"an independent online kurdish website

زۆر لە مێژە بە مێشکمدا هاتبوو هەندێک لە روداوەکانی ئەم دوایانەی شەڕی دەستەویەخەی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام، ناسروا بە (داعش) لە گەڵ کوردا، بنوسم و هیچ نەبێت دڵۆپێک لە دەریای نەهامەتیەکانی ژنانی کورد دەرک پێبکەین و بیخەینە بەر دەست خوێنەران.shehla_yarhoseni

زۆرن ئەوانەی کە بەم ڕۆژگارە تەواوی ژیان و کات و ساتەکانی خۆیان تەرخان کردووە بۆ هەواڵ و ڕوداوە یەک لەدوای یەکەکانی ئەم دوایانەی کوردستان بە تایبەت باشورو ڕۆژئاوا، دەتوانم بڵیم، خۆم یەک لەو کەسانە بووم کە بەردەوام نەمدەتوانی بۆ یەک چرکەش غافڵ بم لە هەواڵەکان.

زۆر سەیری وێنەو فیلمم دەکرد لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بە تایبەت فەیسبوک، کە زۆر چالاکانە خەڵک وێنەو فیلمیان بڵاو دەکردەوە و هەر چی هەواڵی دروست و نادروست بوو بەر چاوم دەکەوت.

ئەوەی زۆرتر ناخ هەژێن بوو، کچانی کورد بوو کە چەندە بە دەست نەهامەتی و کولتوری دواکەوتووانەی کۆمەڵگای کوردییەوە دەناڵێنن، سەرباری ئەوەش لە گەڵ هێرشی دڕندانەی کۆنەپەرستانی داعش بەرەو ڕوو بوون و بە پێی یاساکانی کۆن و بە مێژوو سپێردراو هەڵس و کەوەتیان لە گەڵ دەکرێت و وەک کەنیزەک و کۆیلە مامەڵەیان لە گەڵ دەکرێت و بۆ جێبەجی کردنی حەزو ئارەزوە نامرۆڤانەکانی خۆیان کەڵکیان لێ وەردەگرن.

ئەوەی بۆ من جێگای داخ بوو، ژنانی شەنگال و کچەکانیان بوو چۆن دەوڵەتی ئیسلامی، ناسراو بە داعش، زوڵم و بێحورمەتیان پێدەکردن و لە ناوگەرمەی شەڕو پەلامارەکانیش هەر بە دوای کاری قێزەون و نامرۆڤانە دەگەڕان .

بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو کردەوە ناشیرینە بۆ من جێگای سەیر نەبوو لە بەر ئەوەی ئەو تاقمە ڕەشەکوژە هەڵگری پەیامێکی کۆنی مەودا دوورەو هەر ئەوە ئامانج و پەیامیانە بۆ کۆمەڵگاو لەوە باشتریشیان لێ چاوەڕوان ناکرێت.

هەرچی لەو پەیامە مەودادوورو کۆنەدا سەبارەت بە ژن گوترابێت و نوسرا بێت، ئەوان ڕێک وەک خۆی و زیاتریش لەوە جێبەجێی دەکەن. یاسایەک کە کۆمەڵگای پێشکەوتوو یەکسانی خواز و دادپەروەر لە خوێندنەوەیشیدا شەرم دەیانگرێت. ئەو زوڵمەی ئەمڕۆ داعش لە کچان و ژنانی کورد لە شەنگاڵ و موسڵو ڕۆژئاوای کوردستان دەیکات، تەنیا زوڵمێک نیە کە ئەو ڕەشەکوژانە لە ژنی کوردیان کردبێت.

با لەم کاتەدا جارێکی دیکە وەبیر خۆمانی بێنینەوە کە بەشێک لە تەواوکەری ئەو فیلمە خودی کۆمەڵگای کوردیە کە هیچی کەمتر نییە لەو زوڵمانەی کە گروپە توندڕەوەکان بە فکری دواکەوتوانەی خۆیان لە ژنی کوردی دەکەن.

ئێمە وەک کۆمەڵگای کوردی خاوەنی بەشێکی زۆر لەو بیرەدواکەوتووانەین کە ئەو گروپانە پەیڕەوی لێدەکەن،  بیرێک کە ئیتر کۆن بووەو بە سەر چووەو لە لایەن ئینتەرنێت و سەتەلایت و بە گشتی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و دوونیای پێشکەوتووی ئەمڕۆو چوونە سەری پلەی ڕۆشنبیری کۆمەڵگا قابیلی قەبووڵ نییە. ئەوەی جێگای داخە لە نێو کولتوری ئێمەی کورددا جێگەی ئەوانە نابێتەوە کە دەبنە قوربانی ئەو یاسا دواکەوتوو بە سەر چووانە. ئەوەی لە نێو هەواڵەکانی پێوەندیدار بە داگیر کردنی شەنگاڵ و ناوچەکانی دیکەی باشوری کوردستان لە لایەن داعشەوە دەمبیست، بە ئەندازەی ئەو کردوە ناشیرینانەی داعش ئازاری دەدام، ئەویش خۆکوشتنی ئەو کچ و ژنانە بوو کە لە لایەن داعشەوە دەست درێژیان کرا بووە سەر. ئاخر ئەوان هیچ تاوانێکیان نەکرد بوو تا لە بەرامبەر ئەوەدا خۆیان بکوژن تەنیا هۆی خۆ کوشتنی ئەوان دواکەوتوویی کۆمەڵگای کوردییە.

ئەوان دەیانزانی پاش گەڕانەوەیان بۆ ناو ماڵ و خەڵکی خۆیان دەکەونە بەر تانەو تەشەرو  وەک خاڵێکی جێگای شەرم دەیدەن بە ناو چاوانیانداو دەبنە جێگای باس و خواسی ناو خەڵک.

مێژوو بە بەڵگەوە دەیسەلمێنێت بە درێژایی جوڵانەوەکانی کورد بۆ ڕزگاری، ئازارەکانی ژنان کەمتر نەبوون لە ئازارەکانی نیوەکەی دیکەی کۆمەڵ.

ئەوەی بە سەر ژنی کورددا هاتوەو دێت زۆر تازە نیە،  لە مێژە ژنی کورد  قوربانی دەستی کۆنەپەرست و  دیکتاتۆرەکانن و ڕۆژانە دەیبینین و دەیبیستین چۆن لە ژێر ئاڵای بیری سەدەکانی کۆن  دەست درێژی دەکەنە سەریان و لە پەت دەدەرێن و بە دیاری دەیان نێرن بۆ بارەگای شێخو خەلیفەکان.

بەڵام، کێشەی هەرە گەورەی ئێمەی ژنان نەبوونی ڕۆشنبیری و نەناسینی مافەکانی خۆمانەو هەر ئەو دواکەوتووییە وای کردووە پێمان وایە ئەو زوڵم و زۆرەی لێمان دەکرێت ئەوە بەشی ئێمەی ژنەو دەبێت وەکوو یاسایەک قبووڵی بکەین. ئەو زوڵمەی زۆر جار ژن لە خۆی دەیکات کەمتر نییە لەو زوڵمەی کۆمەڵگا لە ژنی دەکات و نابێت دەست لە سەر دەست دانێین و چاوەڕێبکەین کەسێکی دیکە بێت و ئێمە ڕزگار بکات.

زۆر جار ئەو زوڵمانەی کە لە لایەن ئەو نیوەکەی کۆمەڵگاوە لەژنان کراوە لە وجوودی بەشێکی زۆر لە دایکانی ئێمە بووەتە کولتورو هەر لە لایەن دایکانەوە ئەو زوڵمەی کە لە خۆیان کراوە پێیان وایە ئەوە یاسایەو دەبێت لە سەر کچەکانیشیان جێبە جێ بکرێت.

ئەوەی بە سەر ژن دێت لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکان لە ئێستادا بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەیامی سەدەکانی نێوەڕاستە سەبارەت بە  ژنان، بگرە کۆنتریشە.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو لە زەمانی شەڕی سۆمەرییەکاندا، ژنان بە لێشاو بەر شاڵاوی دڕندانەی ئەفسەرانی سۆمەرییەکان دەکەوتن و بە دەیان و سەدان ژن لە گرتوخانەکانی ئەو سەردەمە، گیانیان لە دەست دەدا بە هۆی دەست درێژی و ئەشکەنجەدانەوە.

هەزاران ساڵ دوای ئەو مێژووەش ئێستاش لە سەدەی ٢١دا هەمان کولتور پەیڕەو دەکرێت.

ئاخۆ تا کەی لە وڵاتی ئێمە مێژوو دوو بارەو چەند بارە دەبێتەوە؟

تۆ بڵێی ڕۆژێک ڕووداوەکانی ئەمڕۆ ببنە وانەی نێو کتێبەکان و لە قوتابخانەدا وەک مێژوو باسی لێوە بکرێت و نەسڵەکانی داهاتوو ئەم ڕووداوانە  بە چاوی خۆیان نەبینن و جارێکی دیکە مێژوو دووبارە نەبێتەوەو وەک نەسڵی ئێستا، نەسڵەکانی داهاتووش نەبنە ئەکتەری دووبارە بوونەوەی ڕووداوەکان؟

شەهلا یارحوسێنی

06.10.2014

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی