Hoppa till innehåll

لێم مەپرسە، پەشێو مەریوانی

ئەی پەپوولە چاوگەشە ئاوارەکەی    

شاری ”شنگال”     

کەوا لێوت وەکوو گوڵی    shengal

گوڵەباخیی بەر هەتاو

ئاولێبڕاو هەڵپڕووزاوە.

 

لێم مەپرسە

ئەی پەپوولەی پڕ خەت و خاڵ

کەوا ڕوخسارت شێواوی

شەونخوونی و ترس و ژانە.

چاوەکانت بووەتە چاوگەی

سەدان پرسیاری بێوەڵام.

 

لێم مەپرسە

ئەی پەپوولە زێڕینەکە

کە تۆ هێشتا منداڵایت و

تەنانەت خۆشت نازانی

ئەتۆ کێیت و

دواکەوتووی کام ئایینی.

ئەدی بۆ وا

لەشت بێت بە سووتەمەنیی

کوورەی جیهاد؟

سەرت بێت بە بەردەبازی پەڕینەوە

بۆ بەهەشتی بەرینی خوا!؟

 

لێم مەپرسە

ئەی ڤینۆسی خوای جوانی

بۆچ نازانی

لەمێژ ساڵە حوکمی جیهاد

لەم وڵاتە زامدارەی تۆ بە هاسانی و

بەبێ وچان وەک ڕەشەبا

لە تارانەوە بۆ دەمشق

لە ئانکاراوە بۆ بەغدا

بەبێ پاسپۆرت سەفەر دەکا؟

 

لێم مەپرسە

ئەی پەپوولە نازدارە بێنازەکەم

بۆچی جیهاد لە دژی تۆ؟

کە تۆ هێشتا منداڵیت و

فامی چەمکی ئایین ناکەی

ئەی نازانی

خەڵکی کوێیت و بە کام زمان

قسە دەکەی؟

 

پەشێو مەریوانی

2014-08-25