"an independent online kurdish website

– هەرچەند ئەو دوو ڕێکخراوە ئازادیخوازە دوو ئیدۆلۆژی جیاوازیان هەیە، هەر کام لە کات و شوێنی جیاوازدا هاتوونەتە ئاراوە، و جۆری خەباتەکانشیان جیاوازە و هەرکام بە جۆرێک بۆ گەل،mejid_kakeweysi12

و لە گەڵ دوو دوژمنی جیاوازدا دەستەو یەخەن، بەڵام لە هندێک بواری ئەساسی و سیاسی و پیلانگیڕیدا سەرەتا و ئەنجامیان لە زۆر بوارەوە لە یەک دەچن!.

– سازمانی ” فەتح ” کە ناوی تەواوی: ( ڕێکخراوی ئازادیخوازی نیشتمانی فەلستینە) بە عەرەبی: ” حرکة التحریر الوطنی الفلسطینی” گرنگترین ڕێکخراوی سیاسی نیزامی فەلستین بوو کە لە ساڵی ١٩٥٩ز. لە سەر دەستی ” یاسر عرفات” و  خلیل الوزیر ( ابوجهاد) بە ئامانجی ڕزگاری خاکی فەلستین لە چنگ داگیرکاریی ئیسرائیل بە ڕێگای شەڕی پارتیزانیەوە خەبات و تێکۆشانی خۆی ڕاگەیاند…
– فتح کە گەرەترین و گرنگترینی حیزبی ناو سازمانی ئازادی بەخشی فەلستینە کە ”ساف” کورتکراوەکەیەتی، ڕوویەکی ناسیونالیستی تا ڕادەیەک سوسیالیستی هەبووە، و کۆنفیدراسیونێک بووە لە ئەحزابی فلستینی کە لە ساڵی ١٩٦٤ز. دامەزرا، و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی بە نوێنەرایەتی گەلی فەلستینیان پەسەند کرد.

– یاسر عەرفات هەر لە سەرەتاوە تا کاتی مەرگی لە ساڵێ ٢٠٠٤ز. کە بە شێوەیەکی نادیار” مرد، کوشتیان”؛ ڕێبەرایەتی ئەو ڕێکخراوەی بە دەستەوە بوو. لە پاش مەرگی عەرەفات، ” فاروق قدومی” بوو بە جێ نشین و ڕێبەری ئەو ڕێکخراوە، و تا ئیستا ” محمود عباس” ئەندامی باڵای ئەو ڕێکخراوە سەرۆکی دەوڵەتی فەلستینی بە دەستە…

– هەر لە سەرەتای درەوستبوونی ئەو ڕێکخرایەوە ئیسرایل و هاوبیرانی ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئامریکا دژی ئەو خەباتە بوون و دوای ماوەیەک خستیانە لیستی تیرۆریستیەوە…

– ئیسرایل بە هاوکاری ئامریکا بە تایبەت، کەوتە لە قاودان و شەڕی ڕەوانی، سوپایی، و هەمەگیرانە دژ بەو خەباتە رەوایە دژکردەوەی نیشان دا و دەیانساڵە بە هەموو جۆرێک دەستی لە کوشتن و ماڵویرانی، کۆمەڵکوژی و ڕاگواستن، نەپاراستووە و بە دڕندەترین شێوە سەرکوت و ڕاونانی بزوتنەوە و گەلی فەلەستینی درێژە پێداوە و هێشتاش بەردەوامە…

– ئامریکا و ئیسرایل بە تایبەت دوای ساڵانێکی دوور و درێژ، بەو ئاکامە گەیشتن کە پلان و بەرنامەکان بە جۆرێک بگۆڕن بۆ هێورکردنەوە و پێکانی ئامانجەکانیان. دواتر داوای ئاگربەس و وت و وێژ و لێکنزیکبوونەوەیان لە فەلستینیەکان و ڕێکخراوی فەتح پەسەند کرد، و ڕێکخراوی فەتحیان بە ڕەسمی ناسی و دواتر لە لیستی تیرۆریستی دەریان هێنان…

– دیارە بە هۆی هۆکارگەلی جۆراوجۆرەوە ئەو خەباتە گرنگیەکەی زۆر لە نێو کۆڕ و کۆبوونەوە و سەرانی زلهێزی دونیادا پەیا کرد و بوو بە مشت و مڕ و شرۆڤەی ڕۆژانەی ڕاگەیەنە گشتیەکانی دونیا و باڵانسی سیاسەتەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستی گۆڕی… کە یەکەم؛ بە هۆی هەستیاری ناوچەکە و دەوڵەتی ئیسرایل، و دووەم چەندین وڵاتی عەرەبی، و کۆمکاری عەرەبی، و هاریکاری نهێنی ئاشکرای خۆیان لە ساف و بەرەی ڕزگاریخوازی فەلستین، لە لایەک، و بوونی گرنگیەکی زۆری بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووریەکان، بوونە هۆکاری سەرنج پێدان و گەرم و گوڕی ئەو خەبات و گۆڕانکاریانەی کە لەو ناوچەیەدا هاتبوونە ئاراوە. بۆیە هەر زۆر زوو گەیشتە سەردێڕی ڕۆژانەی گشت میدیا گرنگەکانی جیهان و باسی لێوە کرا…

– یاسر عەرەفات هەرچەند کەسێکی ئازا و بوێر و بە جربزە بوو، بەڵام زوو کەوتە داوی ئەو پیلانانە و لە پلان و بەرنامەکانی ئامریکا و ڕۆژئاوا تێوەگلا و گۆڕانی بە سەر خواست و نێوەڕۆکی ئامانج و خەباتەکەیدا هێنا و بۆ چارەسەری و گوایا ڕێگە چارە، کەوتنە وت و وێژەوە، و چەندین کۆبوونەوە و دانیشتن بە نێوبژیوانی ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئامریکا، بەڕێوە چوون و تا ئیستا چەندین بڕیارنامەیەیان واژوو کردووە و درێژەیان بە گفتوگۆداوە…. لەو کاتەوە تا ئیستاشی پێوە بێ ئەو خەباتە درێژەی هەیە و هێشتا ئەو گەلە بە مافی خۆیان نەگەیشتوون… و شەڕ هەر بناو بناو درێژەی هەیە..

– بە ڕادەیەک یاسر عەرەفات چووە ژێر کاریگەری تاریف کردن و ئافەرین پێگوتنی ڕۆژئاواوە، و بە کەسێکی ئاشتیخواز و ئازادیخواز وەسفیان کرد، چاوی نوقاند و لە ئامانجی ئەسڵی پاشەکشەی کرد و لە سەربەخۆیی و ڕزگاری خاکی فەلستین و گەلەکەی گۆڕی بە ” خودگەردانی” نیمچە ئیدارەیی و بە ڕەواڵەت گوایا چارەسەری کێشەکان بکرێ!..  

– ساڵی ١٩٨٨ز. بڕیارنامەی ٢٤٢ شورای ئاسایشی گشتی قەبوڵ کرد، و بۆچونی لە سەر ئیسرایل گۆڕی… بۆیە ساڵی ١٩٩٤ز. لە ئۆسلۆی پێتەختی وڵاتی نۆروژ، پەیماننامەیەک بە ڕەسمی لە نێوان عەرەفات و دەوڵەتی ئیسرایل واژوو کرا کە ئیزنی نیمچە دەوڵەتی خۆ بەڕێوەبەری فلستینەیەکان لە ” نەواری غەزە و لێوارەکانی ڕۆژئاوای چۆمی ئۆردون” بە ڕەسمی ناسی…

بزووتنەوەی حماس

– ساڵی ١٩٨٧ز. لە سەر دەستی ” ڕەنتیسی و شێخ احمد یاسین” دامەزرا و ئامانجی هەموو خاکی فەلستینە، و ئیسرایلی وەک دەوڵەت و حاکمی وڵات پێ قەبوڵ نیە و خەباتی خۆی ڕاگەیاند…. لە گەڵ سوپای ئیسرایل زۆر شەڕی خوێناوی گەورە گەورە و پێکدادان روویانداوە؛ و بە هەزاران و دەیانهەزار کۆژرا و بریندار و ماڵویرانی لێکەوتووەتەوە… 

– حەماس، بە ڕێکەوتنەکەی ئۆسلۆ ڕازی نەبوو…  ساڵی ٢٠٠٦ز. لە هەڵبژاردنی ئازاد بردیەوە و نەواری غەزەی گرتە دەست… دواتر ٢٠٠٧ز. گرژی و ئالۆزی کەوتە نێوانی فەتح و حەماس و شەڕی ناوخۆیی لە فەلستین لێکەوتەوە، و زەرەر و زیانی ماڵی و گیانی زۆری بە دواوە بوو…

– یاسرعەرەفات، ساڵی ٢٠٠٤ز. کوت و پڕ توشی نەخۆشیەک دەبێ. دوای چەند حەوتوو بەربەرەکانی لە گەڵ مەرگ، ئاخرەکەی لە چارەسەرخانەکانی فەرانسە کۆچی دوایی ئاکا. مەرگی عەرەفات کە هێشتا ڕەمز و ڕازی خۆی هەیە و دەڵێن گوایا ژەهری لێدراوە و مەسموم کراوە… و لە لایەن ئیسرایلەوە کوژراوە و لە ناو چووە هێشتا لە مشت و مڕدایە و کاربەدەوستانی دەوڵەتی فەلەستین و سەرانی فەتح پێیان وایە مردنی عەرەفات کاری دەوڵەتی ئسرایل بووە…. ئەوەش پاش ئەو هەموو ئازایەتی و لە خۆ بووردوویی و هاوکاریە، کە چی ئاخرەکەی بەو دەردەیان برد!!..

 

( پ.ک.ک ) پارتی کرێکارانی کوردستان.

-* پ.ک.ک. ” پارتی کرێکارانی کوردستان” ڕێکخراوێکی چەپی کوردی لە ساڵی ١٩٧٨ز. لە ” ئاوایی فیس ی شارستانی لیجە لە پاریزگای دیاربەکر لە کوردستانی باکوور- تورکیە”؛ لە سەر دەستی، بەڕێز ”عبدوڵا ئۆجەڵان” دامەزرا، و هەر خۆی بوو بە ڕیبەری ئەو پارتە.

– عبداللە ئۆجلان لە ساڵی ١٩٤٨ز. لە ” شانلی ئورفای کوردستانی- تورکیە لە دایک بووە. لە نێو لایەنگرانیدا بە ” سەرۆک ئاپۆ ناسراوە”. لە ساڵی ١٩٨٤ز.  بە خەباتی چەک و پارتیزانی دژ بە دەسەڵاتی سەرەڕۆ و سەربازی تورکیە، بۆ بە دەسهێنانی مافی ڕەوای گەلەکەی، ڕەوتی ئاشکرای خۆی ڕاگەیاند و بە لولەی چەک دەوڵەتی تورکیای ڕاچڵەکاند..

– پ.ک.ک لە سەرەتاوە و تەنانەت تا ساڵی ١٩٩٩ز. ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان بوو بە تایبەت لە بەشی تورکیە.. خەباتێکی گەرم گوڕ و زۆر ئازایانە بەدژی دەوڵەتانی تورکیە و سوپای دڕندەی ئەو وڵاتە زۆر دەنگی دایەوە.. ” گریلا”، پێشمەرگە قارەمانیەتیان دەنواند و ڕۆژ بە ڕۆژ ترسی زیاتریان ئەخستە دڵی دوژمنانی کوردەوە، وکوردیش بە تایبەت لەو بەشەدا لەوپەڕی ورە بەرزیدا چاوی بڕیبووە ئەو خەباتە هیوابەخشەیان…

– لە ماوەی دوو دەیەدا زۆر توانای ئاستی خەباتی سیاسی و نیزامی خۆیان بردە سەر، کە تەنانەت دوژمنانیش نەیانتوانی حاشای لێبکەن!. لەو ماوەیەدا دەوڵەت و سوپای تورکیە ترسی تەواوی لێ نیشتبوو. بەردەوام هەوڵی ئەدا لە ناو کۆڕی دەوڵەتانی بە تایبەت ڕۆژئاوا بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناوزەدی بکات، و بەداخەوە بۆ ماوەیەک لە تەک هاوبیرانی رۆژاواییدا ئەو پیلانەیان جێ بەجێ کرا. ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئامریکای هاوپەیمانی بەرژەوەندخواز، ئەو کات چاوی خەباتی ئەوان و کوردی نەدەدی و دژکردەوەیان نیشاندا..!!

– خەباتی پارتی کریکارانی کوردستان بە ڕێبەرایەتی ئۆجەڵان گەیشتە ئاستێک کە هەمو پارچەکانی کوردستان چاویان لێ بڕیبوو، بەردەوام دوور و نزیک و کەم و زۆر لە هەرچواربەشی کوردستان و کوردانی دەرەوەی کوردستان بە تایبەتی هاریکاری دەکران و پشتیوانی سیاسی نیزامی ماڵییان بە ئەو ڕێکخراوەیە دەبەخشی و زۆر رۆڵەی کورد لەو خەباتەدا خۆی بینیەوە و هاوشانی براو خۆشکەکانیان لە بەرەکانی شەر بە دژی داگیرکەران شەڕیان کرد…

– کار گەیشتە ئەوە کە ئیتر ناتوانرێ بەری هێرش و خەبات بگیرێ و بشاردرێتەوە، بۆیە تورکیە کەوتە پلانی گەورەتر، بە هەموو لایەک بە سوپا و بە پێوەندی لە گەل ڕۆژئاواو و رۆژهەڵات خۆی خستە دامێنی ئاغا و لەغاوچیەکانی و ئاخرەکەی ئامانجی خۆی پێکا!!!

– تورکیە بە هەموو توانایەوە پەلاماری خەباتی ئۆجەلانی دا و لە سنورەکانی سوریا سوپاکەی نزیک کردەوە و بە هەڕەشە لە ١٩٩٨ز. دەریپەڕاند.. و دواتر چووە ڕووسیەی کۆنە هاوڕێ و لەوێ جێی نەبووەوە!! ئاوارەی ولاتانی ئوروپا بوو.. ڕۆیشتە یونان و ئیتالیا.. داوای پەنابەری لە زۆر وڵات کرد بەڵام جوابی ڕەدیان پێدا و کەس ئامادە نەبوو وەری بگرێت!! زۆر هەوڵی دا کە جێگای ببێتەوە و نەکەوێتە دەستی تورکیە.. بەڵام مخابن نە زەمان و نە سیاسەتی ئەوکات لە قازانجی ئۆجەلان حیزبەکەیدا نەبوو، بۆیە کرا بە پاڕووی گەرم و چەوری زلهێزان و داگیرکەران و کەوتە داوەوە..!!

– هەر بە دەرپەڕاندنی لە سوریە ئۆجەلان کەوتە ڕێگەچارەیتر و چەند پێشنیارێکی بە تورکیەدا بۆ چارەسەری کێشەکانیان…. بەلام تورکیە چونکی دەستی توندکردبوو و پلانی گەورەتری بەدەستەوە بوو هیج داواو ئاگربەسێکی قەبوڵنەکرد و کەوتە ڕاونان و خستنە داوی ڕێبەری پ.ک.ک و لە ناوبردنی خەباتەکەی…

– ڕێبەری پەکەکە بەڕێز ” عبداللە ئۆجەڵان” لە دوای سەفەرێکی پڕ ترس و کارەسات و نهێنی بۆ ئوروپا و ئاسیا و خواروژوور هیچ کەس وڵاتێک غیرەتی ئەوەی نەبوو ئۆجەڵان وەک پەنابەر یان میوان وەرگرێت!!.. سەرەڕای ناڕەزایەتی ملیونی گەلی کورد لە هەرچوار پارچە و بە تایبەت دیاسپۆرای کورد لە ئورپا و گشت شارەگەورەکان و مانگرتن و تەنانەت خۆ سوتاندن و خۆ کوشتن بۆ پشتگری و پالپشتی داواکانی ئۆجەڵان، کە بە دەیان ڕۆژ لە چەندین مەیدانی شارەکان و بە تایبەت لە ئیتالیا کە ئەو کات ئۆجەلان بۆ ماوەیەک لەوی بوو، گەنج و پیر و مناڵی کورد لە سەرما هەڵگەڕان، کەچی هەموو لایەنی دەسەڵاتداری بە ناو مرۆڤایەتی و دیمۆکراسی و لانکەی پێشکەوتن، کەڕ و کوێر و لاڵ مابوونەوە!!!..

– کورد بێ هیوا و بێ پشت و پەنا مایەوە و دوای پیلانگێڕییەکی زۆر گەورە و دوژمنکارانە ” میتی تورکی بە هاوکاری موسادی ئیسرایلی و سی ئای ئەی ئامریکا، ” لە کاتێکا بە پیلانێک لە لە یونانەوە بۆ ” کینیا” نایرۆبی… و… ڕۆژی دواتر ” بڵن ئەجەویت” سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیە هەواڵی دەسگیر کردنی ئۆجەڵان ڕا ئەگەیەنێت و لە فیلمێکی ساختەدا کورتەیەک لە ئۆجەڵان بە دەس و چاو بەستراوەیی پیشان ئەدەن و گەلی کورد و خەباتگێڕان توشی شۆک و نائۆمێدی ئەکەن!!.

– بە هەمە حاڵ لە پیلانێکی زۆر گەورە بەڵام ترسنۆکنانە ودژە مرۆیی و دژە کوردا بە گەلەکۆمەکێی ” موساد، و سیا، وهتد…. درایە دەستی میتی تورکی و بە چاو و بال بەستوویی و بەوپەڕی بێحورمەتی بە فرۆکە و بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە بردیانەوە بۆ تورکیە و دواتر لە دوڕگەی دووردەستی ئیمرالی تورکیە خستیانە زیندانی تاکە کەسی و لەوێ مایەوە… تا ئیستاش کە زیاتر لە ١٥ ساڵە لەوێ دەسبەسەرە..!!

– دوای یەک دەیە لەو ڕووداوە، گۆردن تۆماس” ئەندامی پلە باڵای ئاسایشی سیا، کە نزیکایەتیکەی زۆری لە تەک موساد هەیە لە کتێبێکی خۆیدا باس دەکات کە: ” نەک هێزی ئاسایشی ئامریکا و تورکیە بەڵکوو ڕاستەوخۆ لە لایەن ڕێکخراوی موسادەوە ئەو کارە ئەنجامدراوە و ئۆجەڵان ڕادەستی تورکیە کراوە”…!!!

–  بە هەرحاڵ بگوزەرێین لەوە… ئۆجەڵان کە گرتیان هەر زۆر زوو هندێک وشە و ڕستەی وت یان پێیان وت کە نەدەبوو ئەوانە بیڵێت و ڕەمزی خۆی و خەباتەکەی بشکێنێت؛!” لە کاتی دەستبەسەری و لە ڕێگای گەڕاندنەوەیان بۆ تورکە باس لە تورک بوونی دایکی ئەکا و داوای لێبووردن لەو دایکانی تورک دەکا کە ڕۆڵەکانیان لە شەڕی پ.ک.ک دا، کوژراون…” یان دەڵێ: ئەگەر بەرم بدەن من چەک بە پ.ک.ک دادەنێم و هەموو دەگەڕێینەوە بۆ وڵات”….!! دواتر و دواتر خەبات بۆ سەربەخۆیی کە لە سەرەتادا شیعاری بوو، خستیە ناو کەوانەوە و کردەیە ٧ خاڵ و هاتە خوارەوەی کەمترین داخوازی کە ”خود گەردانیە”..!!

– لەو پێناوەدا بۆ نیشاندانی دڵپاکی خۆی چەندین گرۆپی بە ناو دایکانی ئاشتی و پیاوانی ئاشتی خواز و چی و چی.. گەڕاندەوە بۆ تورکیا..  حکومەتی تورک پاشان گرتنی و ئازار و ئەشکەنجەی دان و خستنیە زیندانەوە..!! پەکەکە پێشتر و دواتر چەند جارێکیتر ئاگربەستی یەکلایەنەشی ڕاگەیاند…

– ئەمە ویڕای ئەوەی کە داوای کوردستانی گەورەی کردبوو و تەنانەت چەندین حیزب و رێکخراوی بۆ پارچەکانیتری کوردستان دروستکرد کە تا ئیستاش ئاسەواریان ماون و لە هندێک رووەوە بوون بە کێشە بۆ ئەحزابی خانەخۆیی و کەوتوونەتە زەد وخوردەوە، لە لایەکیترەوە کۆمەڵێک لە لاوان و کەسی قارەمانی گەلەکەمانیان کردە قوربانی سیاسەتەکانی خۆیان، یان لە شەڕدا دوژمن کوشتنی یان کەوتوونەتە دەستی ڕژیمەکانی ئێران و تورکیە و لایەنی دژبەر و بوونەتە قوربانی، و لە سێدارە دراون و کوژراون…

– مەبەستی من لێرە باس لە چۆنیەتی و وردەکاریەکانی ئەو ڕووداوانە و کەم وکۆڕیەکانی خەبات و سیاسەتی دەرەکی و کوردستانیی ” پ.ک.ک ” نەبوو و نیە و زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێ، بەڵام هەر بۆ وەبیرهێنانەوەی خوێنەران ئەو کورتە ڕوونکردنەوەیەم هێنایەوە..

– ** گۆڕانکاریەکان خێرا تێپەڕین و ئاڵ و گۆڕی گەورە هاتنە ئاراوە… شەڕی کەنداوی دووەم لە دژی سەدام و هاتنی سوپای ڕۆژئاوا بۆ ناوچەکە و لە نزیکەوە هەڵسەنگاندنی ڕەوتی ڕووداوەکان بە گشت گەلان و ناوچەکان، باڵانس و سیاسەتی پاوانخوازانە و سەرکوتکاری تێک چوون و وەرسوڕانەوە..!!

– ڕژیمی سەدام لە ناو چوو و کورد لە بەشی باشوری کوردستان – عێراق دەسەڵاتی خۆجەیی خۆیان وەچنگ کەوت و پێوەندیە سیاسی و ئابوری بازرگانیەکان گۆڕدران و تورکیەش ١٨٠ پلە وەرسوڕا.!! ڕۆژئاوا؛ کورد و دەسەلاتی کوردی بینی؛ هەرچەند هێشتا بەرامبەر بە کورد دودڵن و سیاسەتی کوردی بە نەشیا و ناسەقامگیر دەزانن بەلام بۆیان دەرکەوتووە کە کورد پارسەنگێکی گرنگ و بە هێزدەبێ لە داهاتوو، بۆیە پلانەکان لە ڕێگای ڕەقیبەکانی کوردەوە بە جۆرێکیتر بایانخواردووەتەوە!!!

– کورد گەیشتووەتە قۆناخێک کە ناتوانڕێ حاشای لێبکرێ و تورکیە ناچار بووە بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی و دامرکاندنەوەی خەبات و ئیحساسی گەلی کورد لەو بەشە دەسبداتە کۆمەڵێک کار و پلان و گۆڕانکاری… هەروەک دەبینین ئەوە چەندین ساڵە خەریکی پێوەندی و ئاسای کردنەوەی دڕدونگیەکانی کورد و ڕاکێشانی هێزی کوردە بۆ لای پشتگری لە سیاسەت و پارتێکی دەسەڵاتداری تورکیە، کە ئیتر ئیستا هاوکێشەکان بەجۆریکیتر دەبینرێن..

– پ.ک.ک دوای گرتنی ڕێبەرەکەیان نەیانتوانی خۆیان لە چنگی تاک دەسەڵاتی ڕزگار بکەن و هەتا ئیستاش ئۆجەلان هەر رێبەری ئەو ڕێکخراوەیە.! پاش گیرانی سەرۆکەکەیان ئەو پارتە لاواز بوون و نەیانتوانیوە تا ئیستاش ئەو پرستیژ و تایبەتمەندیانەی لە دەورانی ئازادی و ڕێبەرایەتی ئۆجەڵاندا بوو لە ناو ڕێبەرایەتی و خەباتی سیاسی و نیزامی، بەرەو پێشتری بەرن. بە پێچەوانە بۆ دواوە گەڕاونەتەوە.!! لە ماوەی ئەو ١٥ ساڵەدا هەرچەند زۆربەی خەتەکانیان هەر ئۆجەڵان دیاری ئەکات و ئەو فەرماندەی ئەسڵیە و سیاسەت و بەرنامە و ڕێگەچارە هەر لە زیندانی ئیمرالیەوە بە ڕێبەرایەتی پ.ک.ک دەگا و کاری پێدەکەن، کە چی بە دەیان کەس و کەسایەتی لەو ڕێبازە وازیان هێناوە و دانیشتوون، جیابوونەتەوە، یا خۆ لە لایەن ڕێبەرایەتیەکەیانەوە، جا خۆیان بووبن یان دوژمن؛ چەندین کەسیایەتی و ئەندامی ڕێبەرییان لێکۆژراوە و لەناو چوون.!!

– ماوەی چەند ساڵێکە بە تایبەت لەو کاتەوەی کە ” ڕەجەب تەیب ئەردوغا” سەرۆکوەزیران بوو لە تورکیە و حیزبەکەی لە لایەن بەشێکی زۆر لە گەلی کوردەوە لەو وڵاتە پشتگیری لێدەکرێ، سیاسەتێکی نەرم نیانی پێڕەو دەکا و گوایا هەوڵی داوە و دەیەوێ لە ڕێگای ئاشتی و هێمنیەوە کێشەکان چارەسەر بکات..لە هیچ کەس شارەوە نیە کە هۆکاری سەرکەوتنی یەک لە دوای یەکی پارتەکەی ئەردۆخان و مانەوەی لە پۆستە هەرەباڵاکاندا دەنگی کورد بووە…

– باسی ڕیشەیی لێرەدایە: ئۆجەڵان لە زیندانەوە بەردەوام لەو چەند ساڵەدا هەوڵی داوە بە ڕێگای وت و وێژ و ئاشتی ڕێگا چارە بدۆزێتەوە… بەردەوام بە نامە گۆڕینەوە بۆ لایەنی دەوڵەتی، و پارتی نزیک لە خۆی و ئەردۆغان، هەروەها بۆ ڕێبەرایەتی پ.ک.ک. بۆوەی کێشەکانیان چارەسەر بکات…. بەڵام لە لایەکیتروە حکومەتی تورکیە و دەسەڵاتی ئەردۆخان دژی پ.ک.ک یە و هێشتا ئۆجەڵان بە تیرۆریست ناو دەبا، و لاپەڕەی وت و وێژ و ئاشتیشی کردووەتەوە و هێشتا بە ڕەسمی نایانناسێ…!!

ئاکامگیری…

……. *** ئەنجام و ئاکامگیری: لێکچونی فەتح و ساف و خەباتی چەکداری و ئیدۆلۆژی لە سەرەتاوە و گۆڕانکاریکان… بادانەوە و گۆڕانکاری لە ئەسڵی ئامانجی خەباتکارانی کۆژرا و کە لە پێناو مەبەست و ئامانجیکیترا گیانیان بەخت کرد و ئیستا گەیشتووەتە نە ژیان نە مردن و خودگەردانی بووەتە ئامانجی گەورەیان … و خۆیشی لە سەر دانا…

– هەرچەند گومان لەوەدا نیە کە پشتیوانی فەتح و ناوی لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و پیناسەی ڕیفەرمالیتی دەوڵەتی فەلستین و بە دەنگەوەهاتنی کۆمکاری عەرەبی لە لایەک و بەشیکی زۆر لە دەوڵەتانی جیهان بەشێک لە گەلی فەلستینیان بەنج کردووە و خەریکە پێناسەی دەوڵەتێکی سەربەخۆ وەردەگرێ…بەڵام باوەڕ ناکەم ئەو جۆرەی ئیستا بتوانێ چارەسەری کێشەی بنەڕەتی فەلستینیەکان بکات… کەواتە هێشتا شەڕ لەوی لە سەرەتایدایە.!!.

** لەملاوە؛ پ.ک.ک و خەباتی چەکداری و ئیدۆلۆژی و ئامانجە گەورە و گشتگرەکانی کوردستانیی و سەربەخۆیی و… پێکهێنانی پارلمانی کورد لە دەرەوە و کۆمبونی کوردان، و دواتر کۆنگرەی نەتەوەیی و … هتد… پاشان بادانەوە و کەمکردنەوەی داواکاریەکانی کورد و گەڕانەوە بۆ سنوورەکانی خۆی و بێدەنگ بوونی کوردستانی گەورە و نزمبوونەوەی هەرای بەشەکانیتری کوردستان و باڵباڵێنی ناو ڕێکخراوەکانیان، بەراورد بە ڕێکخراوی فەتح و ڕێبەرەکەیان، بە لای باوەڕی منەوە لە زۆر بواردا یەک ئەگرنەوە..

– ** پێموایە ئۆجەڵان لە زیندان ئازاد ئەکرێ، و لە سیستەمی حکومەتی نوێی تورکیا لە ژێر ناویتر و نەخشەپلانیتر خودگەردانی فۆرمالیتە ئەبێ و کۆتایی دێ بە بیر و ئامانجی ئەو کەسانەی کە لە سەرەتا و دواترا بۆ سەربەخۆیی و دیاری کردنی مافی تەواوی گەلەکەیان و خاکی کوردستان گیانیان فیدا کرد و بەو ئاواتانەوە سەریان ناوەتەوە، دەبێتە خودگەردانیەکەی ڕێکخراوی فەتح و حکومەتی ئیسرایل، و ئەگەر ئۆجەڵانیش ئاگای لە خۆی نەبێ ئەکەوێتە ناو دا و تڵەی میتی تورک و نژادپەرستان و دوژمنانی نەتەوەکەمانەوە..!!

-** هیوادارم لەم بەراوردەدا بە هەڵە چووبێتم و ئۆجەڵان وحیزبەکەی نەبنە ئامانجی پلان و لە ناوبردنیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیەوە.

ن. مەجید کاکەوەیسی ٥/١٢/٢٠١٥ز

– سەرچاوە: ویکیپیدیا…

 

بۆ بابەتەکانی تری نووسەر ئێرە کلیک بکەن


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی