"an independent online kurdish website

 لەسەردەمەکانی زۆر کۆنداکۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان گرنگی و بایەخی زۆریان بە ڕەگەزی نێرینە داوە. ڕەگەزی نێرینەیان بە خاوەن و باڵادەست زانیوە.mejid_palani_001

دەساودەس ئەم بیرە هات و گەیشتە دەستی کۆمەڵگەکانی دەوروبەری ئێمەش، کە عەرەبەکان یەکێک لەوانەن. لەوانەوە ئەو کولتوورە گەیشتە ئێمەی کوردیش. ئەوەتا لە کۆمەڵی لە دواکەوتووی ڕاگیراوی کوردیشدا، بەو بنەماڵانەی کوڕیان نەبێ، پێیان ئێژن “ئۆجاخ کوێر” واتە، کچەکانی ئەو ماڵە بە بێدەسەڵات و ڕەوەن دادەنرێن. بە بێ بوونی کوڕ، ماڵەکە بە وێرانە و چۆڵ بە ئەژمار دێنن. لەهەردۆخدا، ئەمە کولتووری عەرەبەکانی پێش سەرهەڵدانی ئیسلام بووە و لەوێشەوە شۆڕاوەکەی هاتە ناو عەرەبەکانی پێڕەوی کولتووری باب و باپیرانیان.

ئەوەتا “قورئان”یش، بەڕاشکاوانە ئاماژە بەو ڕاستییە دەکا و ئێژێ “هەر بەناوی باوکی خۆیان بانگیان بکەن، وا لەبارترە لای خوا. ئەگەر بابیشیان ناناسن، برای دینی و دۆستی ئێوەن. ئەگەر پێشووش لەمەدا بەهەڵە چوون، گوناهێکتان لەسەر نابێ، بەڵام ئەگەر لەدڵەوە و بە ئەنقەس بێ ـ بەرپرس ئەبن ـ خودا لە گوناه دەبورێ و دلۆڤانە” الأحزاب ٥. ئەوەتا دەبینین لە ناونووسیکردن لە وڵاتانی عەرەبیدا هەر بەناوی باب و باپیر و باپیرە گەورەوە ـ نێرینەکانیان ـ ناو دەنرێن و بانگیان دەکەن و لە پێناسەکانیاندا دەنووسرێن.

بۆزانیاری زیاتر سرنجتان بۆ ئایەتێکی دیکە ڕادەکێشم، کە بەشی نێرینە و مێینەکانی دیاری کردووە.

خودا پێتان ڕادەگەێنێ: کەلەپورتان ـ میرات ـ با بۆنێرینە دووبەش و بۆ مێینە نیوەی بەشی نێرینە بێ” النساء ١٠. هەروەها لەهەمان سورەت و ئایەتی ٦دا ئێژێ “لە کەلەپوری ـ میرات ـ دایک و باب و خزمی نزیک ـ کەم بێ یان زۆر ـ نێرینە بەشی خۆی هەیە و مێینەش تیا بەشدارە و بەشیان بۆ بڕیار دراوە” گۆیا هۆی دابەزینی ئەم ئایەتە ـ بەوتەی “نیسابوری” وڵامدانەوەی شکایەت کردنی ژنێک بەناوی “ام کحة”یە، کە دوای مردنی مێردەکەی خزمان و پیاوانی خزمی مێردەکەی دیانەوەێ خۆی و سێ کچەکەی لە میرات وەرگرتنی باوکیان بێبەش بکەن. ژنەکەش دەڕواتە لای پیامبەر و شکایەتی دۆخی خۆی دەکا، خواش بەو ئایەتە وڵامیان دەداتەوە. بڕوانە، ه، ل ٣٣٨.

بفەرموون ئەمەش نموونەیەکی دیکە. “دایک و باب و خزمە زۆر نزیکەکان و ئەو کەسانەی پەیمانتان لەگەڵیان گرێداون، هەرکاتێک مردن و ماڵێکیان لەدوا مابوو، بابەشی خۆیان پێبگا. خودا لەسەر هەموو شتێ ئاگادارە” النساء ٣٢.

نموونەکان لەم بارەوە زۆرن، بەڵام لێردەا ئەوەندە بەسە.

ئەوەی پێشتر باسم کرد، واتە، بەکەم زانینی ڕەگەزی مێینە بۆ ئەوەی وەک نیوە مرۆڤ بە ئەژماریان هێناوە و لە میرات وەرگرتنیشدا نیوەی بەشی نێرینەیان بۆ دیاری کردون، بەشێکی زەق و بەرچاو و گرنگە لە هۆکارەکە، بەڵام هێندێک بەڵگەی دیکەش باس کراوە، کە گۆیا لەبەر ئەوەی پیاوەکان بەرپرسی دانی بژێوی، جێگە، جل وبەرگ و … (نفقة)ی ژنانن و دواییش، کە مێرد دەکەن و دەچنە ماڵی مێردەکانیان، ئەو بەرپرسایەتییە دەکەوێتە ئەستۆی مێردەکانیان، دەبێ مێینەکان نیوەی میراتی نێرینەکانیان پێ بدرێ. ئەم پاساو هێنانەوە چەندە ڕاست و دادپەروەرانە بێ، من کارم پێی نییە، بەڵام بۆچی و هەتا کەی مێینەکان بۆ بژێوی ژیانیان چاولەدەستی نێرینەکان بن و بەو ناوەوە هەردەم ژێر چەپۆک و ستەم لێکراو بن. بۆ دەبێ لەژێر ئەو ناوە ژنان و کچان نەوێرن پێ لەبەڕەی خۆیان زیاتر ڕاکێشن. بۆ و هەتا کەی کۆیلەی ژێر دەستی مێرد و باب و برا و … هتد، بن؟!!

ئەگەر ئەو سەردەمانە، پیاوان شکاریان کردووە و بە قەوڵی پیاوان خاوە هێز و بازوو بوون و ژنان ئەو هێزە جسمیەیان نەبووە تا لە شەڕ و بەرگریدا پارێزگاری لە ماڵ و خزمانیان بکەن، پیاوان خاوەنی داهات بوون و ژنانیش چاولەدەست بوون، ئێستە چی؟ دەکرێ بپرسین، داخوا ئەو هۆکارانە ئێستەش هەر وەک خۆیانن، یان گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە؟ بێگومان گۆڕانی سەد و هەشتا پلەییان بەسەردا هاتووە، بۆیە حوکمەکانیش دەبێ بگۆڕدرێن.

جێگەی ئاماژەپێکردنە، ئەم بە نیوە مرۆڤ بەئەژمار هێنانی مێینە تەنیا لە میرات وەرگرتندا دەرنەکەوتووە، بەڵکوو لە شاهیدیدانیشدا، هەمان پێوانەیان (حیساب) بۆ کردوون. بۆ سەلماندنی ڕاستییەکەمان، ئایەتێکی قورئان وەک بەڵگە دەخمە ڕوو، کە ئەفەرموێ “ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! هەرکات بۆ ماوەیەکی دیاری، قەرز لەگەڵ یەکتر دەکەن، بینووسن و با نووسەری خودا پەسەند بۆتان بخاتە ناو قاقەز. ناشێ نووسەر لەم کارە تەنەخی بکا، با بنووسێ وەک خوا فەرمانی پێداوە. هەرچی قەرزدار بۆی ئێژێ، ئەو بینووسێ و ئەبێ ترسی لە خودا هەبێ و ئەولا و ئەملای تێدا نەکا. ئەگەر ئەو کەسی قەرزدارە کەم ئاوەزە یان بێهێز، یان ناتوانێ ئەوەی پێویستە بنووسرێ دەری بڕێ، با سەرپەرەستی ڕەوای ئەو لە باتی ئەو بیدرکێنێ و دوو پیاو لەخۆتان شایەت (بەدیارەوە) بن. ئەگەر دوو پیاو پەیدا نەبوو، با پیاوێک و دوو ژنی وا، کە ئێوەش لێیان ڕازی بن، لەکار ئاگادار بکرێن، تا ئەگەر یەکێ لەم دووانە لەبیری چوو، ئەویتر بیری بخاتەوە و … تاد” البقرة ٢٨١.

ئەوەتا لێرشدا بۆمان سەلما، کە بەدووژنەوە وەک پیاوێک بەئەژمار دێن.

ئەگەر سرنجێکی ورد بدەینە واتای ئەم ئەیەتە بۆمان هەیە داوای ڕوونکردنەوەی زۆرتر لە توێژەران و لێکۆڵەرانی قورئان بکەین، کە زیاتر بۆمان ڕوون بکەنەوە، کە تا کوێ گومانەکانی ئێمە لە تێنەگەیشتوویمان لە قورئان چارەسەر دەکا؟ با بپرسین:

ـ ئێستە، کە کامپیوتر/ داتاماشین و دەزگای پێشکەوتووی ئەمڕۆیی هاتونەتە کار، وڵامی ئەو پرسیارەمان ناداتەوە، کە ئەو دەزگا ئلیکترونیانەی ئەمڕۆ هیچیان لەبیر ناچێ و هەمووی خەزن دەکەن؟ ئیتر چ حەوجەیەکمان، نەک بە دوو ژن و پیاوێک، بەڵکوو کەسی ناوێ.

ـ پێشتر هێندێک ڕوونکردنەوەی زانستیمان خستە ڕوو، کە مێشکی ژنان زۆر بەهێزتر و کاراترە بۆ زەبتکردن (هەڵگرتنەوە) لە مێشکی پیاوان. لێرەدا دووپاتەی ناکەمەوە، ئیتر بۆ ژنان شتیان لەبیر بچێتەوە و پیاوان باشتر بن؟!

ئەم پرسیارانە و چەندین پرسی دیکەی پێوەندیدار بەم جۆرە بابەتانەوە، زانستە پزشکی و مرۆڤناسییەکان وڵامیان دەداتەوە. من لێرەدا سەری خوێنەری پێوە قاڵ ناکەم.

تێبینی:

ئەم کورتە بابەتە لە دوایین پەرتووکم بە ناوی “ژن و ژیان”دا، هاتووە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی