Hoppa till innehåll
Hem » چاوپێکەوتن لە گەڵ مەخمەر خانم, هاوژیانی مەحمود دەشتی، ئامادەکردنی قومری ساڵحزادە

چاوپێکەوتن لە گەڵ مەخمەر خانم, هاوژیانی مەحمود دەشتی، ئامادەکردنی قومری ساڵحزادە

ژن لە مێژووی كورد دا ڕۆڵێكی زۆر كاریگەری ھەبووە و ژنانی كورد وەك ھێمایەك بۆ بەرخۆدان دەناسرێن.mexmerxanm

زۆرن ئەو ژنانەی کە لە پێناو بەختیاری و سەربەرزی گەل و نەتەوەكەیان لە ھەموو شتێكی خۆیان خۆش بوون و ھەموو ژیانیان بۆ گەیشتن بە ئازادی نەتەوەكەیان تەرخان کردووە، ئەو شێرە ژنانەی کە هەمیشە پشتیوانی شۆڕش و پێشمەرگە بوون و ئەگەر نەیانتوانبێ چەكی پێشمەرگایەتی ھەڵگرن، بەڵام توانیانە وەك دایكێك نە تەنیا بۆ منداڵەكانیان، بەڵكوو بۆ ھەموو پێشمەرگەكان وەک دایک بن و جێگای خاڵی پڕ بکەنەوە بۆ پێشمەرگە.

ئەو ژنانە كە لە پێناو رزگاری گەل و نەتەوەكەیان بە ھەزاران داستانی خۆڕاگری و بەرخۆدانیان تۆمار كردووە و وەك بە شێكی گرینگ لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازانەی گەلی كورد دێتە ئەژماردن كە پێویستە ئاوڕیان لێ بدرێتەوە و داستانی ئەو حەماسیانە وەك خۆی بۆ نەوەكانی داھاتووی كوردستان تۆمار بكرێن و وەك میراتێكی گرانبەھا لە خەبات و بەرخۆدانی دایكانی كورد لە پێناو رزگاری گەل و نیشتماندا رادەستی ئەوان بكرێت.

ھەر بەو مەبەستە و بۆ پاراستنی ئەو مێژووییە، ئێمە ھەوڵ دەدەین كە ھەموو ژنانی خەباتكاری كورد لە وڵاتی دانمارك بەسەر بكەینەوە و ئەو مێژووە بە شێوەیەكی جوان و رێك و پێك تۆمار بكەین و بیخەینە بەردەستی ئێوە خۆێنەرانی ھێژا !

لە یەكەم بە سەر كردنەوەدا سەردانی ژن ودایكێكی شۆڕشگێڕی كوردمان كرد ! دایكێك كە ھەست و خۆشەویستی بۆ گەل و نیشتمان لە نێو بزە جوانەكانی دیارە و مرۆڤ ھەست دەكات كە دایکێکە کە ھەموو نیشتمانی لە باوەش گرتووە ! دایكێك كە لە بناری كێوی خەلیل و نەسرەدین و دەشتە رەنگینەكانی دەزگر و راژان و مەرگەوەر گەورە بووە ! ژنێك كە ھەموو ھەست وخولیاکانی نەتەوەیەك لە نێو چاوانی دا دیارە و تەنانەت زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیش نەیانتوانی چۆك بەو دایكە دا بێنن !!!

ئەم جارەیان شێرە ژنێکی بە ئەزموون، شێرە ژنێك کە هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران شان بە شانی هاوژینی توانیویەتی هەمیشە پشت و پەنای بنەماڵە و گەل و شۆڕش بێت.

ئەو خانمە شۆڕشگێڕە ماندوو نەناسە، خانمی ”مەخمەر بێهمەرام نێرگی”یە کە ساڵانێکی دوور و درێژە لە گەڵ هاوسەر و منداڵەکانی دوور لە زێدەی باو و باپیرانی دەژی و ساڵانێکی دوور و درێژە کۆڵ بە کۆڵ لەهەموو ناوچەکانی کوردستان تەنانەت بستە خاکێك نەبووە کە تێیدا بحەوێتەوە، هەر لە سەرەتای دروستکردنی ژیانی هاوسەری هەموو خەمێکی نیشتمانی لە کۆڵ ناوەو لە گەڵ ئازارەکانی نەتەوەکەیدا دەژی کە ئەو هەمیشە پاڵپشتی پێشمەرگە و نیشتمان بووە و وەک سەربازێکی بێ ناو و نیشان خەبات دەكات و باوەری قوڵی بەو خەباتە رەوایە ھەیە.

رێزدار مەخمەر بێھمەرام، جەنابت خەڵکی کوێیت و لە چ ساڵێك لە دایك بووی؟

من لە ساڵی ١٣٤٣ هەتاوی لەناوچەی سۆما برادۆست لە دایک بووم. پاشان بنەماڵەی ئێمە چوونە ناوچەی دەشتی ئۆرمیە و هەر لەوێ ژیان بە سەردەبەن. لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1357ی ھەتاوی و لە تەمەنی 15 ساڵیدا لە گەڵ  مەحمود دەشتی ژیانی هاوبەشم پێك هێنا، و بەرھەمی ئەو ژیانە پێنج کوڕ و کچێکە.

ماوەی چەند ساڵە كە لە دەرەوەیڕۆژهەڵاتی کوردستان ژیان بە سەر دەبەی و ئەو ماوەیە لە چ شوێن گەلێك ژیاوی؟

پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و ھێرشی ھێزەكانی رێژیم بۆ سەر خەڵكی كوردستان و بە ھۆی ئەوەی كە مێردەكەم كادری حیزب بوو، بە ناچاری روو لە باشوور و باكووری کوردستان و ھێندێ جاریش لە نێو ھەوارگە و كۆێستانەكانی ڕۆژهەڵآتی کوردستان ژیاوم. پاشان بە ھۆی بارودۆخی تایبەتی حیزب لە ناوچەكانی بێشێ لای ناوچەی مامە خەتیب،قەندیل، جێژنیكان و كۆیە نێشتەجێ بووین.دیارە لەو ماوەیەدا زۆر جار بە ھۆی بارودۆخی حیزب بۆجێگای نیشتەجێ بوونمان دەگۆڕی!

وەك زانیومانە جەنابت ماوەیەك بە دەستی ھێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر كراوی ! دەكرێت چۆنیەتی ئەو رووداوەمان بۆ باس بکەیت ؟

بەڵێ زۆر راستە و بەداخەوە منیش وەك زۆرێك لە ژنانی شۆڕشگێری كورد بە ھۆی بەشداری هاوسەرەکەم لە شۆڕشدا تووشی زیندان بووم.

رووداوەكە بەو شێوەیە بوو كە رێژیمی ئێران بە مەبەستی دڵ ساردکردنەوەی مێردەكەم ئەو پیلانەیان داڕشتبوو و دەیان ئەویست بەو شێوەیە زەڕبە لە حیزب و بزاڤی رزگاریخوازانەی كورد بدەن.

ئەو ساڵەی كە ئەو رووداوە بۆ من پێش هات، زستان لە توركیە بووم و بە دەستپێكی وەرزی بەھار و پێم وابێ لە مانگی دوو دا بوو كە خەڵكی مەڕداری ناوچەی ئێمە واتە مەرگەوەر ھاتن بۆ ھەوارگە و منیش چووم بۆ ئەوێ .

ئەو كات براکەم لە سەربازیدا بوو و من زیاتر لە یەك ساڵ بوو كە دایكی خۆمم نەبینی بوو. زۆر دڵم تەنگ بوو و زۆر نیگەرانی ئەوان بووم. منیش بڕیارم دا كە بچم و سەردانی دایكم بكەم. لە گەڵ ئەوەی مەحموود ”هاوسەرم” زۆر ھەوڵی دا من لەو كارە پاشگەز ببمەوە ، بەڵام دڵم قەراری نەدا و وتم دەبێ ھەر بچم و دایكم ببینم.

كە چووم، نەم وێرا بچمە گوندی خۆمان و چوومە ماڵی برام لە گەڕەكی ”گرە جۆ”ی ئۆرمیە. لەوێ خۆم دەشاردەوە و قەت لە ماڵ نەدەھاتمە دەر، چونكە دەمزانی كە ئەگەر بێت و رێژیم بزانێت، دەمگرێت. بەڵام ئەوەی كە دواتر پێمان زانی، كەسێكی خۆ فرۆشی سەر بە رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران كە خەڵكی ناوچەی مەرگەوەر، و ئەو كات سیخوڕی رێژیم بوو لە ناو حیزبدا، ھێزەكانی رێژیمی لە ھاتنی من بۆ ئێران ئاگادار كردبوەوە.

من سێ رۆژ بوو لە ماڵی براکەم بووم كە لە ناكاوە براژنم ھات و وتی : مەخمەر ! كەسێك لە كۆڵاندا بە دووت دەگەرێت و پرسیاری ماڵی ئێمە دەكات ! پێم وایە ئەوە ئیتلاعاتیە ! خۆت بشارەوە ! منیش وتم : پێم وانیە شتێكی وا روو بدات ! بەڵام ئەگەر ھات و شتێكی واش روویدا، باشتر وایە من بگرن تا براکەم .

ئەوان زۆر ئیسراریان كرد و منیش ھەر قەبووڵم نەكرد. ئەو سێ كەسە ھاتن و ماڵی برامیان دۆزیەوە ھاتنە . دوو كەسیان كورد بوون و یەكێكیان تورك بوو . كە ھاتنە ماڵ ئێمە دانیشتبووین. یەك راست لە خاوەن ماڵیان پرسی : تۆ كێی؟ ئەویش وتی من خێزانی ساڵحم ” برای من”. ئەو رۆژە دایكی براژنم لە ماڵی ئەوان بوو و لەویشیان پرسی ئەویش وتی: وەڵامی دانەوە! چاوێكی لە من كرد و وتی : ئەدی ئەوە كێیە ؟ ئەوانیش وەڵامیان دایەوە کە بە سەردان هاتووە و دەگەڕێتەوە.

یەكێكیان رووی لە من كرد و وتی: خوشكم تۆ کەی ھاتووی ؟ منیش وتم : سێ، چوار رۆژە ھاتووم و رەنگە دوو، سێ رۆژی دی بگەڕێمەوە. پرسیاری کرد: چەند منداڵت ھەیە ؟وەڵامم دایەوە سێ منداڵم ھەیە. وتی ئەدی مێردەكەتکاری چی هەیە ؟ زۆر ترسام و بە درۆ وەڵامم دایەوە : سەرئوتۆبووسی گەلی قاسملوو کار دەكات.

ئیتر چاوێكیان لە من كرد و وتیان ئێمە ھاورێی ساڵح ین و بۆ موعامەلەیتوتن ھاتووین و دەچین ئەو لە مەركەزی ئۆرمیە دەبینین.

ئەو كات براکەم لە مەركەز موعاملەی توتنی دەكرد. دیارە من تەنیا یەك برای دایكی خۆم ھەبوو كە ئەویش سەرباز بوو. ئەم برایەم کە لە ماڵی بووم زڕ برام بوو.

پاش چوونی ئەوان براژنم ئیسراری لێم کرد کە بمبات بۆ مەرگەوەڕ و بمگەیەنێتە دەستی حیزب،من رازی نەبووم: چونکە ئەگەر ئەوان هاتبان برای منیان دەگرت.

ھەر ئەو رۆژە خەسووم ھات و وتی: من بەیانی ھەژار لە گەڵ خۆم دەبەم بۆ گوند، بۆ ئەوەی مام و پورەكانی بیبینن.

ئەو شەو ئێمە خەوتین من خەوی ناخۆشم دیتن. لە خەودا دەمبینی كە كاغەزێكم بەدەستە و ھەرچی ھەوڵ دەدەم بیگەیەنم بە دەستی مەحموود، نەمدەتوانی و پاسدارەكان ئاوریان لەو كاغەزە بەر دا.

خەسوم کە هەستابوو بۆ نوێژ بە ھاواری من ھاتە سەر سەرم و وتی كچم: چی بووە ؟ منیش خەونەكەم بۆ گێرایەوە و ئەویش وتی : كچم شتێكت بەسەر دێت . من ھەژار لە گەڵ خۆم دەبەم و دەڕۆم !

ھەر زۆر پێ نەچوو كە كۆمەڵێك پاسدار ڕژانە نێو ماڵەكە و منیان دەستبەسەر كرد و وتیان : خوشكم ناراحەت مەبە، ئێمە تەنیا دەتبەین و پاش لێکۆڵینەوەئازادتت دەکەین !

منیش چارشێوەكەم بە خۆمدا دا و لە گەڵیان چووم. كاتێك كە چووم زانیم كە براکەمیان دەستبەسەر كردووە. بەڵام پاش سێ رۆژ ئەویان ئازاد كرد.

لە ماوەی ئەو سێ رۆژەدا ھەر رۆژ لێكۆڵینەوەیان لە گەڵم دەكرد . ئەو كات بەو ھۆیەوە زۆر ئەزیەت دەبووم . لە لایەكی کە حاملە بووم رزگار کورم زۆر بچوک بوو نەخۆش بوو.

پاش نزیك بە یەك حەفتە منیان بۆزیندانی ئینفرادی برد لە گەڵ ڕزگار.

ژوورێكی زۆر بچکۆلە و زۆر گەرم كە بە زەحمەت شۆێنی یەك كەس دەبوو.

بەھۆی ئەوەی كە زۆرجار بەرق قەتع دەبووو زۆر گەرم دەبوو، رزگاردەستی بەگریان دەكرد.

 لە لایەكی دیكەش بەردەوام دەنگی كەسانێك دەھات كە وادیار بوو ئەشكەنجە دەكرێن . ترسم لا دروست بوو بوو.

لەو ماوەیەدا ھەر رۆژ منیان بۆ لێكۆڵینەوە دەبرد و پرسیارییان لێم دەكرد !

چ پرسیارێکیان لە جەنابت دەكرد ؟

دەیان پرسی حیزب لە کوێ چەک وەردەگرێت ؟ كێ سەردانی حیزب دەكات ؟ خواردەمەنی حیزب لە كوێوە دێت ؟

زۆر جاریش خەڵكیان دەھێنا و دەیانگوت تۆ ئەو كەسە دەناسی یان نا ؟ ھەر كەسێكیان كە ھێنابا، دەم گوت: نایناسم .

تەنیا كەسێك نەبێت كە ئەویش زۆر منداڵ بوو و ھاتبووە نێو حیزب، خەڵكی گوندی راژان بوو ! ئەو لە ماڵی ئێمەدا دەژیا و وەك كوڕی خۆم بوو و زۆر كەس پێیان دەگوت: كوڕی مەحمود دەشتی .

ئایا رێژیم ھیچ داوایەكی لە تۆ هەبوو بۆی جێ بە جێ بکەیت دژی حیزب ؟

بەڵێ ، زۆر جار دەیانگوت : ئازادت دەکەین، بەڵام بە مەرجێك كە بچی و سەم لە نێو خواردنی پێشمەرگە بکەیت !!! و یان دەیانگوت بچۆ و سەم بە مەحموود بدە !!! منیش ھەر دەم ووت: من قەت ئەو كارانە ناكەم.

لەو ژوورەدا ھێندێك پەتوی پیس تێدا بوو کە بۆنی ناخۆش خوێنی هەبوو. من نزیك بە مانگێك و بیست رۆژ لەو حالەدا بووم.

پاش ئەو مانگ و بیست رۆژە بۆ کوێ بردیانیت ؟

لە پاش ئەو مانگ و بیست ڕۆژە منیان بۆ زیندانی ناوەندی ئۆرمیە برد .لەو ماوەیەدا من ھیچ چاوپێكەوتنێكم نەبوو ! لەوێش برا و خزمی مەحموود زۆر سەردانی ناوەندەكانی رێژیمیان كردبوو و وتبوویان باشە ئەو ژنە تاوانی ھەیە ، ئەدی بۆچی منداڵێكی ساواتان دەستبەسەر كردووە ؟ ھیچ نەبێ ئەو منداڵە بە ئێمە بدەن ! چۆنكە ئەو ژنە حامیلەیە و ناتوانێت دوو منداڵ بە یەكەو بەخێو كات !

پاش مانگێك كە لە زیندانی ناوەندی بووم، رێژیم رازی بوو كە رزگار بدەن بە كەس و كاری من. پاش ئەوە چاوپێكەوتنیان بە من دا دایك و برا و كەس و كاری مەحموود ھاتنە سەردانم !

ماممكە ھات و منی لەو وەزعەدا بینی، زۆر گریا و پاش دیتنی من، سەکتە لێدا و مرد، ماوەی 6 مانگ لە گرتووخانەكانی رێژیم دا بووم .

چۆن بوو رێژیم جەنابتی ئازاد كرد ؟

رۆژێك ھاتنە نێو زیندان و نێوی منیان خۆێندەوە و وتیان شتەكانت هەڵبگرە، پاشان سواری ماشینیێکیان کردم و چاوی منیان بەست! كەمێك ماشینێكە حەرەكەتی كرد كە یەكێكیان وتی : ئەزانی چیت لێ ئەكەین ؟ وتم : من زیندانی ئێوەم و نازانم چ بەڵایەك بە سەرم دێنن !ئەو کەسە وتی : تۆ ئێستا ئازادی !!! بەڵام زامنێكت ھەیە و بە دەستی خۆتە كە دەچی بۆ لای منداڵەكانت و یان دەچی بۆ لای مەحموود دەشتی !!!

ئەو كەسە ھەر ھەمان ئەو کەسە ئەوە بوو كە راپۆرتی ھاتنی منی بۆ ئێرانی بە رێژیم دابوو ! ئەو ڕووی کردە من و ووتی : بە قسەم دەكەی بچۆ بۆ لای مێردەكەت ! ئێران بۆ تۆ نابێت !

منیش كە زۆر دڵم بۆ منداڵەكانم سووتاو بوو، وتم : من چی دیكە كارم بە مەحموود نیە و دەچم منداڵەكانم بەخێو دەكەم .

بە ھەر حال منیان سواری ماشین كرد بۆ ناوچەی مەرگەوەڕ، پێم وابوو كە من رادەستی بنەماڵەكەم دەكەن! بەڵام راست منیان بردە بەر دەرگای ماڵی ئەو کەسە کە گوزارشتی لە من دابوو و لەوێ ناوبراو وتی : زوو خۆت ئامادەكە! ئەوە دەتبەم بۆ لای كادرەكانی حیزب ! چاوەرێی تۆ دەكەن !

منیش كە لەو ماوەیدا زۆر لاواز بوو بووم وتم : نا من نامھەوێت بچم بۆ لای مەحموود ! من منداڵەكانی خۆم بەخێو دەكەم ! ھەر چەندە ئیسرارم كرد ئەو ھەر وتی نابێت و دەبێ بچی !!!

پاشان وتم باشە دەرۆم بەڵام بە مەرجێك كە ئیجازەم پێ بدەن بە خوشکم بڵێم كە ئازاد كراوم و دەچم بۆ لای مەحموود !

ئەوانیش رازی بوون بردیانم بۆ گوندی ” دزێ”ی مەرگەوەر و لەوێ بە خوشکمم وت كە ئازاد كراوم و دەچم بۆ لای مەحمود!

پاشان بردیانم بۆ گوندی ” سوولە دۆكەڵ” كە گوندێكی ناوچەی مەرگەوەر بوو، و لەوێ نزیكەی یەك مانگ ماینەوە بە ھۆی ئەوە كە رێژیم پیلانی ھەبوو لە كاتی رادەستكردنم، مەحموود و باقی كادرەكان كە لە گەڵ ئەو دەھاتن بۆ وەرگرتنی من بكوژێت. حیزبش بەو پیلانە زانیبوو و بۆیە ھەر دوایان دەخست و وردە وردە وەرزی پاییز ھات و سنورەكان بە ھۆی بەرف و باران بارین گیران.

چەند جار خەڵكی ئەو گوندە ھەوڵیاندا كە بەرێم بکەن، بەڵام بە ھۆی ئەوە كە حامیلە بووم و كەمێك مابوو منداڵەكەم لە دایك ببێت، نەمدەتوانی بچم. لە كۆتایی دا بە ھەزارو یەك زەحمەت رەوانەیان كردم و چووم بۆ سنور و لەوێ بەرێیان کردم بۆ شاری وان لەوێشەوە بۆ ناوچەی شەمزینان و گوندی ” وار گەنم” كە ئەو كات دەوڵەتی تورك وێرانی كردبوو و كۆمەڵێك ماڵی پێشمەرگەكانی ھێزی ئاگری لەوێ بوون. من تازە 2 رۆژ بوو گەیشتبووم كە منداڵەکەم بوو ! لە نێو ماڵێكی خراپ كە ھیچی تێدا نەبوو و ھەموو بە قور گیرابوو.

ھەر رۆژی دواتر حیزب پەیامی دایە و مەحموود، دیسان منی بە جێھێشت و بەرەو بنكەی دەفتەری سیاسی لە ”گەورە دێ ” گەڕاوە.

پاشان من و مەریەمی خێزانی كاك شوان کوردستانی، تا وەرزی بەھار ھەر لەوێ بووین و دیسان ئێمە گەڕاینەوە بۆ نێو ھەوارگە و كوێستانەكانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوری ئێران و عێراق و توركیە. لەوێ خەسووم سێ منداڵەکەم واتە ئۆمید، رزگار و ھەژاری ھێنا و رادەستی كردم. پاش بینینی، وتی من ئۆمید لە گەڵ خۆم دەبەم. ئۆمید كوڕی خۆمە و لای خۆم گەورە بووە.

جەنابتان کەی ھاتن بۆ باشووری کوردستان ؟

پاش ئەوەی خەسوومم بینی، بەرەو باشووری کوردستان گەڕاینەوە و لە شوێنێك چادرمان ھەڵدا و ماوەیەك لەوێ بووین. بەڵام بە ھۆی تۆپبارانی ئێران جێگامان گۆڕی و بە ناچاری بەرەوباشووری کوردستان بە ڕێکەوتین، لە سنوور ھێزەكانی دەوڵەتی عێراق ئێمەیان گرت و نێزیكەی یەك حەفتە ڕایان گرتین،چونكە پێیان وابوو ئێمە كوردی باشوورین.

پاش حەفتەیەك ئێمەیان ئازاد کرد، و ئێمە وەك ھێزی ئاگری ھاتین و لە گوندی بێشی نێشتەجێ بووین.

لەوێ حیزب ناردمانی بۆ ناوچەی سەردەشت ماوەی دوو ساڵ لەوێ بووین. بە ھۆی خۆشەویستی من بۆ سەردەشت، نێو كورەكەم ناو نا ئالان.

پاشان دیسان بەرەو بنكەی دەفتەری سیاسی كە ئەو كات ھاتبوە ”ئێنزێ” هاتین و ماوەی دوو ساڵ لەوێ بووین.

پاشان حیزب نارمانی بۆ هێزی ئاگری ئەو کاتە لە بێشی بوو لەوێ نیشتە جێ بووین .

منداڵەكانت لە كوێ لە دایك بوونە ؟

ئۆمید و رزگار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایك بوون .ھەژار لە گوندێكی سنووری ئێران و توركیە و ئارەزوو لە باکووری کوردستان لە دایك بووە. ئالانلە گوندی بێشێی نێزیک شاری دیانای باشووری کوردستان و ھەژیر لە کامپی ئازادی لە شاری كؤیە.

ئەو ماوەیە كە لە حیزبدا بوون بەشداری كار و چالاكی حیزبتان دەكرد ؟

من لە ھەموو كۆبوونەوەكانی حیزبی و رێورەسمەكاندا بەشداریم دەكرد. بەڵام بە ھۆی ئەوەی كە منداڵەكانم تەمەنیان كەم بوو نەم دەتوانی بەشداری كار و چالاكی یەکێتی ژنان بكەم.

چ بیرەوەریەكتان ھەیە كە قەت لە بیرتان ناچێت ؟

خۆی ژیان و خەباتی ئێمە وایە کە ناتوانم لە بیریانبکەم. بەڵام شەھید بوونی كاك دوكتور قاسملوو و شەرەفكەندی ناخۆشترین بیرەوەری ژیانی منن كە قەت ناتوانم لە بیریانبکەم. ئەو كات ئێمە لە بێشێ بووین. كە ھەواڵی شەھید بوونی دوكتور قاسملوویان بە ئێمە دا ، دونیا لە بەر چاوم تاریك ببوو . تەنانەت نە من و نە مەحموود نەمان دەتوانی نان بخوین. منداڵەكانمان زۆر چوكە بوون و لەو رەفتارەی ئێمە تێ نەدەگەشتن و بە ئێمەیان دەگوت : نان بخۆن، پێشمەرگە كە شەھید نەبووە ! ئێوە بۆ دەگرین ؟

دیارە ئەوانیش تێنەدەگەشتن.

چ كاتێك بەرەو ئەورووپا ھاتن و چۆن ھاتن ؟

ئێمە دوای وەرگرتنی قەبووڵی ژنێف لە باشووری کوردستان مەجبوورکراین کە ڕێگای وڵاتی تورکیە بگرینە بەر، دوای ئەوەی کە ڕێگای چوونەدەرەوە لە ئێراق لە پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان (UN) گیرا. ئێمە دوای یەک حەفتە دەستبەسەری و کوێرەوەری و دوای دوو ساڵ و نیو ژیانی سەخت و پڕ مەترسی، بۆ وڵاتی دانمارک قەبووڵکراین و لە ڕێکەوتی ١٢/١١/٢٠٠٢ هاتین بۆ وڵاتی دانمارک و لە شاری هۆرسنس گیرساینەوە.