"an independent online kurdish website

دوێنێ خەڵکی سکاتلەند لە هەڵبژاردنێکی مێژوویی بۆ سەربەخۆیی بەشداریان کرد. ٨٤ لە سەدای ئەو کەسانەی کە مافی دەنگدانیان بوو، بەشداری دەنگدانیان کرد کە ٤٥ لە سەدای ئەم دەنگدەرانە دەنگیان بە سەربەخۆیی،Aziz-bni-teref

بەڵێ و نزیکەی ٥٥ لە سەدای دەنگی نەیان بۆ سەربەخۆیی دا. من لێرەدا لە سەر خەڵکی سکاتلەند قسە دەکەم لەبەر ئەوەی سەرەک وەزیرانی ئەم وڵاتە واتە دەیڤید کامێرۆن، لە یەکەم وتاردانی دا لە دوای ڕێفراندۆم لە سکاتلەند لە نەتەوەکانی ئینگلیز، سکاتلەند، ویلز و ئیرلەندی باکووری وەک نەتەوەکانی پێکهێنەری پاشایەتی یەکگرتوو قسەی کرد. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی دەوڵەت لەمەوبەدوا مافی زۆرتر بەم نەتەوەانە و بەتایبەتی نەتەوەی سکاتلەند دەبەخشێ. دەتوانرێ بوترێ کە لەم پرسی هەڵبژاردنی گشتییە، سەرکەوتنی یەکەم دیموکراسی و سەرکەوتنی دووهەمیش نەتەوەی سکاتلەند بوون کە توانیان لە ژێر چەتری دێموکراسی، مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان دەر بخەن و بیچەسپێنن.

لێرەدا نە لە تووندوتیژی هەواڵێک بوو نە لە بەکارهێنانی وشەی خایەن بۆ سەربەخۆخوازانی سکاتلەندی. نە لە “قوم” سکاتلەند و سووک کردنی ئەم نەتەوە وتەیەک هەبوو نە لە گرتن و ئەشکەنجەدان و ئیعدام بۆ دەرخستنی هەستی میللەتێک کە بڕیاریان دا بۆ چارەنووسی خۆیان بە بوون یان نەبوون لەگەڵ لەندەندا. زۆرینەی نەتەوەی سکاتلەند بۆ سەربەخۆیی نەیان وت بەڵام بەم هەنگاوە شۆڕشگێڕانەیان و خواست خوازانەیان توانیان سێ حیزبی گەورەی سەرانسەری بەریتانیایان ناچار کرد کە بەڵێن بدەن، خودموختاری زۆرتر بە سکاتلەند ـ  و ناوچە میللییەکانی تری وەک ویلز و ئیرلەند بدەن. هەرچەند ئەم هەنگاوەش بە دژکردەوەی ناسیونالیستەکانی ئینگلیزی وەک نایجل فاراج سکرتێری حیزبی سەربەخۆی بەریتانیا بەرانبەر بووەتەوە بەڵام دەتوانرێ تاکو ماوەیەکی تر ڕێگە چارەیەک بێ بۆ پرسی میللی لە بەریتانیا. بەڵام وادەردەکەوێ ئەم وڵاتە بۆ کەم ڕەنگ کردنەوەی هەستی لەیەک تەرازان لە نێوان نەتەوەکانیدا چارەیەکی جگە لە دانانی فیدراڵیزم نیە تاکو بتوانێ هەموو نەتەوەکان و لەوانەش میللەتی ئینگلیز قانع بکا.

بە بۆچوونی من، سەربەخۆیی خوازانی سکاتلەند و لەوانەشە چالاکانی سیاسی ویلز و ئیرلەندی باکووریش پێش هەموو شتێک لەم ئیدەو بۆچونەدا نزیک دەبنەوە. نیزامی فیدراڵ بۆ خودی ئینگلیزیەکانیش بەکەڵکە و دەتوانرێ بە دابەش کردنی هێز و سروەت و سامان لە نێوان ئەم چوار میللەتە، دڵەڕاوکێی ناسیونالیستەکانی ئینگلیزیش لە نێو بەرێ.  لە ڕاستیدا گشت پرسی سەربەخۆیی کێبک لە کانادا لە چەند ساڵی پێشوو. گشت پرسی ئێستای سەربەخۆیی سکاتلەند و گشت پرسی دوو ساڵی پێشوی باشووری سوودان پیشانی دا کە پرسی میللی پرسێکی جیهانیە و هۆکارەکانیان وەکو یەکە. واتە جیاوازی ئابوری و سیاسی، هویت یان پێناسە خوازی و وەک ئەمانە، هەڵبەتە چۆنیەتی ئەم جیاوازیە لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر وەک یەک نین. وەک نموونە ئەگەر لە ئێراندا، جیاوازی دەرحەق بە میللەتی عەرەب تاکو ڕادەی ئاپارتاید نزیک دەبێتەوە. لە بەریتانیا جیاوازی دەرحەق بە میللەتی سکاتلەند لە پلەی یەکەمدا.. ئابوریە و لە پلەی دووهەمدا، هویت یان پێناسە یان شوناسە. شێوازی ئاشتیخوازانە، دیموکراتیک و پلەی فەرهەنگی کۆمەڵ لە چارەسەری پرسی میللی و مەیل بۆ لای سەربەخۆیی یان چەسپاندنی خودموختاری، ڕۆڵی کاریگەری دەبێ. بۆ نموونە لە گشت پرسی بۆ سەربەخۆیی نەتەوەی زەنگی باشووری سوودان، ٩٩،٤% بۆ سەربەخۆیی دەنگیان دا. بەڵام لە وڵاتانی دیموکراتیک وەکو کانادا و بریتانیا، نە کێبکیەکان بۆ سەربەخۆیی دەنگیان دا و نە سکاتلەندیەکانیش. میللەتی کێبک بۆ فیدراڵیزم رازی بوون و میللەتی سکاتلەندیش بۆ خودموختاری بەربەڵاوتر. لە وڵاتانی دیموکراتیک ئیسپانیاشمان هەیە کە بۆ دابین کردنی گشت پرسی نەتەوەی کاتالان بۆ سەربەخۆیی دژایەتی کرد. لە عێراق ـ بەلام ـ نەتەوەی کورد بە خەباتی دوورودرێژی خۆی توانی بە یارمەتی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی فیدراڵیزم لە کوردستان بچەسپێنێ. لە ئێرانی خۆمان جیرۆکەکە جۆرێکی ترە. لێرەدا ئێمە بە بانگەشەی “میللەتی نەزەر کردووی ئیمامی زەمان” ئیسلامخوازان و “میللەتی یەکپارچە یان یەکگرتووی هەتا هەتایی” ناسیونالیستەکان ڕووبەڕووین کە لەبنەڕەتدا نووسراوەی غەیرە مێژوویی و نازانستین، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگای فرە نەتەوەیی ئێران پابەندی هەمان هەڵسوکەتی مێژوویە کە وڵاتانی تری جیهان ئەوەیان بەجێهێشتووە.

لەم ڕۆژانەدا کە یەکەمی مانگی مهرە سەرەتای ساڵی نویی خوێندنە و ئێمەش لە زاهیردا لە سەدەی بیست ویەکدا دەژین، حاکمانی تاران زیاتر لە ٥٠% قوتابیانی غەیرە فارسیان خوێندنیان بە زمانی زگماکی لێ قەدەخە کردوون. لە پرسی سەربەخۆیی خوازی گەڕین کە قسە کردن لەسەر ئەوە کفری بێ چون و چرای سیاسییە کە نە تەنیا حاکمانی تاران بەڵکو زۆرینەی ئۆپوزیسیۆن وای لێک دەدەنەوە. هێشتا زۆربەی ڕۆشنبیرانی چەپ و ڕاست و دێموکرات، میللەتانی غەیرە فارس بە “قوم” ناو دەبەن و تەنانەت کەسێکیان بە ناوی اسماعیل نوری علا لە جێگایەکدا وتوویە “ئەگەر عەرەبەکان لە ئێران سەربەخۆییان بوێ، ئیتر خەڵکی ئێران ئەوان دەخۆن”. دیار نیە لە بیری ئەم بۆچوونی چالاکی سیاسییە، ئەم ئێرانیانە حەیوانی مرۆڤ خۆرن یان مرۆڤی هاوشارین. دەمەوێ ئەوەی بڵێم کە کۆمەڵگای ئێران لە سەر پرسی میللی لە قافڵەی تەمەدونی جیهانی چەندەها فەرسەخ لە دوادایە. ئەوەشمان بینی کە لەسەر جێ بە جێی کردنی مادەی پانزە یاسای بنەڕەتی هەم ڕۆشنبیران و فەرهەنگیە ڕیش و سمێڵ دارەکانی فەرهەنگستان و سەرهەنگە سپاییەکانیش خوێندنیان بە زمانەکانی غەیرە فارسی لە قوتابخانە سەرەتاییەکان چۆن دژایەتیان کرد.

ئێرانیش وەکو زۆر لە وڵاتانی جیهانی، وڵاتێکی فرە نەتەوەییە و سەردەمی صفویە تاکو سەرەتای سەدەی بیستەم، ناوی “ممالک محروسە”ی بەدوای خۆیدا دەکێشا. لە سەردەمی قاجار، جگە لە “ئەیالەتەکان ولایەتەکان”، ئێمە شەش مەملەکەتمان لە ئێران بوو: مەملەکەتی عەرەبستان (خوزستانی ئێستا)، مەملەکەتی لوڕستان، مەملەکەتی کوردستان، مەملەکەتی ئازەربایجان، مەملەکەتی گێڵان و مەملەکەتی خۆراسان. سەرەڕای ئەمانەش لە سەر بنەمای ڕاستی مێژوویی و ئەزمونی میللەتەکانی تری جیهانی دەتوانرێ ڕێگە چارەیەک بۆ پرسی میللی لە ئێراندا بدۆزرێتەوە، لەبەر ئەوەی دژایەتی کردن و لەبەر چاونەگرتنی ئەم کێشەیە هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ و دێر یان زوو دەبێ دەرمانی چارەکەی بدۆزرێتەوە. لەسەر مافی چارەنووس تاکو بێ مافی لە ئێراندا مەودایەکی زۆر هەیە بەڵام ئەم مەودایە بە کار و خەباتی نەتەوەکانی ئێران بۆ دیموکراسی و ئازادی و یەکسانی بەدیی دێ و کورت دەکرێتەوە.

نووسینی:یوسف عزیزی بنی طرف

وەرگێڕانی: حەمید تەیموری

سەرچاوە: اخبار روز

شنبه  ۲۹ شهريور ۱٣۹٣ –  ۲۰ سپتامبر ۲۰۱۴

 

وەرگێڕانی:  حەمید تەیموری

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی