حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ٧ رۆژدا ٣٣ کەسی لەسێدارە دائاژانسی کوردپا: لە ماوەی یەک حەفتەی رابردوودا و لە وڵاتی ئێران ٣٣ هاووڵاتی، لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سێدارە دراون، کە حوکمی لەسێدارەدانی ١٨ کەسیان لە یەک رۆژدا و لە زیندانەکانی ورمێ، قزلحەسار و بەندەرعەباس بەڕێوەچووە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا کە زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی بەشدار لە بیست و حەوتەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کە سەبارەت بە تاوتوێ کردنی پرسی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیدا بەڕێوەچوو، رەخنەی توندیان لە رێژەی زۆری لەسێدارەدان لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا گرتبوو، حکوومەتی ئسیلامی لەسەر رەوتی لەسێدارەدانی هاووڵاتییان بەردەوامە.
لە رۆژی ٥ی سەرماوەزەوە، هەتا ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ١٢ سەرماوەز، ٣٣ کەس لە وڵاتی ئێراندا لە سێدارە دراون، کە ٢١ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان، حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ برابوویەوە.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە لەسێدارەدانی ٤ هاوڵاتیی کورد لە رۆژی رابردوودا (١١ی سەرماوەز) لە زیندانی ورمێ، ئاماری لەسێدارەدانی یەک حەفتەی رابردوو، گەیشتە ٣٣ کەس.
ناوی ئەو چوار زیندانییە کوردە، کە کەسێکیان بەناوی ژن بوو، موختار داودخواز(خواه)، یەدوڵڵا فەهیمی، مەنووچهر رەزایی، مەرزیە ئۆستواری راگەیاندراوە، کە بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان لە سێدارە دراون.
ئەو چوار کەسە لەسێدارەدراوە، رۆژی دووشەممە هاوڕێ لەگەڵ سێ زیندانیی دیکە، بە مەبەستی لەسێدارەدران بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ راگوێزرابوون.
هەروەها رۆژی ١١ی سەرماوەز، ١١ زیندانیی لە زیندانی قزلحەساری کەرەجیش بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارەدراون.
هاوکات حوکمی سێ کەس لەو ٣٣ کەسە، لەبەرچاوی خەڵک بەڕیوەچووە، کە بە تۆمەتی ”دەستدرێژیی جنسی(تجاوز بە عنف)” لەسێدارەدراون.
کەسیک لەو لەسێدارە دراوانە، کە بە تۆمەتی کوشتن لەسێدارە دراوە، لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا تەمەنی ١٤ ساڵ بووە، کە سەرئەنجام پاش گەیشتن بە تەمەنی ١٨ ساڵی لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی لەسێدارەدانەکەی بەڕێوەچووە.
ناوەڕاست مانگی رەزبەری ئەمساڵ، ئەحمەد شەهید حەتەمین راپۆرتی خۆی سەبارەت بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئیراندا بڵاو کردەوە، کە تیایدا ئاماژە بە لەسێدارەدانی ٨٥٢ کەس لە مانگی ژووئیەی ساڵی ٢٠١٣ی زایینییەوە هەتا ژووئەنی ٢٠١٤ کردبوو، کە ٨ کەسیان لە تەمەنی ژێر ١٨ ساڵدا لەسێدارە دراون.
راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهید بۆ شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڵاو کرایەوە

2014-10-07 راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهید بۆ شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڵاو کرایەوەئاژانسی کوردپا: راپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لەئێران بە پشت بەستن بە ”پێشنیارەکانی دەوڵەت و مەجلیس”ی ئیسلامی، بارودۆخی مافی مرۆڤی ”نالەبارتر” وەسف کردووە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتەمین راپۆرتی ئەحمەد شەهید سەبارەت بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، لە شەست و نۆیەمین دانیشتنی کۆڕی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاو کرایەوە.
لەو راپۆرتەدا هاتووە، کە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران نەتەنیا باشتر نەبووە، بەڵکوو بەهۆی پەسندکراوەکانی دەوڵەتی تەدبیر و ئومید و مەجلیسی ئیسلامی بەرەو خراپتر بوونی رۆییشتووە.
ئاماژەکانی ئەحمەد شەهید بۆ پەسندکراوەکانی دەوڵەت، پێداچوونەوە بە یاسای سزادانی ئیسلامی، بەشیک لە بڕیارنامەی مافی هاووڵاتی بوون و کۆنڤانسیۆنی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بووە.
ئەو راپۆرتەی کە پێشتر لە میدیاکانەوە بڵاو کرایەوە، بە پشت بەستن بە بەڵگەی باوەڕپێکراو و دیمانە و چاوپێکەوتن لەگەڵ ١١٨ کەس لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ئامادەکرابوو.
لە بەشێک لە ئەو راپۆرتەدا ئاماژە بە ٨٥٢ کەس لە مانگی ژوئیەی سالی ٢٠١٣ی زایینیەوە هەتا ژوئەنی ٢٠١٤، لەسێدارەدانی ٨ لاوی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ لە ئەمساڵدا و ئەگەری لەسێدارەدانی ٤ چالاکی مەزهەبیی کورد، کرابوو.
سەبارەت بە کەمینە نەتەوەییەکان لە ئێران، بانگهێشتی ٥٨ چالاکی مافی مرۆڤی کورد بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، لە گەلاوێژی ساڵی ٩٢ی هەتاوییەوە هەتا مانگی بانەمەڕی ساڵی ٩٣، لە راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهیددا گونجێندرابوو.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، خوێندن بە زمانی زگماکی و جێبەجێ کرانی ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامی، بە پێچەوانەی بەڵێنییەکانی حەسەن رۆحانی، هیچ هەوڵێک نەدراوە.
هەروەهاراپۆرتەکە گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە بەڕێوەبردنی حوکمی لەسێدارەدان، بەردەوامیی دەستبەسەر کردن و دادگایی کردنی سەرەڕۆیانە، پێشێلکاریی پەیماننامە نیونەتەوەییەکان لەلایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە، رووی لە زیادبوون کردووە.