"an independent online kurdish website

ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆ و هەواڵی شکاندنی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، بنەماڵە و پارێزەری ئەو گیراوە کوردانە، ئەو دەنگۆیەیان بەدرۆ خستەوە.nikbext-

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ٢ی بەفرانبار لە ماڵپەڕی ” کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی” هەواڵی کۆتایی هاتنی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە ٣٣ یەمین رۆژیدا بڵاو بوویەوە، کە بنەماڵە و پارێزەری ئەو مانگرتوانە، ئەو هەواڵە رەت ئەکەنەوەو پێداگریی زیندانیان لەسەر مانگرتنەکە بۆ رای گشتی رادەگەیەنن.

ساڵح نیکبەخت پارێزەری بەشێک لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی ورمێ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، سەبارەت بە هەواڵی کۆتایی هاتنی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی لە زیندانی ورمێ، رایەگەیاند، “من لەگەڵ یەکێک لە (موکل)ـەکانم قسەم کردووە و لەسەر مانگرتنەکەیان بەردەوامن و هەر هەواڵێک لەپەیونەدی لەگەڵ کۆتایی هاتنی مانگرتنی زیندانیانی ورمێ درۆیە”.

نیکبەخت ئاشکرای کرد، “ئەو هەواڵە لەلایەن کەسانێکەوە کە سەربە لایەنێکن پێیان گوتراوە کە بڵاوی بکەنەوە، کە ئەسڵی مەسەلەکە بەلارێدا بچێت”.

نیکبەخت گوتیشی: “چوار کەس لەو زیندانیانە خوێنڕێژیی مەعدەیان هەیە و رشانەوەی خوێنیان هەیە و دوو کەسیان بردراونەتە نەخۆشخانە و بەهۆی خراپیی باری تەندروستییان نەیانهێناونەتەوە”.

نیکبەخت راشکاوانە دەڵێت: “ئەو کەسانەی کە هەواڵی شکاندنی ئەو مانگرتنەیان بڵاو کردۆتەوە، دەیانهەوێ خۆیان وەکوو وەکیل و پارێزەری ئەو زیندانیانە لەقەڵم بدەن، بەڵام لەلایەن لایەنێکەوە هیدایەت کراون کە ئەو شتە بڵاو بکەنەوە”.

نیکبەخت لە رێگەی ئاژانسی کوردپاوە داوا دەکات: “خواستی زیندانیان خواستێکی رەوایەو لە چوارچێوەی یاسادایە، کە سەرەکی‌ترین خواستیان جیاکردنەوەیان لە زیندانیانی (عادی)یە.”

23787.jpg

ساڵح نیکبەخت: من لەگەڵ یەکێک لە (موکل)ـەکانم قسەم کردووە و لەسەر مانگرتنەکەیان بەردەوامن و هەر هەواڵێک لەپەیونەدی لەگەڵ کۆتایی هاتنی مانگرتنی زیندانیانی ورمێ درۆیە

نیکبەخت دەڵێ: :من بۆخۆم کە ماوەی ٧ ساڵ و نیو هەم لە سەردەمی رژیمی پاتشایەتیدا و هەم لە سەردەمی حکوومتی ئیسلامیی ئێراندا لە زینداندا بووم؛ دەزانم کە زیندانیی سیاسی پێویستی بە هێنی و ئاسایش هەیە و زیندانیی عادی ئەو شتانە لەبەرچاو ناگرێ و نایپاریزێ و ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی باری دەروونی زیندانیانی سیاسی، کە زۆربەیان حوکمی درێژماوە و لەسێدارەدانیان هەیە و ناتوانن حوکمەکەیان بەسەر بەرن و عەلی ئەحمەد سلێمان (خەڵکی هەرێمی کوردستان) یەکێک لەو گیراوانەیە کە تووشی ئەو کێشەیە بووە”.

نیکبەخت گوتیشی سێ کەس لە مانگرتوانی زیندانی ورمێ لەبەرەبەری مردندان و مەترسیی گیانییان لەسەرە.

لە وڵامی پرسیارێکدا کە داخوازیی زیندانیان هەتا چ رادەیەک لەلایەن بەرپرسانەوە وڵامی پێدراوەتەوە، نیکبەخت، گوتی: “بەداخەوە هەتا ئیستا هیچ وڵامێک لەلایەن زیندانبان و بەرپرسانەوە بە داخوازیی ئەوان نەداروەتەوەو داخوازییەکانیان قەبووڵ نەکردوون”.

گوتیشی” بەرپرسان داوایان لە زیندانیانی مانگرتوو کردووە: ئێوە مانگرتنەکەتان بشکێنن، ئیمەش کارەکانتان ئەنجام ئەدەین و و زیندانیانیش دەڵێن داخوازیی ئێمە کارێکی موشکیل نییە، ئێوە داخوازییەکانمان جێبەجێ بکەن، ئێمەش مانگرتنەکەمان کۆتایی پێ دێنین”.

نیکبەخت لە کۆتاییدا دەڵێت: “زیندانیان کارێکی یاسایی و دورستیان گرتۆتە بەر و ئەگەریش بەرپرسان بیانهەوێ زۆر بە ئاسانی دەتوانن داخوازیی زیندانیان جیبەجی بکەن”.

هەواڵنێری کوردپا سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆتایی هاتنی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ، پەیوەندی بە بنەماڵەی دوو کەس لەو گیراوانەشەوە کرد، کە بە توندی هەواڵی کۆتایی هاتنی ئەو مانگرتنەی رۆڵەکانیان لە زیندانی ورمی رەت کردوە”.

بنەماڵەی یەکێک لەو زیندانیانە کە بەهۆی دۆخی ئەمنیەتییەوە نەیوست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی: “لە رێگەی تەلەفۆنەوە قسەم لەگەڵ کورەکەمان کرد، کە بەردەوام بوون لە مانگرتنەکەیان و بەهۆی مانگرتنەکەشیانەوە توانای قسەکردنیشی لاواز بووە و تۆنی دەنگی زۆر دابەزیبوو”.

ئا: ئارام حاجی‌پوور

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی