لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی ـ ئۆنلاینی کوردانە، لە ئەڵمانیادا….
نووسینی:Uwe Hunger,Menderes Candan&Sascha Krannich
و. لە ئەڵمانییەوە: هەڵۆ بەرزنجەیی
ناسیونالیزمی دوورمەودا،بۆچوونێکی تری گەشەسەندووە، لە تیوریی ناسیونالیزمی (ئەندەرسۆن)،کە نەتەوە بە جڤاتێکی رامانکراو Imagind Community دادەنێت، لێرەدا خەڵکانی نەتەوەی رامانکراو، هەستی پێوەندارێتی هاوبەشیان هەیە، بێ ئەوەی ئەمانە، هیچ جارێ یەکتریان دیبێ و ناسیبێ. ئەم هەستی پێوەندارێتییە بۆ نەتەوەیەک،لە رێگای زمانێکی هاوبەش و مێژووەوە، بە هۆی سیمبۆلە هاوبەشەکان و ئەفسانەوە تینوتاو وەردەگرێت و بەسەر سنووری دەوڵەت و نەوەکان دا دەبەزێنێ و پارێزگاریی لێ دەکرێ. ئەندەرسۆن ئەمەی ناوناوە،کەرەسەی خاوی ناسیۆنالیزم، Raw Material of Nationalism ، لە کاتێکدا کە چەمکی ـ ناسیونالیزم ، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئەندامانی نەتەوەیەک، لە نێو چوارچێوەی دەوڵەتێکدا دەبەستێ. لێ چەمکی ناسیونالیزمی دوورمەودا زیاتر ئەوانە دەگرێتەوە،کە کۆچبەربوون و جاران ئەندامی ئەم نەتەوانە بوون و تەنانەت ئەوانەی دوای ئەوانیش دێن، کە لە وڵاتی باوباپیرانیان نە کاریان کردووە و یاخود سەردانیان نەکردووە.