"an independent online kurdish website

هەمیشە لەسەر ئەو باوەڕە بوومە کە خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستییەکی ‌حاشا هەڵنەگرە و دەمێکە سێبەری نەبوونی خەباتی چەکداری لەو پارچەیەی کوردستانartina_muhamedi12

کاریگەری نەرێنی لەسەر تێکۆشانی ئازادیخوازانەی کورد داناوە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین بابەتی گرینگم لەو پێوەندییەدا بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەم بە گرینگیی و پڕ باییخیی خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە. دەمێکە لەسەر ئەو بۆچوونە بوومە کە دەسپێکردنەوەی خەباتی چەکداری لەلایەن پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قورسایی سیاسیی ئەو پارتانە بۆ ئاستێکی باڵا بەرز دەکاتەوە و کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبانە دادەنێت. هاوکات پێم وابووە کە ڕاگەیاندنی ئەو خەباتە بە چەشنێکی نوێ و بەربڵاو و هەروەها پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیی و بنەمایی دەبێتە هۆی ئاشتبوونەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەو پارتانە و ئەوەش هیوای گەل زیندوو دەکاتەوە. هیوایەک کە هەمیشە لەگەڵ دەسپێکی خەباتی چەکداری بزواوە و گەشەی کردووە و چەندین قۆناغی مەزنی تێپەڕ کردووە، هەروەها ئەو هەست و تینە گەرمەی شۆڕش و خەبات و تێکۆشان لەگەڵ ڕاگرتنی ئەو خەباتەدا سارد بووەتەوە و تەنانەت گەلی بێ هیوا کردووە و بزووتنەوەی نەتەوایەتیی نەتەوەی کوردیشی لاواز کردووە. بۆیە هەمیشە لەهەر قۆناغ و دۆخێکی سیاسیی و لە ڕێڕەوی مێژوودا، هەروەها لەهەر کاتێکدا کە کورد دەستکەوتی بەدەست هێناوە و هەنگاوێک خەباتەکەی چووەتە پێش، تاکە هۆکەی شۆڕش و خەباتی چەکداری بووە.

هیچکات لە هیچ قۆناغێکی مێژوودا نەتەوەی کورد دەستکەوتی سیاسیی مەزن و جێگری لەڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان بەدەست نەهێناوە و بگرە دیالۆگ و گفتوگۆ تاکە ڕێگای لەنێو بردنی سەرکردەکانی کورد بووە. زۆربەی هەرەزۆری سەرکردەکانی کورد لە ڕەوتی مێژوودا لە ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ و لەکاتی ئاخاوتن و وتووێژ لەمەڕ چارەسەر کردنی کێشەی کورد تیرۆر کراون. سمکۆی مەزن، قازی، قاسملوو، شەرەفکەندی و بگرە دەیان سەرکردەی مەزنی دیکەی کورد لەکاتی ئاخاوتن بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەی کێشەی کورد شەهید بوونە. بۆیە هەمیشە داگیرکەرانی کوردستان، لەڕێگای خەباتی چەکداری و لولەی چەکەوە دانیان بەبوونی کێشەی کورددا ناوە و هەمیشە هەوڵی ئەوەیان داوە کە کورد لەبەڕێوەبردنی ئەو خەباتە پاشگەز بکەنەوە، یانخود لە هەوڵی ئەوەدا بوونە کە دەرفەتی بەڕێوەبردنی ئەو چەشنە لە تێکۆشان بۆ کورد نەڕەقسێت، ئەوەش بەسەپاندنی گۆشاری سیاسیی و سەربازی و بە میلیتاریزە کردنی کوردستان. هاوکات تاکە ڕێگای بەربەرەکانێ کردنی کورد و پارێزگاری کردن لەماف و ئازادی و کولتوور و زمان و ناسنامەی خۆی چەک و خەباتی چەکداری بووە.

من هەمیشە باییخی گرینگم بە خەباتی چەکداری داوە و هەردەم لەسەر ئەو ڕوانگە بوومە کە خەباتی چەکداری هەوێنی هەموو چەشنە دەستکەوتێکی سیاسیی، کولتووری و تەنانەت ئابووریشە. بەڵام قەد لەگەڵ ئەوەدا نەبوومە کە خەباتی چەکداری بە شاراوە بەڕێوە بچێت، یانخود بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ئەنجام بدرێت. چونکە بەرێوە بردنی خەباتی چەکداری و هەڵگیرسانی شۆڕش و گەرمەی تێکۆشان بەو چەشنە چەند پەیامێکی لاواز و نەرێنی لەگەڵ خۆی دێنێت. یەکەم ئەگەر باوەڕت بە خەباتی چەکداری هەیە، بۆ بە شاراوە بەڕێوەی دەبەیت؟ یانخود ئەگەر خەباتی چەکداری پڕ باییخە و پێت وایە هەنووکە دۆخەکە بۆ بەڕێوەبردنی خەباتی چەکداری لەبارە، بۆ بە چەند پێشمەرگەی ناشارەزا و پەروەردە نەکراو ئەو هەنگاوە مەزنە دەهاوێژیت؟ یان بۆ بە فەرمی ناڵەیت پێشمەرگەی منە و باوەڕم بە خەباتی چەکداری هەیە و پێم وایە ئەو شێوە لە خەبات پێویستییەکی ئەمڕۆی گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە؟ بۆیە دەڵێم ئەو هەوڵە هەر لەبنەڕەتەوە هەوڵێکی نەزۆک بووە و پەیامی سیاسیی و گۆڕانکاریی سیاسیی و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە سیاسەت و ئیستراتیژیی ئەو پارتانە لەخۆ ناگرێت و ئامانجی ڕاستەقینە نەبووە و نییە، تەنیا تاکتیکێکی سیاسییە کە لەگەڵ ئەوەدا گیانی چەند تێکۆشەری نەتەوەیی کورد دەکاتە قوربانی، هاوکات چەند پەیامێکی بۆ دەسەڵاتی سیاسیی باشووری کوردستان پێیە.

لەپاش هاتنە کایەی کێشەی ئابووری و سیاسیی لەنێوان دەسەڵاتی ناوەندیی ئێراق و هەرێمی کوردستان، کە دواتر بووە هۆی ئەوەکە ‌حوکوومەتی بەغدا بوجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و هەرێم تووشی کەم و کورتی لە بوجە هات و ئابڵۆقەی ئابووری خرایە سەر هەرێم و خەڵکی کوردستان تووشی کێشەی ئابووری بوون، ساردی و سڕی کەوتە نێوان دەسەڵاتی سیاسیی باشوور، واتە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتەکانی ڕۆژهەڵات، چونکە حوکوومەتی هەرێم بەشە بوجەی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بڕی، ئەوەش ڕۆژهەڵاتییەکانی نیگەران کرد. ئەگەر لەو ماوەیەدا سرنجی میدیاکانی سەر بەو پارتانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابێت، بۆتان دەردەکەوێت کە لەو کاتەوە بوجەیان بڕاوە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕەخنە لە یەکێتی و پارتی دەگرن و تەنانەت سکرتێرەکانی پارتەکانی ڕۆژهەڵات ئاماژە بە مەترسییەکانیان کردووە و باس لەوە دەکەن کە هەرێم ئەوان بە ئێران دەفرۆشێت، بەڵام ئەم چەشنە لە ڕەخنە و ڕوانگە لە پاش کەمپنشین بوونی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور تاکوو ئەمڕۆ سیاسەت و تاکتیکێکی غەریب بووە، یانخود، قەد بە فەرمی نەدرکێنراوە و باسی لەسەر نەکراوە، تەنیا ئەو کاتە نەبێت کە بوجەیان بڕا. بۆیە بەڕێوەچوونی خەباتی چەکداریی لەو چەشنە، یانخود ناردنەوەی چەند پێشمەرگەی تێکۆشەر بە شاراوە کە دواتر بە لایەنگەر و سەرەڕۆ لە قەڵەم بدرێن و بڵێن کە لەژێر دەسەڵاتی سیاسیی ئەواندا نین و ناتوانن بڕیاریان بەسەردا جێبەجێ بکەن، تەنیا لە تاکتیکێکی نەزۆک و ناسەرکەوتوو بەدەر شتێکی دیکە نییە و هیچ دەستکەوتێکی سیاسیی نەتەوەیی لێ شین نابێت و پێ دەستبەر ناکرێت.

چونکە پێشتر ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ئەوانە پێشمەرگەی ئەو حیزبە نین، تەنیا لایەنگرن و لەژێر بڕیاری سیاسیی و سەربازیی ئەواندا چالاکی بەڕێوە نابەن، بەڵام هەنووکە دەرکەوت کە یەکێ لە پێشمەرگەکانی شەهیدبوو پێشمەرگەی فەرمی ئەو حیزبە بووە و پێشتریش لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ئەو دەستە لەو چەکدارانەی کە لە ڕۆژهەڵات چالاکی دەکەن تەنیا دۆست و لایەنگری ئەوانن. لە لایەکی دیکەوە بەڕێوە بردنی خەباتی چەکداری لەو شێوە کە هەنووکە یەکێ لە پارتەکانی رۆژهەڵات بەڕێوەی دەبات هەموو دەرفەتێکی نافەرمانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات لەبار دەبات و کوردستان پتر میلیتاریزە دەکات، بەڵام ئەگەر خەباتی چەکداری بەرفەراوان بێت و گشتگیر بێت، ڕاستە ئەو دەرفەتەی کە ئاماژەم پێکرد لەبار دەبات، بەڵام هاوکات لە درێژماوەدا دەرفەتی باشتر و دەستکەوتی مەزنتر بەدەست دەهێنێت و مسۆگەر دەکات. بۆیە ئەو چەشنە لە تێکۆشان بە تاکتیکی گۆشار خستنە سەر دەسەڵاتی باشوور پێناسە دەکەم و هاوکات بۆ ماوەیەکیش ئەو هەوڵە چەکدارییە لە ڕۆژهەڵات دەنگدانەوە بەخۆیەوە دەبینێت، بەتاییبەت کە ژیانی خەڵکی کوردستان لەژێر گوشارەکانی ئابووری و سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و سەربازیی ڕژیمی ئێراندا داڕمانی بەخۆیەوە بینیوە و گەل تامەزرۆی خەباتی چەکدارییە و بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی کوردستان لەژێر هێڵی هەژارییەوە ژیان تێپەڕ دەکەن و هەموو دەرفەتێکی سیاسیی و کولتووری و ئابووری لە خەڵکی کوردستان یاساغ و لەمپەرڕێژ کراوە.

هەروەها پێشتریش ئەو تاکتیکە لەلایەن پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک بەڕێوە چووە و سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە، هەرچەند بووە هۆی ئەوەکە کۆمەڵێکی زۆر لە لاوانی تێکۆشەر ڕوو بکەنە ئەو پارتە، بەڵام لە ئاکامدا ئەو سیاسەتە بۆ هەموو لایەک ڕوو کرا و بۆ گەلیش ڕوون بووەوە کە ئامانج لەو تاکتیکانە چی بووە! من پێم وایە ئەم هەوڵەی حیزبی دیوکراتی کوردستانیش لە چوارچێوەی هەمان ڕێباز و تاکتیکی سیاسیی پژاک بەڕێوە دەچێت و پتر خۆی لە تاکتیکی ئەزموونکراو دەبینێتەوە تاکوو ئامانج و ئیستراتیژی دوورهاوێژ و درێژماوە. بۆیە بە سیاسەتێکی سەرکەوتووی نازانم. من ئەو چەشنە لە خەباتی چەکداری ڕەد ناکەمەوە، بەڵام ڕەخنەی بنەمایی و بنەڕەتیی ئارەستە دەکەم، چونکە بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە خەباتی چەکداری بەو شێوە بەڕێوە ناچێت و بێ ئاکام دەبێت. من هیوادارم کە ئەو خەباتە دەسپێکی هەوڵێکی گشتگیرانە بێت، نەک تاکتیکێکی سیاسیی حیزبییانە و بەرژەوەندیخوازانە! لێرەوەش سڵاو و ڕێز بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدە و سەرجەم شەهیدانی سەربەرزی کوردستان دەنێرم و دەڵێم ڕێ و ڕێبازتان هەمیشە پیرۆز و پڕ ڕێبوارە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

 

ثێشمەرگەکان: هاوڕێیانی پێشوو له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، هه‌واڵی‌ دەرگیر بوونی پیشمه‌رگەکانی خۆیان له‌گه‌ل هیزه‌كانی‌ کۆماری ئیسلامی‌ ئێران بڵاو کردەوە کە لە دەشتی شنۆ، پێشمەرگەی حیزبه‌كه‌یان  بە ناوی هەژار قاسمی، خەڵکی مەهاباد، بەداخەوە شەهید بووه‌”.

روحی شاد بێ و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و هاوڕێیانی دەکەین.


دەقی راگەیاندراوەکەی حدک:


ڕاگەیەندراو

لەبارەی زنجیرەیەک تێکهەڵچوون لە ناوچەکانی پارێزگای ورمێ

بە ئاگاداریی خەڵکی کوردستان،میدیاکان‌و هەموو هۆگران و دلسۆزانی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەگەیەنین کە لەچەند حەوتووی ڕابردوو دا،”پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان” کە سەر بە حیزبی دیموکراتی کوردستانن، لە ڕەوتی کار وچالاکیی خەباتکارانەی خۆیان لە قووڵایی ناوچەکانی پارێزگای ورمێ دا، لە گەڵ زنجیرەیەک کەمین‌و هێرشی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بوون. ڕۆڵەکانی دیموکرات،وێڕای بەرگریی قارەمانانە لە خۆیان‌و تێکشکاندنی کەمین‌و هێڕشەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، ژمارەیەکیشیان لێ کوشتوون‌و بریندار کردوون کە ئاماری وردیان بۆ ئێمە ڕوون نەبۆتەوە.

لە یەکێک لەو تێکهەڵچوونانەدا لە قووڵایی دەشتی شنۆیە، پێشمەرگەی قارەمان‌و تێكۆشەری بەوەجی ڕیزە ئاشکراکانی حیزب، هاوڕێ هەژار قاسمی، خەڵکی مەهاباد، بە داخێکی گرانەوە شەهید بوو.

حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی شەهیدبوونی پێشمەرگەی ئازا‌و کۆڵنەدەر، ڕۆڵەی لێهاتووی سەنگەرەکانی بەرگری‌و، تێکۆشەری خۆشەویست‌و ماندوویی نەناسی مەیدانە جۆراوجۆرەکانی تێکۆشان، هاوڕێ هەژار قاسمی، سەرەخۆشیی گەرمی خۆی پێشکەشی بنەماڵە سەربەرزەکەی، هاوسەنگەرانی‌و هەموو خەڵکی کوردستان دەکا. هەر لەو کاتە دا دەسخۆش‌و ماندوونەبوون بە هەموو ئەو پێشمەرگە‌و ڕۆڵە تێکۆشەرانە دەڵێین کە بە هەڵسووڕان‌و چالاکییەکانیان لە ڕیزی”پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان”دا، هیوا‌‌و گیانی خۆراگری‌و بەرخۆدانیان لە نێو نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بووژاندوەتەوە.

خەڵکی پێشمەرگەپەروەری کوردستان‌و پشتیوانانی ڕاستەقینە‌و تاسەری حیزبی دیموکراتی کوردستانیش دڵنیا دەکەیەنەوە کە هێزی بە هێزی “پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان”و تێکڕای تێکۆشەرانی دیموکرات، ناو‌و یادی نوێترین شەهیدی ڕیزەکانی خۆیان هەژاری قاسمی‌و ڕێگای پڕشانازیی قارەمانانی شەهید: هەمزە سارتکەیی، شێخ غەریب حەسەنی، قادر نەزمی، قادر قادری، محەممەد نەدیمی‌و بێهرووز ڕەزا نەژاد، بەرز‌و زیندوو رادەگرن. هەر وەک بەڵێنیشیان داوە‌‌و بە کردەوە سەلماندوویانە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەنەوە بە گۆڕەپانی بەرەنگاری لە گەڵ ستەم‌و زۆرداری‌و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەم بارەیەشەوە بە هاوکاری‌وپشتوانیی بێدریغی کۆمەلانی خەڵکەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان دڵگەرم‌و پشت ئەستوورن. ئێمە گومانمان نییە کە لاوانی وشیار‌و بە هەلویستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناهێڵن سەنگەری هەژار قاسمییەکان‌و شەهیدانی سەربەرزی دیکەی خەباتی ڕزگاریخوازایی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان،چۆل بمێنێتەوەو بە هاتن بۆ ڕیزەکانی پێشمەرگە‌و بەشداری لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی تێکۆشان دا، بە زوویی جێگایان پڕ دەکەنەوە.

سڵاو لە گیانی پاکی هەژار قاسمیی قارەمان، نوێترین سیما‌و سەمبولی خەبات‌و خۆراگریی حیزبی دیموکرات و گەڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بۆ پێشەوە تا وەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکانی شەهیدان.

کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامیی

حیزبی دیموکراتی کوردستان

٤ی ڕەزبەر١٣٩٣

٢٦ی سێپتامبری ٢٠١٤

..

وێنە: رۆژهەڵات تایمز


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی