حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەبەرامبەر هێرشی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی قەزای کۆیە بۆ سەر سەرەکیترین بارەگای ئەو حیزبە لە باشووری کوردستان هەڵوێستی خۆی راگەیاند.
ئەو حیزبە دەشڵێ بەپێی رێکەوتنێک کە 23 ساڵ پێش لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی باشووری کوردستان کردوویەتی، ئەرکی بەڕێوەبەری و پاراستنی ناوخۆی بنکەکانی لە ئەستۆی ئەو حیزبەیەو و هەر هێز یان کەسێک کە بیەوێ بچێتە نێو بارەگانیان دەبێ لەوان مۆڵەت وەربگرێت، بەڵام قایمقامی کۆیە رایدەگەیێنێ ئەو رێککەوتنە سیاسییە و بەشی دادوەری ناگرێتەوە.
چوونی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی کۆیە بۆ بارەگایەکی حیزبی دیموکرات بێ ئاگادارکردنەوەیان، ناڕەزایەتی لێکەوتەوە. ئەندامانی ئەو حیزبە دەڵێن بەدوور لە پرەنسیپەکان هێرشیان کراوەتەسەر. ئەو کەسانەشی کە تووندوتیژییان بەرامبەر کراوە، دەڵێن دادگا و ئاسایش سکاڵایان لێوەرناگرێت. بەڵام حاکم هیمداد مەجید، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای کۆیە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند تاوەکو ئێستا هیچ کەس نەهاتووە سکاڵا تۆمار بکات، “هەر کەسیش دێت دەرگا کراوەیە”.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت ترسی لەوە هەیە، هەڵکوتانە سەر بارەگاکانی ببێتە نەریتێک و دژبەرانی ئەو حیزبەش لەو نەریتە کەڵک وەربگرن.
لە هەشت ساڵ پێشەوە کە ریزەکانی حیزبی دیموکرات تووشی لێکترازان بوو، سێ بنکەی ئاسایشی باشووری کوردستان لەنێوان بارەگاکانی دوو لایەنی حیزبی دیموکرات دانراون. بەرپرسانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش دەڵێن چیدیکە هەبوونی ئەو بازگانەی ئاسایش لەنێو بنکەکانیان پێویست نییە و داوای لابردنیان کردوون. لەبەرامبەریشدا قایمقامی کۆیە دەڵێت هێشتا ئەوەی لەگەڵ باس نەکراوە و ئاگاداری نیگەرانی دیموکراتەکان لەو بارەوە نییە.
23 ساڵ نیشتەجێبوونی حیزبی دیموکرات لە دەشتی کۆیە، هەوراز و نشێوی زۆری تێدابووە. ئەندامانی ئەو حیزبە دەڵێن لەو ماوەدا چەندین کەسیان تەنانەت لەنێو بازگەکانیشدا لێ تیرۆر کراوە و هێزەکانی سوپای پاسدارانیش تاوەکوو بەرزاییەکانی ئەو شارە هاتوون و لەوێ بۆردومانیان کردوون. ئەوان دەڵێن تەنیا بەرژەوەندی نیشتمانییە کە سینگی بە جۆرێک فراوان کردوون کە بتوانن لە بەرامبەر ئەوجۆرە هەڵسوکەوتانەدا، تەنیا چاویان لە داوای لێبوردنکردن بێت.
هەر لەم بارەوە
سه‌رۆكی هه‌رێم لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ی كۆیه پێكده‌هێنێت
خه‌ندان- سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌رۆكی هه‌رێم بڕیاری داوه لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه پێكبهێنریت له‌سه‌ر رووداوی چوونه نێو كه‌مپی كوردانی رۆژهه‌ڵات له‌لایه‌ن ئاساییشه‌وه له شاری كۆیه.
فوئاد حسێن، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، به ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگه‌یاند: “سه‌رۆكی هه‌رێم بڕیاری داوه لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه پێكبهێنریت له‌سه‌ر رووداوی چوونه نێو كه‌مپی كوردانی رۆژهه‌ڵات له لایه‌ن ئاساییشه‌وه له شاری كۆیه”.
سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان وتیشی: “پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه له‌و رووداوی چوونه نێو كه‌مپی كوردانی رۆژھه‌ڵات، له‌لایه‌ن ئاساییشه‌وه له شاری كۆیه، به مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌یه له رووداوه‌كه و گه‌یشتنه به راستییه‌كان له زووترین كاتدا”.
پ.ز
…
بابەتەکانی پەیوەندی دار