"an independent online kurdish website

ئەگێڕنەوە کاتێك ئەسکەندەری مەقدوونی بڕیاری هێرشکردنی دا بۆ سەر ئیمپراتۆریی هەخامەنشی دا ، کە لە شەڕی ئەربێلا سوپای داریوشی سێیەمی تێکشکاند و ئێرانی داگیر کرد.Dana_Eliassi13

بەر لە هێرشەکەی ئەسکەندەر فەرمان دەرئەکات کە هەرچی بەلەم و کەشتی هەیە دەبێ دەستی بەسەردا بگیرێ و بخرێتە خزمەت سوپاکەی بۆ پەڕینەوە لە دەریای ئیجە.

پیاوێکی هەژار دەبێت  بێجگە لە بەلەمێکی بچووك نەبێ هیچێکی تری نیە کە بژێوی خێزانەکەی پێ پەیدا بکات، بەڵام ئەو بەلەمەی ئەو بە فەرمانی ئەسکەندەر دەستی بەسەردا دەگیرێت، چەند هەفتەیەك تێدەپەڕێ و کابرای هەژار توانای نامێنێ  خێزانەکەی لەو بارە سەختەدا ببینت،  بۆیە لە کۆتاییدا بڕیار ئەدات بچێت بە هەر شێوەیەك بۆی بلوێ بەلەمەکەی خۆی بهێنێتەوە.

کە گوایا کەسێك بەلەمێکی دزیوە پەیغام ئەدەن بە ئەسکەندەر، ئەویش فەرمان دەرئەکات کە بە زووترین کات ئەو دزە بگرن و بیهێنن بۆی.

پاش چەند ڕۆژ کابرا دەگرن و دەیبەنە بەردەم  ئەسکەندەر.

ئەسکەندەر ڕووی تێدەکات و دەڵێت:

شەرم ناکەی دزی ئەکەیت ؟ ئەویش لە من  هەی دزی هیچ و پووچ ”

کابرای هەژاریش سەرێك تەکان دەدات و لە وڵامدا دەڵێ :

دونیایەکی سەیرە گەورەم ”

دەڵێ چۆن” ئەسکەندەر”

کابرای هەژار دەلێت:

من یەك بەلەمم هەیە و ئەویش هی خۆمە پێم دەڵێن دز،  ئەی ئەگەر وەك جەنابت ئەو هەموو و بەلەم و کەشتیەم بە  زۆر ببردایە پێمان دەگووت چی ؟ ئیمپراتۆر “

ماویەکە لە ڕێگەی کەمپینێکەوە  بانگەوازی یەکگرتنەوەی حیزبی دیموکرات دەکرێ، بێ ئەوەی پرسیار بکرێ لە هۆکار و ئەو کەسانەی کە ڕۆڵی سەرەکییان گێڕا لەم جیابوونەوەدا.

ئایا بۆ کەس ناپرسێ  ئەوانەی چەندین ساڵە قەوانەی یەکگرتن لێ ئەدەن هەمان ئەو کەسانە نەبوون بە قەوڵی خۆیان لەتیان کرد.

بۆ بانگەواز بەوە دەست پێناکەن، کە ئەو کەسانەی هۆکاری سەرەکی جیابوونەوەن دەبێ داوای لێبوردن بکەن  لە خەڵکی کوردستان بە گشتی و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بە تایبەتی، و دەبێ لە ئایندەی حیزبی دیموکراتدا هیچ پۆستێکی سەرکردایەتییان پێ نەدرێ بۆ ڕێگرتن لە جیابوونەوەیەکی تر.

بۆ بانگەوازی ئەوە ناکەن، با ئازایەتی ئەوەیان تێدا هەبێ بڵێن هەڵەمان کرد، یان دیسان بە چەپڵە پێشوازییان لێ بکەین و مەڕ ئاسا دوای شوان بکەوین.

 با بانگەوازی ئەوە بکەین کە بکرێن بە پەنی زەمانە، بۆ ئەوەی کەس جورئەتی نەبێ جارێکی تر بە هەستی خەڵك یاری بکا، یان هێشتا کۆمەڵێك هەن نەیان توانیوە یان نایانەوێت لە پێستی خزمەتکار و نۆکەر بێنە دەرێ و چەپڵە بۆ ساویلکەیی و ….. خۆیان لێ ئەدەن.

پەندێکی پێشینان هەیە دەڵێت. مار جارێ گەستی تاوانی مارە، دووجار گەستی تاوانی مارە ، جاری سێیەم بتگەسێ خوا بتگرێ تاوانی خۆتە.

من لە گەڵ یەکگرتنەوەیەکم کە بە ڕوونی باسی هەڵەکان بکرێ بۆ ڕێگری لە هەڵەی هاوشێوە لە  ئایندەدا.

ئەی ئەگەر ئەمجارەش هاتنەوە و بەرەو باوان کران، باشە پێیان بڵێین چی ؟

شۆڕشگێڕ ؟ یا لەتکەر ؟ یا لادەر ؟  یا ……  ؟   

بە ڕاستی دونیایەکی سەیرە

 

فایەق ئەلیاسی – دانا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی