"an independent online kurdish website

لە ناوەڕاستی چلەکانی سەدەی نۆزدە بزووتنەوەی نەتەوەیی و سیاسی و بە بەرنامە و پێرەو، هاتنە ئاراوە و خەباتیان دەسپێکرد. ئەوەندەی من ئاگادار بم، یەکەم حیزبی سیاسی بە بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆییەوە هاتە ئاراوە،mejid-kakeweisi-0

حیزبی دیمۆکراتی کوردستان- ئێران بوو لە ناوچەی مهاباد. دوو ساڵێک دوای دامەزرانی کۆمەڵەی( ژیانەوەی کورد- کوردستان) ” ژ- ک”، واتە ساڵی ١٩٤٥ز. گۆڕدرا، یان گۆڕییان بە ” حیزبی دیمۆکراتی کوردستان’- ئێران”، و ئیتر جێگای ” ژ- ک” ی گرتەوە. ئەو حیزبە لە کۆتاییەکانی شەڕی دووەمی جیهانی و بوونی لەشکری سووری سۆڤیەت لەو دەڤەرانە و بۆشایی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران، هاتە ئاراوە و تێکۆشانی ئاشکرای خۆی دەسپێکرد. بە پێی بەڵگەو سەنەد، ئەندامانی ئەو حیزبە هەر لە سەرەتاوە و پێش دروستبوونیشی لە دەورانی دوو- سێ، ساڵەی ژ. ک یش، چەند جارێک دەچنە ” سۆڤیەت” و لە شاری ” باکو” لە گەڵ دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی کۆ دەبنەوە. دوای ئەوەی لەشکری سوور لە ئاڵ و گۆڕی بیروڕاو بەرنامە و پلانەکانی ئەو حیزبە ئاگادار دەبێ، لە پشتیوانی و هاوکاری ماڵی و کەرەستەی سەربازی و سیاسی سۆڤیەت سودمەن دەبێ، و پەرە بە تێکۆشانی خۆی دەدا، و پەل و پۆ دەهاوێ بەرەو ناوچە و بەشەکانیتری کوردستان. – پاش چەند مانگ لە سەر دەستی ئەو حیزبە ” کۆماری کوردستان” لە مهاباد دادەمەزرێ، و ” قازی محمد”  دەبێتە پێشەوا و سەرۆک کۆمار. کات و ساتێکی گرنگ و مێژوویی دەبێ بۆ کورد و کوردستانیان؛ دەتوانم بێژم لە هەموو بەشەکانیتری کوردستان نوێنەر هاتبوون و بەشدار بوون لەو کۆمارە ناوچە بەرتەسکەدا و زۆر کاری بە نرخ و گرنگیان بۆ مێژوو تۆمار کرد. بەشێک لەو دەسکەوتانە کە بۆ یەکەم جار بۆ کورد و مێژووی کوردستان هاتنە ئاراوە بریتی بوون، لە: -١** ” دانانی ناوی پێشمەرگە، ٢** هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و خوێندنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب بە ڕەسمی، ٣** قوتابخانەی کوردی و خوێندنی زمانی زگماکی، ٤** کابینەی وەزیران و ئیدارەی خۆجەیی و ناوی کۆمار؛ و ئەمانە و چەندین بەرهەمیتری گرنگ و کەم وێنە لە مێژووی کوردستاندا هاتنە ئاراوە، کە کورد هەردەم شانازییان پێوە دەکا. 

مەبەستی من لێرە ئەوە نیە کە باسی هەموو خاڵە بە هێز و گرنگەکانی کۆی ئەو دەسکەوتە گرنگ و مێژوویانە بکەم کە لەو سەردەمەی حیزبی کۆمار و حکومەتەکەیدا وەدەست هاتن، و بوونە چاوگەی هێزی ڕۆشنگەری و خۆناسی لە ناو بزوتنەوەی نەتەوایەتی گشت بەشەکانی کوردستان، و مێژوویەکی گرنگی بۆ کورد و کوردستان تۆمار کرد؛ یاخۆ بمەوێ بە پێچەوانە، تانە و تەشەر لەو ڕەوت و جوڵانەوانە بدەم، یا خۆ؛ بە کەم نرخ و بێ بایەخ باسیان بکەم؛ نە؛!

ئامانجی سەرەکی باسەکە لێرە شتێکیترە؛ ئەگەر لە فیلم و وێنەکانی ئەو کاتی جێژن و مەراسیمی کۆمار سەرنج بدەین بۆمان دەردەکەوێ کە ئۆنیفۆرم و جل و بەرگی سوپای سۆڤیەتی بە بەر و بەژنی بەشێک لە ئەندامانی ئەو حیزب و کۆمارە دەبینرێن؛ کە ڕێژەی مەشق و ڕاهێنانی لەشکری کوردستان و پێشمەرگەش لەو دیمەنانە بە دوور نەبوون!.

سووپای سوور لە شەڕی جیهانی دووەمدا کە بەشێک لەو ناوچانەی کوردستانی داگیر کردبوو دەمێنێتەوە و دێتە ناو کایەکەوە. ئەوانیش بۆ باج و هاوکاری وەرگرتن ناچار دەبن یان ناچاریان دەکەن کە ئەو جۆرە مامەڵانە ئەنجام بدەن.  بۆیە دواتریش دەوام ناهێنێ و بە زەرەریان دەشکێتەوە!، کە ئەوەش بە لای باوەڕی منەوە لاوازی و کەم دەسەڵاتی سیاسەت و لۆژیکی بووە لە ناچاری بەو ڕادە نزیک بوونەوەیە ڕوویانداوە!.

ڕووخانی کۆمار و هۆکارەکانی”

پاش ماویەکی کورت بەرژەوەندییە باڵاکان و تیکە گەورەو چەورەکان و پلانە دزێو و کورد کوژەکان، دەخزێن و لە ژێر و سەر و خوار و ژۆری ناوچە بەرتەسکەکەی دەسەڵاتی کۆمارەوە لە نێوان حکومەتی تاران و مۆسکۆ ئاڵ و گۆڕ دەکرێن و کورد دەکەنە سات و سەودای بازرگانی و ئامانجەکانیان!!.

لەشکری سوور لە لایەکەوە لە هەڕەشەی ئامریکا، و بریتانیا کە سێ بەشی خاکی ئێرانیان بە دەستەوە بوو، و لە لایەکیترەوە کە قەوڵی تیکەی چەور و لولەی نەوتی خۆڕایی لە لایەن ڕژیمی شاوە پێدرا بوو، دەس لە پشتیوانی و پشتگری کوردی بێ پەنا و کۆمارەکەی هەڵدەگرێ، و دەکشێتەوە بۆ ئەودیوی سنوورەکانی خۆی، و ئیتر دوای یازدە مانگ کۆمار و حکومەتەکەی لە لایەن هێرشی سوپای ئێرانەوە دەستی بەسەرا دەگیرێ، هەڵدەوەشێتەوە و دەڕووخێ!، سەرۆک کۆمار و چەندین وەزیر و کەسایەتی و فەرماندە دەگیرێن و دواتر لە سێدارە دەدرێن؛ بە سەدان ئەندام و پێشمەرگە لە شەڕو ڕاوەدونانیان دەبنە قوربانی و شەهید دەبن. کورد هیوا بڕاو ئەبێتەوە؛ بەشێکی زۆر لە سەران و ئەندامانی دیمۆکراتیش بە خۆیان و تەنانەت چەند کەسیش لە میوانەکانیان بە خۆیان و ئاواتەکانیانەوە دەس بە سەر دەکرێن، دەگیرێن و بۆ چەندین ساڵ دەخرێنە چاڵە ڕەشەکانی ڕژیمی پاشایەتیەوە. ئەوانەش کە دەرباز دەبن هەڵدێن و نیشتمانی خۆیان بۆ دەیانساڵ بەجێ دەهێڵن.! – شەپۆلی جم و جۆڵ و خۆ هەڵکێشان و دیار بوون لە ناو سەرانا لە کورد، ئاستەنگ دەبێ و بێدەنگ ئەکرێتەوە!، چالاکی و خەبات و تێکۆشانی کورد دیسان دەچێتەوە قاڵبی نهێنی و دەبێتەوە بە ڕێکخراوی شەونامەیی و کۆبوونەوە و کاری سیاسی دەچێتەوە ژێرخان و ناو ژوورە تاریک و نهێنیەکان، یا خۆ شاخ و دەر و دۆڵ، نامۆیی و دووری لە وڵات.!

– **با ئەوەشمان لە بیر نەچێت، کە ڕووخانی کۆمار تەنیا پێوەند نەبوو بە دەست لێبەردانی سووپای سوڤیەت؛ بەڵکوو بە بڕوای من چەند هۆکارێکی تۆخی ناوەکی کە ئەو کات بە ڕوونی بەرچاو بووە و پێشتر بە گشتی ئاماژەیەکم پێداون بریتی بوون لە: – یەکەم؛ وەپاشکەوتوویی فەرهەنگی، واتە؛ کەمبوونی خوێنەوار و کەسی ڕۆشنبیر لە ناو کۆمەڵگای کوردی لەو سەردەمە و دەتوانم بێژم زێتر لە ٩٠% دانیشتوانی کوردستان نەخوێنەوار بوون. – دووەم؛ دووبەرەکی و ناکۆکی نێوان سەرانی هۆز و تایفە و ئاغاکانی کوردستان و بە تایبەت هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆمار و نزیک لەو، لە لایەکەوە فەزایەکی نالەبار و ناسالمیان لە ناو خەلکدا خوڵقاندبوو، و هەرکام خۆی لەویتر بە گەورەتر ئەزانی، لە لایەکیتروە، کورتبیر و دوژمن بە کەم گرتن و خۆ بە زلزانی و پێشبڕکێی خانخانی و دەرەبەگایەتی و پاشەکشە لە هاوکاری و یارمەتی، بەشێکی گرنگی پاڵنانی ڕووخانی کۆمار بوون!!…

درێژەی هەیە…

بابەتەکانی تری کاک مەجید 


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی