"an independent online kurdish website

بۆ ئەوەی کە بزانین لە نێوان دوو بژاردەی خەباتی مەدەنی یان بزوتنەوە چەکداری دا کامیان باشترە، بێگومان ، یەکەم خاڵ کە دەبێت هەڵوێستەی لە سەر بکەین ، هەڵ و مەرجی ئیستای جیهان و ناوچەکە و بە تایبەت کوردستانی رۆژ هەڵاتە.smko-bekes-2012

لە راستی دا بۆ بەر چاو روونی بابەتەکە دەبێت تۆزێک بەرەوە دواوە بگەرێنەوە، گەر سەرنج بدەینە ساڵەکانی دەیەی شەست و حەفتاکانی هەتاوی رابردوو دەتوانین بەو ئامانجە بگەین کە خەباتی چەکداری ئەو کات هێزی پێشمەرگە هێزێکی زۆر و بە توانا بوو لە لایەکی دیکەوە لاوازی هێزی رژیمی ئاخوندی و تەنانەت کێشەی شەری نێوان دوو وڵاتی ئیران و عیراق هەل و مەرجی لە باری بۆ خەباتی چەکداری رەخساند بوو و هەر وەها بەشێکی زۆری خاکی  کوردستان ناوچەی ئازاد کراوی کوردستان بوون و لە ژێر دەستی هێزی پێشمەرگە دا بوو، لە گەل ئەمانەش ئەو کات، هەموو کات رێبەرانی ئێمە لە هەموو کۆر و کوبونەوەیەک دا سیاسەتی حیزبەکەیان باس کردووە کە ئامانجی ئێمە لە خەباتی چەکداری گەیشتن بە مافەکانمانە نەک داگیر کردن و ئێمە عاشقی چەک و شەر نین و بەڵکو ئەوە رژیمی ئاخوندی یە کە شەری بە زۆر بە سەر کوردستان دا سەپاندووە، بە پێ ئەم لێکدانەوە سەرەتایی یە بەو ئاکامە دەگەین کە حیزبی ئێمە وەک حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران هیچ کات خەباتی چەکداری وەک ئامانج دیاری نەکردووە بەڵکو وەک وەسیلە بۆ گەیشتن بە ئامانج کە ئازادی کوردستان بووە ئەوە تەنیا شێوەیەک بووە لە شێوەکانی خەباتی گەلەکەمان، کە هیچ کات رەدی ناکەینەوە و هەر کات هەل و مەرج وا بخوازێ حیزبەکەمان خەباتی چەکداری بکات ئەوە ئەو بژاردەیە هەڵدبژێری و چاوەرێ بریاری هیچ کەس ناکات.

کە واتە. لەم کات و هەل و مەرجەی ئیستا دا کە سەردەمی ئیستا سەردەمی تەکنولوژیای نوێ یە ، رەنگە ئیتر لولەی تفەنگەکان وەڵام دەری ئەم هەل و مەرجەی ئێستا نەبن، چونکە بۆ تەنیا چالاکی یەکی بچوک رەنگە ئێمە باشترین کەسەکانمان لە دەست بدەین ، کەم نین ئەو سیخور و خۆ فروشانەی کە لە هەموو ناوچەکانی کوردستان چلکاوی رژیم دەخون و بە زووترین کات بە تەلەفون دەتوانن لە چوونی پێشمەرگە لە ناوچە ئاگادار بن و بە داخەوە ئەو کات ئەوەی کە نابێت روو بدات روو دەدات و زۆر بە ئاسان ئیمە وەک هێزێکی چەکداری دەکەوینە بوسەی هەزاران کەسی رژیمەوە و زەربەیەک دەخۆین کە گەر تەنیا یەک پێشمەرگەش شەهید ببێ نرخی هەزاران مۆرەی رژیمی هەیە،

کە واتە گەر خەباتی چەکداری نەبیت چی بکەین بۆ ئەم کاتە، خەباتی مەدەنی تاکە ریگای گونجاوە کە حیزبی ئێمە بیگرێتە بەر بەڵام بۆ ئەم کارە هەم ورد بینی دەوی و هەم پلانی بە جێ و رێ و هەم کاری زۆرتر و باشتر و چالاکتر ، کە من وەک خۆم بەم شێوە رێکاری ئەم خەباتە شی دەکەمەوە کە هیوادارم بچوکترین ریگا چارەی ئەم قوناغە بێت.

یەکەم رێگای میدیا. لە راستی دا ، میدیا ئیستا ئیتر کەم کەس هەیە رۆژنامەیەک بگرێ بە دەستیەوە و بیخوێنێتەوە ، بۆیە چاپەمەنی دەورێکی کاری گەری نابێت، بەڵکو دەبێت ئەو هێز و توانایەی کە لە چاپەمەنی دا بە کار دەبرێ لە راگەیەنە دەنگ و رەنگ و ئینترنێتەکان بە کار ببرێ.

تی ڤی / و بەرنامەی بە جێ و رێ و بە پلان و جۆراو جۆر کە سەرنجی گشتی خەڵک رابکێشێ و هەر وەها هاندانی خەڵک بێت بۆ زیاتر کۆر و کوبونەوە و لە دەوری یەکتر. واتە لە خەڵکەوە بۆ خەڵک و زیاتر چالاک بکرێن و رێکارە جیاوازەکان بە کار ببرێ بۆ زیاتر ئەکتیڤ بوونی خەڵک بۆ خەباتی مەدەنی.

ئینترنیت / ئەو دەنگ و رەنگەی هەموو کۆمەڵگایی جیهانی داگیر کردووە بە ئاسانی. بۆیە دەبیت هەوڵ بدەین لە کەسانی بە توانا و لێزان لەو بارەوە کەڵک وەر بگرین و لە سەر تۆری ئینترنیت . بە تایبەت تۆرە کۆمەڵایەتی یەکان ، وەک تویتیر و فایس بووک ، زیاترین هەوڵی خۆمان بخەینە گەر تا زۆرترین کەس لە ناو پەیژەکانی چالاکی حیزب دا ببنە  هاورێ و زۆرترین زانیاری و کاری تەشکیلاتی لەو جێگە و پێگەوە ئەنجام بدەین. ئەمە بە تاکە کەس ناکرێ و پێویستە هەموو ئەندامانی حیزبی لەم بوارە چالاکی بەربڵاو دەست پی بکەن و تا لە ناو خۆیی کوردستان شۆرشێکی ئینترنێتی وەگەر بخرێ ، بە دروست کردنی کەمپینی جۆراو جۆر و پشتیوانی بەربڵاو لەو کەمپینانەی کە تایبەتن بە خەڵک و شۆرشگیران ، بۆ نمونە کەمپینی پشتیوانی ، لە زیندانیانی سیاسی ، یان کەمپیکی داکاری ئازادی و ماف .

بۆیە خەباتی مەدەنی ناو خۆیی وڵات،  دەبیت پێگەی گرینگی ئێمە بێت، بۆ ئەم مەبەستە دەبیت خەڵک وا بار بێنین کە نارەزایەتی لە ئیمکاناتی ژیانی رۆژانەیانەوە دەست پێ بکەن ، لە نەبوونی کار و بژیوی ژیان و گرانی و هەزاران مەینەتی تری سەر ئەو خەڵکە ببێتە خەباتێکی مەدەنی بۆ دەنگ هەڵبرینی دەنگی نارەزایەتی خەڵک بەرامبەر رژیم و لەو بارەشەو داواکانی خەڵکی کورد بخەنە ناو داخوازی یەکانی خۆیانەوە و وردە وردە خەڵک بە داواکانیان ئاشنا بکەن، تا رادەیەک کە ببێتە داخوازی رۆژانەی خەڵک و ئەو دەنگە بچێتە ناو دەزگاکانی رژیم کە گەلی کورد گەلێکی جیاوازە و داخوازی جیاوازی هەیە بۆ ژیان و ئازادی و گەیشتن بە مافەکانی خۆی.

بۆیە لەم کات و ساتە وختەدا گرینگە گورێکی زیاتر بە خەباتی مەدەنی بدەین بە هەموومان بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و بۆ وەدی هاتنی ئاواتەکانمان کە گەر هەوڵی جیدی بدەین لە داهاتوویەکی نزیک دا هەوڵەکانمان ئەنجامی خۆی دەبێت

گرینگ کارو ئەکتیڤ بوونی حیزبە لە خەباتی مەدەنی دا و لە هەمووی ئەوخەباتە دا چینێک هەیە کە دەوری گرینگ دەبینی کە لاوەکانن، بۆیە ئەرکی گرینگ لە خەباتی مەدەنی دا لە دەرەوە و ناو خۆیی روژهەڵاتی کوردستان لاوانن، ئەوە لاوانن کە زیاترین کەسانی شارەزان لە خەباتی مەدەنی و میدیایی دا و دەتوانن بە ئاسانی و بە باشی ئەم خەباتە بکەنە خەباتێکی مەدەنی لە ناو خۆیی روژهەڵاتی کوردستان بۆیە هیواداریم لاوەکان ئەم هەنگاوە بە هەند وەر بگرن و بیکەنە خاڵیکی گرینگ لە ئەرکی رۆژانەی یەکیەتی لاوان دا کە کاری جیدی بۆ بکات، لاوان چینی رۆشنبیری ئەم سەردەمە دەبێت هەنگاوی جیدی و پراکتیکی بهاوێن بۆ سەرکەوتنی خەباتی مەدەنی لە کوردستانی رۆژ هەڵات دا تا سەرکەوتن مسۆگەر بکەن.

لە گەل ئەو پەری رێزم دا

سمکۆ بێکەس / وڵاتی نۆروێژ

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی