"an independent online kurdish website

بەشی حەفتەم

( پلان و جێبەجێ کاران هەر هەمانن و  چەکەکان جیاوازن! )mejid_kakeweisi_2012._dokan

– لەو مابەینەدا ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە یان دەردەکەوێ کە ڕووداوەکان هەر هەمانن؛ بەڵام ئەمجارە بەمجۆرەی ئیستا کە وەک خۆی نرخەکەشی دەوێ.! لە کۆتایی حەفتا و هەشتای نۆزدەوە بە پلان یان خۆ ڕسکانە هەم دیس گۆڕانکاریەکان دەستیان پیکردەوە و لە ماوەی ئەم سێ دەیەدا کە بۆ خۆم یەکێکم لە ناو ڕەوتی ڕووداوەکان و ڕۆژانە دەبیسم و دەخوێنم و دەنوسم، دەتوانم بێژم؛ لە چاو گۆڕانکاریە خێراکانی جیهانی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی و ژیان و ژیار و  دەسکەوتەکانیان لە گشت بوارەکاندا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئێمە، دواکەوتووترینی زەمەنی خۆیەتی!. مرۆڤەکانی ئەو دەڤەرانە بە چاوی کەمەوە سەیر دەکرێن؛ خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆیان نین؛ بەستراوەیی؛ ( ئابووری، دینی، سیاسی، بنەماڵەیی، ناوچەیی، و کوردە ناموسین) ؛ و پلانیان بۆ دادەنرێ و پێیان دەگێڕدرێ!!.

– دوای نزیکەی پەنجا ساڵ لە دەسەڵاتی تاکڕەوانە و خۆ فەرز، دیکتاتۆری و چەوساندنەوە، بە جێ گەیاندنی ئامانجەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، دیسانەوە نەخشەو پلانەکان بایان خواردووەتەوە و سەر لە نوێ هەڵوەشاندنەوە دەستی پێکردووەتەوە…

– ** هەر لە گۆڕانکاریەکانی ئەفغانستان و ئێرانەوە لە کۆتایی حەفتاکانەوە، و لەو سەروبنەدا سەرهەڵدانەوە و گوڕ و تین گرتنەوەی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی و توندئاژۆیی، شەڕی ساردی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، بە کار گرتنی گروپ و ڕەوتی بە ناو ئاین و مەزهەب و توند ئاژۆیی، باڵانس و گۆڕانکاریەکانی خستەوە گۆڕەپانی ململانەی سیاسی، ئیتنیکی، قەومی، مەزهەبی، و ڕۆژئاوا کەوتەوە جێبەجێ کردنی پلان و بەرژەوەندیەکانی خۆی و داڕشتنەوەی سیستەم و ڕەوت و ڕێبازێکی نوێ، لە پێناو مەبەست و ئاوات و ئامانجەکانی پەنجا سالێ داهاتووی خۆیاندا.

 

( شۆڕشی گەلان و ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی لە ئیران… )

– ڕۆژگار ڕۆیشت و دوای نزیکەی ٥٥ ساڵ لە دیکتاتۆری شای باوک و کوڕ، دیسان شانۆگەریەکان هاتنەوە گۆڕەپان و ئەمجارەیان شانسی زیاتر مانەوەیان نەما و دەسەڵاتی پالەوی لە ساڵی ١٩٧٩ز. بە شۆڕش و ڕاپەڕینی بەرین و سەرتاسەری ئێران شا ڕای کرد و بە هەزار حاڵ تا لە میسری کۆنە خەزوری جێگای بووەوە، هەر لەوێ دوای ماوەیەکی کورت بە نەخۆشی و مەراقی دەسەڵاتی لە دەسچووی و نەخۆشی درێژخایەنی، مەودای ژیانی بڕا و لە غەریبی سەری نایەوە. دەکرێ بێژم ئەو جۆرە ڕووخان و دۆڕانە هنێک لە برین و زامەکانی کوردی ساڕێژ کردەوە.

– لە لایەکەوە، بە سەرهەڵدانی گۆڕانکاریەکان و نەمانی ڕژیمی شا، و هاتنە سەرکاری حکومەتی نوێ لە ئێران، لەو لاشەوە، بە دەستەوە گرتنی سەرۆککۆماری عێراق لە لایەن سەدام حسین،ەوە، لە ناکاو، هەر زۆر زوو پەیماننامەکەی نێوان خۆی و شای هەڵهاتووی هەڵوەشاوە ڕاگەیاند و بە بەرچاوی کامێرە و تەلەفزیۆنەوە دڕاندی… هەر ئەو کات هەڕەشەی لە ئێران کرد و داوای ئەو دوڕگە و شوێنە نەوتی و ستراتژیکیانەی کردەوە کە بۆ لە ناو بردنی کورد بە پێی ئەو پەیماننامەیە ساڵی ١٩٧٥ز لە ئەجەزایەر بە شای ئێرانی دابوو… پاش ماوەیەکی کورد هێرشی سەرتاسەری بەدژی ڕژیمی خومەینی ڕاگەیاند و شەڕی دوو وڵات دەستی پێکرد…

– * ماوەی هەشت ساڵ شەڕ بە توندی لە نێوان ئەو دوو ڕژیمە و لەشکرەکانیان، بە یەکێک لە شەڕە هەرە وێرانکار و بێ ئەنجامەکانی ناوچە دادەنرێ.

بە ملیونان کوژراو و بریندا و بێ سەرو شوێنی لێکەوتەوە. ئابووری هەردوو وڵات داڕووخا، خەڵکی هەژار باجی قورس و گرانیان دا. بێجگە لە قوربانی کردنی ڕۆڵەکانیان لە پێناو بەرژەوەندی و لوتبەرزی ئەو دوو ڕژیمە، چەندین ساڵ ماڵ و سەروەت و سامان و کاتیان بە تاڵان و فیڕۆ ڕۆیشت.

– بە ئاسانی و بە وردی ناتوانرێ  باس لەو هەموو ڕووداوانە بکرێن، و لێرە جێگایان نابێتەوە، بەڵام دەمەوێ بڵێم؛ ئەوەش دیسان هەر پەیمانامە خەیانەتیەکەی دژە کورد بوو کە سەدامیشی توشی ئەو لوتبەرزی و لوت شکانە کرد و کوردی هندێک پێ حەسانەوە. یان هەر ئەو لە خۆ باییەی شەڕی هەشت ساڵە بوو کە دوایی پەلاماری ” کووەیت” ی بچوکە وڵاتی عەرەبی دراوسێشی دا، و دواتر بەو دەردەیان برد کە بینیمان و مێژوو تۆماری کردووە… لە مێژوودا کەس بەو جۆرە ئابڕوو بەرانەیە، نە شکاوە و نە لە ناو چووە!. ئەوەی سەدام و دارو دەستەکەی بە سەریان هات و ملیان قرتاندن، هەر قابیلی ئەوە بوون.

– هەر لە درێژەی ئەو شەڕە ماڵوێرانکارانەی ئێران و عێراق، هەردوو لا کەوتنە فێڵ و تەڵەکەی زیاتر و دروشمی هەق و باتڵیان بە دژی یەک ڕاگەیاند و یەکتریان بە کافر و نا هەق دەزانی، ڕەنگ و بۆیی ئاینی، مەزهەبییان زۆرتر بە ئاڵا و دروشمەکانیا بەخشی و ڕۆژانە بە ئایات و حەدیس پەلاماری یەکتریان ئەدا. دیسان هەردوو لا ئاینیان کردە سپەڕی هەموو تاوان و دەستدرێژیەکانیان، و لە بندەستیاندا ڕەوتی دژبەر و توندڕەوی بە ناو ئاینی و مەزهەبییان دروست کرد و پشتیان گرتن.

– بە تایبەت رژیمی ئێران هەر بۆ خۆی لە سەرەتاوە هەمان نیەت و ئاواتی بوون و دواتر بە هەموو توانای سیاسی ئابووری سەربازیەوە، کەوتە پلان و سازدانی گروپە توندئاژۆکانی مەزهەبی و ناردنیە دەرەوەی سنوورەکان و لە چەندین وڵاتی دوور و نزیک دەستە و تاقمی بە ناو حیزب اللهی دروست کرد و پشتی گرتن، کە دواتر هێلکە و جوجەڵەیان بوون بە هەزاران و هەر چی زەمان لە بەرژەوەندی مانەوەیاندا بێت زۆرتر دەبن و ترس و زیانیان گەورەتر ئەبێت. کە نموونەی بەرچاویان؛ ” حیزب اللەی لوبنان، ڕژیمی سوریە، حوسی یەمەن، ڕێکخراو و تاقم و ئەحزابی توندڕەوی شیعە لە با شوری عێراق، و کەنداو، لە ئەفغانستان، پاکستان، هیند، وڵاتانی ئاسیای بچوک، دەتوان بێژم؛ لە هەموو دونیا دار دەست و دروستکراوی ڕژیمی ئێرانی لێیە و لە بەرژەوەندی ئەوان کار و چالاکی ئەنجام ئەدەن، کە تیرۆر کردن و ڕەشەکوژی لە ئوروپا، ئاسیا، و چەندین وڵاتی دوور و نزیک کە ڕوویاندا و چەندین کەسایەتی سیاسی و خەڵکی سڤیل بوونە قوربانی، لە بەرنامە و پلانەکانی کۆماری ئاخوندی بوون.

– لە جەنگە و سۆنگەی ٨ ساڵ شەڕی ناڕەوا و خۆپەرەستانەی دژ بە یەک؛ لە لایەکەوە هەردوو وڵات تووشی قەیرانێکی گەورە هاتن؛ بە ملیون قوربانیان دا، بە سەدان هەزار بریندار و دیل، بە ملیونان ئاوارە و دەربەدەر، بە دەیان ملیارد زەرەری ماڵی، و قەرزداری و ڕووخانی کۆڵەکە و بنەمای ئابووری، بە دەیان و سەدان شاڕ و گوند و لادێ رووخێندران و ماڵ و حاڵی دانیشتوان لە ناو چوون.

– لە لایەکیترەوە لە هەمانکاتدا کە هەردوولا لە شەڕی تەواو عەیاردا بوون دژ بە یەک، دیسان هەر دوولا بە دژی کوردانی ناو خۆ لەو پەڕی دڕندەییدا شەڕیان ئەکرد. کوردستانیان بە تەواوی بە پاسدار و جاش و خۆ فرۆش تەنی بوو، و ڕۆژانە کۆمەڵکوژی و کاری ناڕەواو و نابەرابەریان دەخوڵقاند و دانیشتوانی کوردستانیان دەکوشت و ماڵویران ئەکرد.

– نموونەی هەرە گەورەی ئەو دڕندەییە گرتن و زیندانی و ئیعدام و ڕاونانی تێکۆشەران و خەڵکی ئاسایی هەر دوو بەشی کوردستان بوو کە بەردەوام بە نهێنی و ئاشکرا ئەنجامیان ئەدا. بۆمبارانی بێ وچان و بەردەوامی فڕۆکە و تۆپ و بومبا و کیمیای بارانی دێ و شاخ و شاری کوردستان، کوردیان خستبووە ژێر تاریکایی هەوری ڕەشی شەڕی هەردوو لاوە.! دەیانەویست لەو پەنایەوە کورد لە ناو بەرن و کوردستان بکەنەوە بە خەون خەیاڵ!. دەیانەویست کورد قڕان بکەن. لە هەردوو دیو بە شێوەی جۆراوجۆر و نامرۆڤانە پەلامارەکان چڕ دەبوونەوە. تەنیا تروسکەییەک کە کوردستانییان مابویان، شۆڕشە کوردیەکان بوون لە چوارچێوە و ڕێبەرایەیتی چەندین حیزب و ڕێکخراو بە دژی دەستدرێژیەکانی هەردوو لا لە هەموو لایەکی کوردستانەوە هەڵگیرسا بوون و خەباتیان ئەکرد. گوڕوتینی ئەو خەباتانە دوژمنی خسبووەوە ترس و تۆقانەوە، بۆیە بە هەموو تواناو پلانەکانیانەوە هەر دوو وڵات شەڕی کورد ئەکرد.

– هەردوو ڕژیمی بەعسی و ئاخوندی کە دوو ئیدۆلۆژی دژ بە یەک بوون لە یەک خاڵدا کۆک و هاوبەش بوون؛ ئەویش کورد کوشتن و کاولکردنی کوردستان.!

 

ڕەوتی توند ئاژووی ئیسلامی سیاسی…

– بە سەر هەڵدانی ڕەوتی” تاڵەبان” بە ناو ئیسلامی سونە، بەڵام خۆ پەسەندانە، لە وڵاتی ئەفغانستان بە تایبەت دوای ڕۆخانی پاشایەتی لەو وڵاتە و دواتر ڕووخانی پاشایەتی لە ئێران و گرتنە دەستی جڵەوی شۆڕش لە لایەن فیرقەی مەزهەبی شیعی بە ڕێبەری ئایەتوڵا خومەینی، و سەرهەڵدانەوەکان، بوونە هۆکاری هێنانەوی پلانەکان و هێزی سەربازی ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە جێ گەیاندنی بەرنامە و ئامانج و ئەنجامەکانیان!!.

– دوای پاشاگەردانی ئەفغانستان و داگیر کردنی لە لایەن سووپای رووسیەوە، ڕێکخراوی تاڵیبان وەک توند ئاژۆی سوننە بە هاوکاری ئامریکا بۆ دژایەتی لە بەرامبەر سۆڤیەتی ئەو کات کە بەشێکی زۆری ئەو وڵاتەی داگیر کردبوو بە ئاسانی تەڕاتێن ئەکرا، هێنرانە مەیدانەوە؛ پڕ چەک کران بە دژی سوپای سوور و چەکوش و داس و ئالای سووری کومونیستی و لە ئەفغانستان شەڕیان دەسپێکرد. ڕۆژئاواش ویستی لە ” ئاوی لێڵ ماسی بگرێت”.

– لەم لایشەوە کۆماری بە ناو ئیسلامی ئێران و هێزی توندڕەوی شیعەی’ دوانگزە و سیانگزە ئیمامی؛ بۆ دژایەتی سوونیەکانی ئێران، و کۆمەڵێک ئامانجی دژە مرۆیی و دژە گەلی، حکومەتی مەزهەبی شێعەیان لە ئێرانی گەورە و پان و بەرین دامەزران و کەوتنە گیانی هەرچی نەتەوە و ئاین و مەزهەبەکانیتری غەیری خۆیانە!.

– * هەر زۆر زوو کەوتنە کۆمەڵ کوژی و پچڕانی گشت پێوەندیە کولتوری و ئایینەکان لە نێوان گەلان و ئیتنیکە جیاوازەکان لە ئێران و حکومەتێکی مەزهەبی سەربازییان پێکهێنا، و لە پاشکەوتوویی و فەقری فەرهەنگی ناو کۆمەڵگەکانی ئێران، ئاینی ئیسلامیان کردە وەسیلەی ئەنجامدان و وەدیهێنانی مەبەست و ئامانجەکانیان و دروشمی؛ ” نە شەرقی  و نە غەربی جمهوریە ئیسلامی” بوو بە بنەمای بە ڕەواڵەت فیکر و ئاکاریان.

– * هەر لە سەر و بنی دەسەڵاتی بە ناو حکومەتی ئیسلامی و ڕێبەری بە ناو ئاینی و نوێنەری خوا و ویلایەتی فەقیهی بوو کە شەڕ و جیهاد بە دژی کورد ڕاگەیەندرا و بە چەند قۆناخێک هەموو کوردستانی گرتەوە، کۆمەڵکوژی و ئاوارەییەکی بەربڵاو لە هەر گۆشە و کەنارێکی وڵاتەوە دەستی پێکرد و گەلی کورد لەو بەشەش ڕەنج و باج و زەرەرێکی زۆری لێکەوت!.

– لێرەش ناچمە ناو وردەکاریەکانی شەڕ و دەرئەنجامەکانی و مێژووی پڕ کارەساتەی ئەو چەند ساڵە، وە یان بەرنگاری و بەربەرەکانی، تەنیا بۆ گرێدان بە ڕەوتی بابەتەکانەوە بە کورتی ئاماژە بە بەشێکی بچووک دەدەین و دەچینە پێش.

درێژەی هەیە…

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی