"an independent online kurdish website

بەهاری عەرەبی و پریشکی بەرەو کوردستان  

سەرهەڵدانەکانی یەکەم دەیەی سەدەی بیست و ڕاست لە سەرەتای ٢٠١١ز. دەستی پێکرد!.mejid-kakeweisi-0

دەیانساڵ بوو کە ڕژیمە یەک لەدوای یەکەکانی وڵاتانی بە ناو عەرەبی و ئیسلامی لە ڕێگای دەسەڵاتە داسەپێن و خۆ سەپێنەکانیان و حکومەتە تاکڕە و دیکتاتۆرەکانیان، هاووڵاتیانی ژێر دەستی خۆیانیان ئەچەوساندەوە و لە ژێر هێڵی هەژاری و نەداری و چاوەڕوانیدا هێشتبوویانەوە و گیرۆدەی دەست و دامێنی خۆیانیان کردبوون!. ئەمە وێڕای ئەوەی کە زۆربەی ئەو وڵاتانە لە باشترین و پڕ بەروبومترین و پڕ داهاترین کانگای نەوت و سوتمەنی بە هەموو جۆرەکانیەوە، هەروەها خاوەنی بە نرخترین و زۆرترین سەرچاوە و وزە سروشتیەکانی جیهانن، ئاوا کۆمەلگەیان دەچەوساندەوە و سەروەت سامانیان بە هەدەر دەدان..!! تەنانەت وێڕای هەژار هێشتنەوەی زۆربەی خەڵک، بەوەشە نەدەوەستان و ڕۆژانە بە بینانووی چاوترسێنی خەڵک و مانەوە و درێژکردنەوەی دەسەڵاتی ناڕەوای خۆیان، خەڵکیان لە چاڵە ڕەشەکان دەئاخنی، ئیعدام ئەکرد، کۆمەڵکوژییان ئەنجام ئەدا، خەڵکیان ئاوارەو دەربەدەر، بێ سەرو شوین و ماڵوێران، ئەنفال و کیمیا باران ئەکرد!!

سەرەتای ئەو شۆڕشانە کە پێشتر لە ئێران، ئەفغانستان، عێراق، دەستی پێکردبوو، بەڵام هێشتا ناکام مابوونەوە؛ ئەمجارەیان لە دەیەی بیست سەری هەڵدایەوە و لە وڵاتی تونسەوە دەستی پێکرد… لاوێکی خوێندکار کە ویستبووی بۆ بژێوی خۆی و بنەماڵەی بە عەرەبانەی بارکێشی، شتومەک بفرۆشێ، لە لایەن شورتەی دەوڵەتی ” زەینەلعابیدین”ەوە پێشی پێدەگیرێ و ئەوێش لە قین و داخ و کەسەری خوێندنی ناکام ماوی و هەژاری و نەداری و بێکاری، ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدا و ڕۆح ئەسپێرێ…!! ئەوە یەکەم تیشکی هەڵگیرسانی تووڕەیی پەنگخواردوویی گەل بوو کە یەک دەنگ ئەو ڕووداوە لێشاوی بەردان و چوونە شەقامەکان و بە یەکدەنگ ناڕەزایەتییان دەربڕی و دام و دەزگای ” حکومەت و پیاوانی” زەینەلعابیدین بنعەلی”، یان،  پێچایەوە و لە چەند ڕۆژدا ڕاویان ناو دەسەڵات و مێژوویان خستە زبڵدانی دۆڕاوانەوە، و وڵاتی تونس لە چنگ زوڵم و زۆری دەوڵەتی بنعلی ڕزگار بوو….

ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییانەی کە دەیان ساڵە لە ناو و لە ژێر چنگی دیکتاتۆرانی وڵاتانی عەرەبی بە ناو وڵاتانی ئیسلامی پەنگی خواردبووەوە، تەقینەوە؛. ڕاپەڕینی جەماوەری وڵاتی ” تونس”، سنورەکانی بڕی و زوو خۆی گەیاندە میسری کۆنە شارستانیەت و پڕ ڕاز و نهێنی مێژوویی دەسەڵات و مرۆڤایەتی، و بە دژی دەسەڵاتی دەیانساڵەی دیکتاتۆری حوسنی موبارەک و ڕژیمەکەی، ڕژانە سەر شەقامەکان و پێتەختی قاهرە بوو بە مشت و مڕی هەموو میدیاکانی جیهان و چاوەکان بڕابوونە ئەو ڕووداوانە و بەردەوام ئەو شۆڕشە مەزنە کە بە شۆڕشی ٢٥ی یەنایر واتە ٢٥/٠١/٢٠١١ز. ناسرا، بۆ پێشەوە لە جوڵەیەکی خێرای باوەڕ نەدەکراو!، بە شۆڕشی خەڵکانی تینوویی ئازادی و دژە دیکتاتۆری هەموو شارەکان و بە تایبەت قاهیرەی پایتەختی گرتەوە.

بە سەدان هەزار و تەنانەت ملیون خەڵک لە گۆڕەپانی بە ناوبانگی ئازادی، ( میدان التحریر) لێی پاڵکەوتن و چادریان لێهەڵداو… چەندین ڕۆژ لە زستانی ئەو ساڵە بووە جێگای ئازادی خوازان و شۆڕشە گەورە جەماوەریەکەی میسر… ماوەیەک شەڕ و پێکدادان و هێرش لە لایەن هێزی حوسنی موبارەک و لایەنگرانی، ئەو مەیدانەی گرتەوە و خەڵکیان سەخڵەت کرد و چەندین کەس بوونە قوربانی. بەڵام ئاخرەکەی جەماوەری وەزاڵە هاتوو بردیانەوە و حوسنی و نیزامەکەی چۆکیان دادا…  ١٨ ڕۆژێک دوای ئەو شۆڕشە جەماوەریە، بە بەیانییەک حوسنی تەسلیم بوونی خۆی ڕاگەیاند و حکومەتی ڕادەستی سەرۆکوەزیرەکەی کرد… ئەویشیان قەبوڵ نەبوو.. گوشاری جەماوەر سوپای هێنایە نێوان، و ڕژیمی موبارەکیان بە تەواوی لە سر کار لابرد….

–  ئاشکرایە کە میسر و شارستانیەتی میسر زۆر کۆنە و خاوەنی حەزارەت و مێژوویی هەزاران ساڵ حکومەتن هەر لە پێش فیرعەونیەکان و دواتر و پێغەمبەران و تا دەیان شۆڕش و خەباتی ئاینی و قەومی، و مەزهەبی….. پاشان ئسلام و شەڕی سەلیب و سەرکەوتنی ئیسلام بە سەرۆکایەتی ” سەلاح الدین” کورد و ڕێبەری بە توانای ئیسلامی و پاککردنەوەی میسر لە شەڕی سەلیبی و فاتمی و مەزهەبە سیاسیەکان، و دامەزرانی حکومەت و دەسەڵاتێکی عادیلانە و گرنگی ئیسلامی، کە مێژووی ئیسلامی و تەنانەت مرۆڤایەتی شانازییان پێوە دەکات… دەتوانم بێژم کە گەلی میسر بەشی هەرەزۆری خەڵکێکی شارستانی و تێگەیشتوون. * یەک دوو نمونە؛ ” بۆ خۆم چەند جارێک بە کەسی میسری گەیشتووم و پرسیاری قەومی و نەتەوەییان لێکردووم؛، هەر کە وتوومە کوردم، یەکسەر وتوویانە: ” احسن ناس”! واتە کورد لە لایان و لە چاو زۆربەیان باشترین خەڵکن… منیش هەر لێرەوە دەڵێم: ” میسریەکانیش زۆربەیان باشترین خەڵکن، لە چاو دەرو دراوسێکانی کورد، ( عەرەبی و ئیسلامی، بە تایبەت لە چاوی من و ئەوانەی وەک من بیر ئەکەنەوە….”.

–  هەر بە لاچون یان لابردنی حوسنی موبارەک، سوپا، گوایا دەسەڵاتی کاتی گرتە دەست و ” الحەق” لە سەرەتادا نەخشی زۆر باش و جوانیان گێڕا و شارستانی خۆیانایان نیشاندایەوە، بەڵام دوایی ڕییانە ناوی!!.. لە ماوەی نزیک ساڵێک مەیدان ئاواڵە بوو بۆ ڕژیم و حکومەتی نوێ و گۆڕانکاری پێویست لەو وڵاتە…. فیرقە و دەستە و گروپی عیلمانی و ئیسلامی خۆیان کێشایە ناو گۆڕەپانی سیاسەت و تینوویی وەرگرتنی دەسەڵاتی باڵا بوون… ئەو شۆڕشە زۆربەی لە لایەن ئیخوانەکانەوە وەڕێ خرا و پێشڕەوی کرا.

سەرهەڵدانەوەی ئیخوانەکان و بەشداری لە دەوڵەت و دەسەڵاتی باڵا لە میسر”

ئیخوانەکان، دوای نەهامەتی و کپ کردنێکی یەکجار دڕندانە کە بە سەریان هاتبوو لە لایەن ڕژیمە یەک لە دوای یەکەکانی میسر و بە تایبەت موبارەکەوە، سەریان لە ژێری ژێرەوە و لە بنچاڵ و زیندانەکانەوە هاتە سەرەوە و لە شۆڕشی بە ناو بەهاری عەرەبی لە میسر دوای ڕووخانی دەسەڵاتی حوسنی موبارەک، لە ڕێگای هەڵبژاردنی ئازاد و سەندوقی دەنگدان دەنگیان هێنا و دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت.. ” موحەممەد مورسی” کرا بە سەرۆککۆماری میسر، بەڵام نەیانهێشت ساڵێکی بەسەردا بڕوات و ڕووخاندیان… کودەتای سەربازی لێکرا و ژنڕاڵ ” عبدلفتاح سیسی” لە سەر تەختی سەرۆککۆماری بە زۆر هێنایە خوارەوە و بەرەو زیندان ڕاپێچی کرد و تەواوی دەسەڵاتی ئیخوانی دیسان لە میسر پوچەڵکردەوە و بەشێکی زۆری خستنە زیندان و حوکمی ئیعدامی بە سەردا سەپاندن و تا ئیستاش بەردەوام سەرۆککۆماری چەککراو و هاوبیر و هاوکارانی لە زینداندان و چاوەڕوانی حوکمی نابەجێی سیسی و پلانگێریە نێو دەوڵەتیەکان ئەکەن…!!! من هەر ئەو کات نەزەری خۆمم دا لە سەر ئیخوان و بە دەستەوە گرتنی پۆستی باڵا و بە تایبەت سەرۆککۆماری بۆ ئیخوانەکانم بە هەڵەی گەورەیان زانی و شکستیانم دەدی… چونکی دیار بوو، میسری پڕاوپڕ لە هەژاری و ئاڵۆزی سیاسی و ئابوری و ئیتنیکی، ژیئۆپۆلیتیکی و دراوسێ ئیسرایل و فلستین و گرنگی و چاوی جیهانی ڕۆژئاوا لەو وڵاتە و دژایەتی و چارە نەویستی ئیسلامی و ئیخوانی لە لایەن ڕۆژاواو و ئیسرایل و دوژمنانی دەرەکی و ناوەکی ئەو وڵاتە و ئیسلامیەکان، نموونەی هەرە دیار بوون کە لەو سەرکەوتنە دەرباز نابن و دەیانشکێنن… وەک چۆن لە زۆر شوێنیتر بە دەنگ و سەنگی خۆیان هەڵبژاردنیان بردەوە بەڵام نەیانهێشت بچنە دەسەڵات و بە ئاکام نەگەیشتن… بە هەر حاڵ، ئەوە بۆ خۆی چیرۆک و داستانی ئەوێ و بە چەند دێڕ کۆتایی نایەن…

هیوادارم خوێنەرانی بەڕێز بە هەڵە لە من تینەگەن!… من نە ئیخوانیم و نە فیکری ئیخوانیم هەیە و نە پێوەدنیم بەو ڕێکخراوەیەوە هەیە و نەش تاریفیان ئەکەم..!! تەنیا ویستم لێرە ئەوەی کە بینیومە و ئاشکران و بەلای باوەڕی منەوە ڕاستیەکی پێوە دیارە باسیان بکەم… هەر چەند بەلای باوەڕی هندێک کەسەوە ئەوانیش گەر دەسەڵاتیان ببێت و بۆیان بگونجێ لەوانیتر خرابتر ئەکەن و خەڵکی بێتاوان ئەکوژن و کارەسات ئەخوڵقێنن!! بەڵام لە سەر ئەگەر و خەیاڵ مێژوو نانوسرێ و ئەوەی واقعە دەبێ وەک خۆی بنوسرێتەوە….

شۆڕشی بە ناو بەهاری عەرەبی زۆر زوو سنوورەکانی بڕی و لە رێگای میدیا خێراکانی وەک فەیسبوک و تویتر و تیڤی و مانگە دەسکرد و تۆڕە ئینتێرنێتیەکانەوە بە هەموو جیهان بڵاو بووە.. بە کردەوەش سنوورەکانی بڕی و چەند وڵاتێکیتری گرتەوە…. وڵاتی لیبیای دەستی ” موعممر قەزافی” و دراوسێ میسر و دواتر یەمەنی ژێر حوکڕانی ” عەلی عبداللە ساڵح”ی گرتەوە و ئەوانیش پاش چەند ڕۆژێک بەربەرەکانی، ڕووخان و لە ناو بران؛  قەزافی بە پیلان و پەلاماری ئامریکاو هاوپەیمانانی زوو لە کاریان خست و کوشتیان!.. عەلی عبدوڵا ساڵح دوای ئەوەی پەلاماریان دا و سەرو ڕیشی لە پەلامارێکدا ئاگری گرت و چەند بەشیکی لەشی سوتا و هەڵقرچا، ناچار دەستی لە دەسەڵات و کورسی بەردا و ڕایکردە دەرەوەی یەمەن و تا ئیستاش وابزانم هەر مەملەکەتی سعودیە جێی بۆ خۆشکراوە و لەوێ دەژی…

هەمان درێژەی شۆڕشی جەماوەری بەهاری عەرەبی کەم و زۆر بەشێکی زۆری وڵاتانی عەرەبی ئیسلامی گرتەوە… بەڵام لە بەشێک لەو وڵاتانە کپ کرا و نەتوانرا بە ئامانج و ئەنجام بگەن و چوونەوە ژێرخانەوە..!!

وڵاتی سوریە، بە واتایەکیتر بیلادی شام؛ لەو وڵاتانە بوو کە بەهاری عەرەبی و شۆڕشی جەماوەری گرتیەوە… سوریە و گەلانی ئەو وڵاتە کە لە مێژە بە دستی ڕژیمە دیکتاتۆرەکان و بە تایبەت چەندین دەیەیە لە ژێر زوڵم زۆری زاڵمانەی حیزبی بەعس و ” حافز ئەسەد و بەشاری کوڕی ئەسەدەوە” ئەناڵێنن، بوو بە جێگای خەبات و شۆڕشی جەماوەری… لەوێش خەڵک ڕژانە سەر شەقام و پەلاماری دام و دەزگاکانی ڕژیمی بەعس و بەشاریان دا، بەڵام بەو پەڕی دڕندەیی و بێ بەزیانەوە سوپای بەشاری ” عەلەوی”، بە هاوکاری ئێرانی ئاخوندی و لایەنگرانی مەزهەبی شیعە کەوتنە گیانی خەڵک و ماڵ و حاڵیانیان وێران کرد و بە هەموو توانایانەوە بە هێزی چەک و چۆڵی سەربازی و فڕۆکە و تەنانەت شیمیایی شار و دێ و ماڵ و گیانی دانیشتوان و بە تایبەت جەماوەری ڕاپەڕیویان کرد و کوشتارگایان وەڕێ خست… لە ٢٠١١ز. تا ئیستاش کە ٢٠١٥ز. هەر درێژەی هەیە!!!… ململانەی چاک و خراب، حەق و باتڵ، ئازادی و دیکاتاتۆری، ئیسلامی و عیلمانی، قەومی و مەزهەبی، چەند ساڵێکە ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە و لەوە ناچێ بە ئاسانی کۆتایی پێ بێ!!..

لە سوریە زۆر ڕووداو و دیاردە لەو چەند ساڵەدا هاتنە ئاراوەو ڕوویاندا و هەر درێژەیان هەیە!… بەردەوام لە سەرەتاوە وڵاتانی ڕۆئاوا و بە تایبەت ئامریکا هەڕەشەی لە بەشار و دەوڵەتەکەی ئەکرد و داوای دەست لەکار کێشانەوەی لێدەکرد….. — ئوپۆزیسیونی بانگهێشتن ئەکرد و چەک و پارەی پێئەدان بە دژی بەشار و ڕژیمەکەی….–  لەولاوە ئێران و وڵاتانی ڕۆژهەڵات و بە تایبەت ڕووسیە لە دژی ڕووخانی بەشار بوون!!.. ئێران بە ئاشکرا سوپا و چەک و چۆڵ و هاوکاری سەربازی و ئابووری ڕژیمی بەشاری کرد و بەردەوام پشتگری بوو……— لە لایەکیترەوە، تورکیە و چەند وڵاتێک بە دژی بەشار و دەوڵەتەکەی بوون و هاوکاری گرووپە ئیتنیکی و ئایینیەکانیان ئەکرد و چەک و چۆڵ و پارەیان بۆ دابین ئەکردن……

– * لە ناوخۆی سوریەوە چەندین دەستە و گروپی ئیسلامی و عیلمانی وەک باسێکم لێیان کرد پێشتر، سەریان هەڵداوبوو؛ هەرکام بۆ بەرژەوەندی خۆیان و هاوبیر و پشتیوان و دنەدەرانیان بە ناو چالاکی و خەبات، وە یان خەیانەت، لە گمەگمە و هەڕەتی یەکتر بڕینەوەدا بوون، کە تا نوسینی ئەم دێڕانەش هێشتا درێژەیان هەیە، ئاگرێکی هەمەگیرە کە لەوانەیە دەیان ساڵیتر کۆتایی پێنەیەت، و ڕووداوگەلی ڕەشەکوژی، کۆمەڵکوژی، و ماڵوێرانی؛، و بارودۆخی لەوە سامناکتری بە دواوە بێت!!!…

درێژەی هەیە….

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی