Hoppa till innehåll
Hem » حدک و سیاسەتی شکستخواردوو. جەمال نەجاری

حدک و سیاسەتی شکستخواردوو. جەمال نەجاری

خالید عەزیزی سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی وشەی چاپی باشووری کوردستان بە ناو نیشانی (وەڵامی دیموكرات بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران: ”بگەڕێنەوە سەر رێگەی خومەینی)

jamal_nacari

باسی لەوە کردووە ساڵێک لەمەوبەر بە نامەگۆڕینەوە پەیوەندییان هەبووە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و ئیستا ئەو ئەو پەیوەندییە راوەستاوە.
دیارە خالید عەزیزی ئاماژەی بەوە نەکردووە کە چ کەس یان کەسانێک لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەڵامی نامەکانی سەرکردایەتی حدک یان داوەتەوە بەڵام ئەو لێدوانە پەردە لەسەر هەندێ شتی شاراوە هەڵدەداتەوە کە بەر چاوی خەڵک و مێدیا باسی لێوە نەکراوە و پاش یەک ساڵ باسی لێوە دەکرێ و دەیدەخات هیچ ئاکامێکی ئەرێنی سەبارەت بە پرسی کورد لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی لێنەکەوتۆتەوە.

دیارە پرسی دیالۆگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە بەرنامەی کاری سیاسی بەشێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتدا – حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وکۆمەڵەی زەحمەتکیشانی کوردستانی ئێران- هەیە و لەبەر چاوی مێدیاکان باسیان لەوە کردووە کە ئامادەن سەبارەت بە پرسی کورد رێگای دیالۆگ بگرنە بەر، بەڵام نایشارنەوە کە گفتگۆکردن لەگەڵ حکومەتێکی تاسەر ئیسقان دژی کورد هیچ ئاکامێکی نابێ و سەرانی کۆماری ئیسلامی گوێ لە ویست و داخوازییەکانی گەلی کورد ناگرن.

لەو قۆناغەدا کە ململانێ و دووبەرەکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵات بەردەوامی هەیە و هیچ هەنگاوێکی هەڵنەهێندراوە بۆ ئەوەی گوتاری سیاسی خۆیان لە بەرەیەکی کوردستانیدا رێکخەن،با ئەو پرسیارانە بکەین؛ پرسی دیالۆگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی چەندە بە قازانجە و چەندە بە زەرەرە؟ ئاخۆ حیزبێک بە تەنیا دەتوانێ لە رێگەی دیالۆگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پرسی کورد لە ئێران بێنێتە بەر باس؟ ئایا لایەنێکی سیاسی بە تەنیا مافی نوێنەرایەتیکردنی هەموو خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانی هەیە کە بیەوێ وەک لایەنی کوردی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەسەر مێزی دیاللۆگ دابنیشێت؟

وەڵام و شرۆڤەی هەر کام لەو پرسیارانە بۆ خوێنەر دەهێڵمەوە؛ ئەوەی من دەمەوێ لێرەدا ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە پرسی دیالۆگ لەگەڵ رژیمی کۆماری ئیسلامی پێشتریش لە لایەن حیزبی دیموکراتەوە خراوەتە بەر باس و ئاکامەکەشی لەدەستدانی رێبەرانی حیزبی دیموکرات بووە لە سەر مێزی گفتگۆ و ئەوە نەبۆتە دەرسی عیبرەت بۆ رێبەرانی ئێستای لایەنێکی دیموکرات (حدک) کە سەرانی کۆماری ئیسلامی بڕوایان بە دیالۆگ نییە و هێنانە بەر باسی پرسی دیالۆگ لەو قۆناغەدا جگە لەوەی دووبارەکردنەوەی سیاسەتێکی شکستخواردووە و بیرەوەریی شەهیدبوونی رێبەرانی کورد لە زەینی تاکەکانی کۆمەڵگەدا زیندوو دەکاتەوە هیچ ئاکامێکی دیکەی نابێ.

ئەوەی کە خالید عەزیزی لە دیمانەکەدا پێداگری لەسەر دەکا کە دەبێ سەرانی ئێستانی کۆماری ئیسلامی بگەرێینەوە سەر رێگەی خومەینی کە باوەڕی بە دیالۆگ لەگەڵ کورد هەبووە! بەڵام ئاماژە بەوە ناکا هەر ئەو خومەینییە چۆن رێبەرانی دیموکراتی بە (مفسد في الارض) ناوبرد و فەرمانی جیهاد دژی کوردی دەرکرد. لە وتەکانی بەرێز عەزیزیدا جۆرێک لە بیرکردنی مێژوو دەبیندرێ و جۆرێک دڵخۆشبوون بە ئێستا و داهاتوو.
دەبێ چ شتێکی تازە لە پێکهاتەی سیاسی کۆماری ئیسلامی هاتبێتە ئاراوە کە رێبەریی حدک بڕیاری ئەوەی دابێ تاک لایەنە پرسی دیالۆگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بخاتە بەر باس. بۆ دەبێ مێژوو قوربانی سیاسەتێک بکرێ کە پێشتر ئاکامی نەبووە و بگرە زیانی گەورەشی بە خەباتی سیاسی کورد گەیاندووە. کەواتە دیالۆگی تاک لایەنە لەلایەن حیزبێکەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وەک سیاسەتی شکستخواردوو چاوی لێدەکرێ و دڵخۆشبوونی رێبەریی حدک بە وەها دیالۆگێک کە لایەنی بەرانبەر نە بۆی گرنگە و نە بە پێویستی دەزانێ، خۆهاویشتنە ناو وەهمێکی سیاسییە، وەهمێک کە رەنگە تەنیا رێبەریی حدک تووشی هاتبێ.

زۆر کەس پێیان وابوو کە رێبەریی حدک لە دوای جیابوونەوە لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) ئومێدی ئەوەی لێدەکرێ هەڵگری گوتارێکی نەتەوەیی بێ و گڕ و تین بە خەباتی نەتەوایەتی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ببەخشێ، بەڵام هەر وەک دەبیندرێ لە ماوەی 7 ساڵی رابردوودا شتێکی ئەوتۆ لە رێبەریی حدک لەمەڕ هەڵوێستی نەتەوەیی بەدی نەکراوە، تەنانەت نەیتوانیوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنی بەرانبەری خۆی (حدکا) ئاسایی بکاتەوە.
لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران کە حەسەنی روحانی بۆ ئەو پۆستە دەست نیشانکرا، تەلەفیزیۆنی کوردکاناڵ وەک زمانحالی حدک، بوو بە زمانحاڵی کوردە ریفۆرمخوازەکانی ناوخۆی ئێران و بۆچوون و روانگەی ئەوان لە کاناڵێکی حیزبێکی نەیاری کۆماری ئیسلامی بڵاودەکرایەوە. بە باوەڕی من رێبەریی حدک لەو کاتەوە پەیوەندی گەرم وگوڕی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی ناوخۆی ئێران درووست کردووە کە زۆربەیان ئەو کەسانەن کە سەردەمانێک لە بەرەی یەکگرتووی کورد کاریان کردووە و یان لەسەردەمی محەمەد خاتەمی دا ئەندامی مەجلیسی شوورای ئیسلامی ئێران بوون.

بۆچوون و روانگەی ئەو کەسانە بە ڕاشکاوی لە کوردکاناڵ بڵاودەکرایەوە. رێبەریی حدک تەواو لە ژێر کاریگەریی بیروبۆچوونی چالاکانی سیاسی ناوخۆدا بە سیاسەتەکانی خۆیدا دەچۆوە، ئەمەش لە ناواخنی بەیاننامە سیاسییەکاندا هەستی پێدەکرا. سەرچاوەی پرسی دیالۆگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیش هەر ئەو کەسانە بوون کە راستەوخۆ لە تارانەوە بۆ کوردکاناڵ دەدوان بە بێ ئەوەی رووبەرووی گیروگرفتی ئەمنی ببنەوە.

وەک رۆژنامەنووسێک لەسەر ئەو باوەرەم کە دەبێ دەرگای مێدیا بەرووی هەموو کەسێکدا بکرێتەوە و هەموو کەسێک بتوانێ قسەی خۆی تێدا بکا، بەڵام مێدیای حدک بەو ئاراستەیەدا کاری نەدەکرد بەڵکوو کۆمەڵە کەسێک لە دەرەوە و ناوخۆی ئێران دەست نیشانکرابوون کە پرسی دیالۆگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بخەنە بەرباس. بەڵام هەرگیز باس لەوە نەدەکرا کە چ کەسانێک یان چ لایەنێک دەبێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکەوتە دیالۆگ بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە ئێران. پرش و بڵاوی گوتاری سیاسی لایەنە کوردییەکان، بوونی ململانێ و دووبەرەکیی لە نێوان باڵەکانی دیموکرات و کۆمەڵە، نەبوونی بەرەیەکی کوردستانی بۆ رۆژهەڵات وەک بۆشاییەکی مەزن لە پانتایی سیاسیدا، حدک ی ناچار بەوە کرد کە تاک لایەنە و لە رێی کوردە ریفۆرمخوازەکانی ناوخۆی ئێران پرسی دیالۆگ –دوور لە چاوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دوور لە چاوی مێدیاکان- بخاتە بەر باس. بە بێ ئەوەی روون بێ چ کەس یان لایەنێک لە کۆماری ئیسلامی وەڵامی حدک دەداتەوە.

دیارە هێشتا ناوەرۆکی نامەکانی نێوان رێبەریی حدک و ئەو کەسانەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەڵامیان داوەتەوە لە مێدیاکان بڵاونەکراوەتەوە و ئێمە ناتوانین لەسەر ناوەرۆکی نامەکان قسە بکەین بەڵام وەک خالید عەزیزی لە دیمانەکەدا ئاماژەی پێکردووە رێبەریی حدک پێداگربوووە کە دیالۆگەکان درێژەیان هەبێ و سەرانی ئێستای کۆماری ئیسلامی لە رێچکەی خومەینی لانەدەن، چونکە سەردەمی خومەینی کورد لەگەڵ دەسەڵاتی تاران لە گفتگۆ دابووە!

رێبەریی حدک باسی لە پرسی فیدرالیزم لە ئێران کردووە و ئەوان گوتوویانە کە فیدرالیزم بۆ وڵاتێکی وەک ئیران نابێ، ئەوانە بەشێک لە ناوەرۆکی نامەکان بووە.

وەک خالید عەزیزی دەلێت: ساڵێکی بەسەرداچووە و لەو کاتەوە پەیوەندییەکانمان وەستاوە. هەڵبەت بەروونی لە قسەکانی عەزیزیدا دەردەکەوێ کە گفتگۆکان و نامەگۆرینەوەکان ئاکامێکی ئەوتۆیان نەبووە و خۆی گوتەنی؛ تەنیا (راوێژی زاری)یان پێکراوە.

دوا قسە؛

مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ لایەنێک بە تەنیا ناتوانێ لەگەڵ رێژیمی کۆماری ئیسلامی کە دژی هەموو بەها مرۆییەکانە، بکەوێتە دیالۆگ و پرسی نەتەوەی غەدرلێکراوی کوردیان لەگەڵدا بخاتە بەرباس. دیالۆگ لەگەڵ وەها رژیمێک کاتێ دەکرێ باسی لێوە بکرێ کە هەموو حیزبەکان لەدەوری یەک کۆببنەوە و خاوەنی گوتارێکی کوردستانی بن بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە ئێران و بە یەکەوە مەسەلەی دیالۆگ بخەنە بەر باس و نوێنەرانی هەموو حیزبەکان وەک نوێنەرانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ویست و داخوازە نەتەوەییەکان بە شێوەی فەرمی و بە چاوی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان وکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و مێدکان بخەنە بەر دەستی سەرانی ئیستای کۆماری ئیسلامی ئێران. دەبێ لەبیر نەکەین کە رێبەری ئێستای ئیران دیکتاتۆرێکی بەتەواو مانایە کە قسەکردن لەسەر پرسە نەتەوەییەکانی کورد لەگەڵ وەها دیکتاتۆرێک هەمووی دەبێتە بڵقی سەر ئاو، چونکە بڕیارە سیاسییەکان لەوێوە سەرچاوە دەگرن.

رێبەریی ئیستای حدک دەبێ بە سیاسەتەکانی خۆیدا بچێتەوە و واز لە دیالۆگی تاک لایەنە و بێ ئاکام لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بێنێ و ئەگەر هاتوو مەسەلەی دیالۆگ جارێکیتر باسی لێوە کرا، دەبێ هەموو حیزبەکانی رۆژهەڵاتی لێ ئاگادار بکاتەوە و بە پرس و راوێژ لەگەڵ ئەوان وەڵامی کۆماری ئیسلامی بداتەوە، بە دڵنیایی کۆماری ئیسلامی هەرگیز دەستپێشخەری ناکات بۆ چارەسەری پرسی کورد، بۆیە هیچ کام لە حیزبەکان نابێ بەتەنیا دەستپیشخەریی بکەن، چونکە زیانەکانی ئەوجۆرە دیالۆگە پێشتر لە لاپەرەکانی مێژووی کورد تۆمار کراوە.

قۆناغی ئێستا قۆناغی پێکەوە کارکردنی لایەنە سیاسییەکانە، دەبێ پەلە بکرێ گوتاری سیاسیی خۆیان یەکخەن، پتر پێداگر بن لەسەر پرسە نەتەوایەتییەکان و خۆ لەو مەسەلانە بەدوور بگرن کە زیان بە خەباتی نەتەوایەتی کورد دەگەیەنێ.

ئەوەی رێبەرانی حدک دەبێ بیری جیددی لێ بکەنەوە دیالۆگە لەگەڵ رێبەرانی لایەنی حدکا بۆ یەکگرتنەوەی ماڵی دیموکراتەکان، نەک دیالۆگ لەگەڵ چەند کەسێکی پەلە نزمی ناو دەزگایەکی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران.

کە دیموکراتەکان یەکبگرنەوە هاوپەیمانی ستراتیژی نێوان حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەش بەهێزتر خۆی دەردەخا و رەنگە هەر ئەو هاوپەیمانەی ئێستا –کە تەنیا لەسەر کاغەز ناوی هەیە- ببێ بە هەوێنی پێکهاتنی بەرەیەکی کوردستانی بۆ رۆژهەڵات کە تیایدا سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکان خۆیان ببینەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

خالید عەزیزی پەڕە لەسەر ناوەڕۆكی نامە گۆڕینەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لادەدا