بە داخەوە ململانێی حیزبایەتی زۆر لە مێژ نەبوو بە حیساب کۆتایی پێ هاتبوو ململانێی مەزهەبی دەستی پێ کرد بۆ زیاتر سەرقاڵ کردنی لاوانی کورد بە دەست شەڕ و کوشتارەوە،
ئەمەش وای کردووە کە زۆربەی ئەوانەی کە هەڵگری ئایینی ئیسلامن لە دینی ئیسلام داببڕێن و دژی بوەستنەوە، ئەوەش وای کردووە ڕوو لە دینێکی دیکە بکەن یان دینێکی دیکە بە کار بێنن بۆ دژایەتی دینی ئیسلام یان بەشێکی بەرچاوی کوردان وڵاتی خۆیان بە جێ بهێڵن و ڕوو لە تارواگە بکەن بە بیانوی ئەوەی کە ئامان و ئاسایش لە کوردستاندا بوونی نەماوە بۆیە لە ماوەی ٣٥ ساڵی پێش تا ئێستاش هیچ لەو کەسانە ژیانیان بە ئاسودەیی و بێ شەڕ و کوشتار نەبردۆتە سەر.
لەم چەند ساڵەی دووایدا کۆمەڵێك کورد کە دەیانەوێت دیینی زەردەشت پەرە پێ بدەن بە ناوی مافی نەتەوایەتی کە ئەویش خۆی لە خۆیدا چەند بیرۆکەیەکی جیاواز دروست دەکات لە نێو ململانە سیاسی و مەزهەبیەکاندا.
بە بڕوای من هیچ دین و ئاینێك دان بە مافی نەتەوەییدا نانێت چونکە هەر دینێك لەو دینانە مارشی مرۆڤایەتی و پێکەوە ژیانی مرۆڤەکان بێ جیاوازی لە رەگەز و نەتەوەییان هەڵگرتووە کە گوایە مافی مرۆڤ دەپارێزێت، بۆیە بۆ میللەتی کورد هیچ دین و مەزهەبێك یارمەتی نەداوە تا مافە هەرە سەرەتایترین مافەکانیان لێ زەوت کراوە وەک مرۆڤ چونکە کوردن و هەڵگری ناسنامەی نەتەویی کوردین. هەر گروپ و دین و مەزهەبێک کە دروست بووە بە بەرژەوەندی ئەو دەستەڵاتە دروست بووە کە هەڵگری ئەو ڕێبازە فکری یە کە خۆیان ناویان لێ ناوە بۆیە هەمیشە ووڵاتانی دنیای سێهەم و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و میلەتی کورد بە تایبەتی هەرگیز سەربەخۆ نین.
هەر دین یان مەزهەبێك کە دروست بووە بۆ دەسەڵاتی پیاوان بووە و هەمیشە پیاو نەخشە داڕێژەر بووە بۆ ڕێكخستنی ئەو کۆمەڵگەیەی باوەڕیان بە شتی خەیاڵی هەیە، مەزهەبیش بەشێکە لەو فکر و خەیاڵاتەی کە دەستەڵاتی پیاو دروستی دەکات لە نێو چینەکانی کۆمەڵدا.
کاتێك کە ژنێك بیرۆکەیەکی تازەی پێ یە و بیکاتە پرۆژە خێرا تۆمەتی ئەخلاقی و بەد رەوشتی بە سەردا دەسەپێنن و پێیان دەڵێن بەرەڵاو، سەرلێشێواو و هەڵخەڵەفاو، بە داخەوە بەها مرۆیەکان چ لە کۆمەڵگەی لیبراڵ و مۆدێڕنە و چ لە کۆمەڵگەی مەزهەبی و پیاوسالاری لە نێو ژندا بوونی نەماوە، لە ناو کۆمەڵگە بە ناو مۆدێڕنەکاندا ژن وەک کاڵای بازار و جوانی و خۆش کردن و بە بازاڕ کردن کۆمپانیا و هونەوەو بە کار دەهێنرێت، لە کۆمەڵگەی بە ناو مەزهەبیەکاندا ژن دەبێت کۆت و زنجیری لە دەست بێت و لە چێشتخانە و ماڵەوە وەچە بۆ پیاو بخاتەوە و بەردەی پیاو بێت. بۆیە ژنان دەبێت زۆر بە چاوێکی کراوە و دوور لە هەموو مامەڵە کردنێکی کڕین و فرۆشتن و دەرکەووتنیان لە کۆمەڵگە بە ناو پێشکەوتنەکاندا، ژن دەبێت پەرلەمانتار بێت، دکتۆر بێت ژن دەبێت هەوڵ بدات بۆ ڕێك خستنی کۆمەڵگەی بە ناو مرۆوی بالانسێك دروست بکات لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا بە تایبەت ژنان کە زیاتری زوڵمی سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی لێ دەکرێت. هەوڵ بدرێت بۆ هۆشیار کردنەوەی ژنان ڕۆڵ بینیان لە چۆنێتی پلان دانان بۆ داهاتووی کۆمەڵگە بە گشتی و لاوان بە تایبەتی.