"an independent online kurdish website

نەورۆز جێژنی رووناکی و ئاگرە سوورەی کوردە. جێژنی هیواو خۆشی و شادییە. دەسپێکی بەهارو ژیانەوەی سروشتە. بەگەیشتنی نەورۆز دڵەکان لێک نزیک دەبنەوە. ڕک و کینە لە دڵان دەچنەدەر.newroz-piroz-0

کیژو کوڕی لاو پەیمانی ئەوین نوێ دەکەنەوە و بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگی تازە لە ماڵ وەدەردەکەون، لە بناری کێو، لەسەر کانی، لە دەم چۆم و ڕووباران، لەسەر چیمەن، لە نێو شیناوەرد و باخ و بناران، پەنجە لەنێو پەنجەی یەک، شادو سەرمەست، بەدەنگی تەپڵ و تووزەلەو دەهۆڵ و زوڕنا دیلانی نەورۆزی ڕازاوە دەگێڕن. منداڵان سەر لە ئەنگۆرە بەجۆش و خرۆشەوە بۆ وەرگرتنی جێژنانە، دەچنە سەربانان و لە کلاورۆچنەی ماڵانەوە پرێسکە رۆیەڵ دەکەنە خوارو دەلێن: 

هەلاوە مەلاوە کوڕتان ببێ بە زاوا، بەشی من لەو ماڵە ماوە!”

هەلووکان و مەلووکان، باب و دایکی جندووکان، ناردویانم بۆ هێلکان!”

جاڵجاڵوکەی بەحەواوە سەت و سی سوار راوەستاوە! خوا کوڕتان بکا بە زاوا!

نەورۆز جێژنی کۆنی نەتەوەی کورد، نیشاندەری رێچکەی باپیرانە، بۆ رۆژێکی نوێ و رووناک و پڕ لە دەسکەوتە. نەورۆز ڕۆژی ئازایەتی و تێکۆشانە بۆ بیرکردنەوەیەکی قووڵ و بەهێز، بۆ داڕشتنی بناغەی ژیانێکی تازەو سەربەست و ئازاد. نەورۆز جێژنی کۆنی کوردان هەر لە دێرزەمانەوە رۆژی ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی کاوەکان بەدژی خوێنڕێژ و دامارگژە قین لە زگەکانە. ئێمەی گەلی کورد لەمێژساڵە نەوروزکانمان بەفرمێسک و خوێن دەستیان پێکردووە، لەمێژساڵە ئاگرە سوورەی نەورۆزەکانمان لێ بوون بەخوێنی سوور! بەدەیان ساڵە نەورۆزەکانمان لێ بوون بەماتەمگا و ناڵەی دایکانی جەرگ سووتاویان تێیدا بەرز دەبێتەوە! نەورۆز ‌نماو هێمایی سەرهەڵدان و بەرخۆدانی نەتەوەی کوردە. نەورۆز بۆ ڕۆڵەی کورد یادگارە لە باپیرانەوە بەجێماوە. هەربۆیە هەموو ساڵێک، کوردان وەک نەریتێک بەرێزەوە بەرەو پیری نەورۆزە بۆن خۆشە پڕ پیت و بەرەکەتەکەی خویانەوە دەچن!

لە تاراوگە، بەحەسرەتەوە بیری سەردەمی مندالی بەرەو زێد هەڵمدەگڕی و رۆژانی نەورۆز لە دەشتە رازاوەکەی شاماتم وەبیر دێنێتەوە کە چۆن لەگەڵ دوایین رۆژی ساڵی کۆندا عارەقەو فرمێسکی نواڵان بەسەر سنگ، یاڵ و بژی چیاکاندا تنوک تنوک دەهاتنەخوار، جۆگەلەی باریک باریک بەخوڕەو خرۆشان پێش خۆیان دەدڕی، تێکەڵ بەیەک بە رووباراندا دەهاتن قۆپی تاڵاویان لیپاو لیپ دەئاوساندەوە و شامیان وەک گولێکی جوان دەرازاندەوە. ئاوی قۆپیلکە و گۆلاوان بەشنەی بای بەهار، وردە شەپۆلیان دەدایەوە و ئارام و هێدی لێویی بەستێنان دەلیستەوە. دار چرۆیان دەردەکرد، زەوی ڕەنگ دەگۆڕێ، شینکەی قەراخ جۆکە و دەم قۆپیلکان بەوێنەیەکی دڵڕفێن دیمەنی سروشتیان دەڕەنگاند. باڵندە کۆچ کردووەکان بە قاڕەقاڕو جریوەجریو دەگەڕانەوە، لەنێو پەناو پەسیوو زەمەندان هێلانەیان بۆ دەسپێکی ژیانێکی نوێ پێکدەهێناوە. لە دەم چۆم، زۆنگ، زنوێر، قۆپیلکەو گۆلاوان هەزران ملی باڵڕەنگین خەریکی چینەو ڕاوی بوونەوەرانی هەردی و ئاویی دەبوونەوە. گاڕان بەرەو دووڕگەو دەشت رووی دەکردەوە. شوانی ماڵی ‘خدرشوانان’ و ‘چرچەی سوڵتانی نەبی’ بە نارەناری بن لێوان، ڕانیان بەرەو شیناوەردی بناری چیا تاقانەکەی تاڵاو لە دانگەو هۆڵان دەردەخستەوە. کێڵگەی نەرم لێوی دەکردەوە، رۆژی جوتیارە، نەریتە، هەرەوەزە، کشتوکاڵ دەست پێ دەکردەوە…

گۆرانی شاعیر دەڵێ:

نەورۆزی من بەهارییە،

زردەخەنەی ڕووی سروشتە،

لە دەشتی ڕەنگین دیارییە

هەر هیی من نا، جێژنی گشتە:

رۆژی ژیانەوەی گەلە، هیی گژو گیا، هیی مەلە!…

لە زۆر زوو، لە پێدەشتەکانی’ شامات و چۆمی مەجیدخان و بەتایبەت لە تاڵاوەکەی خۆمان، گەورە کوڕان بەر لە هاتنی  نەورۆز، پەرۆیان ریشاڵ ڕیشاڵ دەکردو بە وێنەی تۆپێک توند لێکیان دەهاڵاند، زنجیریان لە نێوقەد تۆپەڵەکان دەخست، ئەوسا بۆ ماوەی چەند رۆژان تۆپەڵەکانیان لەنێو نەوتدا دەخوساند. ئێوارەی دوایین چوارشەمەی ئاخری ساڵ، لاوانی بەهێزو خوێن گەرم لەگەڵ بوولێڵ بوون تۆپەڵەکانیان ئاگردەدا و بە کێبڕکی هەڵیان دەسووڕاند و بەرەو ئاسمان توڕیان دەدا. هاوکات لە دوورەوە واتە لە ئەو بەری چۆمی تەتەهوووە، کوڕە ئازەرییەکان بە هەمان شێوە، بە هەڵوایشتنی تۆپەڵە ئاور وەڵامی جێژنە پیرۆزەیان بە لاوانی کورد دەدایەوە. هەردووکلا دڵپاکانە و سەرمەست گەیشتنی سەری ساڵی تازەیان بە ئاواییەکانی دوورو نزیک مژدە دەدا! لە رۆژانی نەورۆز هێلکە شکێنەو هێلکە سوور کردن باو بوو. دەمەئێوارێ شەوی نەورۆز ژنان تەندووریان هەڵدەکردو چێشتی یان لێدەنا و هاوکات قریوەقریوی هەتەڕی و مەتەرێی منداڵان نێو ئاوایی پڕ دەکرد:

هەتەرێ و مەتەرێ سەری ئاواڵم بە قوونی کەرێ، شتێکم بۆ باوێنە بەر چەپەرێ!’

جاڵجاڵوکەی بەحەواوە خزمەتکارت راوەستاوە! یاخوا کورەکەتان بکا بەزاوا!

مام ‌هێمن لە وەسفی نەورۆزدا دەڵێ:

بە بەرگی سەوز ڕازاوە قەد و لاپاڵ و شیوو دۆڵ

چرۆی دە کردووە دار و ملیدا یەکتری گیاو گوڵ

بەسەر بەفری کەوی داکرد شەماڵی خاکەلێوە خۆڵ

ڕەفیقان رۆژی کوردانە، بەهارە جێژنی نەورۆزە

بە دڵ لێتان دەکەم لەو رۆژەدا من جێژنە پێرۆزە

 یاران! ئاسۆیی نەورۆزی داهاتوومان گەش و روونە. دەبینم لاوانی بلیمەت و وشیاری کورد، چۆن بە گوڕو تینەوە نیشتمانی خۆیان وەک گوڵ لە ئامێز گرتووە و بە چەقڵی چاوی دوژمننان، بەهەنگاوی بەرزو قورس سەرسنگی چیا سەختەکان لە ژێر پێ دەنێن و لەسەر بەرزترین لووتکە، گڕەمەشغەڵی ئاگرە سوورەی نەورۆز بەرز ڕادەگرن و بەو چەشنە بەخێرهاتنەوەی پیرە نەورۆزەکەی باپیرانی خۆیان دەکەنەوە!…

 

 

 

سەرچاوە: پێشمەرگەکان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی