"an independent online kurdish website

لە نووسینێکی نزیک بە دوو مانگ لەمەوبەر دا، بە ووردی ڕۆڵی ئێرانم لە ئاراستەکردنی داعش دا بۆ سەر هەولێر خستەڕوو و تەواوی ڕەهەندەکانیم شیکردەوە، ئەوکات زۆر نووسەری کورد هەڵسەنگاندن و نووسینێکی وایان بە سەیر لەقەڵەم دەدا، چونکە لە ڕێی میدیاکانەوە ڕەنگە تەحلیلیان بۆ بارودۆخەکە کردبێتhejar_sherifi

هەتاوەکو لە ڕووی ستراتیجییەوە بەرژەوەندییەکانی ئێران و تورکیا یان تەتەڵە کردبێت، لەو نووسینەمدا تیشکم خستبووە سەر باکگراوندی پەیوەندییەکانی هەندێک لە سەرکردەکانی داعش ‘کە پێشتر لە تەوێڵە ئەنسارالاسلام بوون’ لەگەڵ ئێران دا و چۆنییەتی بەکارهێنان و ڕواندنیان لە ناو داعش دا لەلایەن ئێرانەوە.

پێموایە هەمیشە بۆ هەڵسەنگاندنی هەر گرووپێکی ‘ئیسلامی سیاسیی توندڕەو و میانڕەو’ ئەوا ئەبێت ڕۆڵی تورکیا و ئێران لە دروستکردن و ڕواندنی کەسانی سەربەخۆیان و ئاراستەکردنیان دا لە بەرچاو بگرین، بەمپێیەش بۆ دروستبوون و ئاراستەکردنی داعش پێویستە هەمان ئایدیامان لەگەڵیدا هاوتەریب بکەین!.

لە ڕۆژنامە جیهانییەکاندا زۆر نوسراوە لەسەر داعش و پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا دا، ئەمەش شتێکی سەیر نییە و تەنها لای ئەو ڕۆژنامەنووسە-سیاسییانەی کورد سەیرە کە سیاسەت بە دڵداریکردن هەلەسەنگێنن هەتا بە هێنانەکایەی بەرژەوەندی ووڵاتان! تورکیا بۆ ماوەی ئیمپراتۆری عوسمانییە و تورکەکان “ئیسلامیبن یان عیلمانی”ئەزموونێکی باشیان پەیداکردووە لە چۆنییەتی دەستگیربوونیان لە بەرژەوەندییەکانیان و لە چۆنییەتیش بەکارهێنانی گرووپی کوردیی و عەرەبی بۆ هێنانەدی بەرژەوەنددەکانیان لە ناوچەکە دا.

بە هەمان شێوەش، فارسەکانیش “ئیسلامیبن یان سیکۆلار'”پاشخوانێکی مێژووییان لە هەڵسوڕاندنی کاروباری دەوڵەتارییدا هەیە و، بەباشی شارەزان چۆن گروپی دەستکرد لەناو کورد و عەرەب دا دروستبکەن و لەو ئاراستەیەشەوە زیاتر چنگیان لە بەرژەوەنددیە تەماعکارییەکانیان لە ناو گەلانی دیکەی نا-فارس دا گیر دەخەن.

بۆ ئەوەی زۆر نەنووسم و ئەوەی ئەمەوێت ڕاستەوخۆ بچمە سەر باسکردنی، ئەوا لەم دوو ڕۆژەی دواییدا فەرماندەی باڵای سووپای پاسدارانی ئێران “ئەمیر عەلی حیجازی”ڕایگەیاند کە ئەوە قاسمی سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس و بەرپرسی “دۆسییەی عێراق و سوریا”ی ووڵاتەکەی بووە کە بە حەفتا کەسەوە لە بەرەکانی کوردستانی عێراقەوە هێرشەکانی داعشی تێکشکاندووە و ئەگەر “قاسمی سولەیمانیی و ئەو حەفتا پاسدارە” نەبووایە ئەوا ئێستا هەولێر لە دەست داعش دابوو.

ڕوونە کە ئەو فەرماندە باڵایەی پاسدارانی ئێران بۆ سووکایەتیکردن بە کورد و نا-توانایی هێزی پێشمەرگە و ناردنی پەیامێک بۆ ئەمریکا کە هێزە کوردییەکان سەر بە ئێرانن ئەم ئاخاوتنەی لە کەناڵی فەرمی ئێرانییەوە بەئەنقەست بڵاوکرایەوە و ئاراستەکرا!. بەڵام ڕەنگە خودی ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران و ڕاوێژکارە زۆرەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان درکیان بەوە نەکردبێت کە ئاماژەی پشت ئەو پەیامە چ واتایەکی سیاسیی تێدایە، کە پێموایە هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەنییەکانی ئێراندا نایەتەوە! بۆ؟!

چونکە ئەگەر بە لۆژیکی ئەو پەیامە هەڵسەنگێنین ئەوا عەقڵ پەی پێ نابات کە هێزێکی پۆشتەی زیاتر لە ١٠٠ هەزاریی وەک پێشمەرگە لە ناو خاک و سەنگەری خۆیاندا بەرگەی هەڵمەتەکانی داعش نەگرن، کەچی قاسمی سولەیمانی بە تەنها لەگەڵ حەفتا پاسداردا لە بەرەکانی کوردستانەوە داعشیان تێکشکاندبێت! بەڵکو ئەم پەیامە سەلمێنەری پەیوەندییە ژێربە ژێرییەکانی ئێران و داعش دەگەیەنێت، چونکە ئەکرێت ڕاست بێت “وەک کەناڵی بی بی سیش بڵاویکردەوە” کە قاسمی سولەیمانی بە حەفتا پاسدارەوە هاتووەتە بەرەکانی پێشەوەی جەلەولا، بەڵام هەر خودی ئیرانیش فەرمانیان بەسەر داعش دا کردووە کە لە شارۆچکەی “ئامرلی” پاشەکشە بکەن! هەرچەندە ئەم ئایدیایەشم تەواو پێچەوانەی وتارەکانی زٶرێک لە نووسەرانی کوردە! بۆ؟

چونکە لۆژیک نییە کە داعش بەو هەموو توانایەی کە کەسانی تەواو ئامادەسازییان بۆ خۆ-تەقاندنەوە هەیە و ئەو هەموو چەکە پێشکەوتوانەیان پێیە و زۆریش لێزانن لە پلانی هەلمەتکردندا کە لە ئەزموونی ئەفسەرە شەڕکەرەکانی بەعسەوە بۆیان ماوەتەوە و ئەم هەموو ناوچەیەشیان کۆنترۆڵ کردبێت، کەچی بە دەست دانیشتوانی شارۆچکەیەکی بێ-پاڵپشتی وەک ‘ئامرلی’ کە تورکمانی شیعە-مەزهەبن ئەوا تێک بشکێنرێن!.

یان بە کام لۆژیک گەورەترین سەرکردەی پلانداڕێژی سیخوڕیی ئێران بە حەفتا کەسەوە خۆی ئەخاتە بەردەم هەڵمەتی دێوەزمەییانەی داعشەوە!؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بە پێچەوانەی نوسەرانی کوردەوە من پێموایە: ” ئەوە تورکیا و ئێران بوون کە خۆیان فەرمانیان بە داعش نەکردووە کە شارۆچکەی ئامرلی بگرن! لەلایەک لەبەر ئەوەی دانیشتوانی ئامرلی تورکمانن کە تورکیا خۆی بە پارێزەریان ئەزانێت و، لەلایەکی دیکەشەوە لەسەر مەزهەبی شیعەشن کە ئێران خۆی بە دایکیان دادەنێت! بۆیە تورکیا و ئێران ، تورکمانە-شیعەکانی ئامرلیشیان کردە پاڵەوان بەسەر کوردەوە و بە تیرێک زۆر نیشانەیان پێکا!.

کەوابوو بە پێی ئەم هاوکێشەیە بێت، ئەوا:” تورکیا و ئێران دروستکەری داعشن، هەروەها ئەگەرێکی بەهێزیشە کە هاتنی داعش ڕووەو کوردستان ڕێکەوتنێکی نێوان تورکیا و ئێران بووبێت بۆ لە ناوبردنی کارکردی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی، بەتایبەت ئەگەر ووردبینەوە بۆمان ئەسەلمێت لەم ماوەیەی دواتر دا ئێران ڕێژەیەکی زۆری گازی سروشتی خۆی دەنێرێتە تورکیا، کە ئەمەش ئەگەری هەیە تەنها لە پێناو دروستنەبوونی دەوڵەتی کوردی وەک جێگرەوەی نەوتی کوردستان بە تورکیای بدات”.

کەوابوو، ئێران و تورکیا دروستکەر و پشتیوانی داعشن و پێویست ناکات پارتیی و یەکێتیی هێندە پرچی خۆیان بۆ ئێران و تورکیا بڕننەوە! زیاتر لە مانەش پێموایە هاتنە ناوەوەی ئەمریکا بۆ لێدانی داعش باڵانسەکە بە ڕووی کورد دا دەشکێتەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەبەر ئەوەی پارتی نزیکە لە ئیسرائیل و تورکیا ئەوا زیاتر لە ئەمریکا و ڕۆژئاوا نزیکتر بووەتەوە و قازانج دەکات، بەڵام لەبەر ئەوەی باڵێکی ناو یەکێتیی شوێنکەوتەی ئێرانن ئەوا گورزییان لە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی و ئەمریکا “ڕۆژئاوا بە گشتی” داوە کە مەگەر بە تەنها بە سەرکردایەتیکردنی بەرهەم ساڵح ڕاست بکرێتەوە کە ئەوەش ئەستەمە.

دوا دێڕی ئەم بابەتەشم، پێموایە ئەگەر زانستییانە پارتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا دابڕێژێتەوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و هاوسەنگ، ئەوا قازانجی ستراتیژی تێدا دەکا! هەرچەنە پارتی هێزێکی خێڵەکییە و ڕێگا نادات “بە تەواوی” بیرۆکەکانی کەسانی زانستی وەک ئاشتی هەورامی پراکتیزە ببێ، کە ئەمەش زادەی بیری خێڵەکی پەیوەندییە سیاسییەکانیان ئەگەیەنێت کە تا ئێستاش “مەسعود بەرزانیی و نێچیر و باقی تریان” وەک عیلاقاتی خێڵی بارزان و خێڵی زێباری کاری تێدا دەکەن.


شەریف هەژارى: ماستەر لە ستراتیژى بەریتانیا لە خاکى ئەمریکا لە زانکۆى لەندن

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی