماری ئیسلامیی ئێران هەر بەوەندە ڕازی نییە و بە دەیان شیركەت و دامەزراوە و بونیادی لە ژێرناوی (ئەندازیاری تونێل و بۆشایەكانی ژێرزەوی) لە شارە ناوەندییەكانی ئێران دامەزراندووە كە كار دەكەن لەسەر لێدانی دەیان جۆر دروستكراوی ژێرزەوی وەكوو (دامەزراوەكانی وزە، تونێلی هاتووچۆی ماشێن و شەمەندەفەر. تونێلی ڕاگواستنی ئاو، تونێلی نێوشارەكان، تونێلی ژێركێوەكان بۆ ڕاگواستنی ئاوی ژێرزەوی و بەنداوەكان، تونێلی عەمبار كردنی مەوادی هیدرۆكەربۆن، تونێلی سەربازیی بۆ عەمباركردنی تەقەمەنی و مەوادی ژەهراوی، تونێلی كانیاو وكانزاییەكان و شاردنەوەی زبڵی ئەتۆمی) كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە داخەوە هەموە جۆرێك لەو تونێلانەی دروستكردوون و دەست بەكار بوون. هەروەك باسكرا بە هۆی ئەوەی كوردستان لە ئاوێ ڕووباردا دەوڵەمەندە و تا ئێستا كەمتر هەست بە كەمبوونی ئاو كراوە، بەڵام لە چەند ساڵی داهاتوودا ئاسەوار و كاریگەری بە تاڵان بردنی ئاوی كوردستان هەست پێدەكرێت و ئەو كات درەنگە!

 

پ: ڕاگواستنی ئاوی كوردستان چ كارێگەرییەكی لە سەر ژینگەی كوردستان دەبێ و ئەركی ڕێكخراوە سیاسی و ژینگەپارێزەكان لە كوردستانی ئێراندا چییە؟

 

و: یەكێك لە زەقترین كارلێكەرییەكان، بەربەست كردن و ڕاگوستنی ئاوەكان لە كوردستاندا، كەم بوونەوەی ئاوی گۆلی ورمیی و وشكبوونی و هەروەها كەمكردنی ئاوی دەریاچەی زرێباری مەریوان و بەند‌اوەكانی، مەهاباد، بۆكان و قشڵاقی سنە، كە بۆ زیاتر كەم ئاو كردنیان دیواری بەنداوەكانی بەرزتر كردوەتەوە تا ئاوەكان بە فشارێكی باشتر بدزن. بە پێی توێژینەوەیەكی سازمانی ئاوی جیهانی، تا 10 ساڵی داهاتوو، نیوەی وڵاتی ئێران تووشی وشكبوونێكی تەواو دێت. هەر بەو مەبەستەیە كە لە ئێستاوە بە بەرنامە ئاوی بەندئاوەكانی ناوچە پڕ ئاوەكانی كوردستان بە لوولە و تونێل و بە لاڕێدا بردنی ڕووبارەكان بەرەو ناوەندی ئێران ڕادەگوێزرێن. لە بەشێك لە ناوچەكانی كوردستان كانیاوەكان و ڕووبارەكان وشك بوون و كەم ئاوی لە كوێستان و هەوارگەكانیش دەبیندرێت. ڕێژێمی ئێران ئەوەی بە هۆی كەمی ڕێژەی بارینی باران لە مێشكی خەڵك دەهاوێت. بۆیە ئەركی ڕێكخراوە مەدەنی و ژینگە پارێز و حیزب و ڕێكخراوە كوردییەكانی ئێرانە، خەڵك لەم پیلانەی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی و زیانەكانی كەم ئاوی بۆ جیلی نوێی و داهاتووی ئاوی كوردستان ئاگادار كەنەوە و لەقاوی بدەن.

 

وتووێژ: كوردستان

کوردستان مێدیا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی