ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣ی ئوکتۆبەری ٢٠١٤ی زایینی بەرانبەر بە ١١ی ڕەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، شاندێکی کۆمیتەی سویدی حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران
بەسەرپەرەستی ئەنوەر کاکایی بەرپرسی کۆمیتە، سەردانی لیژنەی ناوچی سویدی پارتی دێموکراتی کوردستانیان کرد و لە لایەن شاندێکی پارتی ناوبراو بە سەرپەرەستی قادر توانا بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی بەگەرمی پێشوازیان لێکرا.
پاش بە خێرهاتن و و ڕاگەیاندنی خۆلەکێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کورد وکوردستان، کۆبونەوەکە دەستی پێ کرد.
سەرەتا لە لایەن شاندی خانە خوێ باسێک لەسەر باشووری کوردستان بە گشتی و ڕووداوەکانەی ئەم دوایانە بە تایبەتی و کاریگەری ڕووداوەکان. هەر لە درێژەی ئەو باسەدا ئاماژە بە یەکڕیزی هێزە کوردییەکان لە پێوەندی لەگەڵ ڕووبەڕووبونەوەی هەر جۆرە ئەگەرێکی نەخوازراودا کرا و ڕۆڵی پێشمەرگەی پارچەکانی دیکەی کوردستان و یەک لەوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرزنرخاند. شاندی خانەخوێ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیاندا، بەدەنگەوەهاتنەی هێزەکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی بۆ پشتگیری هێزی پێشمەرگە و لێدانی مۆڵگەی هێزە چەکدارەکانی ڕێکخراوی تێرۆریستی داعش بە کارێکی ئەرێنی وەسف کرد.
پاشان ئەنوەر کاکایی بەرپرسی کومیتەی حیزبی دیمۆکرات لە سوید، باسێکی لەسەر کوردستان بەگشتی و ڕۆڵ و پێگەی هێزە کوردییەکان وهاوسۆزی خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە سەبارەت بە ڕووداوەکان و بە هاناوە چوونی لێ قەوماوان و ئاوارەکان کرد، ناوبراو ئەو کارەی وەک ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی لە قەڵەمدا وئاواتە خواز بوو لەو بارەیەوە زیاتر هاوکاربین.
تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بابەتی کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسییەکانی کورد وکوردستانی بوو کە زۆربەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی تێدا بەشدارە و لە ماوەی ڕابوردوودا کۆمەڵیک کار وچالاکی بەرچاوی ئەنجام داوە. لەو ڕابیتەیەدا هەر دوو حیزبی ناوبراو پشتیوانی خۆیان بۆ کۆمیتەی هاوکاری دووپات کردەوە و هیوای ئەوەیان خواست کە هێزەکانی ناو ئەو پێک هاتەیە یەک ڕێزی و تەبایی گەلەکەمان بەباشی بپارێزن.
کۆتایی باسەکان پێ داگری بوو لەسەر ئەم جۆرە سەردانانە و پەرەپێ دانی کۆبونەوە هاوبەشەکانی هەر دوولا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ کومیتەی سوید