"an independent online kurdish website

ئەگەر ١١ی سێپتەمبەر ناسنامەی ڕێکخراوی تیرۆرستی قاعیدە بێت ئەوا جینۆسایدی یەزیدیەکانی شنگال باشترین ناسنامەیە بۆ داعش.داعش درێژە پێدەری بەرنامەی وەهابی قاعیدەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک سەرەتایەک وپاشان جیهان وەک کۆتا.ari-jaf

 هەڵگرانی بیروباوەڕی وەهابیزم هەرلە سەرەتای دروست بوون وگەشەکردنی قاعیدەوە هەرچی کاری نامرۆڤانە ودور لەشارستانیەتە گرتیانە بەر لە پێناوی سەرکەوتنی کارو بەرنامە کانیاندا بەبێ گوێدانە هیچ بنەمایەکی ئاینی یان مرۆڤایەتی یاخود پێگەیەکی کۆمەڵایەتی ومێژوویی. قاعیدە وەک نوسینگەیەکی خزمەتگوزاربۆ مجاهیدەعەرەبەکان خۆی ناساند لە ئەفغانستاندا لەسەردەمی شەڕی یەکێتی سۆڤیەت و ئەفغانستان ( لەلایەن عبداللە عزامەوە سەرپەرشتی ئەکراوئوسامەبن لادن کاری دابینکردنی پارەوموجاهید بوو)  ئەم نوسینگەیە دۆخی ووڵاتەکەی قۆستەوە بۆ گەشەکردن وسەرنج ڕاکێشانی ئەمەریکا بەلای خۆیدا ولەو ڕێگەیەوە خۆی پڕچەک کرد وژمارەیەکی زۆر چەکدار لەدەوری کۆبونەوە کە لە چەندین نەتەوەی جۆراوجۆرو ووڵاتی جیاواز پێکهاتبوون بەڵام زۆربەی عەرەب بوون،سەرجەم پشتگیریە ئابوریەکانی لەلایەن ووڵاتی سعودیە ودەوڵەمەندەکانی دورگەی عەرەبیەوە بوو .پاش دەرچونی سەربازەکانی سۆڤیەت لە سەرخاکی ئەفغانستان،چەکدارانی موجاهیدین خواستی بەردەوام بوونیان هەبوو لە جیهاد وڕزگارکردنی ووڵاتانی ترو بڵاوکردنەوەی پەیامەکەیان، بەڵام هەریەک لەودوو بەرپرسە باوەڕیان بەڕێگای تایبەت وجیاوازی خۆیان هەبوو بۆ بەردەوام بوون وگەیشتن بە ئامانجەکانیان،عبداللە عزام خوازیاربوو لە ڕێگەی سەربازیەوە بەردەوام بێت بەڵام ئوسامە بن لادن باوەڕی بە خەباتی چەکداری وپارتیزانی وتۆقاندن بوو یان بە واتایەکی تر توندوتیژی وتیرۆر.

 تیرۆرکردنی عبداللە عزام لە ساڵی ١٩٨٩ بووە هۆی ئەوەی کەزۆربەی موجاهیدەکانی ناوبراو بچنە لای بن لادن بەوهۆیەشەوە ئوسامەبن لادن ناوبانگ وتوانای زیاتری پەیداکرد،بەردەوام بوون لە گەڕان بەشوێن موجاهیدو کردنەوەی قوتابخانەی ئیسلامی وئۆردوگای مەشق پێکردنی موجاهیدەکان بنلادنیان گەیانە سودان، سودان یەکێکی تر بوو لە ووڵاتە هەژارنیشینانەی کە بن لادن توانی ئامانجی خۆی بپێکێ و ژمارەی شوێنکەوتووانی زیاد بکات،پاش چەند ساڵێک فەرمانی گرتن ودەرکردنی بنلادن  لەسۆدان دەرچوو ئەمەش بووەهۆی ئەوەی کە بن لادن خاکی سۆدان بەجێبهێڵێت وجێ نشینگەیەکیتر بۆخۆی دابین بکات ،لەم کاتەدا تاڵیبانەکان دەسەڵاتیان گرتبوەدەست لە ئەفغانستان،هەژاری وبێ یاسای باڵی کێشابوو بەسەر هەموو  ووڵاتدا،بن لادن ئاشنایەتی وهاوکاری لەگەڵ زۆربەی دەسەڵاتدارەکانی تاڵیباندا هەبوو ئەمەش بووە هەلێکی تر تاکو بگەڕێتەوە بۆ ئەفغانستان وبەردەوام بێت لە جیهادکردن دژی نەیارانی لە هەر ووڵاتێکی ئیسلامیداهەبن.

سەرکەوتنی بن لادن لە تیرۆرکردن وتەقاندنەوەی چەندین باڵەخانەی حکومی وباڵوێزخانە لە چەندین ووڵاتی جیاواز،بووە هۆی پەیداکردنی متمانەی زیاتربەخۆبوون وبە هاوکارانی بۆ بەئەنجام گەیاندنی کارە تیرۆریستیەکانی.تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە نایرۆبی کە بەسەدان قوربانی لێکەوتەوە زەنگێکی گەورە بوو بۆ ئەمەریکا ،بەڵام هێشتا بن لادن وقاعیدە نەبوونە ئەو مەترسیە گەورەیە بۆ سەر جیهان هەتاکو ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ کە یەکەم کاری تیرۆریان لە ئەمەریکا ئەنجام دا،ژمارەی قوربانیەکانی بەچەندین هەزار هاوڵاتی کۆتای هات.قاعیدە ناوبانگی دەرکرد وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرست لە جیهانداو سەرجەم ووڵاتە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا کەوتنە گرتن وڕاوەدونانی ئەندامەکانی قاعیدە.یان بە واتایەکی تر کەوتنە بەر نەفرەتی هەموو جیهان،قاعیدە هەر بە ئەمەریکاوە نەوەستاو بە پشتگیری موجاهدەکانی دەستی گەیاندە بەریتانیا وئیسپانیا وسوید وچەندین ووڵاتی تر،هەموو ئەمانە بووە هۆی زیاتر سووربونی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین زانیاری لەسەر ئەندام ولایەنگرانیان وپاشان نەهێشتنی قاعیدە.

قاعیدە بەردەوام کاری لەسەر ئەو ووڵات وناوچانە کردوە کە نائارامی تێدایە ویاسا تیایدا ناجێگیرە،بۆ قاعیدە ئەو ووڵاتانەی کە بێ ئیشی وهەژاری ویاخی بوون دژی دەوڵەت تیایدا زۆربووە، هەموو قورسایییەکانی بۆ کۆکردنەوەی لایەنگرەکانی لەم ووڵاتانە ئەکرد نمونەی وەک سۆماڵ،یەمەن،میسڕ،لیبیا،عێراق ولەم چەند ساڵەی ڕابردوشدا باشترین جیگا بۆ قاعیدە ووڵاتی سوریا وعێراق بوو.بێ گومان سودیان لە توانا وزمان وشارەزایی ئەو کەسانەش بینیوە کەلە ووڵاتە پێشکەوتوەکانەوە چونەتەناویان.

ئەوەی کە ئەمڕۆ دەگوزەرێ لەجیهاندا وبەتایبەتی لە ووڵاتە عەرەبیەکاندا،بەرهەمی ئەوکۆکردنەوەو ڕاهێنانی موجاهیدانەیە کەلەچەندین ووڵات ونەتەوەی جیاواز بن لادن لەسەرەتاوە کۆیکردنەوەو پاش ڕاهێنان ومتمانەی پێبەخشین ،توانیان  زۆربەیان بگەڕێنەوە بۆ ئەو ووڵاتانەی کە لێی هاتوون بەتایبەتی ووڵاتە عەرەبیەکان وئاڵۆزی ناوچەکە بەهەند وەربگرن وخۆیانی تیابەهێزبکەن نمونەی سوریا وعێراق.

لەپاش نەمانی بنلادنەوە باری ئابوری وچالاکی قاعیدە بەرەو لاوازبوون ئەچوو،ئەمەش بووە هۆی توڕەبوون وجیابونەوەی دەسەڵاتدارانی قاعیدە بەتایبەتی لە عێراق،کەوەک پێویست پشتگیری نەدەکران.

قاعیدە لە عێراق باشترین هەلی بۆ ڕەخسا کاتێک شیعە دەسەڵاتی گرتەدەست وحوکمی بەڕێوەئەبرد.شیعە بەدەمار گیری ئاینی وگیانی تۆڵەکردنەوە لە سوننە گەرایی قاعیدەی لە عێراقدا ترۆپکاند وهێزێکی بەربەڕی تیرۆستی لێ بەرهەم هێنا کە ئەمڕۆ بە داعش ناسراوە.ڕاستە کارە دڕندانەکانیان لە سوریا مرۆڤایەتی سەرسام کرد بەڵام ناخی توندڕەویان بەتەواوەتی لەعێراقدا خاڵیکردەوە بەتایبەتی لەشنگال،چونکە بەپێی لێدوان وپەیامەکانیان هیچ هۆکارێک نەبوو بۆ پەلاماردانی کورد وئەوان هۆکاری دروست بوون وکارە تیرۆرستیەکانیان لە ناوچەی سووننە نشینەکان ئەگەڕاندەوە بۆهەژاری وبێ ئیشی ونە بوونی دادپەروەری وستەمەکانی حکومەت کەلەژێردەسەڵاتی مالیکی بوو، کەواتە هیچ هۆکارێک نەبوو بۆ پەلاماردانی کورد هەر لە شنگال ومەخمورو تائەگاتە جەلاولاو ناوچەکانی تر.لەپاش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە شام وعێراق و بەیعەتدان بە ئەبوبکری بەغدادی وەک خەلیفەی ئەم دەوڵەتە،مەرامەکانیان زیاتر بۆ جیهان وناوچەکە ئاشکرا بوو،بڕیارە دواکەوتوو نامرۆڤانەکانیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە وهەر لەسەرەتاوە دەستیان کرد بە کوشتن وڕاوەدونانی مەسیحی ونەیارەکانایان،تاکو کارەساتەکە گەیشتە جینۆسایدکردنی یەزیدیەکان لە شنگال وپەلاماردانی گوندوشارۆچکە کورد نیشینەکان.بەڕبەڕیەتی داعش و ناخی نەخۆشیان لە شنگال بووە هۆ ئاوارە بوونی سەدان هەزار هاوڵاتی وبە هەزارەها قوربانی لێکەوتەوە بە ژن ومنداڵ وپیروگەنجەوە،هەر بەمەشەوە نەوەستان  دەستیان کرد بە فرۆشتنی کیژە کوردەکان،هۆکارەکەی ئەگەر بۆ پەیداکردنی پارەبێت یان پەیڕەوکردنی ڕێبازەکەیان بێت،ئەم کارە لە خانەی تیرۆر تێدەپەڕێت ودەچێتە خانەی بەڕبەڕیەتی سەدەی جاهیلییەوە.

داعش وقاعیدە دوڕیانی تیرۆریان تێپەڕاندوەو بەڕبەڕیەتی وەهابیزم پەیڕەودەکەن.داعیش بەهەمان وێنەی قاعیدە هەرگیز بنکەو پێگەیەکی ئارام بۆ خۆی نادۆزێتەوە لەناو ئەم عەولەمەیەی ئەمڕۆدا ناتوانێت بەو عەقڵییەتەوە بەردەوام بێت ،ڕاستە تاوانی گەورەیان ئەنجام داوەو بەردەوام ئەبن بەڵام کۆتاییان زۆر نزیکە وئەبن بە بەشێک لە مێژووی ڕەشی ئاینی ومرۆڤایەتی.

سەرچاوە: ئاوێنە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی