"an independent online kurdish website

رۆژهەڵات تایمز لە ڕەواڵەتدا هەواڵێکی لە دەقی قسەکانی کاک کەمال کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسی حدک بڵاو کردۆتەوە. کاتێک خوێنەر لە دێڕەکانی بە ناو هەوالەکەی رۆژهەڵات تایمز دەروانێ لە راستی دا چاوی بە شرۆڤەیەکی ناکامڵی پڕ لە رق و توورەیی دەکەوێ تا هەوالی بڵاو کردنەوەی بەرپرسێکی باڵای حیزبی و بەتایبەت حیزبەکەی خۆشمان .gwwv_ghh

رۆژهەڵات تایمز سەردێڕی :“داهاتووی یەکگرتنەوەی دوو دێموکراتەکان ناروونەو هیچ رێکەوتنێک نەکراوە” بۆ هەواڵەکەی دەست نیشان دەکات و لە درێژەی هەواڵەکەش دا نارازی بوونی حدک لە ئاکامی دانیشتنەکان دەخاتە روو بە بێ ئەوەی کاک کەماڵی خۆشەویست تاقە یەک قسەی لەو بارەوە کردبێ .

رۆژهەڵات تایمز هەر بەوەندەشەوە نەوەستاوە و نیگەرانی بەدەنەی حدکی کردۆتە ئامانج و بۆ ئەو مەبەستەش قسەکانی کەمال کەریمی بەلارێدا دەبا ، لە کاتێکدا کاک کەمال لە خولەکی شازدە بەدواوە بە وردی باس لە میکانزیمی دانیشتنەکان دەکات و گەشبینی خۆشی لەو بارەوە دەربڕیەوە .

خاڵێکیتری هەواڵەکەی رۆژهەڵات تایمز باسی کەمپینی یەکی بەفرانبار و هەڕەشەی کاک کەمال لە ئەندامانی رێبەری حیزبەکەمانە کە پەیوەست بە کەمپینەوە نەبن، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەرێزیان زۆر بە روونی سپاسی بەرێوەبەرانی کەمپین و هەموو ئەو کەسانەی کردووە کە هەوڵی دڵسۆزانەیان بۆ وەسەریەک نانەوەی حیزبی دێموکرات خستۆتە گەڕ و هیچ جۆرە شیمانەیەکی لەو جۆرە نە لە قسەکانی ڕا دیارە و نە منیش کە لە ناو ئەو حیزبەدا خەبات و تێکۆشان دەکەم ، شتی وام بینیوە و بیستووە . تەنانەت کاک کەماڵی ئازیز لەسەر داهاتوو و دڵەڕاوکێکەی رۆژهەڵات تایمزیش دەڵێ کە: لێکدابڕانەکان هێندێک ئاسەواری رەوانی لە نیوان ئەندامانی هەردوو لادا داناوە، بەڵام گرینگە کە ئێمە هەرکام لەلایەن خۆمانەوە تا چەند دەتوانین رووبەرووی ئەو کێشانە ببینەوە و ئێمە خۆشحاڵین کە ئەو ئیرادەی کە پێویستە بۆ یەکگرتنەوە لەوانمان بیست و هەردوولامان ئەوە بە ئەرکی پێویست دەزانین. لەسەر نیگەرانییەکانیش دەڵێ کە ئێمە ئێستا لە هەنگاوی سەرەتایی داین ، دیارە ئاسان نییە ، بەڵام گرینگە کە ئێمە یەکتر قبوول بکەین بەڵام قبوول کردن واتە نە بە تەنیا ئەسوول ، بەڵکوو پێویستە مەعنەویاتی یەکتریش قبوول بکەین و جارێ هیچیش نەبووە تا لێی نیگەران بین و داهاتوویەکیش دیار نییە . کەمال کەریمی لە کاتێکدا ئەو وڵامانەی ئەدایەوە کە لە لایەن پێشکەش کاری بەرنامەکەش هاورێمان کاک مەنسوور مروەتییەوە خرابووە ژێر گوشارێکی زۆرەوە و بە زۆری زۆرداری بەرەو توورە بوون و وڵامدانەوەیەکی نالۆژیکی هانی دەدا و بە هەموو ئەوانەشەوە بەریزیان بە جۆڕیک قسەیان کرد کە دڵی هەموو ئازادیخوازان و یەکگرتوو خوازانی دێموکراتی خۆش کرد و بە یەکگرتنەوەیەکی حەتمی گەش بینی کردین و پرسیارەکانی کاک مەنسووری زۆر بەریزەوە وڵام ئەدایەوە ، لێ هۆکاری ئەوەی رۆژهەڵات تایمز بەو شێوازە هەواڵ و بابەت لەسەر قسەکانی کاک کەمال کەریمی دەنووسێ و هەوڵی بەلارێیدا بردن و شێواندنی قسەی گەورە پیاوێکی ئاوای داوە ، بۆ چی دەگەرێتەوە ؟

کاک کەمال کەریمی لە دیمانەیەکی ٣٨:٣٧ خولەکی دا کە ئەگەر بنووسرێتوە ، چەندین لاپەرەی “ ئا٤” لە خۆ دەگرێ ،بەو حاڵەش رۆژهەڵات تایمز بێجگە لە یەک دوو دێڕ لە قسەکانی ، ئەویتری هەمووی خوێندنەوە و لێکدانەوەی رەشبینانەی خۆیەتی لەسەر ئەو دیمانەیە .

لە بنەڕەتدا ئەگەر ئاوڕێک لە کار و تێکۆشانی رۆژهەڵات تایمز بدەینەوە و ئەگەر لێکۆڵەرێک بێت و هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکانی رۆژهەڵات تایمز بکات و بەتایبەت تا بەر لە دەستپێکردنی پرسی یەکگرتنەوەی دێموکرات ،بە روونی دەردەکەوێ کە بابەتەکانی ئەو ماڵپەرە بە ناو سەربەخۆیە زیاتر خۆیان لە دو بەشدا دەبیننەوە، یەکەم هەواڵ و ڕاپۆرتەکان لەسەر ئامادەنەبوونی حدکا و مل نەدانی بۆ یەکگرتنەوە و تاوانبار کردنی و دووهەمیش هێرش و خستنە بەر باسی سیاسەتی نیوخۆیی حدکا لە لایەن کەسانی بێ ناو و نیشانەوە . ئێستاش کە ئاسۆیەک بە روخساری یەکگرتنەوەوە دەبیندرێ، دیسانەوە بە هەمان قەوانە کۆنەکە هاتۆتەوە مەیدان و هەوڵی نانەوەی ئاژاوە و لێکدوور کەوتنەوەی زیاتر دەدات و خۆشی بە دڵسۆزی حدک دەزانێ ، ئەمەش ناکرێ هیچ جۆرە خوێندنەوەیەکی بۆ بکرێ ، جگە لە کەوتنە بەر مەترسی بەرژەوەندی تاکەکەسی خاوەنی سەرەکی رۆژهەڵات تایمز کە لە قۆناغەکانی پیشووتریش دا یەکێک لە ئەکتەرە دیارەکانی دابڕان و دژبەری یەکگرتنەوە بووە .

دیارە هۆکار و پێویستی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات بۆ دۆست و دوژمن روون و ئاشکرایە و پێویست ناکات لێرەدا خەسار ناسی بۆ بکرێ و ڕەهەندەکانی لێک درێتەوە و هەموان بە باشی ئاگادارن کە بە یەک بنەماڵە کردنەوەی دێموکرات بە واتای لە دایک بوونەوەی بزاڤی رۆژهەڵاتە و یەکەم بەهرەمەندی سەرکەیش گەلی کورد دەبێ و بە پێچوانەوەشەوە ، ئەوانەی سوود لە یەکنەگرتنەوەی دێموکرات و پڕش و بڵاوی ریزەکانی کورد وەردەگرن ، دوژمنان و داگیرکەرانی نیشتمانەکەمانن . کەواتە پێویستە رۆژهەڵات تایمز روونی کاتەوە گەڵۆ لە چ بەرەیەکدا خۆی دەبینێتەوە؟

بۆ ئەوەی خوێنەرانی بەرێز بتوانن خوێندنەوەیەکی دروست و بێ گرێ و گۆڵ بۆ دەقی قسەکانی کاک کەماڵ کەریمی بکەن، دەتوانن لەو لینکەی خوارەوە چاوی لێبکەن و لەگەڵ دەقی بەناو هەوالەکەی رۆژهەڵات تایمز بەیەکیان گرن و قەزاوەتی لەسەر بکەن.

https://www.facebook.com/video.php?v=782263961842712

بژی حیزبی دێموکرات

بژی ئاشتی و برایەتی و سەرکەوتن گەلی کورد

حوسێن شاروێرانی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی