"an independent online kurdish website

ئیدی ورده‌ ورده‌ ئه‌و ته‌پوتۆزه‌ ده‌نیشێته‌وه‌ كه‌ داعش له‌ رۆژانی سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ به‌ په‌لاماردان بۆ سه‌ر شنگال و مه‌خموور هه‌ڵیكرد. چۆن یه‌كه‌م وه‌جبه‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌ولێر له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ بوو، بۆچی تۆپچییه‌كانی ئێران و تۆپخانه‌كه‌ی حازر و ئاماده‌ بوون و هاتن له‌ گرتنه‌وه‌ی مه‌خمووردا یارمه‌تی پارتییان دا؟rebwar_kerim_weli

 چۆن ئێران وا حازر و ئاماده‌ بوو؟

بۆچی رێگه‌یان به‌ پێشمه‌رگه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان نه‌دا به‌شداریی شه‌ڕی داعش بكه‌ن؟

 بۆچی په‌كه‌كه‌ به‌ كه‌یفی خۆی ته‌راتێن ده‌كات؟

ئێران له‌ سه‌ره‌تای گرتنی موسڵ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، پارتی و هێزه‌ كوردییه‌كانی باشووری كوردستانی خسته‌ ژێر گوشاره‌وه‌ كه‌ شه‌ڕی داعش بكه‌ن. یه‌كێتی بۆ ئه‌وه‌ سه‌ری پێوه‌ نه‌بوو، له‌ خوایه‌كی ده‌ویست ئه‌وه‌ بكات. به‌ڵام پارتی نه‌ده‌چووه‌ بن باره‌وه‌. ئێرانییه‌كان له‌ سه‌ردانه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان بۆ لای بارزانی ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یان گوێ لێده‌بوو كه‌ بارزانی پێیده‌گوتن ئه‌وه‌ شه‌ڕی ئێمه‌ نییه‌ و ئاماده‌ نین بچینه‌ ناو ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌.

 به‌ڵام دره‌نگ یان زوو ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌بوو هه‌ر كورد بیكات. شیعه‌ له‌ رۆژانی سه‌ره‌تای په‌لاماری داعشدا گڕوگه‌فیان ده‌كرد و له‌شكر و ئۆردوویان ساز ده‌كرد. بیروبۆچوونی ئه‌مریكا و مه‌رجه‌عه‌كانی شیعه‌ش ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ شه‌ڕی شیعه‌ و سوننه‌ و ئاگرێك به‌رپا ده‌بێت كه‌ بڵێسه‌كانی هه‌موو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كاته‌ سووتماك.

 ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئێران هه‌م سه‌ری مالیكیی خوارد و هه‌میش رێگه‌یان نه‌دا شه‌ڕه‌كه‌ ببێته‌ شه‌ڕی شیعه‌ و سوننه‌ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا شه‌ڕی شیعه‌ و سوننه‌ بوو.

 وه‌ك چۆن حكومه‌ته‌كانی عێراق به‌ به‌شداریی كورد ده‌بوون به‌ حكومه‌تی ته‌وافوقی نیشتمانی، ئه‌مجاره‌یان ئێران ئه‌ركی پێكهێنانی شه‌ڕێكی ته‌وافوقیی پێ سپێردرا! ئه‌و شه‌ڕه‌ ته‌وافوقییه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر كوردی تێدا به‌شدار نه‌بووایه‌، نه‌ده‌بووه‌ شه‌ڕی تیرۆر و ده‌بوو به‌ شه‌ڕی مه‌زهه‌بی. 

ئێران، په‌كه‌كه‌ و یه‌كێتی گۆڵێكی گه‌وره‌یان له‌ پارتی و گۆڕان كرد. گومان له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ باڵێكی ناو پارتیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بووبێت پارتی و حكومه‌ته‌كه‌ی دڵی ئێران نه‌شكێنن و بچنه‌ ناو ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌. بێده‌نگیی نێچیرڤان بارزانی و تا رادده‌یه‌ك دووره‌په‌رێزیی له‌و رووداوانه‌دا جێی پرسیاره‌.

 چونكه‌ دۆخه‌كه‌ له‌ ئه‌مڕۆ شڕتر نابێ، به‌ڵام سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیری پێشمه‌رگه‌كه‌ی كه‌مترین ده‌ركه‌وتن و لێدوانیان هه‌یه‌. 

راسته‌ ئێران به‌ هاریكاریی راسته‌وخۆی ئه‌مریكا كوردستانی ده‌رگیری شه‌ڕ كرد، به‌ڵام هه‌ر كه‌سه‌ و له‌و شه‌ڕه‌ شتێكی پێده‌بڕێت كه‌ ره‌نگبێ هه‌مووی پێشوه‌خته‌ حیساب و كتابی بۆ نه‌كرابێت. بارزانی له‌ سۆنگه‌ی تێوه‌گلان له‌و شه‌ڕه‌وه‌ ئێستا ده‌ڵێ ئه‌وه‌ منم كه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو دنیا شه‌ڕی تیرۆر ده‌كه‌م و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی و چه‌ك و تفاقی بۆ دێت، ئه‌وه‌ خه‌ونی له‌مێژینه‌ی ئه‌و بوو كه‌ بتوانێ راسته‌وخۆ چه‌كی ده‌ستبكه‌وێت.

 ره‌نگبێ ئێران حیسابی ئه‌و خاڵه‌ی نه‌كردبێت و وای دانابوو كه‌ خۆی لێره‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی شه‌ڕی داعش بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌یانی له‌ پته‌ ده‌رچووه‌. هێزه‌كانی وه‌كو په‌كه‌كه‌ و یه‌كێتیش پشوویه‌كیان هاتووه‌ته‌وه‌ به‌ر و داشیان به‌رامبه‌ر پارتی سواره‌. په‌كه‌كه‌ ناوچه‌یه‌كی باشی بۆخۆی دابڕیوه‌ و رۆژ به‌ رۆژیش له‌ سۆنگه‌ی ره‌شكردن و ناوزڕاندنی پێشمه‌رگه‌وه‌ كێرڤی جه‌ماوه‌ریی له‌ناو شاره‌كانی باشووری كوردستان و به‌تایبه‌تیش سلێمانی له‌به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌.

 ده‌شگوترێ رۆژ نییه‌ چه‌ندین گه‌نجی باشووری كوردستان له‌ سلێمانی و گه‌رمیانه‌وه‌ نه‌چنه‌ ناو ریزه‌كانی په‌كه‌كه‌ و چه‌ك هه‌ڵنه‌گرن!

ئێران جارێكی دیكه‌ گه‌سكێكی به‌ناو ماڵی كورددا هێنا و وه‌ك بومه‌له‌رزه‌یه‌ك ژێرخانی سیاسیی هه‌ڵته‌كاند. ئه‌مڕۆ كه‌مترین شتێك كه‌ كورد باوه‌ڕی پێی مابێت ده‌وڵه‌تی كوردی و جوداخوازییه‌. رووحی نه‌ته‌وه‌یی كوردی تێكشكاوه‌ و ئێران ده‌رسێكی پێداین كه‌ قه‌ت ناتوانین ببینه‌ میلله‌تێكی یه‌كگرتوو، بناغه‌ی شه‌ڕێكی خۆبه‌خۆیشی بۆ داناوین كه‌ ئه‌ویش دره‌نگ یان زوو ده‌بێ هه‌ر رووبدات.

ڕووداو

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی