"an independent online kurdish website

بەشداری كردنی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە هەروەزی نەتەوەیی بۆ پاراستنی باشووری كوردستان لە هێڕشی كۆمەڵی دواكەوتوو و دژی مرۆڤی داعش، هاوكات بوو لە گەڵ سەروبەندی پیرۆزباییەكانی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵرۆژی دامەزرانی حیزبەكەمان.nahid_huseini

٦٩ ساڵ لەمەوبەر كاتێك پێشەنگە نەتەوەییەكانمان لە شاری مهاباد حیزبی دێمۆكراتیان دامەزراند، یەكەم و گرینگترین بەڵێنیان بۆ خەڵكی كوردستان ئەوە بوو كە ئەو حیزبەی ئەوان دایدەمەزرێنن تا سەركەوتنی نەتەوەی كورد و وەدەستهێنانی مافی دیاركردنی چارەنووس، لە هەر شوێنێك كە بەرژەوەندیی نەتەوەی كورد وەمەترسی بكەوێ، بە بێ جیاوازی لە تێكۆشان و چالاكی‏دا بێ. مێژووی خەباتی سیاسیی ئەم چەند ساڵە و هەڵوێستە نەتەوەییەكانی حیزبەكەمان لە قۆناغە ئاستەمەكانی مێژووی نەتەوەی كورددا، وەفاداریی ڕێبوارانی ڕێگای دێموكراتی بەو بەڵینە چەند پات كردووە.

ڕەوشی سیاسیی ئەمڕۆی كوردستان لە زۆر بوارەوە وێكچوونی لە گەڵ ساڵەكانی شەری جیهانیی دووهەم و سەردەمی دامەزرانی حیزبی دێمۆكرات هەیە. ئەمڕۆ. شەڕێكی بەرینی ناوچەیی لە لوبنانەوە تا ئەفغانستان، بە تایبەت لە عێراق و سوورییە دەستی پێكردوە كە هەموو وڵاتانی زاڵ بە سەر كوردستاندا بە شێوەی ڕاستەوخۆ تێوە گلاون. زلهێزە جیهانیەكانیش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لەو شەڕەدا حوزووریان هەیە. هاوسەنگی و هاوپەیمانیە جیهانی و ناوچەییەكان بە خێرایی گۆڕانیان بە سەردا دێ. جاروبار دوژمنەكان لە بەرامبەر مەترسییەكی نوێ دا دەكەونە یەك بەرەوە، دۆستەكان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان پشت لە یەكتر دەكەن و بێ‏لایەنەكان بە نەخوازراوی بۆ گۆڕەپانی كێشمەكێشە سیاسی و تەنانەت چەكدارییەكانیش ڕادەكێشرێن.

كوردستان، ئێستا بۆتە ناوەندی سەرەكیی ئەم كێشمەكێش و ئاڵۆزییانە و گەلی كورد لە گەڵ یەكێك لە ئاستەمترین سەردەمەكانی مێژووی خۆی ڕووبەڕوو بووە. ڕۆژەكانی داهاتوو بۆ چارەنووسی نەتەوەكەمان، لە هەموو بەشەكانی كوردستان دا زۆر گرینگن. بۆیەش تۆڕی ڕەشی دوژمنانی گەلی كورد و لە سەرووی هەمووشیانەوە كۆماری ئیسلامی بە شێوەیەكی بەربڵاو لە هەموو كوردستان ڕاچێندراوە تا ئەو دەرفەتە بۆ كورد بكاتە داوێكی نوێ.

كۆماری ئیسلامی كە بۆ خۆی ٣٥ ساڵ لەمەو بەر یەكەم جیهادی لە دژی گەلی كورد ڕاگەیاند، بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ لە شەڕی دژی داعشدا، لە سەر قازانجی گەلی كورد هەنگاوێك باوێ. دەستتێوەردانی كۆماری ئیسلامی لەو كێشەیەدا، تەنیا بە مەبەستی قووڵتركردنەوەی ئاڵۆزییەكان و بە لاڕێ بردنی هەوڵەكانی نەتەوەی كورد بۆ وەدیهێنانی مافی دیاریكردنی چارەنووسیەتی. دەنا جیاوازیی نێوان دەوڵەتی ئیسلامی داعش و كۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا لە مەزهەبەكەیان و لە ناوەكەیان دایە.

لە بەرامبەر ئەو مەترسیەدا، هاودەنگی، هاوپەیمانی و یەك هەڵوێستی هێزە كوردستانیەكان، ئێستا لە هەموو ساتەكانی مێژووی كورد پێویستترە. حیزبی دێمۆكرات لە ماوەی ٦٩ ساڵ خەباتی سەخت و دژواری خۆی دا، سەرەڕای ئەوەی كە هەمیشە مەیدانی سەرەكیی چالاكیەكانی خۆی لە چوارچیوەی جۆگرافیای ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا زانیوە و قورسایی تێكۆشانی لە دژی ڕێژیمە دیكتاتۆرەكانی ئێران بووە، بەڵام لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەییەكاندا شان بە شانی هێزە هاوپەیمانە كوردستانیەكان ئەركە نەتەوەییەكانی بە باشترین شیوە ڕاپەڕاندوە. ناردنی هێزی پێشمەرگەی حیزب بۆ بەرەكانی شەر لە دژی داعشیش هەر لەو چوارچێوەیەدا بوو. بۆیە هێزەكانی پێشمەرگەی حیزب، هەر بەو ئامادەیی، دڵگەرمی و ئیمانەوە كە لە بەرامبەر ڕێژیمی دژی گەلیی كۆماری ئیسلامی دا ڕادەوەستن، چوون بۆ بەرەكانی شەڕی پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانمان لە باشووری كوردستان.

سەرچاوە: کوردستان مێدیا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی