"an independent online kurdish website

ئاژانسی كوردپا: بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەگەری لەسێدارەدانی ژمارەیەک لاوی كورد لە زیندانی ورمێ‌، دژكردەوەی “بوغزاوی” هێندێ‌لە بەكارهێنەرانی ئێرانیی فەیسبووکی لەتۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا بە دوای خۆیدا هێنا.saman_nesim-0

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دوابەدوای داواكاریی بەرپرسی گشتیی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی حوكمی سێدارەی سامان نەسیم و بڵاوبوونەوەی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان و بەتایبەتی لە ” پۆستەكانی” کەناڵی BBC، شەپۆلێكی بەربڵاو تۆمەت و هەڵوێستی رەگەزپەرستانەی لەمەڕ لەسێدارەدانی لاوانی كورد بەتایبەت سامان نەسیم بەدوای خۆیدا هێنا.

دوێنێ‌چوارشەممە “سەلیل شتی” داوای لە عەلی خامنەیی رێبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێران كردبوو، كە بەزەیی بە ساماندا بێتەوە و بە دونیا بسەلمێنی كە نادادپەروەری تەئید ناکات.

یەكێک لەبەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وێڕای سووكایەتی كردن بە رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، بێ‌حۆرمەتیی بە سامان نەسیم بە هۆی ئەندامیەتی لەیەكێك لە حیزبەكوردییەکاندا كردووە و ناوبراوی بە شیاوی ئێعدامكردن زانیوە.

ئەو بەكارهێنەرانە سەرجەم حیزبە كوردییەكانیان بە جیاییخواز و تیرۆریست لەقەڵەم داوە و بە كردەوە پشتیوانیان لە سەركوت و ئێعدامکردنی ئەندامی ئەو حیزبانە كردووە.

لەنێوان ئەو نووسراوانەدا كەسانێك هەن كە بە هێنانە بەرباسی پرسی مافی مرۆڤی دژایەتیان لەگەڵ بەڕێوەبردنی حوكمی سامان نەسیم كردووە.


سووكایەتی و بێڕێزی بە سامان نەسیم تەنیا لە فەیسبووكدا رووی نەداوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی دیكەی وەكوو تویتێریش هێرشی رەگەز پەرەستانە كراوەتە سەر ئەو لاوە كوردە.

لەحاڵی حازردا پرسی لەسێدارەدانی سامان نەسیم لە فەیسبووكی سەربە راگەیەنە فارسی زمانەكان بۆتە گۆڕەپانی مشتومڕی پرسی نەتەوایەتی بەتایبەت پرسی نەتەوەیی کوردەکان.

سامان نەسیم، هاوڕێ لەگەڵ ٥ زیندانیی سیاسیی دیکەی مەحکووم بەسێدارە، بەناوەکانی عەلی ئەفشاری، یونس ئاقاییان، سیروان نژاوی، حەبیب ئەفشاری و ئیبراهیم شاپووری، لە رۆژی رابردوویەوە رەوانەی شوینێکی نادیار کراون.

سامان نەسیم خەڵكی شاری مەریوان لە ساڵی ١٣٩٠ لە ناوچە سنوورییەكانی سەردەشت دەستبەسەركرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لە گرتنگەی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای ورمێ‌لە ژێر ئەشكەنجە و فشاردا بووە و دواتر گۆازرایەوە بۆ زیندانی مەهاباد.

ئەو لاوە كوردە كە لەكاتی دەستبەسەركرانیدا تەمەنی كەمتر لە ١٧ ساڵ بووە بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە حیزبێكی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و “موحاربە” لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سێدارە حوكم درا و ئەو حوكمە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاواوەوە و دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتراست كرایەوە.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی