کاک ئەبوو کەریمی یەکێ لە هاورێ بەرێزەکانمە لە ناو حیزبی دیموکرات دا و بە بۆنەی شارەزایی لە سەر مێژووی کۆنی کوردەواری هەمێشە جێگای ریزی تایبەتە بۆم و بەو ناسینەش کە لە ناخی ساغ و بێ گرێی ئەو مرۆڤە هەمە دڵنیام ئەم نووسینە هەر بە هەمان شێوەیە ئەخوێنێتەوە کە دەبێ بیخوێنێتەوە.
لێرەدا ئەگەرچی بەرنامەی ئەو تلوێزیونە بوەتە هۆکاری سەرەکی ئەم بابەتە بەڵام مەسئەلەکەی تەنیا لەوەدا قەتیس نەکراوەتەوە و هەوڵ داوە هەنگاوێک ئەولاتر بنرێت و جیاوازی پێناسەی نەتەوە لە دوو بەرەی جیاوازدا دەست نیشان بکات، بۆیە لە سەرانسەری ئەم دەقەدا وشەی “من” بە مانای نەوە و بەرەی منی نووسەر هاتوە (ئەوانەی کە لە سەردەمی شەڕی سنە و دوای ئەوە یان منداڵ بوونە یان هەر لە دایک نەبوونە) و لە بەرانبەردا وشەی “تۆ” بە مانای نەوە و بەرەی کاک ئەبوو کەریمی (واتە ئەو کەسانەی کە تێکەڵاوی شٶڕش بوون بە هەر رێبازێک و بیر و بۆچوونێکەوە و رۆڵیان گێڕاو و ئێستاش هەر دەسەڵات و چارەنووسی شۆڕشی کورد لە دەستی ئەوان دایە) . بۆیە ئەم من و تۆیە من و تۆیەکی گشتیە و بە پێچەوانەی من و تۆکەی ئەو تلوێزیۆنە، من و تۆیەکە کە هەر دوو لایەنی کوردە بەڵام تا دێت پێناسەکانیان و روانینەکانیان لە یەک دوور ئەبێتەوە و دیارە ئاساییشە، تۆ هەڵگری هێندێ ئەزموون و جیهانبینی تایبەتی کە من نەمبوە و منیش بە هەمان شێوە هەڵگری هێندێ ئەزموون و بۆچوون و جیهانبینی جیاوازم کە تۆ نەتبوە.
دوای ئەم روونکردنەوەیە ئەچمە سەر ناوەرۆکی بەرنامەکە کە شەڕێ ٢٤ رۆژەی سنەیە، ئەو شەڕەی کە چەندین تەعبیری جیاوازی لێ کراوە و هەرکەس لە روانینی خۆیەوە تەفسیری کردوە و ئەیکات. ئەوەی لێرەدا و لە بارەی شەڕی سنە بۆ من گرنگە و لە باسەکەی ئەو بەرنامەیەدا هاتە بەر باس ، دوو خاڵە و هەر لە سەر ئەو دوو خاڵەش هەوڵ ئەدەم جیاوازی پێناسەی نەتەوە روون بکەمەوە (دیارە لیرەدا ئەوەی ئەساس دانراوە قسەکانی ناو هەمان بەرنامەیە و مەبەست روون کردنەوەی رووداوە مێژوویەکان نیە بەڵکوو روون کردنەوەی ئەو مانایەی نەتەوەیە کە لە مێشکی بکرەکانی ئەو رووداوگەلە حازر بوە)
لە بەشێک لە بەرنامەکەدا بەنی سەدر ئەڵێ دەنگ دان بەرێوە چوو و شۆرای شاری سنە پێک هات بەڵام نەیتوانی کاری خۆی بکات و بۆشایی دروست بوو و دیارە بۆشایی بە هێز پڕ دەبێتەوە (نقل بە مضمون) و جا لە کاک ئەبوو پرسیار ئەکات بۆ چی لە گەڵ ئەوەی کە شۆرا پێک هاتبوو نەتانتوانی کار بکەن و ئەو مەجالەتان خولقاند کە هێزی نیزامی دەوڵەت واردی ماجەراکە بێت.
لە وەڵامەکەی کاک ئەبوو بینەر بەوە ئەگات کە گوایا هێزی ئەحمەد مفتی زادە هێزێکە کە لە ناوەندەوە تەحمیل کراوە بۆیە لایەنی کوردی واتە حیزب و کۆمەڵە نەیتوانیوە قبووڵی بکات. لە ریوایەتی کۆمەڵەدا حیزب ئەساسەن لە سنەدا پێگەیەکی نەبوە و بۆیە دوولایەن بووە یەکیان کۆمەڵە و یەکیان موفتی زادە . فەرق ناکات کام ریوایەت راست بێت ، مەسئەلە ئەوەیە کە هێزێک بە ناوی هێزی ئەحمەدی موفتی زادە (بە هەر بەکگراوندێکی فکری، بە دڵمان بێت یان نەبێت) لەو شارەدا بە هەر هۆکارێک و بە هەر پاڵپشتیەک حزووری بوە و خەڵکانێکی لە دەوری خۆی کۆ کردوەتەوە کە خەڵکی ئەو شارە بوونە، ئەحمەدی موفتی زادە واقعێکی سەر عەرزی ئەوکاتەی سنە بوە کە هێزی چەپ و کۆمۆنیستی کۆمەڵە یان هەردوو هێزی کۆمەڵە و دیموکرات وەکوو هێزی سیکولار ئەوەیان پێ قبووڵ نەکراوە و بە سادەترین وشە نەیانتوانیوە لە گەڵیان واردی قسەکردن بن یان بە شێوەیەک لە شێوەکان پێکەوە بگونجن کە بە قەولی بەنی سەدر بۆشایی دروست نەبێ.
کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە تۆی کۆمەڵە و ئیسلامی و دیموکراتی ئەوکات کورد بوونت هەمێشە لە پەراوێزی ناوی حیزب و سازمانەکەت دا بوو، تۆ ئەساسەن باوەڕەت بە نەتەوەی کورد نەبوو، تۆ بەشێک بووی لە نەتەوەی ئێران و ئێستاش هەر سووری لە سەر ئەوە کە بەشێک لە نەتەوەی ئێرانی. بۆیە پرستیژ و کەسایەتی نەتەوەییش ئەو پێناسە و بایەخەی لە لات نەبوو کە بتوانی بە هەر شێویەک هەیە کێشەکانی خۆت چارە سەر بکەی. تۆ ئەویتری ئێرانیت بە نزیکتر ئەزانی کاتێ لە ئیسلامی بوون دا هەست بە هاوبەشیت لە گەڵی ئەکرد، یان لە دژە سەرمایەداری بوونی دا هەستت بە هاوبەشی ئەکرد و هەر بۆیە شەڕی لایەنی کوردیت بە ناوی سەرمایەداری ناوچەیی! پێ فەرزتر و لە پێشتر بوو، تۆ لە گەڵ نەتەوەی باڵادەست دا هەستت بە هاوبەشی ئەکرد کاتێ کۆمەڵەت بە تاوانباری شەڕی سنە ناساند لە گەڵ ئەوەی ئەتزانی ئەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی هەبێ بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ خەڵکی خۆی پێویستی بە شەڕ لە گەڵ حکومەتی ناوەند نیە و هەر بۆیە ناتوانێ تاوانبار بێت.
“تۆ” لە هەموو ئەو پێناسەگەلەدا خاوەنی بینینێکی تەواو جیاواز و پێناسەیەکی تەواو جیاواز بووی لە من ، لە منێک کە ئەو کاتە هەر نەبووم یان زۆر مناڵ بووم و کورد بوونم دواتر بە بەراوەردی هەموو ئەم رووداوگەلە فام پێکرد.
من و تۆ هەرگیز یەک پێناسەمان لە نەتەوە نیە کاک ئەبوو، بێژەر لە بەنی سەدر ئەپرسێ گەر کۆمەڵە تەنیا سازمانێکی سیاسی بوو و نوێنەری خەڵک نەبوو چۆن لە ماڵی خەڵک دا رێگەیان بوو و لەوێوە شەڕیان ئەکرد و بەنی سەدر ئێژێ ماڵ هی ئەو کەسەیە کە چەکی پێیە! واتە هێزی کۆمەڵە بە زۆر چوتە ناو ماڵی خەڵک. منی بینەر چاوەڕێم بە توندترین شێوە وەڵامی بدەیتەوە و لە بوونی نەتەوەییت وەک کورد بەرگری بکەی، لەوەی کە کورد لە ماڵی خۆی دا ناتوانێ داگیرکەر بێت (ئەو مانایە کە بەنی سەدر ئەیهەوێ لە مێشکی بینەر دا دروستی بکات) بەڵام تۆ چی وەڵام ئەدەیتەوە؟!
بە هەزار داخی گرانەوە تۆ پشت راستی ئەکەیتەوە بۆی! بۆیە ئەڵێم پێناسەی ئێمە جیاوازە لە نەتەوە، من لەو وەڵامەی تۆ ئەتاسم و وەک ئاوێکی ساردت بە سەرم دا کردبێ لە جیی خۆم وشک ئەبم و لە قووڵایی ئەو نەهامەتیە مێژووییە رائەمێنم و نازانم ناوی بنێمە چی… ناوی بنێمە کاریگەری کاتی هەیمەنەی کابرایەک کە سەردەمانێک لە سیستەمێکی بێ شوناس و بێ پرەنسیپ وەک کۆماری ئیسلامی ناوی سەرۆک کۆمار و “فەرماندەی کولی قوا “بوە؟! ناوی بنێمە باوەڕی واقعی و دەروونیت بەوەی کە هێزی کۆمەڵە ماڵی خەڵکی شاری سنەی داگیر کردوە بۆ شەڕ و ئەوان ناچار بوونە ریگەیان بدەن؟! ئایا بیرت لەوە نەکردوە کە ئەوە بە ئاسانی قابلی تەعمیم بە هەموو بەشەکانی کوردستان و هەموو شۆڕشی چەکداری کوردی رۆژهەڵاتە؟! ئایا بیرت نەکردەوە کە رەوایی مافخوازی کورد و هەمەگیر بوونی داخوازیەکانی کورد و خەڵکی بوونی ئەو شۆرشە بەو رستە بە رواڵەت سادەیە تەواو ئەچێتە ژێر پرسیار؟ گەر باوەرت بێ کە خەڵکی سنە بە ناچار رێگەیان بە کۆمەڵە دا بخوازی و نەخوازی ئەبێ ئەو دیوی دراوەکەیش قبووڵ بکەی کە رێگەدانی خەڵکی هەمان ناوچە و شوێنەکانی دیکە بە پێشمەرگەی دیموکراتیش شتێکی هاوچەشن بوە! ئایا بیرت نەکردەوە کە کابرای کۆنە سەرۆک کۆماری موەقەتی ئێستا هیچ خەریکە زۆر بە سانایی لە زمانی خۆتەوە رەواییت لێ ئەسێنێتەوە و تۆماری ئەکات بۆ خۆی؟!
ئەو دەربڕینە بە هۆی هەرکام لەوانە بێت (هەیمەنەی سەرۆک کۆماری پێشوو یان باوەڕ بە ئەو شتە ناباوەڕە) فەرقێکی ئەوتۆی نیە کاکڵەی مەسئەلەکە ئەوەیە کە تۆ (دیسان دووبارەی ئەکەمەوە ئەم تۆیە تۆیەکی هاوبەشە کە هەموو سەرکردەکانی ئێستای بزووتنەوە کوردی ئەگرێتەوە) هێشتا لە لای خۆت باوەڕت بە نەتەوە بوونی کورد نیە، زۆر بە کاری دێنی زۆر لە سەری قسە ئەکەی بەڵام لە لای خۆت دا هێشتا باوەڕت بە ئەوەیە کە ئەویتری کورد بە هەموو خاڵە هاوبەشەکانیەوە دیسان “ئەویترە” ، ئێمەی کورد لا قامووسی تۆ دا مانای نیە ، ئێمە مانایەکی هەمەکی و خاڵیە بۆت، مەفهوومێکی بێ مسداقە، ئێمە هەمێشە بۆ تۆ یانێ منی دیموکرات و خەڵکی چەوساوەی کوردستان، یان منی کۆمەڵە و رەنجدەرانی بەشخوراوی کورد، یان دەیان منی دیکە کە دەتوانێ ببێت و لە گەڵ خەڵک دا (وەکوو وشەیەکی خاڵی و نادیار ) ببێت بە “ئێمە”. بۆ تۆ کورد تا ئەوکاتەی “خەڵكە” و قەرارە دەنگت پێ بدات و خۆشتی بوێ و چەپڵەت بۆ لێدات و تۆ بڕیاری بۆ بدەی گرنگە و جێگای ریزە و هەستی یەکبوونی لە گەڵ ئەکەی، بەڵام گەر بێت و بیهەوێ ئەویش بڕیاردەر بێت ئیتر ئەویترە، ئیتر بەرەی ئەمپریالیسمی جیهانیە و ئیتر لە ئاسمانەوە داکەوتوەتە ناو شاری سنە و ماڵی خەڵکی داگیر کردوە! و هتد
مێژوو بە پێچەوانەی ئەوەی ئیدعا ئەکرێت رەوتێکی زۆر عەقڵانی هەیە، کورد تا ئێستا بستەخاکێکی نیە چون پێناسەکانی لە نەتەوە ئەو پێناسە سەیر و سەمەرگەلە بووە و بە داخەوە ئێستاش وایە و نازانم تا کەی هەروا سوورە لە دروستی و راستی ئەو پێناسەگەلە بەڵام بە دڵنیایەوە تا ئەوکاتەی تۆ لە بەرنابەر دەسەڵات لە دەست دراوێکی نەتەوەی باڵادەست دا ئاوا دەرئەکەوی و ئاوا لە بارەی بوونی نەتەوەیی خۆت و رەوایی مافەکانت قسە ئەکەی ، و لە کۆنفرانسە هاوبەشەکان لە فەڵ فارس دا وای و دەقی بەیاننامەت لە وەرگێڕانی فارسی دا ئەگۆڕی و تا ئەوکاتەی وەزع و حاڵی کورد لە ماڵی خۆیان لە پارچەکانی دیکە ئەوە بێت کە ئەیبینین ( کە هەمووی هەڵقوڵاوی ئەو بێ مانا بوونەی چەمکی نەتەوەیە) کورد هیچکات نابێت بە خاوەنی یەک میتر خاکی ئازاد و ئەو خیاڵەش خیاڵێکی تەواو نامەعقووڵە کە بە وەها بەکگراوند و میرات و روانینێکەوە چاوەرێی شتێکی پێچەوانە بین.
لەم نووسینەدا بە پێی ئەو شتەی کە لە سیاسەتی بەرەی پێش (رێبەرانی ئەوکات و ئێستا) خوێندوومە و یان بینیومە و ئەیبینم بە جورئەت ئەتوانم ئەو تۆیە وەکوو تۆیەکی گشتگیر بە کار ببەم وهەروەها بە پێی ئەوەش کە لە لای زۆربەی هاوتەمەنەکانی خۆم دا هەیە (جگە لەوانەی کە لە پرۆسەی بازتولید و دووبارە بوونەوەی ئەو “تۆ” یە هێندێ جار لە ناو حیزبەکان یان لە دەوری ئەوان دا بەرهەم دێنەوە) دیسان بە جورئەت ئەتوانم ئەم “من”ە وەکوو منێکی گشتگیر بە کار ببەم و بڵێم کاک ئەبوو “من” ئەو منەی لە کرماشان خەریک کورد بوونی خۆی کەشف ئەکات، ئەوەی لە ئیلامەوە لە بیری شنگالە، ئەوەی لە سنە و مەهابادەوە بۆ کۆبانی دێتە شەقام و هەمووی یەک “من”ە و ئیزنی ئەوە بە خۆم ئەدەم کە لە زاری هەموویەوە بڵێم من، ئا من لە جۆری روانینی تۆ تێناگەم و بەو جۆرە دەربڕینە لە ناخی دەروونمەوە هەموو جارێک هەزارجار دائەڕمم و لە قووڵایی گیانمەوە بە کوڵ ئەگریم بۆ ئەو “نەتەوەیە” کە هێشتا بوونی نیە و نازانم کەی لە دایک ئەبێ…
ریز و حورمەتم بۆ خەبات و تێکۆشانی هەموو ئەو ساڵانە هەیە ، بەڵام پێویست بوو ئەو گازندەیە ببیسن ، هەم تۆ وەکوو کاک ئەبوو کەریمی و هەم ئەو “تۆ” گشتگیرە کە بڕیاردەری وەزعی هەنووکەیی کوردی رۆژهەڵاتە.
گوڵاڵە کەمانگەر
٢٣.٣.٢٠١٥