"an independent online kurdish website

سیاسەتی کورد و دەوڵەتداری لە دوای نەمانی سەدام حسین و ڕژیمی بەعس.mejid-kakeweisi-2014

– لە ساڵی ٢٠٠٣ز. کە سەدام گیرا و پاش ماوەیەک لە سیدارەدرا ئیتر قۆناخەکانی عێراق گۆڕانکاریەکیتریان بۆ خۆوە دی و ڕووداوی جۆراوجۆر لە هەموو بەشەکانی عێراق هاتنە گۆڕەپانی ململانێ و ئاڵۆزیەکی بەرفراوان زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتەی گرتەوە… هەر کەس و لایەنێک لەو پاشاگەردانیەدا ئەسپی خۆی تاو دەدا و تيراتێنی ئەکرد!. بە مەیدانی و کرداری، عێراق کرابوو بە سێ بەشی سەرەکی و هەر لایەک چەندین قەوارە و ململانێی سیاسی، قەومی، دینی، و ئیتنیکی تیکەوتبوو…

شیعەگەری و کوتلەکانی تایفی و مەزهەبی لە خوارووی عێراق و پایتەخت

– لە باشووری عێراق بە دەیان گروپی جیاوازی مەزهەبی و باڵی چەپ و ڕاستی جۆراوجۆری شیعەگەری و تایفەیی سەریان هەڵدابوو؛ دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی ئێرانی ئاخوندی لەوپەڕی برەوی خۆیدا بوو و کە ئیستاش هەر درێژەی هەیە و بگرە زیاتر بووە.، چەندین میلیشیاو چەکداری ئەم و ئەو؛ کوڕە ئاخوند و مەلای شیعە، بێ پرسانە و ناسیاسیانە تەڕاتێنیان ئەکرد.. هەر کام خۆی و هاوقەتارانی بە ڕەواو میراتگر ئەزانی!…. دەیانەویست بۆشایی دەیانساڵی بێدەسەڵاتی و مەزڵومی خۆیان بستێننەوە و ببنە بڕیاردەر و دەسەڵاتداری سەرەکی کە تا ئیستاش هەر بناو بناو ئەو ڕەوتانە درێژەیان هەیە…

– هەر چەندە لە مێژ ساڵ بوو کە جوڵانەوەی شیعەگەری و مەزهەبی شیعی لە ژێر دەسەڵاتی حکەمەتەکانی بە ناو عەرەبی سوونی دەچەوسانەوە و زوڵمیان لێدەکرا و دەنگیان کپ کرابوو، بەڵام ئەو ڕەوتانەی کە لە ناو توندڕەویی شیعە و تەنانەت ناو دەسەڵاتیشاندا دوای نەمانی دەسەڵاتی بە ناو سوننە، هاتنە ئاراوە تا ئیستا زیاتر لە دوو دەیەیە ئەوانیش بەربوونەتە جەستەی ئەو وڵاتە، و لە ڕژیمەکانی پێشووتریان، و بگرە خرابتر؛ ڕۆژ نیە بە دزی و بە ئاشکرا خەڵکی سوونە بە تایبەت لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق نەکوژن و بێحورمەتی پێنەکەن!!.. کینە و ڕق و بێزاری هەموو جەستەی عێراق و بە تایبەت سوننەکانی گرتووەتەوە و بووەتە شەڕێکی تایفی و ئیتنیکی و لە ژێر و باڵی سیاسی و ئاینیدا کۆمەڵکوژی ئەنجام ئەدرێت و محاڵە ئەو جۆرە ڕەفتارانە بەم جۆرە تۆڵەسەندنە و نەزانکاریانە کورتخایەن بێت و ئارامی بەو وڵاتە ببەخشێت!؟.

– دیارە ئەو جۆرە هەڵس و کەوتانە برین و ڕقی کۆنن و هەروا لە خۆڕا درەوست نەبووە: — وەک پێشتر ئاماژەم پێدا؛ دەیانساڵ دەسەڵاتداری حکومەتی بە ناو باڵی سوننە لە عێراق و ئەو زوڵم و زۆرییەی کە گوایا دەرهەق بە مەزهەبی شیعە کرا بوو، ببوونە هۆکاری ڕق و توڕەیی و لە دڵی شیعەکاندا مابوونەوە تا ڕۆژگار بە باری ئەوانیشدا وەرسوڕا و تۆڵەی خۆیان کردەوە.. هەر چەندە ڕەوای هەق نەبوو بۆ هیچ لایەکیان بەڵام تاوان بە تاوان چارەسەر نابێت.. 

– بە پێی ڕێژە و ئاماری دانیشتوانی عێراق کە زۆرینەی شیعەیە توانیان ببنە دەسەڵاتداری سەرەکی لە عێراق و بە پشتگری حکومەتی ئێرانی ئاخوندی حکومەتی عێراق بەڕێوەبەرن.. لەو مابەینەدا تا ئیستا چەندین سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی یەکەمی وەک؛ ” جەعفەری و مالکی و عیبادی، و چەندین ئاخوندی وەک باقری و سەدری و چی و چیمان… بینی و نیشانیان دا کە هیچکامیان لە سەدام بۆ کورد باشتر نەبوون!!. هەر جارەو بە بیانوویەک دژایەتی کورد و کوردستانیان کردووە، و تەنانەت مافی ڕەواو یاسایی ناو یاسای نوێ و داڕێژراوی خۆیان پێشێل کردووە و نەیانهێشتووە کە کارەکان وەک خۆیان بچنە پێش…

–  ئەوەش بەلای باوەڕی منەوە هەم دیسان لە خەتای کورد و کوتلەی کوردیەوەیە کە بڕیار و یاساکان بە پێی پێویست و خواستی کورد نەهاتوونەتە دی و تا ئیستاش لە ناو ئارشیو و تۆزی چەکمەجەکاندا ماونەتەوە!!…

 

پەرەسەندنی بە ناو ڕەوتی تووندئاژوویی ئیسلامی سوننە و هۆکارەکانی لە دوای ٢٠٠٣ز.

– هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێداوە، گروپی بە ناو ئیسلامیست و ئیسلامی سیاسی لە سەرەتای دەیەکانی نەوەدەوە گوڕ و تینیان وەدەر کەوت و بە ئاشکرایی چالاکی خۆیان نیشاندا، بناخەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێکی کۆن و بۆ ناو قەیرانی ئیسلامیستی، و خستنە پەراوێز و کەم ڕەنگ کردنی لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێو نەتەوەیی و ناوچەیی ئەو وڵاتانەی کە زۆرینەی هەرە زۆریان و لە هندێک وڵات لە سەدا سەد دانیشتوانی موسڵمانن….؛ ئەگەر بمانەوێ هۆکاری ئەسڵی سەرهەڵدانەکانی ئەو ڕەوتانە دەستنیشان بکەین دەبێ بگەڕێنەوە بۆ سەدەکانی ١٧ و ١٨، و ڕاگرتن و ڕاوەستانی زانکۆ و زانستی ئیسلامی و لەمپەر خستە سەر ڕێگای چالاکیەکان، هێنانی بە ناو سیاسەت و زانستی عیلمانی و پەرەپێدانی و جێگیر کردنی لە باتی زانستی ئیسلامی لە لایەک؛  و لە لایەکیتروە گرنگی نەدان و پەراوێز خستنی عالمی ئیسلامی لە ناو دام و دەزگا و تەنانەت قوتابخانەکان، و دەست و قاچ کردنی تێگەیشتنەکانی ئیسلامی بۆ ناو کۆمەڵگە؛ بوونە هۆکاری سەرهەڵدانەوە و ڕاپەڕین و ڕێنێسانسی ئیسلامی…، کە بە دەیان عالم و سەرکردە کەوتنە بڵاو کردنەوەی بیر و هزری ئیسلامی و دیسانەوە بە پێی ڕەوتی نوێ داڕشتنەوەیان بڵاو کردەوە و پەیڕەوانی ئاینخوازی و ئیسلام ناسی، برەویان پەیا کرد و زۆر زوو هەموو گەلانی موسڵمانی ناوچە و تەنانەت جیهانیشی گرتەوە.. لێرەدا ناچمە سەر جۆر و کات و چۆنیەتی سەرهەڵدانەکان و پێڕەو و پرۆگرامەکان و لە کوێوە و کێ بوون ئەوانەی ئەو ڕەوتانەیان داڕشتەوە، و ناوی سەرکردە و گروپەکان کێن و چین؛؟.. چونکی من شارەزای وردەکاریەکانم لە لا نیە و پسپۆڕیش نیم لەو بوارەدا، و دایدەنێم بۆ کەسانی شارازاتر و شیاوتر…، تەنیا دەتوانم بێژم: دوچکەی ئاڵۆزیەکانی جولەکەو ئیسلام، یان باشتر بڵێم ” عەرەب و ئیسرایل” ، و شەڕی نەتەوە و خاک، و دواتر ئاین و ململانێی سیاسی دەرەکی و ناوچەیی، کە چەندین شەڕ و داگیرکاری لێکەوتەوە تەشەنەی کرد و شۆڕ بوونەوە بۆ ناو هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دواتر بەرەو ئاسیای بچوک و ئینجا ڕۆژئاوا و ئیستا بووەتە ئالۆزیەکی هەمەگیر و دژوار…

– لێرەدا هەر ویستم ئاماژەیەک بە هۆکاری ئەو ڕەوتانە بدەم کە بە تایبەت لە نەوەدەکانەوە چۆن و بۆ بڵێسەیان سەند و هۆکارەکانی کێ بوون؟ چۆنین گەیشتوونەتە ئەم ئاستە و بەرەو کوێ مل دەنێن؟.

– لە لایەک نەزانی و بێ ئاگا بوونەوەی کۆمەڵگەی ئیسلامی، بە تایبەت لە هەڵس و کەوتی دروستی ئاینی و نەبوون و نەهێشتنی زانا و زانستی ئیسلامی و بە لاڕێدا بردنی وانە و زانستە ئیسلامیەکان،؛ بەشێک بوون لەو هۆکارانی کە بە درێژایی چەند دەیە خەڵک لە جەوهەری ئاین دوور کەوتبوونەوە..

– هیوادارم لێرەدا ناحاڵی بوونێک ڕوو نەدا لە نێوان مەبەستی من و تێگەیشتنی خوێنەران!. ڕاستی ڕوو تەقە، و لەوانەیە هەموو کەسێک نەتوانێت وەک خۆی وەری بگرێت.!.. ئیسلام و موسڵمان دوو شتی جیاوازن. ئیسلام بەرنامەیە و یاسایە، و موسڵمان جێبەجێکاریەتی و بە کاریان ئەبات و حوکمیان پێ دەرئەکات!!… بەڵام ئیتر؛ کێ و چۆن و بە چ ڕەوت و ڕێگا و ئامرازێک و لە کوێ و لە چ دەورو زەمانێک و لە ناو چ کۆمەڵگە و جیهانێک، و چۆن تێگەیشتنێک و بۆ چی؟؛ هەڵئەگەڕێتەوە  بۆ فام و دەرک و پێگەیشتن و تێگەیشتن لە ئەسڵ مەبەست؛ و چۆنیەتی و نیەتی جێبەجێکاران، کە ئەوانەش لە کەس و گروپ و گەل و نەتەوە، لە مەزهەب و ڕێباز و تێگەیشتنی ڕۆحی هەر کەسایەتی و سەرکردەیەکی ئاینی و مەزهە بی، یا خۆ پێگەیشتن و تێگەیشتنی ئاستی ئەو کۆمەڵگەیەی کە بە کاری ئەبەن، جیاوزی زۆریان ئەبێ…

– ئەمڕۆ بە داخەوە ناوی ئیسلام و تاک و کۆی بە ناو موسڵمان لێک جودا ناکرێتەوەو هەردوو وەک یەک ئەبینن و هەر نەرێنییەک ڕوو دەدا و ئەنجام ئەدرێ ئەیخەنە پاڵ ئاینی پیرۆزی ئیسلام و خەڵکیان پێ بەدگومان کردووە!! میدیا و دەسەڵاتدارانی جیهانی چۆنیان بوێ وای لێدەکەن؛ دایدەپاچن دایدەتاشن، دایدەماڵن، و دایدەنێن!..

– باوەڕ و ئیمانی بە جێ و ئاوەز پەسەند لە ناو دڵ و هەناوی هەر کەسێک چەسپی ئیتر خۆی بۆ فیدا ئەکات.. جا ئەو کەسە باوەڕی بە هەر شتێک هەبێت؛ ” نەتەوە، خاک، تاک، ئاین، مەزهەب، تەریقەت، شەریعەت”، یان هەر بیرو باوەڕیکیتر کە لە ناخی مرۆڤدا جێبگرێت و ببێتە بەشیک لە گرنگی ڕۆح و جەستەی، ئیتر مافی خۆیەتی ئەو کەسە، یان دەستە و تاقمە بۆ پاریزگاری لێکردنی و بە ئامانج گەیاندنی، بە مەرجێك نەبێتە هۆکاری پێشێلکردنی مافی ڕەوای بەرامبەری و لە هێڵی سووری سنووری ئەویتر تێنەپەڕێت، بە هەر ڕێگایەکی گونجاو و لەبار، پارێزگاری لە ئامانجەکانی بکات.

– بە داخەوە زۆرجاران ئەو ڕەوتانە بە ئیسلامی عیلمانیشەوە هەرچەندەش ئەگەر باش و دروست و ڕەوا بووبن بەڵام بە هۆی لاوازی ماڵی و پشتیوانی سیاسی و ماڵیەوە لە لایەن کەس و دەسەڵات و هێزێک ئاوێتە بوون؛ و ئیتر ڕەوت و ڕێبازی خۆیان ون کردووە و کەوتوونەتە ژێر کاریگەری و فرت و فێل و منافقی، و خێر و بێریان بووەتە شیروتیر و ڕێبازەکەشیان توشی قەیران و ڕق لێبوونوە بووەتەوە و بوونەتە کەوا سووری بەر لەشکری نەزانی و پلانگێڕی ناوەکی و دەرەکیەوە…

– ڕژیمەکانی ئێران و عێراق لەو ڕەوتانە کەڵکیان وەرگرت و قۆستنیانەوە بە قازانجی خۆیان و دەیانساڵ شەڕی ناوەوە و دەرەوەیان پێکردوون!!. ئەوە بوو ڕژیمی ئاخوندی بێجگە ئێران، ئەو بیرۆکە و ڕەوتانەی ناردە دەرەوە بۆ زۆربەی وڵاتانی ناوەڕاست و سەرجەم خوارو ژوری ئەم جیهانە، و لەم ڕیگایانەوە مەبەست و ئامانجەکانی پێکاوە و دەیانساڵە درێژە بەو پلان و ئاژاوەگێڕیە فیرقەیی و مەزهەبیە ئەدات و سیاسەتی شیعەگەری لە سەر نرخ و بەهای خاک و گەل و نەتەوەکانی ئێران کە ساڵانە ملیاردها خەرجی ئەبێ برەو پێئەدا!. ئەمە لە کاتێکدایە کە گەلانی ئێران لە هەموو ڕوویەکەوە کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری و توشی قەیرانی ئابووری، ئیداری، نژادی، ئاینی و مەزهەبی هاتوون، لە هەموو خرابتر ملیونان کەس توشی مەواد و ماڵویرانی و مادە بێهۆشکەرەکان بوون و لە ماڵ و کۆڵانەکاندا کەوتوون و بە ئازارەوە ئەتلێنەوە..!

– سەدام بۆ هاوکێشی و بالانسی سونە لە بەرامبەر شیعە لە لایەک و لە لایەکیتروە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێز و هێرشەکانی ڕۆژئاوا بە دژی خۆی و دەسەڵاتەکەی لە نەوەدەکان بەملاوە تا ٢٠٠٣ز. تا بەرلەوەی خۆی و دەسەڵات و لە خۆ باییەکانی بکەونە زبڵدانی مێژووەوە؛ بە هەموو توانایەوە گروپەکانی توندئاژوویی سوننی پڕ چەک کرد و هەرچی چەک و تەقەمەنی لە دەست پەلامارەکانی ڕۆژئاوا مابوونەوە بە ئەو گروپە بە ناو ئیسلامیانەی دا و بەریدانە عێراق و دەوروبەر، تا گوایا بتوانێت لەو بشیوی و ئاڵۆزیە درێژە بە زوڵم زۆریەکانی خۆیان بدەن……

– درێژەی هەیە…

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی