"an independent online kurdish website

پەلامار و دڕندەیی ڕژیمەکانی خومەینی و سەدام دژ بە کورد و کوردستان

هەر دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ بە ڕێبەرایەتی یەکێتی نیشتمانی بە دژی ڕژیمی بەغدا،majid-kakaweisi

لە دوای نسکۆی ٧٥ز.  ڕژیمی سەدام وێڕای ئەوەی سنوورەکانی کوردستانی لە دانیشتوانی چۆڵ کرد، شارر و لادێکانی لە سیخوڕ و جاش و ئەمن و موخابرات تەنیەوەوە و کوردستانی بە تەواوی نزامی کرد و حکومەت نزامی راگەیاند!، زۆر جاران ” منع تجول” بوو؛  ڕۆژانە خەڵکیان ڕەوانەی چاڵە ڕەشەکانی ئەمن و موخابرات ئەکرد، یان ئیعدام و بێ سەرو شوێن ئەکران، کە چی هەر بەوانەشەوە نەوەستا و کەوتە کیمیابارانی هندێک لە ناوچە و شاخەکانی کوردستان و خەڵکی ئاسایی و بێتاوانی کوشت، ئەنفال و ڕاگواستنی دەستپێکرد، و نەسڵ کوژی ئەنجامدا.

یەکێک لەو ڕووداوە تاڵ و دژە گەلییە کە بەعس و سەدام لە کوردستانی باشور ئەنجامیان دا لە سەرەتای هەشتاکان؛ کارەساتی دژ بە بەرزانیەکان بوو؛ ‘ لە ساڵی ١٩٨٣ز. لە دەڤەری بارزان زیاتر لە ٨٠٠٠ بارزانی، بە دەستی سەدام حسین و ڕژیمەکەی ئەنفال کران و بێ سەر و شوین بوون. هەر ڕۆژە بە بیانوویەک پەلاماری ناوچە و دێ و شارەکانی کوردستانیان ئەدا و ڕەشبگیر و ڕەشەکوژییان ئەنجام ئەدا.!.’

دوای هەشت ساڵ شەڕ، لە نێوانی هەردوو ڕژیمی سەدام و خومەینی، لە کۆتاییدا، ساڵی ١٩٨٨ز. پاش ئەو هەموو زەبر و زەنگ و وێرانکاریە، بە هەزاران دیلی شەڕ و کوشت کوشتاری نامرۆیی، شار و دێ و ئاسەواری کۆن و مێژوویی سنوورەکان، و تەخت و وێرانکردنی زۆر شوێن،…. بە نۆشینی جامی زەهری خومەینی شەڕ لە نوقتەو خاڵی دەسپێکردنیەوە ڕاوەستا!.

هەر بە ڕاوەستانی شەڕ، هەردوو لا کەوتنەوە سازدانی سوپا بە پلان و نەخشە بۆ دژبەرانیان و هەر کام بە جۆرێک کەوتنە گیانی هاو وڵاتیانی خۆیان.

ڕژیمی خومەینی و پەلامارەکانی بۆ سەر گەلی کورد

ڕژیمی ئێران لەو شەڕەدا کە باجێکی گران و قورسی دابوو، قەیرانێکی هەمەلایەنە و ناو خۆی گرتبوویەوە؛ –  هێشتا چەند مانگێکی بە سەرا نەڕۆشتبوو، ڕێبەری باڵایان، واتە؛ ” خومەینی”  کۆچی دوایی کرد، و ڕژیمی ئەوەندەیتر خستە مەترسیەوە.  هەر بۆیە کاربەدەستانی باڵا کەوتنە شوێن پلان و بەرنامەکانیان کە پێشیتر دایانڕشتبوو، لە دەرفەتێک ئەگەڕان بۆ هێورکردنەوە و سازدانەوەی سوپای ماندوو و شکاوی شەڕی ٨ ساڵەیان.

وەک پیشەی هەمیشەییان سەرانی ڕژیمی تاران لە ڕیگای بە ناو وت و ویژی ئاشتی کەوتنە پلان بۆ سەرانی کوردی بەرهەڵستکارانی خۆیان. چەند کەس و کەسایەتی سیاسی و ناوداریان تیرۆر کرد.. لە یەکێک لەو بە ناو وت و وێژە نهێنیانەی خۆیاندا کە لە ” ڤییەن” پێتەختی وڵاتی ئوتریش لە پوشپەڕی ١٩٨٩ز بەڕێوە چوو، پیلانی تیرۆر کردنی ” د. قاسملوو”، سکرتێری ئەوکاتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران جێبەجێ کرد. – هەروەها دواتر ” دوکتور سادق شەرەفکەندی” سکرتێری هەمان حیزب کە بۆ بەشداری کونگەرەی ” ئینترناسیوناڵ سوسیالیست” ڕۆیشتبووە ئاڵمان، شەو لە کۆبوونەوەیەکی دەژبەرانی ڕژیم لە میوانخانەیەکی ئەو کات بە ناوی ” میکۆنوس” لە شاری ” بێڕلین” لە مانگی ٩ی ١٩٩٢ز. لە تەک چەند دۆست و هاوڕێ کەوتنە بەر دەستی بکوژانی ڕژیمی ئاخوندی ئێران و تیرۆر کران.

هەر لەو ماوانەدا ڕژیم بۆ چاوترسێنکردنی زیاتر، زۆرتر پەلامارەکانی چڕ کردنەوە و کوردستانی بە تەواوی ملیتاریزە کرد و سوپاکەی خستە ئامادە باشی و هەر ڕۆژ بە بیانوویەک کوردی ئەکوشت و ماڵ و ژیانی لێ وێران ئەکردن. پەلاماری بارەگا و بنکە حیزبی و دژبەرەکانی ئەدا.

هەر چەندە هێزی پێشمەرگەی کوردستان حیزبە کوردیەکان ئەو کات نەک ئیستا؛! زۆر ئازایانە و قارەمانانە بە دژی لەشکری ڕژیم و پاسداران لە سەرتا سەری کوردستان خەباتیان ئەکرد و دەستیان لە دوژمنانیان ئەوەشاند و توشی ترس و تۆقانیان ئەکردن و زەبریان لە ڕژیم ئەوەشاند بەڵام، شەڕەکان نابەرابەر بوون. ڕژیم بە سوپایەکی پۆشتە و پەرداخ و چەکی گەورە و گران و تۆپ و دەبابەو کۆپتەرو فڕۆکەی شەڕ، پەلاماری ئەدا و پێشمەرگە بە ئیمان و چەکی سوکی دەستیەوە بەر پەرچی ئەدانەوە. داستانی قارەمانەتی پێشمەرگە بە تایبەت لە دەورانی شەهید کرانی هەردوو ڕێبەرەوە بە دژی ڕژیم و دارودەستەکەی لە کوردستان چڕتر بووەنەوە و زەبری گورچکبڕیان لێدان، بەڵام بە هەرحاڵ، ڕووداوەکان تاڵ بوون، و واقعیەت ئەو بوو.

–  هەر ڕۆژ بە بیانوو و بە جۆرێک هاو وڵاتی کوردی دەگرتن و ئازار و ئەشکەنجە و حوکمی زیندانی درێژخایەن و ئیعدامی بە سەردا جێبەجێ ئەکردن. ئازار و ئەشکەنجی لاوان، کچ و کوڕ، گەنج و پیری ئەدا و چاو ترسێنی بڵاو ئەکردەوە. جاش و پاسداری زۆری خزاندبووە هەموو ناوچەکان و بەردەوام زەبر و زەنگ و کوشت و کوشتاریان ئەنجام ئەدا، کە بەداخەوە تا ئیستاش درێژەیان هەیە و رۆژ نیە کەس یان کەسانێک بە بیانووی جۆراوجۆرەوە نەکوژێ و ئیعدام نەکا!!…

پەلامارەکانی سەدام و ڕژیمی بەعس

لەو لاشەوە سەدام هەر دوای وەستانی شەڕ، سوپاکەی تەیارتر کردەوە و بەرە و کوردستان و قوڵای شار و دێ و کێو و دەشتەکان، کەوتە پەلامار و تۆقاندن بە دژی گەلی کورد لە کوردستانی باشور. بێجگە لەوە، هەر دەورانی پێشتر و دواتر لە ٨ ساڵەی شەڕێشدا بەردەوام کوردستانی میلیتاریزە کرد بوو، و بە پڵان و بەرنامەیەکی پێشتر داڕێژراو، دانیشتوانی سەر سنوورەکانی تا قووڵایی چەند کیلومترێک پاشەکشە پێکرد بوون و ناوی لێنابوو ” زەوی موحڕەمە”، کە چی دیسان کەوتە پەلاماردانی دانیشتوانی کوردستان و دەستی دایەوە کۆمەڵکوژی و ئەم جارە زۆر دڕندانەتر دەستی دایە چۆڵکردنی بەشێکیتری خاکی کوردستان و بە هاوکاری جاش و سیخۆڕ و خاینانی کورد؛ دانیشتوانی سەرجەم گواستنەوە بۆ ئۆردوگاو کەمپە زۆرەملیەکان و ناوی جۆراو جۆری خۆ ویستی لە سەر مەجمەعەکان داسەپاند. ئیتر لێرە ناچمە سەر چۆنیەتی ژیانی ئۆردوگا زۆرەملیەکان و کەم و کۆڕی و ئازارەکانیان،،،…

دواتر بە بیانوو و بۆ بەدیهێنانی ئامانجە گڵاو ڕق و کینەکانیەوە بەرامبەر بە کورد، بە چەکی ” کیمیاوی” لە ١٥ و ١٦ ی، مانگی ٣ی ١٩٨٨ز. واتە سەروبنی نەورۆز و ساڵی نوێ کوردی، بە خەستی و لە ڕێگای فڕۆکەکانیەوە  شاری هەڵەبجەی دێرین و کورد پەروەری بۆردمان کرد و لە چرکە ساتێکدا بە هەزاران کەس گیانیان لە دەستدا و شەهید بوون؛! بێڕەحمانە و فاشیستانە بە بەرمیلی پڕ لە بۆمبی شیمیایی، و گولە و تۆپ، ئاگر و ئاسن، هێرشی  کردە سەر ئەو شارە کەونارا و ئەدەب پەروەر و فرە ڕەهەندەی ئاین و کولترە سەدانساڵەیەی کورد، و لە ئان و ساتێکدا هەر لە مناڵی ناو بێشکە و دایکی دوو گیان و ژن و مناڵ و کچ و کوڕ، گەنج و لاو، بوک و زاوا، پیر و بە ساڵا چووەوە، بگرە تا سەرجەم گیانلەبران و ئاژەڵانی دێی و کێوی، بە بۆنی ژە‌هری سێوئاسا، هاتن بە لادا و کەفچەرێنان ڕۆحیان سپارد.!!! چ تاوانێک بوو! گەورە بە ژان؛ وەکو ژانی ژان بەزێنان.! هەموو دوونیای بە ناو ئازادی و ئاشتیخواز، ئەو ساتانە بێ چاو و گوێ، کەڕ ولاڵ و بێ دەست و پێ؛ حەپەساو و بە بێ هاوار، لە ئاست ئەو تاوانە زلە، بێدەنگ مان و خۆیان گێل کرد!.

شایانی باسە لێرەدا ئاماژە بەو کات و ساتە بدەم کە من ئەو کات لە کەمپی التاش لە رۆمادی بووم و لە ناو دەیانهەزار دانیشتووی ئەو ئۆردووگایە لەو دووری دوورەوە، بۆ ئێمەی هەژار و بێ دەسەڵات هەزاران هەزار فرسەخ دوور؛ بەڵام هەر با هێنای و هەور ئەو هەواڵەی بەڵاو کردەوە، لە لای کوردی بە وێژدانی ئەو ئۆردوگایەش فام و هۆش بۆ چەند ساتیک فڕین و خەم و کەسەر و بێدادی و ناشوکری؛ لە ناخ و دڵ و دەرونمان گڕ وکڵپەی لێ هەڵسا و چاوەکان بە خۆر دابارین، سەرەڕای کۆسپ و هەژاری و بێدەرفەتی، ڕەنگ و رووەکانیش  هیندەیتر خەمبار بوون و هەڵپڕوسکان..!.

هەر ئەو کاتە کەمێک لە کەف و کۆی دڵم هەڵڕشت، و بە چەند دێڕی نهێنی لە ترسی سیخورەکانی سەدام، ناچار بووم و لە دوو توێی دەفتەری بیرەوەریەکانمدا هەڵم گرتن و ساڵی ١٩٩٦ز. کە وەک پەنابەری ڕەسمی هاتینە دانمارک دیسان ساخم کردنەوە و بە هندێک دەسکاریەوە بە ئاشکرایی دوای چەند ساڵێک لێرە لە کۆڕ و یادەکانی هەڵەبجەدا خوێندمەوە و بڵاوم کردنەوە.

دیارە ئەو ڕووداوە هەزارانیش بریندار و کەمئەندامی لێکەوتەوە، بە هەزاران ئاوارە و دەربەدەر بوون. بەشی هەرە زۆریان هەمانکات بە هاوکاری دەوروبەر و هندێک هێزی سیاسی و بە تایبەت سوپاو لەشکری ئێران یارمەتی کران و چوونە ناو خاکی کوردستانی ئیرانەوە. لەویش خەڵکی دڵگەرم و هاوخەمی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هەموو توانایانەوە هاتنە پیریانەوە و لە باوەشیان گرتن، هاوکارییان کردن، تیماریان کردن، جێگاو شوینیان پێدان، مال و حاڵیان بە پێی ئیمکان بۆ دابین کردن…. و دواتر حکومەت و خێرخوازان هاتن بە دەم زۆربەی بریندار و کیمیا لێدرواەکان و بۆ چارەسەرخانەکانی دوور نزیکی ئەو وڵاتە گوازرانەوە…

جێی خۆیەتی کورتە ئاماژەیەکیش بەو هۆکارانە بدەم کە بوونە هۆکاری ئەو کارەساتە؛: … –  سوپا و پاسدارانی ئێران کە لەوێ بوون، و توانیان هندێک کار ئاسانی بکەن بۆ ئەو خەڵکە و ئازارەکانیان کەم بکەنەوە، چەند ڕۆژ پێش بە هاوکاری لایەنی کوردی هاتبوونە ئەو شار و ناوچانە و لەوێ تەڕاتێنیان ئەکرد.! بە لای باوەڕی منەوە ئەوان و لایەنی سیاسی کوردی بوونە هۆکار، و قین و توندخویی سەدامیان سەد بەرابەر کرد بووەوە، و بیانووی ڕژیمی بەعسیان ورووژاند تا ئەو کاولکاریەیان ئەنجامدا. هەر چەند بە هیچ بیانوویەک نابێ حکومەت هاو وڵاتی ژێر دەسەلاتی سیاسی خۆی بەو شێوەوەیە لە ناو ببات، بەڵام لە تەک ڕژیمێکی دیکتاتۆری وا چیتر چاوەڕوان ئەکرا!؟.

– *بەڵام کرۆکی باسەکانمان لە سەر پیوەندی و جۆری پیوەندی کورد لە تەک کۆنە ڕەقیب و دوژمنانی دەبێ لە چ ئاست پلەیەکدا بێت و پلانەکانی دوژمن هەڵسەنگێنێ و بزانێ بۆ لە بڕگە ” مەقتەع” زەمانێکدا دوژمن دەیەوێ هاوکاری و دۆستایەتیت بکات!؟ کە بەداخەوە لەوێش هەم دیسان کورد کەوتە هەڵەوە و باجێکی قورس و گرانیدا و میژوو لە کەس خۆش ناوێت مەگەر ئاوەژوو بکرێتەوە!.

ژانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە لە چەند دێڕو لاپەڕەیەکدا جێیان نابێتەوە. بەڵام گرێدانی باسەکان وای کرد کە هندێک زیاتر لێرە لێی بدوێین.

پلان و کاری ڕژیمی بەعس هەر بەوەشە نەوەستا و کەوتە گیانی خەڵک و دانیشتوانی ناوەڕاست و خوار و ژووری کوردستان.! قۆناخەکانی ” ئەنفال”ی دەسپێکرد. بە هاوکاری جاش و سیخورەکانی دێ بە دێ و ماڵ بە ماڵی کێوە سەختەکانی زەنجیرە شاخی قەراخی بشکنی و خەڵکی هێنایە خوارەوە، و نامەردانە، بەو پەڕی بێشەرمیەوە، دەستدرێژیان کردە سەر ماڵ و حال و ناموسی کورد!. هەر لە ساڵی ٨٨ ز. لە ماوەی چەند مانگ زۆربەی خەڵکی ئاوارە و ئەنفال کرد، و وەک باسمان کرد لە ئۆردوگا زۆرە ملیەکاندا کۆی کردنەوە.

لەو لاشەوە بە دەیان هەزاری لە دەشت و چۆڵاییەکانی عێراق و دەشتی ” حیجاز و شام” و ” عەرعەر” زیندە بە چاڵ کردن!! دەیانهەزاری لە زیندانەکانی ئاخنی و ڕۆژانە لەو پەڕی بێحورمەتی و ڕەزالەتیدا ئازار و ئەشکەنجەیان ئەدان، کەسایەتیان ئەشکاندن، ناموسیان لەکەدار ئەکردن!. بەشێکی زۆر لە مناڵ و پیرو پەک کەوتە و ژنی دووگیان و گەورەو بچوک بە هۆی جۆراوجۆری ئەو ئازارە جەستەیی و ڕۆحیەوە و بە برسێتی، تینویەتی، و هەزارانی ئاوات و ئارەزووەوە سەریان دەنایەوە و دەمردن؛! دواتر لاشەکانیان فڕە دەدانە دەرەوەی چاڵە ڕەشەکان و سەحراکانی دەورو بەر و سەگەکانیان تێبەر ئەدان!.

 – سەدان شایەتحاڵی ئەو چیرۆکە تاڵانەی سەگە ڕەشەکە و ” حەجاجی”  پاسەوانی دەری دۆزەخی زیندانەکانیان بینیوە و گێڕاویانەتەوە و دەگێڕنەوە. دەیان شایەتحاڵی زیندوو و تۆمارکراو دیسان چیرۆکی ئەنفال، زیندە بە چاڵ کردن، کچی گەنج فرۆشتن، و بە تالان بردن، بە زۆر داگیر کردن و دەسبەسەرا گرتنیان بە دەستی عەربی دڕەندە و بێ ڕەحم و بەزەەیی فاشیستیەوە بینیوە و تۆمار کردووە. کە ئیستا لە ئارشیوی میدیا کوردی و زۆر کەسی خەمخۆردا هەڵگیراون.

نازانم چۆنم لە ناکاو دەستپێکرد و چۆنین کۆتای بەم باسە جەرگ بڕە سامناکە بێنم….!!!. ئەو کارەساتانە و ئەو جۆرە پەلاماردان و کۆمەڵ کوژی و زیندە باچاڵ کردن و سڕینەوەیە، جینۆساید بوو، بە تەواوی مانا! ” هەر کامەیان تۆمارێکی خەم و سامناکێکی گەورەن!… بەڵام مخابن مرۆڤ بە گشتی، و بە تایبەت مرۆڤی کورد زۆر زوو خەمەکان و ئازارەکان لە بیر ئەبا و لە هەگبەی شعوری ڕۆژانەی سەر گۆڕەپانی سیاسی و ململانێدا، لە بیریان ئەکا و ئەکەوێتە بن کاریگەری خەندەیەک و نیگایەک و هیڵی سوور لە بیر ئەباتەوە!!!…

درێژەی هەیە…

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی