"an independent online kurdish website

پێم باش بوو ئەم ساڵ واتە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی، بەم جۆرە و لە توێی بابەتی ئەمجارەمدا یادی ۸ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان بکەمەوە. لە جیاتی ئەوەی باسی مێژووی ۸ی مارس و توندوو تێژییەکانی دژ بە ژنان و بەتایبەت ژنی کورد بکرێ، پێویستە باس لە ئازایەتی و خۆڕاگری ژنانی کورد بکرێ کە پاش ئەوەی بەرخۆدانێکی بەرچاوی نواند، هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و ئەو کەسانەی کە بەردەوام ژن بە زەعیفە ناو دەبەن، باش بزانین کە چیدیکە ژنانی کورد زەعیفە نین و ناشکرێت شەرەف و نامووسی پیاو بن، بەڵکو توانیویانە و ئەشتوانن شەرەفی خۆیان، پیاوان، خاک و نیشتمانەکەشیان بە باشی لە هەموو جۆرە مەترسییەک بپارێزنgelawej_muhammadi14
.

زوڵمە ئیتر بەچاوی کاڵاو پێداویستییەوە چاو لە شێرە ژنانی کورد بکرێت و بگوترێ کە پێویستە ژن لەچوارچێوەی ماڵ و چوار قوژبینی دیواردا تەنیا بە ئەرکی منداڵ گەورە کردن و کار و باری ناوماڵ و خزمەت کردنی پیاو وەک کۆیلە و کارەکەرێک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. دەتوانم بڵێم کە شێرە ژنانی کورد هەم لە ڕابردوودا و هەم ئێستاش سەلماندویانە کە بڕبڕەی پشتی خەباتی شاخ و شار بوون و دەبن. مێژوو ئەوەمان پێ دەلێ کە هەر ژنان بوون، خەم خۆر و هەڵگری بارەقورسەکانی شۆڕش و کارەساتەکان، لەگەڵ ئەو هەموو کارەساتە نەخوازراوەکانیشەوە ئەرکیدایک ،خوشک، کچ، هاوژین “ی خۆشیان بەجێ گەیاندوە.

توانیویانە بەرگەی هەموو کەند و کۆسپەکانی ژیان بگرن و لەکاتی لەدەستدانی ئازیزەکانیان چۆک دانەدەن و دیسانەوە درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن و بەبیر و بڕوایەکی قایمەوە خۆیان قوربانی بکەن و ببنە هەڵگری خەم و پەژارەی بنەماڵە و خاک و گەلەکەیان، سەرەڕای ئەوانەش وەک پەرژێنێک بن بۆ پاراستن گەورەکردنی منداڵ و نەوەی شەهیدەکانیان و مامۆستایەک بن بۆ پەروەردەکردنیان.

ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە ژنانی کورد بەم کار و ئەرکە پیرۆزانەیان، هیچیان لە پیاوان کەمتر نییە و دەکرێ هاوشانی پیاوان بن. بۆیە بە ڕای من پێویستە لەهەشتی مارس دا گرنگیەکی تەواو بەباس کردن لە سەر ژنانی کورد بکرێت و هەوڵ بدرێت زیاترلە هەر نەتەوەیەکی دیکەی سەر ڕووی ئەم زەمینە باس لە ژنانی خۆمان بکەین و نەک ئەوەی کە بەشان و قۆڵیاندا بێین، بگرە باس لە ئازار و مەینەتەکانیان بکەین و قارەمانێتی و خۆڕاگری بخەینە بەرچاو کە توانیویانە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و هەموو قۆناخەکانی شۆڕشدا شوێنە دەستیان دیار بێت، لەگەڵ ئەوەشدا باری قورسی ژیان هەڵگرن و بەدەگمەن هەلێکش ڕەخساوە کە بتوانن هەناسەیەکی ئارامی تێدا هەڵمژ ن، ئەوەش جێگای شانازییە بۆ ژنانی کورد و گەلەکەمان.

لە ئەم یادە پیرۆزەدا وێڕای هاوخەمیم بۆدایک، خۆشکان و هاوژینەکانی شەهیدان، کە لە ڕووداوەکانی ئەم دوایانەدا ئازیزانیان لەدەستدا. سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو شێرە ژنانە دادەنوێنم کەوا لە ڕۆژئاوای کوردستان بوێرانە جەنگاون چ لە ڕێزەکانی پێشمەرگە و گەریلا چ لە لەکاتی بەرگری کردن و ئاوارە بووندا شەهیدکران. هەموو ساڵێک ئەم ڕۆژە مەزنە بەرز ئەنرخێنم و هیوا خوازم ساڵ بە ساڵ کار و خەبات و چالاکی ژنان لەجیهاندا بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی بە هادارتر و مانادارتربێت و مافە مرۆییەکان زیاتر بەدەست بێت. بەو هیوایەی کە یەکسانی لە نێو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا پەرەی پێ بدرێت، جیاوازی لە نێوان هەردوو ڕەگەزی ژن و پیاو نەمێنێت، هەمووی پێکەوە بەدڵێکی شاد و ڕۆحێکی ئارامەوە بژین و بتوانین بە پێکەنین و خۆشحاڵییەوە پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە مەزنە لەیەکتری بکەین و چیتر چاوەڕوانی ماف وەرگرتن و پێدان نەبین و ژنانیش وەک پیاوان پشت بە هێزی بازوو، پێنووس و ڕەنجە شانی خۆیان ببەستن.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی