"an independent online kurdish website

حکوومەتی ئێران دەهەوێ كەسێك بكاتە قوربانی و راستیی رووداوەكە سەرپۆش بكاتkawe_jewanmerd

باسنيوز  |  شەریف فەلاح

“كاوە جەوانمەرد” ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حدكا، لە لێدوانێكدا لەگەڵ ئاژانسی (باسنیوز) لە پەیوەندیی لەگەڵ خۆپیشاندانی شاری مەهاباد، هەروەها رەوشی رۆژی هەینی رۆژهەڵاتی كوردستان باس لە بە ئەمنی و سەربازی كردنی شارەكانی رۆژهەڵات دەكات و بەم چەنە وەڵامی پرسیارەكانی باسنیوزی دایەوە.

 

حكوومەت ترسی ئەگەری خۆپیشاندانی بەرینی لێ‌ نیشتبوو

 

كاوە جەوانمەرد لەبارەی پێكناكۆكیی زانیارییەكان و دۆخی ئەمنیی رۆژهەڵاتی كوردستان رایگەیاند: “هەروەك دەزانین زانیارییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراونەتەوە، بەڵام جیا لەوانە كۆمەڵێك زانیاریمان بەدەست گەیشتووە و پاشان بە پشتبەستن بە هەندێ‌ داتای دیكەی وەك وێنە و گرتە ڤیدیۆ وەڵامی دەتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە. ئەو زانیارییانەی كە ئێمە هەمانە باس لەوە دەكەن كە هەندێك لە شارەكان میلیتارزە بوون، تەنیا شوێنێك كە لە ئاستی بەریندا خۆپیشاندان و كۆبوونەوە كراوە هەر ئەوەی مەهاباد بووە، چونكە لە شارەكانی دیكە حكوومەتی ئامادەیی ئەوەی هەبوو كە ئەگەری سەرهەڵدان لە ئارا دایە، خۆپیشاندانێكی لەو چەشنە بەڕێوە نەچووە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراونەتەوە”.

 

كاوە جەوانەرد لەو باوەڕە دایە “دوێنێ‌ هەینی كۆبوونەوە رووی نەداوە، چونكە ئەگەر گردبوونەوەیەك رووی دابا، بەپێی ئەو ئامرازە پەیوەندییانەی كە لەبەردەست دان بێگومان وێنە و گرتە ڤیدیۆییەكانی بڵاو دەبوونەوە”.

 

لە وەڵامی پرسیاری ئەگەری تەقە و تیكهەڵچوونی سەربازی لە مەریوان و شنۆ گوتی: “ئەوەی كەلە شاری مەریوان تەقە كراوە ئێمە پشتڕاستی دەكەینەوە كە دەنگی تەقە لە مەریوان بیستراوە، بەڵام ئەوە پشتڕاست ناكرێتەوە كە لەلایەن خەڵكەوە تەقە لە هێزە سەربازییەكان كرابێت”.

 

لە پەیوەندی لەگەڵ دۆخی ئەمنی و دانانی بازگەی پشكنین لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حدكا دەڵێ‌: “بەڵی لە نێوان مەریوان هەتا خاڵی سنووریی باشماخ چەندان خاڵی پشكنین دانراون، هەرچەند رێژەكەیان نازانرێ‌، بەڵام زانیاریمان لەلایە كە بێجگەلە بازگە ئاساییەكان كە پێشتر هەبوون، ئێستە بازگەی زیادیش دانراون، تەنانەت لە نێوان بۆكان بۆ مەهابادیش هەر بەو شێوەیە بووە. ئەوەشی زیاد كرد ئەو خاڵە پشكنینانەی كە پێشتر هێزە ئینتزامییەكان و پۆلیس (مروور) بە شێوەی ئاسایی بە هاوبەشی هەبوون، كەچی ئێستە هێزی تایبەتی تێدا جێگیر كراون”.

 

“هەر لە درێژەی لێدوانەكەیدا گوتی: واتە ئەو خاڵە پشكنینانەی نێوان شارەكان كە پێشتر بەتەواوەتی هەڵگیرابوون، نەتەنیا دانراونەتەوە، بەڵكوو چەندانی دیكەشیان پێ‌ زیاد كراوە. ئەو هێزانەش لە جێگیر كراون سەر بە سوپای پاسداران”.

 

كەڵك لە هێزە خۆجێیەكان وەردەگیرێت

 

 لە پەیوەندی لەگەڵ هێنانی هێزی زۆری سەربازی بۆ شارەكانی رۆژهەڵات ناوبراو گوتی: “ئەوەی كە دەگوترێ‌ هێزی سەربازی لە سایین قەڵاوە هێنراوەتە بۆكان، راستە و ئەوەشم پێ‌ زیاد دەكەم هێزە خۆجێیەكان كە حكوومەت پێشتر بە (پێشمەرگە موسڵمانەكان) ناودێریان دەكات، كە ماوەیەكی زۆرە حكوومەت دەستی لێیان بەرداوە، دیسان بانگهێشت و رێك خراونەتەوە كە لە ئەگەری هاتنە ئارای خۆپیشاندا بتوانن یارمەتیدەری هێزە سەربازییەكانی دیكە بكەن”.

 

لەبارەی دۆخی ئەمڕۆی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە كاوە جەوانمەرد ئاماژەی بەوە كرد :”ئەمڕۆش بارودۆخی شارەكان هەروەك رۆژی پێنجشەممە و هەینی رێشوێنی توندی ئەمنی گیراوەتە بەر و فەزاكە ئەمنییە و ئەگەر كەسێكی ناشارەزا بێتە ناو شارەكانەوە بە جوانی هەست پێدەكات كە رەوشەكە ناجێگیرە، چونكە زۆریی رێژەی هێزە سەربازییەكان كە لەناو شاردا هاتوچۆ دەكەن وەكوو رۆژانی دیكە ئاسایی نییە”.

 

پەیوەنددانی خۆپشاندانەكان بە حیزبە كوردییەكان، چەواشەكردنی بیروڕای گشتییە

 

لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا لە پەیوەندی لەگەڵ پەیوەند دانی رووداوەكانی مەهاباد بە دوو پارتی “دیموكرات و كۆمەڵە” و ترسی خەڵك لە نەدانی بیانوو بە حكوومەت، كاوە جوانمەرد پێی وایە: ” ئەوە سیاسەتێكە كە حكوومەت خۆی دەست دەكات بە یارییەكی لەم چەشنە، لەوەدا هیچ گومانێك نییە كە ئەو خەڵكەی لە رۆژهەڵاتی كوردستان تێكەڵ بەو ناڕەزایەتییانە دەبن، هەندێكیان نەك هەموویان لایەنگری حیزبە سیاسییەكانی رۆهەڵاتن كە ئێستە لە تاراوگەن و لەوێ‌ ئامادە نین، بەڵام ئەو گوتانەی جێگری پارێزگاری ورمێ‌ وەك بەرپرسێكی حكوومەتی، بە ئەنقەست ئەو پرسە دێننە گۆڕێ‌ كە ئەو حەرەكەتە حەرەكەتێكی خەڵكی و مەدەنی نییە و بیبەستنەوە بە هێزە سیاسییەكانەوە كە حكوومەت بە “دژە شۆڕش” ناودێریان دەكات، بۆ ئەوەی بە ئاسانی و بێ‌ سڵەمینەوە رووبەڕووی خەڵك ببنەوە”.

 

ئاماژەی بەوەش كرد:”هەر لەم پەیوەندییەدا كۆمەڵێك خەڵك دەستبەسەر كراون، بەڵام زانیاری لەباری شوناسیان لەبەردەستدا نییە، چونكە هەواڵەكانیان رووماڵ نەكراون و ئەو گرتنانەش بەردەوامن، بەتایبەتی حكوومەت لەم پەوەندییەدا ئامانجێكی هەیە و دەیهەوێ‌ بیروڕای گشتی ئامادە بكات كە هێزە سیاسییەكان لە پشت رووداوەكانەوەن، بۆ ئەوەی بتوانێ‌ چالاكوانان بە ئاسانی  دەستبەسەر بكات و سزای قورسیان بەسەردا بسەپێنێ‌”.

 

هەر لە پەیوەندی لەگەڵ گیراوەكان ئاماژەی بەوەش دا:”ئەوانەی كەلە سێ‌ رۆژی رابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە گیراون، هەموویان بەبێ‌ نیشاندانی بەڵگەی دادوەری و حوكمی دادگە و لە كاتی ناوەختدا قۆڵبەست كراون”.

 

لەبارەی بڵاوبوونەوەی هەواڵێك لە پیەوەندی لەگەڵ رووداوەكەی مەهاباد و دانپێدانانی تۆمەتبارەكە و راستیی مەسەلەكە ئەو ئەندامەی كۆمیتە ناوەندیی حدكا گوتی: ” زۆر جار لە حاڵەتی لەم چەشنەدا كە ئەمنیەتی گشتیی وڵات ئەكەوێتە مەترسییەوە، بەتایبەت لە ئێراندا ئەوان هەوڵی ئەوەیان داوە كە كەسێك بدۆزنەوە وەك سووژەیەك هەموو تاوانەكان بەسەر یەك كەسدا بشكێننەوە و خۆیانی لێ‌ دەرباز بكەن، بۆیە حكوومەت بۆ ئەم رووداوەی مەهابادیش خەریكی هەوڵێكی لەم چەشنەیە”.

 

دەیانەوێ‌ كەسێك بكەنە قوربانی و راستیی رووداوەكە سەرپۆش بكەن

 

لە درێژەی زانیارییەكاندا باسی لەوەش كرد: ” ئەو چیرۆكانەی كە بۆ رووداوی هۆتێل تارا ساز كراون زۆر ئاڵۆزن و گرێ‌ كوێرەیان تێكەوتووە، هەتا ئێستە بە وردی روون نەبووەتە كە ئەو چەند سیناریۆیەی كە باس كراون، كامیان راستن، بەڵام لێرەدا یەكێك لە سەرەكیترین تۆمەتبارەكانی ئەم رووداوە خاوەن هۆتێل (تارا)یە. ئەمەش گومانێكی زۆر گەورەی ساز كردووە كە ئایا ئەو خاوەن هۆتێلە كە ئیدیعای ئەوە دەكات فیلمی لەلایە و دەتوانێ‌ بڵاوی بكاتەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر ئاگاداری رووداوەكە بووە بۆچی هێشتوویە ئەو كارە لە هۆتێلەكەیدا بكرێت، كەوایە تەنانەت ئەگەر بە چوارچێوەی فیكریی حكوومەتی ئێرانیەوە سەیری بكەی بەپێی ئەو قسانە بێگومان شوێنێكە دانراوە ئەو پەیوەندییانە. ئەگەر خاوەن هۆتێل ئاگادار بووە بۆچی لە رێگەی یاساییەوە نەجووڵاوەتەوە لە حاڵێكدا ئەو بەڕێوەبەری هۆتێلەكە بووە و بەرپرسیارە لە بەرانبەر ئەو رووداوانەدا. هەروەها لەناو خەڵكیشدا ئەو گومانەی ساز كردووە كە شتێكی وا رووی داوە و خەریكە ئەبێتە رووداوێكی سەرانسەری و زۆر خراپ لەسەر حكوومەتی ئێران دەكەوێ‌، ئەی بۆچی هەتا ئێستە هیچ هەوڵ و بەدواداچوونێكی دادوەری و یاسایی لە بەرانبەر بەڕێوەبەری هۆتیڵەكە نەكراوە و ئازادانە و بە ئاسوودەییەوە هاتۆچۆ دەكات؟ بۆیە ئێستەش حكوومەت دەیهەوێ‌ لەم نێوەندەدا كەسێك بكاتە قوربانی و راستیی رووداوەكە بشارنەوە و لە ئەنجامدا بەڕێوەبەری هۆتیڵەكە دەرباز لە تاوانەكە بەری بكات”.

 

جێگۆڕكێ‌ بە هێزە سەربازییەكان جۆرێك مانۆڕە و بۆ سەركوتی زیاتری خەڵكە

 

لەبارەی هۆكار و ئامانجی ئاڵوگۆڕ و جێگۆڕكێ‌ پێكردنی هێزە سەربازییەكانی حكوومەت لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كاوە جەوانمەرد بەم چەشنە رای خۆی دەربڕی: “هەروەك پێشتریش بەپێی ئەزموون سەلمێنراوە و لە رووداو و حەرەكەتە ناڕەزایەتییەكانی ساڵانی رابردووی رۆژهەڵاتدا دەركەوتووە، ئامانج لەو كارەی حكوومەت تەكنیكی بەتواوەتی سەربازی و پۆلیسییە كە سیاسەتی ئەو وڵاتە دایدەڕێژێ‌، بۆ ئەوەی بەشێك لەو هێزانە كەسانێكن كە لەناو ئەو خەڵكە دەژین و خەڵكی ئەو شارانەن، حكوومەتیش بۆ ئەوەی بە باشی كەڵكیان لێوربگرێت، جێگۆڕكێ‌ بە هێزەكان دەكات هەتا بەبێ‌ لەڕوودامان و بێڕەحمانە خەڵكی راپەڕیو سەركوت بكەن”.

 

هەر لە درێژەی ئەم باسەدا ئەوەشی خستەڕوو: “بەڵام هەتا ئێستە حكوومەت نەیتوانیوە بگاتە ئامانجەكەی خۆی، بۆ وێنە لە خۆپیشاندانی ساڵی 2004 لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەشێك لەو هێزە خۆجێیانەی كە بۆ سەركوتی خەڵك ئامادە كرابوون، لە كاتی رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ خەڵك ئامادە نەبوون هاوكات لەگەڵ هێزە ناخۆجێیە سەربازییەكانی دیكە دەست لە خەڵك بەرز بكەنەوە، بۆیە ئەمە بووە هۆی ئەوەی بەشێك لەو هێزانە سزا دران. بۆیە ئێستە ئەم سیاسەتەیان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی ئاسانتر بتوانن خەڵكی ناڕازی سەركوت بكەن، هەرچەند ئەمە جۆرَك مانۆڕ و چاوترسێن كردنیشە”.

 

  خۆپیشاندان و ئائەمنی دەكرێتە پاساوێك بۆ گەشەنەسەندنی ئابووری لە رۆژهەڵات

 

 لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوەش دا كە ئێستە بەردەوام بەرپرسە حكوومەتییەكان هەوڵ دەدەن كە ئاراستەی ئەم پرسە بەرەو شوێنێك ببەن كە ئەو خۆپیشاندانە خەڵكییانە ئەبێتە هۆی ئەوەی كە مەسەلەی ئابووری و سەرمایەگوزاری لە رۆژهەڵاتی كوردستان گەشە نەكات، بۆیە ئەمە پاساوێكی زۆر ناڕاست و نەگونجاوە، چونكە زیاتر لە 35 ساڵە رۆژهەڵاتی كوردستان لەوپەڕی پەراوێزخرانی ئابووری و گەشەكردن دایە و ئێستە بە سووتاندنی هۆتێلێكی شەخسی كە راستەوخۆ زەربەی لە هەست و سۆز و كەرامەتی خەڵكی ئەو شارە داوە، بەڕاستی ئەمە نابێتە بیانوویەك كە ئابووریی ئەو ناوچە، یان ئەو وڵاتە بكەوێتە مەترسییەوە و تێك بچێت، ئەوە 35 ساڵە هیچ كارێك لەو ناوچەیە هیچ نەكراوە بە سووتاندنی هۆتێلێكی تایبەتی پێم وا نییە كاریگەرییەكی ئەوتۆش دابنێ‌. ئێستەش بەشێك لە بەرپرسانی حكوومەتی بە بەردەوامی خەریكی مانۆڕ دانن لەم بارەوە و كۆمەڵێك لەو خەڵكەش كە بە جۆرێك لە جۆرەكان لایەنگری باڵی ریفۆرمخوازەكانن، ئەوانیش بیرۆكەیەكی وایان هەیە، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە سەر رابردوو و مێژووی هۆكاری پەرەنەسەندنی مەسەلەی ئابووری لە كوردستان، بەڕاستی دەزانین كە بەڵگە و پاساوێكی عەقێ‌نی نییە بۆ ئەوەی بڵێن رۆژهەڵاتی كوردستان جێگەیەكی ئەمن نییە بۆ سەرمایە و گەشەسەندنی ئابووری و بە پیشەیی كردن.

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی