"an independent online kurdish website

لە کۆڵانێکی سەرپەڕی شار کیژێکی بە دەزگیران و نازدار بێ ئاگا لە هەڕەشەو کێشەکانی دەرەوەی ماڵ بەدەم گوڵدۆزییەوە بیری لە دەزگیرانەکەی ‘شەماڵ’ دەکردەوە8y_mars-

کە ماوەیەک بوو بە تۆمەتی نووسینی وتارێکی ڕەخنەگرانە لە دەسەڵاتدار دەسبەسەر کرابوو. بیر لە شەوانی جێژوان و دەورانی خۆشی دەزگیرانەتی، لەنێو گوڵزاری خەیاڵدا هێمنایەتی بەجەستەو رەوانی دەبەخشرا. بێ سەبرانە لە چاوەڕوانی ئەو رۆژەدا بوو،’شەماڵ’ لە بەندیخانە بەربێ و پاشان پێکەوە کۆشک و تالاری ژیانی هاوبەشی بڕازێننەوە، بەڵام هێشتا لە بیرۆکەکەی نەببووە، لە نەکاو لە دەرەوەی ماڵ دەنگی غەڵەبایەک هەودای خەیاڵی پساند، بەدوای ئەودا تاقمێک چەکداری ردێندرێژی گرژومۆن بەبیانوونی گرتن و ڕاونانی دژە شۆڕش خۆیان بە ژووری حەوشە داکرد.

‘سۆما’ بەتەنێ لە ماڵ بوو. بابی کابرایەکی کاسبکار بوو. دایکی بۆ کڕینی پێداویستی یەکانی ماڵ چوو بووە نێوشار. دوو برای لەخۆ گەورەتریشی لە ترسی زەبروزەنگی نەیار لە ماڵ ڕایانکرد بوو، پەنایان بۆ هەندەران بردبوو.

سۆما بەسەرسامی دەرپەڕی یەدەر! چەکدارەکان بەدەم هەڕەشەوە دە ژووریان کردەوە. هەموو سەرکۆڵان و سەربانی ماڵەکانی گەڕەک گەمارۆ درابوون. چەکدارەکان دڕو هار لە سەربان و کۆڵانی ماڵان سەرو خواریان دەکرد. هەرکەسێک بە دەرەوە بایە بە زەبری شەپ دەژووریان دەکردەوە! 

لەم کاتەدا چەکدارێک کە دیار بوو فەرماندەرە لە سۆمای وەژوور کەوت. سۆما لە نێوەڕاستی ژوورێ بەنیگەرانی ڕاوستابوو، بەترسەوە چاوی دەکابرای بڕیبوو! کابرا لێی نزیک بووە بۆ چەند چرکەیەک بە نیگایەکی حیزانە تێیەوە ڕاماو لەبەرخۆوە زەردەیەکی هاتێ.

سۆما بە نائاسایی ڕوانینەکەی کابرا ترساو کەمێک بەرەو دوا کشایەوە. بەڵام کابرا زیاتری لێ چوویە پێش و بە سەری دوو قامکان چەناگەی گرت و سووکێک ڕایتڵەکاند، هاوکات لە بن لێوانیشدا ورتەیەکی هات. ئەوسا دەستی بەردێنی داهێنا و لە ژوور وەدەرکەوت، لە نێو حەوشە لەگەڵ هاوڕێیەکی ڕاوەستاو بۆ تاوێک کەوتنە سرت و خورت.

سۆما بە دوای چوونەدەرەوەی کابرا، تۆزقاڵێک سوکنایی بە دڵدا هات و بەخۆی گوت:

“ـــ نا باوەڕ ناکەم بیری چەپەڵیان لەخەیاڵدا هەبێ!؟ هەرچیک بێ ئەوانە ئیماندارن و پارێزگاری لە شەرەف و نامووسی ئەم عالەمە دەکەن! بەڵام هێشتا لە بیرۆکەکەی نەببووە گوێی لێبوو کابرای بەرپرس دەنگی هەڵێنابوو بە هاوڕێیەکەی دەگوت:

  “ـــ لە چ سڵ دەکەی ترسەنۆک! وەرە بە دوامدا!؟ کوردان موسڵمان نین! عومەری، یەزیدی و شەیتانپەرەستن! بەپێی شەرع هەرچی بەسەریان بێنی حەڵاڵە!”

ئەوسا کابرا زەلامێکیش بەدوایەوە سەرلەنوێ بەرەو دیوی سۆما گەرایەوە. سۆما بەهۆی خۆ بەژوور داکردنی دوو پیاوی غەوارە، چاوی بە مۆڵەق وەستان! لەبەر بی دەسەڵاتی و نەبوونی ڕێگای دەرباز بوون بە دەنگێکی کزەلۆکەوە هاواری کرد:

“ـــ شەماڵ! دایە!؟ ئەی هاوار بە فریام بگەن!!…”

دوو پیاوی ڕدێندرێژ بێ گوێدان بەهاوارەکەی سۆما بەپەلە شەڵوارەکانیان داکەند، زۆر چڵێسانە پەلاماریان بردە سەرو پڕیاندایە سنگ و بەرۆکی!

سۆمای لە داو کەوتوو، بێ ئەوەی بتوانی هیچ دژ کردەویەک لە خۆ نیشان بدا و لە بەردەستی دوو پیاوی بەهێز وەک مەلێکی باڵشکاو دەلەزی و هەرچی خۆی ڕاپسکاند دەروەستیان نەهات. کاتێک وەئاگا هاتەوە لیباسی بەری هەموو هەڵتڵیشاو خوێن و ئازارێکی قورس لەشیان داگرتبوو…

 پیاوانی رێژیم پاش هێندێک هەڕەشە کردن بێ ئەوەی شەرم بیانگرێ لێیاندا، رۆیشتن! کۆڵان کەوتەوە جمووجۆڵ. ژن و منداڵ سەریان لە ماڵان وەدەرناوە. سۆما بەدوای ئەم کارەساتەدا مەرگی بە ئاوات دەخواست و پێی خۆش بوو بە گوللەیەک کوژرابایە، بەڵام ئەم ئەتکەی بەسەر نەهاتبایە! چونکە ئەو باش دەیزانی لە وڵاتێک کە بەجێی یاسا زۆرداری حاکم بوو، پەنابردن بۆ لای داد نەک هەر هیچ داکۆکێک لە لێقەوماو ناکا، سەرباقی دەبی چاوڕوانی کردەوەی زۆر مەترسیدارتریش سەبارەت بەخۆی و خزمانی بێ!

لەلایەکی دیکەوە سۆما دەزانی لە نێو کۆمەڵگای دواکەوتوودا هیچ هێزێکی مرۆڤ دۆستانە نییە کە لە رۆژێکی ئەتۆ کارەساتبارو قێزەون دا بەڕاشکاوی بێ دەستی یارمەتی بۆ لای مافخوراو دریژ بکا!!

سۆما بە کوڕەکوڕ خۆی گەیاندە نێو حەوشە، لەجیات ئەوە پەنا بۆلای دراوسی یەکان بباو کارەساتەکە بە دژی تاونباران لە قاو بدا، بەپێچەوانە لە ترسی ئابروو چوون و زمانی ژەهراوی نەیارو دەرو دراوسێ، زۆر بەپەلە شوێنەواری تەجاوز بۆ سەر خۆی پووش بەسەر کرد و بەشێوەیەکی کاتی بێدەنگی هەڵبژارد!!

سۆما کەسایەتێکی تایبەتی هەبوو، ئەو لەو کەسانە نەبوو بتوانێ بە دڵدانەوەیەک کارەساتێکی ئەوتۆ قێزەون و گەورە لەبیر خۆ بەرێتەوە، ئەو بە دوای ڕێگا چارەیەک دەگەڕا کە بتوانی بۆ پاراستنی ئابڕووی خۆی و  بنەماڵەکەی تاکو ئەو رۆژەی حەقی خۆی دەستێنێتەوە لێو نەکاتەوە!

دایکی لە بازاڕ گەڕاییەوە، هەر لە سەری کۆڵانەوە بەبیستنی هاتنی چەکداری نەیار و گەڕان و پشکنینی ماڵان، دڵی خەبەری ناخۆشی دا! هێشتا نەگەیشتبووە بەر دەرگای ژوورێ بەسەرسامی ئەوەی بەدڵی دا هاتبوو بە ئاشکرا لە ڕنگ و ڕووخساری ئاڵۆزی کیژەکەیدا بەدی کرد! بەپەلە شتەکانی دەستی داناو پرسی:

“ـــ کچم چ قەوماوە!؟”

نزیکترین ڕازداری هەر کیژێک دایکە! سۆما لە پێشدا وەڵام بە فرمێسک و لەخۆدان و ئەوسا پاش گەرمەشین و شیوەنگێرانێکی دڵهەژێن زمان بەلاڵەپەتە کەوتە گەڕ، دایکی لە چونیەتی بەسەرهاتەکە ئاگادار کردەوە.

دایکە بەبیستنی ئەم هەواڵە ئابڕووبەرەیە، لە حەژمەت بێ دەسەڵاتی و قودرەت پێ نەشکان بە زۆردار! تاب و توانای بەسەر پێوە ڕاوەستانی نەما و لە حاستەخۆ ئەژنۆکانی چەمایەوەو بەسەر دەم بە هەردەوە مەلۆس بوو. ئەویش پاش چەند رۆژان بێ سەرو زمان لەسەر جێگا کەوتن لە خەتان دیق مەرگ بوو!

سۆما بەدوای مەرگی دایکیدا ئەوەندەی دیکە خەم و پەژارە باڵی بەسەردا کێشا، دەرد و مەینەت بە سەر یەکدا کەڵەکە بوونەوە. باب و کەسوکاری نزیک بێ ئاگا هەرچی سۆمایان ئامۆژگاری کردو دڵیان دایەوە، هەوڵەکانیان بێ ئاکام بوو.

سۆما هاتبووە سەر ئەم باوەڕە، درکاندن و پێ زانینەوەی کەسووکار لە چۆنییەتی تاوانەکە نەک  هەر باری مەینەتیان لە سەر شان سووک نە دەکرد، بەڵکو ئەو تاوانە وەک پەڵەیەکی ڕەش بۆ هەتاهەتایە بەسەر نێوچاوانی یەوە دەمێنێ!

سۆما لە ماڵێکی ساردو بێ تیندا لەگەڵ باوکێکی پیرو شکەستە هاوەدەم بوو. ماڵێک کە یەکدا بە دوو شیرازەی ژین و ژیوار تێیدا باری کردبوو. باوکێک کە لە ژێری کۆڵەباری خەم و خەفەتی لە دەستچوونی خێزانەکەی، لە حەسرەت پەرێشانی وڵات و ئاوارە بوونی کوڕەکانی و خەم داگرتنی تاقە کیژەکەی وەک پاپۆڕێکی شکاو لە نێو دەریایەکی تۆفانی دا هەر جارە بەدەم تەوژمی شەپۆلەکانەوە بەرەو لایەک تووڕ دەدراو پارچەیەکی لێ دەبوویەوە. ئێواران کە دەگەڕایەوە ماڵ بێواز و تەمابڕاو لە ژیان بە بێدەنگی لە سووچێک پاڵی دەدایەوە و چاوی دە کیژە دژداماوەکەی دەبڕی. 

سۆمای شۆخ و شەنگ بە هۆی ئەو کارەساتەی بەسەری هاتبوو، ژیان بەجارێک ڕووی لێ وەرگێڕابوو، بێ حاڵ و گیژ نێو کاسەی سەری وەک هێلانەی هەنگ دەنگی دەدایەوەو نێو دەمی ژەهری لێ دەچۆڕایەوە! ئیدی بیرکردنەوە لە گوڵدۆزی، جیاز، رۆژی بووکێنی، دەزگیرانەکەی و باقی حەزو ئاوتەکانی هەر هەموو لە نێو دڵ و دەرونی شێواوییدا ببوون بە کۆڵەبارێک لە بوغزو داخ!… شەوانە تاکوو بەرەبەیان بەدەم بێدەسەڵاتی  خۆییەوە دەست بە ئەژنۆ لە سەر جێگایەکەی هەڵدەکورماو جارناجار وەک شێتان بە هەر دووک دەستتان توند ئەوکی خۆی دەگوشی و سەرەنجام چەند دڵۆپ فرمێسک نێو پەنجەکانی تەڕ دەکرد، بە خۆی دەگوت:                               

 “ـــ سەیری ئەم بێدادییە!؟ لەم وڵاتە بەڵا لێدراوەدا ژن بێ بەزەیانە دەکەوێتە بەر دەستدرێژی پیاوانی سەرەرۆ و ملهور، بەڵام ژنی لێقەوماو بەڕاشکاو ناوێرێ بەرگری لە مافی خۆت بکا ؟! تەنانەت لەکاتێکی ئاوادا خزم و کەس بەجێی ئەوە یارمەتیدەر و پشتیوان بن، لە پێشدا بە پەڕۆیەک بەر دەمیان دەگرن و دەفیکری شەڕەف و نامووس چوونیان دەکەون! یان بۆ خۆ دەربازکردن لە ژێر باری بەرپرسایەتی قۆڵ بۆ کوشتن بێ سەرو شوێن کردنی لێقەوماوان هەڵدەماڵن!

ژن بوون لە نێو ئەم ولاتەدا تاوانە! ژن قوربانی دەستی بێدادی و نابەرابەرییە! ویژدانەکان لە حاندی ستەم لە ژن جووڵەیان لەبەر نایە! بەڵام لەجێدا رێگای دەرباز بوون لە تاوان، بۆ دزانی ماڵ و نامووسی خەڵک هەمیشە ئاواڵەیە!… ئەی هاوار کوا ویژدان!؟ کۆا ئینسانییەت و هەستی مرۆڤایەتی بێ ببینی چۆن داد لە قوڕگی منی زوڵم لێکراودا خنکێندراوە!

لێ گەرێ با ئەم تاریکستانە هەر خۆم تییدا بژیم! دڵبریندار کردنی باب و برا و ئەویندارەکەم هیچ شتێکم بۆ ناگێڕێتەوە. من شووشەیەکی پاک و خاوێن بووم، بەدەستی پیاوانی هەست گڵاوی حکومەتێک کە لە ژێر باڵی ئاییندا خۆی بە پارێزەری گیان و نامووسی میلەتێک دادەنی! شکاو و توڕ دراوم!… ئاخ شەماڵ گیان! چەندەت شایی بەخۆ بوو! دەتویست پاش تەواو کردنی زانکۆ لە نێو کۆڕی ئاواڵان زەماوەندێکی پڕ لە جۆش و خرۆش بگێڕین!؟ ئاخ دایەگیان!… دایە دیق مەرگ بوونی تۆ بۆ من سەت ئەوەندە قورستر لەو سووکایەتییە کە پێمکراوە! بابە گیان ئەگەر بزانییەوە چیان بەسەر کیژەکەت هێناوە، ئەتۆش جیبەجێ بە دەرد دایکم دەچی! ئاخ بابە گیان!…”

شەماڵ لە زیندان بەر بوو، یەکەم شوێن کە سەردانی کرد لای دەزگیرانە نازدارەکەی بوو، بەڵام هەر لە یەکم نیگادا مژدەی گەڕانەوە بۆ باوەشی یاری لێ بوو بە دیدارێکی تفت و تاڵ! سۆما بێوازو ژاکاو وەکو پەیکەرێکی بێ گیان ڕوو بە ڕووی ڕاوەستابوو. شەماڵ بەواقوڕماوی لێی چووییە پێش، دەستی لە مل کرد و دواندی، بەڵام سۆما گەرموگوڕی و شیرن زمانییەکەی جارانی نەمابوو. چاوەکانی وەک چاوی مەڕی سەربڕاو زەق دەچوویەوە و لاکەی سەری دەهات!

شەماڵ هۆی سارد و سڕییەکەی سۆمای بۆ مەرگی دایکی گەراندەوە، پاش هێندێک دڵدانەوە مزگێنی نزیک بوونەوەی رۆژی زەماوەندی پێ ڕاگەیاند. پاش ئەم سەردانەو چەند سەردانی دیکە، هەرجارە کە وادەی زەماوەندەکەیانی لە سۆما دووپاتە دەکردەوە، هەموو جارێ لەگەڵ وشەی نا، وەڵامی بێ سەرەوبەرە ڕووبەڕوو دەبووییەوە.

 شەماڵ لەم خافڵاندنەی سۆما بە تەواوی وەڕەز ببوو، تاکو پێدەچوو بیرێکی تەم و مژاویی مێشکی دادەگرت، بەشێوازێک بیرو هزرەکانی لێ ببوون بە دوو کەرت، لایەکیان بەدوای بنیادنانی دنیایەکی ئارام و خۆش بۆ ژیانی هاوبەشیاندا دەگەڕا، لایەکەی دیکەش وەکو فەرهاد کێوهەڵکەن سەرهەڵگرتن بۆ نێو کێوو بەندەنان بوو. بەلام سەرەڕای ئەو هەموو کۆسپە چاوەڕوان نەکراوانەی لەلایەن سۆماوە بۆی هاتبوونە پێش، دیسانیش بە بارتەقایی زەڕەیەک لە حەزو خۆشەویستی یەکانی سەبارەت بە سۆما کەم نەببووە، بەلکو بەردەوام بەگیان و دڵ خۆشی دەویست و خەمخۆری بوو.

شەماڵ پاش ماوەیەکی زۆر سەبر کردن بۆ دواین جار بەمەبەستی یەکلا کردنەوەی رۆژی زەماوەندەکەیان سەردانی لای دەزگیرانەکەی کرد. بە دەم سکاڵایەکی نەرم، تێکەڵ بەخۆشەویستی سەری قسانی دامەزارند و گوتی:

ـــ سۆما من تاکو ئێستا بێجگە لە خۆشەویستی هێچ کارێکی تێکدەرانەم سەبارەت بەتۆ نەکردووە، بەڵام سەرم سوڕماوە و نازانم تاوانم چییە ئەتو ئاوا بێ بەزەیانە لەگەڵم هەڵسوکەوت دەکەی و لالووتی؟!

سۆما بە دەنگێکی لەرزۆکەوە وەڵامی دایەوە:

“ـــ نا شەماڵ من لە تۆ لالووت نیم! من لە دەست بێ بەختی خۆم بێزارم!”

شەماڵ گوتی:

ـــ بێ بەختی تۆ چیە، پێم بڵی؟! تۆ بە ئاشکرا کردەوەت ڕوو بە من گۆڕاوەو ئیدی وەک جاران لە نێو قسەکانتدا وشەی هومێد بەخش نابیسم؟! نێو پەنجەکانت ساردن و گەرمایی جارانی تێدا هەست پێ ناکەم!؟ قسە مەگۆڕە و بەسە!  ئیدی چیتر تاب و توانی دیتنی ئەم بێ مێهرییەی تۆم نییە! دەبێ هەر ئێستا و ئەلێرە دلنیام بکەیەوە! کەی رۆژی زەماوەندمانە!”

سۆما تەمابڕاو داماو لە ژیان سەری داخستبوو، نەیدەزانی چ بکا و چ بڵی! لەلایەکی دیکەشەوە فریودان و درۆ کردن لەگەڵ یارەکەی پێ کارێکی نەشیاو بوو. بەڵام شەماڵ لە سۆنگەی ئەو بێ دەنگییەی سۆما بە تەواویی بێزار ببوو. چەندجاران هەستا لێدا بڕوا، بەڵام هەر جارە لە رقی خۆی پاشگەز دەبوویەوە، سەرەنجام ڕووی هەڵبڕییەوە لای سۆماو گوتی:

ـــ ئەتۆیەک ماوەی چەند ساڵان سەبرت کردو ڕاوەستای تاکو من زانکۆم تەواو کرد. ئەو هەموو سەبرەت کرد تاکو لە بەندیخانە ڕزگاریم هات. سەرڕای ئەوە تۆ لە تەواوی ماوەی ئەو چەند ساڵانەی دەزگیرانم بووی لێبڕاوانە یاوەرو هاندەرم بووی و بەداییم ڕووگەش و خۆشبین بەداهاتوو بووی؟ بەڵام ئێستا کە لە پەنات دانیشتووم، نابێ بزانم چ قەوماوە کە ئاوا سادەو ساکار بڕیار بۆ ڕووخاندنی لانەی بەختەوەریمان دەدەی! ؟

سۆما کەوتبووە مینگەمینگ واتای قسەکانی نادیار بوو! شەماڵ بڕیاری خۆی دابوو، دەویست تاکو هەموو شتێک یەکلا نەکاتەوە نەروا. پێی داگرت و گوتی:

ـــ سۆما مینگەمینگی پێناوی! من هەر ئێستا وەڵامی کۆتاییم دەوێ! دەنا وا سەری خۆم هەڵدەگرم بۆ شوێنێک کە دوایە کەس بەشوێنم نەزانێتەوە!

 سۆما خۆی گرمۆڵە کردبووە بەدەم فرمیسک ڕشتنەوە بەدوای وەڵام دانەوەیەکی بەجێدا دەگەڕا. پاش تاوێک بێدەنگی هەناسەیەکی بەرزی هەڵکێشاو گوتی:

“ـــ شەماڵ من بەدڵ و گیان هەستت پێ دەکەم! قسەکانت ڕاستن و دەشزانم چ دەکێشی! تکات لێدەم هەر نەبێ ماوەیەکی دیکەشم مۆڵەت بدە!”

 شەماڵ بەدەنگی بەرز گوتی:

_ باشە چەندەی دیکە ڕاوەستم؟! لەبەرچی ڕاوەستم؟ خۆ دەبێ هۆی ڕاوەستانەکەم پێ بڵێی؟

سۆما سەری داخستبوو لەگەڵ خۆی کەتبووە قسەکردن:

“ـــ چم هەیە پێی بڵێم؟ من کچێکی ئەتک پێکراوم! پەردەی کچێنیم بە دەم کەمتیارانەوە ڕۆیشتووە! بێ تاوان بوونی من لەلای هیچ کەسێک ناسەلمێندری. کێ بیر لەوە دەکاتەوە و لێم دەسەلمێنێ من لە ماڵی خۆمدا بە دەستی پیاوانی رێژیم واتە بەڕێوەبەرانی یاساو ئەمن و ئاسایشەوە دەستدرێژیم کراوەتە سەر؟ خۆ شەماڵ بەدانستە لە ئاسمان نەهاتۆتەخوار، ئەویش زادەو پەروەردەی ئەم ئاوو خاک و کولتورەیە! بێ شک ئەویش وەکو هەر پیاوێکی لووت بەرزی ئەم کۆمەڵگایە بە بیستینی ئەم رووداوە گڵاوەی بەسەر من هاتووە، تەواویی ئەم خۆشەویستی یەی باسی دەکا، وەلای دەنێ و هەڵدەستێ پاش دوو تف دەڕوو کوتان لێدەدا دەڕوا!”

 سەرەنجام سۆما سەری هەڵێنا، ڕەنگ زەردو داماو بەدەنگێکێ پچرپچروە گوتی:

_ شەماڵ! ئەوەی ڕاستی بێ من بەکەڵکی تۆ نایەم! من کیژێکی دڵ و جەستە شەمزاوم!  من بەکەڵکی تۆ ناییەم؟!

شەماڵ بە سەرسۆڕمانەوە پرسی:

ـــ چی؟ بەکەڵکی من ناییەی!؟

سۆما کەمێک بەدەنگی بەرز گوتی یەوە:

ـــ بەڵێ بەکەڵکی تۆ ناییەم! تۆ کورێکی جوان و شایستەی، قامک بۆلای هەر کچێک ڕادێری شووت پێدەکا! داهاتوو هی تۆیە!… بڕۆ کیژێکی پاک و لایق بۆ ژیانی هاوبەشی خۆت بدۆزەوە!!… دیسان شیوەن و گریان…

شەماڵ لە واتای قسەکانی سۆما تێ نەدەگەیشت. لە حاڵێکدا دەمی لێ ببوو بە تەڵەی تەقیو، بە دەنگێکی کەمێک نزمەوە گوتی:

_ کیژێکی پاک و شایستە! بۆ ژیانی داهاتووم؟! سۆما دڵنیای تێک نەچووی؟ ئەو قسەی بێ سەرەو بەرەیانە چن!؟ بۆ بکاری من ناییەی!؟ مەگەر دەکرێ پاش ئەو دەورانە دوورو درێژەی پێکەوە دەزگیران بووین، ئێستا هەروا سادەو ساکار بەبێ ڕوون کردنەوە لێدەم بڕۆم! باشە وەڵامی دایک و باب و ئاواڵانم چ بدەمەوە!؟ هااا! دەپێم بڵێ!؟

سۆما پاش هێندێک بیر کردنەوە بەخۆی گوت:

“ـــ ڕەوا نییە لەوە زیاتر ئەویندارە ئازیزەکەم ئازار بدەم و لەسەر دوو ڕێیانێک بەبێ وەڵام بی هێڵمەوە. دەست ڕاگرتن و دەم بەستن هیچ دەردێک لە من دەرمان ناکا. چارەنووس بۆ من تەنیا خۆکوشتنە! باشترە ئەوەی بەسەریان هێناوم ڕێ و ڕاست بۆی بگێڕمەوە! با لە پاش مەرگم شەماڵیش بزانێ هۆی خۆم کوشتنەکەم لە سۆنگەی چ بووە.”

سۆما چاوی نووقاندو جەستەی گەرم داهات ئاواتی ژیانی هاوبەشی، ماڵی ڕەنگین، بەرهەمی منداڵ و نەوەی داهاتوویی بەتەواوی لە بیر خۆ بردەوە، زمان بە پچڕپچڕ کەوتە گەڕ:

ـــ شەماڵ ئازیزەکەم باش گوێم لێ ڕاگرە! ڕازێکە دەمەوێ بۆت بگێڕمەوە، بەڵام دەبێ لە پێشدا سوێندم بۆ بخۆی لە هیچ جێگایەک ئەم ڕازەی من نەدرکێنی و تەنیا وەک نهێنی لەلای خۆت پارێزراو بمێنێتەوە!”

شەماڵ بەپەلە گوتی:

ـــ بڵێ بزانم چت لێ قەوماوە!؟ بلێ!

ـــ لە پێشدا سوێند!

_ ئەی هاوار مێشکم تەقی! خێرا قسەکەت بڵێ و ڕزگارم کە!

ـــ نا لەپێشدا سوێند!

ـــ باشە سوێند بە کورستان! زوو قسەکەت بکە!

سۆما بەدەم گریانەوە گوتی:

ـــ من ئەو داوێن پاکی یەی دەبووایە بۆ شەوی بووکێنیم ڕاگرتبایە چەند رۆژ پێشی مەرگی دایکم لەم ماڵەی خۆماندا بە زۆر لاقەم پێکرا! ئێستا من کیژێکی ئەتک پێ کراوم… تێ گەیشتی!؟

شەماڵ بەبیستنی ئەم هەواڵە سەری دەگێژەوەهات، دەستی بە نێوچاوانی گرت و بە دەنگێکی کزو لەرزۆکەوە پرسی:

ـــ کێ؟ کێ؟ کێ سۆما!؟

سۆما لە حاڵێکدا بە چەپۆکان بە سەری خۆی داداو مووی سەری خۆی دەڕنی، پەیتا پەیتا دەیگوت:

ـــ پیاوانی حکوومەت!!

شەماڵ بە سەرسامی هەستاو بە دەنگی بەرز نەڕاندی:

ـــ دەستدرێژی!؟ واتە دەستدرێژی لەلایەن ئەو کەسانەوە کە شەو رۆژ باس لە شەڕەف و نامووس پارێزی دەکەن؟!… دەستدرێژی نامووسی لەلایەن ئەوانەی خۆ بەجێنشینی ئیمامەکان دادەنین؟ ئەی هاوار؟!…

ئەوسا پاش تاوێک ڕامان بەسەر لێشێواوی قەدەرێک بە دەوری خۆیدا سووڕا! لەپڕ بەرەو دەرگای حەوشە ڕۆیشت. کۆڵان چۆل و بێدەنگ بوو، دەتگوت گەڕەک زیندەوری تێدا نەماوە! بەپەلە هەنگاوی نایە نێو کۆڵان، وەک شێتان چەند هەنگاو دوور کەوتەوە و لە نیوەی ڕێگایەدا هەڵوێستە یەکی کرد. بەدەم بۆڵەبۆڵەوە بەرەو شوێنی نادیار مستەکانی نووقاند لێکدا لێکدا وشەگەلێک کە واتاکەیان ڕوون نەبوو دووپاتە دەکردەوە…!

سۆما بەدوای خۆشەویستەکەیدا وەک سەرخۆشان هەستا بەپێخواسی ڕایکرد، گەیشتە بەردەرگای حەوشە وەک پەیکەرێکی نیوەگیان ڕاوەستا و چاوی دەزگیرانەکەی یەوە بڕی کە لەبەرچاوی وەک باڵندەیەک دەفڕی و باڵەکانی دەبەستران و دەکرانەوە، وردە وردە لە نێو پێچی ماڵاندا لەبەرچاو ون بوو. ئەوسا بەتەمابڕاوی گەڕاوە دوا، بەڕاکێش ڕاکێش خۆی گەیاندە سەر لێواری چاڵاوی حەوشەکەیان نە قەدەمێک بۆ پێش و نە هەنگاوێک بۆ دوا توندو قایم لە سەر پێ چەقی! سەری دەکێژەوە دەهات، دارو دیوار بە دەوری سەریدا دەسوڕان! چاڵاوەکە وەک باقۆ زاری کردبووە خێسەی لێدەکرد! هاتبوو بۆ ڕەهایی لە چنگ ئەم ژیانە نەگبەتەییەی بۆیان خوڵقاند بوو سەراوبن خۆی دەنێو چاڵاوکە باوێ… لەپر دەستێکی بە هێز خۆی گەیاندێ و گورج ئامێزی پێداگرت، سووکێک  بەسەر زەویدا بەلایدا خست.

سۆما بێ حاڵ کەم هێز وەک ماسی یەکی لە زریا  دوور کەوتوو دەمی ئاواڵە، بەزەحمەت ترپەی دڵی هەست پێدەکرا، پاش تاوێک ئارامگرتن لە ئامێزی شەماڵدا لەسەرەخۆ چاوەکانی هەڵێنا.

شەماڵ دەم لەسەر گۆنای سۆما لەحاڵێکدا هێدی هێدی سوێرایی فرمێسکی سەر ڕوومەتی بەلێوان دەلستەوە، دەگوێی دەچپاند:

ـــ سۆما گیان من گیانبەختکەرێکی ڕێگای ئەوینتم! ئەو دەستکەوتە بایەخدارانەی لەبن سێبەری نەونەمامی ئەویندا وەدەستم هێناون، قەت نامەوێ بەبێ بەها لە ژێر پێ بندرێن! سۆما تۆ بێ تاوانی!… ئەم دەستدرێژی یەی هەر بە تەنیا بە تۆ نەکراوە، بەڵکو تەجاوز بۆ سەر هەموو ئەخلاق و پرینسیب و ڕەویشتە بەنرخەکانی ژیان و ژیواری مڕۆڤاتی کراوە!

 ئازیزەکەم! پەلەقاژەکەی ئێستای منیش لەبەر بێ دەسەڵاتی یە!! چاوەکەم! ژیان بەبی تۆ بۆ من بێ واتایە و توند لە ئامێزم بگرە! با ئەم گێژاوە منیش لەگەڵ خۆی ڕانەماڵێ! دڵنیابە نایەڵەم مافت زایە بێ و  فیداکاری خۆمت بۆ دەسەلمێنم!… سۆما بزەی کەوتە سەر لێوان و کوڵمەی سوور هەڵگراوە…

***

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی