"an independent online kurdish website

دوای ٢٠٠٣ز.  دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ کورد لە کوردستانی باشوور..mejid-kakeweisi-0

– لە عێراق پاشا گەردانی بوو، ئامریکا لە باشوور و ناوەڕاست حوکمی ئەکرد، کورد لە کوردستان بە پێی ئەو ١٢ ساڵە کە نیمچە ئیدارەیی و حکومەت و پاڕلمانی لە هەولێری پایتەخت هەبوو، ئەزمونێکی گەورەی لە بەردەستدا بوو.. دەیتوانی پارسەنگێکی زۆر گەورە و بەهێز بێت بۆ فیدراڵی، کۆنفیدراڵی، یان سەربەخۆیی… ” هەر چەندە من تەنانەت ئیستاش لایەنگری سەربەخۆیی نیم لەو بەشە؛ چونکی ترسم هەیە نەتوانن و نەهێڵن بە ئامانج بگا و تێکی بشکێنن؛، کە ئەگەر ئەو ڕاگەیاندن و پاشگەز بوونەوە ڕوو بدا کورد سەد ساڵیتر وە دوا ئەکەوێتەوە، بۆیە پێش هەموو ئامادە کارییەک کورد و پارتە کوردیە دەسەڵاتدارەکان دەبێ بۆ خۆیان ساخ ببنەوە و نەتەوەیی و سیاسیانە بەرژەوەندی نەتەوەو گەل و وڵات لە سەرەوەی هەموو شتێک بزانن و بەرچاو ڕوونی تەواویان هەبێت کە داهاتوویان بەرەکوێ دەچێ ئەو کات دەکرێ هیواداربین بە نزیک بوونەوە لە سەربەخۆیی”… سەرەڕای ئەوانەش کە چی، نەیانکرد یان نەیانهێشت؛ من کەمتەرخەمی بەر پرسانی کورد بە پلەی یەکەم ئەزانم.. ئەو کات هێشتا شەڕ و ئاڵۆزی دوو ئیداری و هەرێمی زەرد و سەوز زۆر تۆختر بوو، کە ئیستاش هەر ئەو ماکەیە ماوە…!! ململانێی دوو حیزبی سەرەکی بە گوڕتر بوو، کە ئیستا بە هۆی چەند پارتێکی ئوپۆزیسیونی ناو دەوڵەتەوە هندێک کەمڕەنگ بوونەتەوە…

– بۆ ئەوەی ئەو دوو  حیزبە، ” پارتی و یەکێتی”، دەسەڵاتی خۆیان بچەسپێنن و درێژەی پێبدەن و ببنە مالیکی کوردستان، دەسەڵاتیان لە کوردستان بە سەر هەولێر و سلێمانیدا دابەش کرد!.. لە عێراقیش بە سەر بەغدا و هەرێم دا.. ” سەرۆککۆماری، ئەگەر بۆ یەکێتی بێت، سەرۆک هەرێمیش بۆ پارتی”…  کەچی؛ تا ئیستاش نە یانتوانیوە بە پێی یاساو ڕێساکانی عێراقی بە ناو فیدراڵ و نیشتمانی و دەسەڵاتی سەرۆککۆماری و سەرۆک هەرێمی، بستێک لەو شوێنانەی کە بە ناوی ” مناطق متنازع علیها” ناوچە کێشە لە سەرەکان، کە زەمانی حکومەتەکانی پێشوو بە ” عەرەب کردن و ڕاونانی هاووڵاتیانی کورد و وێرانکرردنی کوردنشینان” دەسنیشانکرابوون، بگەڕێننەوە ژێر دەسەڵاتی چەندین ساڵەی خۆیان!!.. ئیتر کامەیە برایی و هاوپەیمانی و حکومەتی فیدراڵ..!!؟؟ یا خۆ کامەیە کارنامەی کارکردن لە سەر ئەو ناوچانەی کە کوردستان دەیانساڵە چاوڕێیەتی؟

– کورد لە کوردستانی باشوور چارەکە سەدەیەک بە بێ دەسەلاتی دیکتاتۆری حکومەتی ناوەندی عێراق تا ڕادەیەکی زۆر بە ئازادی دەوڵەتداری ئەکا، کە چی هێشتا خاوەنی یاسایەکی بتە و جێگیر نیە و هاو وڵاتی و تەنانەت ئیدارەکانیش بێ بەرنامە و یاسان، و نازانن حەق و مافیان لە کویا و چۆن پەیگیر بکەن و ئاسوودە بن لە دادپەروەری دەستور و یاسای کوردی..!!؟؟  هێشتا هەر بە پێی کەس و کوتلە و کەسایەتی کارەکان جێ بەجێ ئەکرێن، و دەسەڵاتی حیزبی و دەستە و تاقمیی و هێز و دەسەڵاتی نیزامی و سیاسی لە هەموو جومگەکانی ئیداری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، سیاسی، ئابووری، و تەنانەت جوگرافیایی، بڕیاری یەکەم ئەدات و خەڵکی هەژار و بێ کەس و پەنا و ناحیزبی و ئاسایی، لە ژێر یاخۆ لە دوای دواوەوەیە!!..

– ساڵی ٢٠١٢ز. بۆ یەکەمجار لە ئورپاوە چوومەوە کوردستان بۆ سەردانی کەس و کاران و بینی وڵاتی شیرین. لەو ماوەیەدا لە ئیدارەکان و یاسای ئیداری ناو جومگەکانی حکومەتی چەندین کەم و کۆڕی و نا دادپەروەریم بینی و هەر ئەو کات بە وردی و لە چەند لاپەڕەدا بە دوو بەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوم کردنەوە،… بۆیە لێرەدا زیاتر ناچمە سەر کەمو کۆڕیە ئیداری و حکومەتیەکان.

خەباتی شار و دەوڵەت ئیداری کورد و سیاسەت و ئاکامەکانی

– هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێداون دوای گۆڕانکاریەکانی شەڕەکانی یەک لە دوای یەکی کەنداو و کرانەوەی بوار و دەرەتانێکی گرنگ بە ڕووی کورد لەو بەشەی کوردستانی باشوور، کورد تا ڕادەیەکی زۆر چاو و چارەی کرایەوە؛ هەستی بە بوونی خۆی کرد و سەرانی کورد کەوتنە جم و جۆڵی سیاسەتی نوێی ئیداری و شارستانی و پێوەندی سیاسی، بازرگانی، دیپلۆماسی لە نێوان وڵاتانی دەر و دراوسێ و جیهان بە گشتی دەست پێکرد…

– پارتە کوردیەکانی کوردستانی باشوور وەک باسم کرد لە سەرەتای نەوەدەکانەوە بە ناوی بەرەی نیشتمانی لە پرۆسەی ڕزگاری عێراق و کوردستان بەشدارییان کرد. هەر چەندە ئەو بەرەیە دوای کێشە و ململانێیەکی دەرەکی و ناوەکی پێکهات و لە ئەنجامدا بە هاوکاری ڕژیمێکی دژە کورد ڕاگەیەندرا و هاتە ئاراوە، بەڵام شتێکی باش بوو بۆ سەردەمی خۆی و کورد توانی هێزێکی یەکگرتوو بێت، بە تایبەت ئەو کات لە بەرامبەر ئوپۆزیسیونی عێراقی و گۆشەنیگای جیهانی سیاسەت و نێونەتەوەیی…

– دوای هەڵبژاردن و دانانی حکومەتی هاوبەشی ” فیفتی فیفتی”! پارتی و یەکێتی و بەشداریەکی کەمی کورسی پارتەکانیتر لە حکومەتی ئەو کاتی ٩٢-٩٣ز. دەسەڵاتی کوردی هەستی بە بوونی خۆی کرد و کەوتە سیاسەت کردن و ئیدارە بەڕێوە بردن، بەڵام بە شێوەی دابەشکاری..! هەر لە سەرەتاوە تا ئیستاشی پێوە بێ هەرێمی بچوکی کوردستان کراوە بە دوو بەشی سەرەکی ” باسکی کەسک و زەرد”…! بە هەمەحاڵ ئەو ناڕێکی و پاوانخوازی و ململانێی حیزبی و بنەماڵەییە بووە خۆرکەو کەوتە گیانی کوردستان و دانیشتوانی و هەر زۆر زوو هەڵگەڕایەوە بۆ شەڕی براکوژی و کارەساتی زۆری بە دوادا هات، کە پێشتر باسێکم لێوە کردوون…

” پلۆرالیسم”

– ملمانێ سیاسی و ئیداری و شارستانی و فرە حیزبی، بۆ هێزی کوردی، هێشتا نوێ بوو؛ کورد لە خەبات و شۆڕشی کلاسیکی و هەژەموونی خۆسەپاندن و حەماسەییدا بوو.. گەلی کوردیش بە گشتی لەو چاورچێوە بەدەر نەبوو، و بگرە لەو ڕوانگانەوە کەم شارەزاتر لە حیزبەکان و تاکی ناو پارتەکان بوون. کوردی ئاسایی و شاری و تەنانەت ئاکادیمیەکانیش بە حوکمی دەسەڵاتە سەرەڕۆکانی پێشتری داگیرکەرانی کوردستان کە نەیانهێشتبوو کورد چاوی هەڵبهێنێت و دەوروبەری خۆی بناسێت و سیاسەت بکا، هەر فێری بەڵێ قوربان ببوون و لاسایی و حەماسەیی بیریان ئەکردەوە!!.

– سەرەڕای ئەوەی ئەو دوو پارتە سەرەکیە دەسەڵات و جومگەکانی ئیداری و ئابووریان قۆرخ کرد، و خەڵکیان کردە چاو و دەست چاوەڕوان و مۆرە، پارتەکانیتر و بە گشتی ڕۆشنبیران زەرەری گەورە و قورسیان لێکەوت و وڵات بوو بە ڕۆتینی و لاسایی دەورو بەرو ئەربابەکانیان ئەکردەوە!!..

 

– کەم و کۆڕی حکومەتی حیزبی، چۆڵکردنی کوردستان، مەرگ و کارەساتەکان!…

– لە ماوەی دوانگزە ساڵ حکومەت و ئیدارەی خۆجەیی کوردستان لە دەستی پارتی و یەکێتی، لە سەردەمی دەسەڵاتی لەرزۆکی سەدام لە بەغدا؛ هەرچەند لە لایەکەوە وەک باسم کرد کورد بە گشتی چاو و گوێی کرایەوە و نەسڵێک بە دوور لە دیکتاتۆری و کۆمەڵکوژی و ڕەشبگیری و ترسان و تۆقانی تۆپ و تانک و فڕۆکە و کیمیاباران گەورە ببوون و نەوەیەک ئامادەی وەرگرتنی دەسەڵاتی دوور لە هێزی سەرکوتکاری بوو، بەڵام لە لایەکیترەوە دەسەڵاتی کوردی نەیتوانی بە باشی کەڵک لەو بۆشاییانە وەرگرێت و نەوە و گەل و نەتەوەیەک پێک بهێنێت کە نەتەوەیی و کوردستانی بیر بکەنەوە و بەرژەوەندی خاک و نەتەوە و نیشتمان، لە هەموو شتێک بە گرنگتر چاو لێبکەن….!

— ***نموونەی ئەو قسانەم ئەو هەموو گەنج و لاو و تەنانەت پیر و بنەماڵانە بوون کە بە کۆ و تاک و دەست و تاقم ملی ڕێگای نامۆییان گرتە بەر و خۆیان دایە دەستی مەرد و نامەرد و قاچاخچی، و بەرەو شوێنێکی ئارامتر و گوایا پارێزراوتر، بە لێشاو ڕوو بە وڵاتانی ڕۆژئاواو و بەتایبەت ئوروپا کۆچیان کرد..

-** لای هەموومان ئاشکرایە کە سەدان کەس لە ڕێگای سەخت و دژواری ئەو کۆچ و چارە نووس نادیارە لەو هەموو دووری ڕیگا و زەریا و دەریا، کەژ و شاخ و نامۆیی، گەرما و سەرما، برسێتی و تینویەتی، ترس و لەرز، لە داوی سوپا و پۆلیسی دوژمن و بیانی، بەشێکیان لە ڕێگا بە هۆی کارەساتی جۆراوجۆری؛ مەرگی ئاسایی، مەرگ لە برسان، مەرگ لە ترسان، مەرگ لە نامۆیی ڕێگا و هەڵە بوون و هەلدێران لە شاخ و شوێنە سەختەکان، مەرگ لە کەوتنە کەمینی سوپاو پۆلیس و کوژرانیان، مەرگ لە گرتن و ڕاونانیان بە دەست سوپای تورک و تاتار و عەجەم وعەرەب و ڕۆم…هتد، گرتنیان و بە ئازار ئەشکەنجەوە سەرنانەوە، گرتن و تەحویل و دیپۆرت کردنەوە، بۆ وڵات یان دەستی دوژمن، لە زیندان ئاخنین و بە کۆڵێک ئاوات و ئارەزوو سەرنانەوە، زیندانی چەندین ساڵە و توشی دەیان نەخۆشی دەرونی و جەستەیی و لە دەستدانی لانی کەم بەشێک لە جەستەیان، وەیان لە دەستدانی بەشێک و تەنانەت کۆی بنەماڵەیان، دواتر، لە ناو بەلەم و کەشتی و جۆری گواستنەوەی دەریایی و زەریایی، و بە جۆرها کارەسات و ڕووداو کەوتنە ناو ئاوەوە، و خنکان و لە ناوچوون بە سەر و ماڵ و سامانیانەوە!!!…؛ بەشێکن لەو ئازارانەی کە قەت لەبیر ناچنەوە و بەشی زۆری لە گەردەنی دەسەڵاتی کوردی بووە لە کوردستان!…،

– ** ئەوانەش کە لە دوای دەیانجار مەرگ و کارەسات و مردن و زیندوو بوونەوە و ترس و لەرز، گرتن و ئازاردانی جەستەیی و ڕۆحی، بینینی دەیان کارەساتی مەرگ و خنکان و مردن لە ڕێگای سەفەرەکانیان، بەخت یاوەریان بووە بۆیان ڕەخساوە کە بگەنە شوێنی مەبەست و جێگای ئارام و حەسانەوە، و پشوو بدەن… هەر لەوانەش بە دەیان کەس چەندین ساڵ چاوەڕوانی لە کەمپەکانی ڕۆژئاوا و ئورپای بە ناو ئازادی و دیمۆکراسی هێشتا چارەنووسیان نادیارە و ئیزنی مانەوەی ڕەسمییان وەرنەگرتووە، هەروا وەیلان و بێ چارەنوس لەم کەونەدا چاوەڕێی هاتنە دی ئاوات و ئامانجەکانیان ئەکەن!!!… هەر لەو کەسانە کە چارەنوسیان چارەی نەبووە و نە وەک پەنابەری سیاسی و نە وەک هیچیتر، جێگایان نەبووەتەوە و بە زۆرەملی یان بە خواست بووبێت، دوای ئەو هەموو زەرەر و زیان و ترس و لەرز و ماڵوێرانی و پاڕە دۆڕانە؛، گەڕێندراونەتەوە بۆ کوردستان بۆ هەمان شوێن کە لە بێکاری و بێزاری بێ بژێوی بە جێیان هێشت..!!!

– بە حەمە حاڵ نەمویست ئەوەندە لەم بابەتە بدوێم و درێژەی پێبدەم بەڵام کە مرۆڤ دەچێتە ناو باسێکی تراژیدی خۆبەخۆ فکرەکان ڕاپێچ ئەکات و هەر دەنوسێ و هەردەڕوا،، وەک ئەو ئاو و دەریا و زەریا بن قوڵانە کە هێشتا تاک و کۆی ئەو ڕەوت و کۆچانە بە هەموو ئاواتەکانیانەوە هەر دەڕۆن بەرەو بن و ژێرەوە ئەڕۆن!!!….

– ئەوانە بەشێکی کەم بوون لەو بێزاری و نادادپەروەرییەی حیزب حکومەتی کوردی کە بووە هۆکاری وەدەرنانی بەشێکی زۆری سەرمایەی وڵاتەکەیان لە جەستە و ڕۆح و ماڵەوە، کە کوردستانیان بە جێ هێشت و زۆریان بۆ یەکجاری و بە یەکجاری ڕۆیشتن!…

– لە ژێر تەوژمی دەسەڵاتی حیزبی- حکومەتیدا زۆر گەنج و کەس و کەسایەتی و تاکی بە توانا و داهێنەر کەوتنە پەراوێزەوە، یان کوردستانیان بە جێهێشت یان دەم و دەسی خۆیان گرت و متەقیان لێبڕا و نەیانتوانی و نەیانهێشت سودێکیان بۆ کورد و کوردستان هەبێ… لە باتی ئەوانە کەسانێکی نەزان و ناشارەزا و ناپسپۆڕ و حیزبی و خودی و خۆ ویستی و تەنانەت نا کوردیان لە جیاتیاندا دانا و کردنیان بە هەمە کارەی مەملەکەت… بە جۆرێک کە کوردستان کرا بە جێگای دزی و جەردەیی و گیرفان پڕ کردن و ململانێ بنەماڵەیی و ناوچەیی و گەندەڵی ئیداری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، و هەموو کوردستانی گرتەوە…

سیاسەت و پێوەندی پارتی کوردی بۆ دژ بە خۆ، و ڕوو بە دوژمن..!

 – کورد تا ئیستاش بە ناشارەزای سیاسی ناوبانگی هەیە!!.. تاکو ئیستاش لە سیاسەتدا نەیتوانیوە بەڕەی خۆی لە ئاو ئاگر بپارێزێ… چونکی سەرانی ڕێکخراوە کوردیەکان لەو کۆمەڵگایە بەدەر نین کە گەلی کوردی تیا ئەژی، و دوژمن ئیدارەی وڵاتی بە دەستەوەیە و سیاسەت بەڕێوە ئەبات… لە لایەکەوە بەختی کورد بووە کە تا ئیستا لە ناو جوگرافیایەکی گەورەی دەورەدراودا ژیاوە و دەژی کە هەرچواردەوری هەم دوژمن بوون و هەمیش نەتەوەپەرەست و دیکتاتۆر… لە بەشیکی کوردستان جوڵانەوەیەک سەری هەڵدابێت بێگومان دوژمن هەوڵی داوە بیقوزێتەوە و بەلای سیاسەتی باوی خۆ چەشنیدا ڕایکێشێت و فێڵی لێبکات… نمونەکان زۆرن و پێشتر باسم کردوون…

– درێژەی هەیە…

*** 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی