Hoppa till innehåll
Hem » ئەگەر کۆبانێ داگیر کرابا

ئەگەر کۆبانێ داگیر کرابا

بیر لەو رۆژە بکەنەوە کە ئەگەر کۆبانێ لە شەڕی داعش رزگاری نەدەبوو. ئەو کات چ دەقەوما؟jnan_zencir

هەزار و چوارسەد ساڵ دوای ئەو رووداوە، باوک بە کچەکەی ئەوت:

ـ کچەکەم! ئێمە بە باوەشی ئاوەڵاوە داعشمان وەرگرت. ئەوان بە شەڕ و خوێن رشتن، ئێرەیان داگیر نەکرد. ئێمە بە دڵ و گیان ئەوانمان وەرگرت. بۆیە دەبێ رێز لە بیروباوەڕی داعشی خاسکردە بگرین.

ـ کچەئازیزەکەم! حەزرەتی ئەبووبەکری بەغدادی مرۆڤێکی پیرۆز بوو. ئەم مرۆڤە دلۆڤانە تەنانەت مێروولەیەکیشی ئازار نەداوە. لە بەیتولماڵ یارمەتی هەتیوان و بنەماڵەکانی دەدا

ـ رۆڵەگیان! داعشییەکان پیاوەکانی ئێمەیان نەکوشت، دەسدرێژییان نەکردە سەر ژن و کچانی ئێمە، ئەوانیان وەک دیل نەگوێستەوە بۆ بازاڕەکان تا وەک کەنیز بیانفرۆشن. نە، نە، قەت کاری وایان نەکرد. 

ـ کیژەکەم! ژنانی ئێمە بەر لەوەی داعش سەر بکەوێ، لە بەها و نرخی مرۆڤایەتی بە دوور بوون. حیجابیان نەبوو. بەڵام دوای ئەوەی داعش هات، بە ژنانی ئێمە گەورەیی و حیجابی بەخشی. 

ـ ئەم نەزرگە و بارەگایانەی دەیبینی، گۆڕی پیرۆزی نەوەکانی حەزرەتی ئەبووبەکر بەغدادین کە لە دەست جەور و ستەمی حاکمانی ئەو کاتە هەڵهاتوون و لە لای ئێمە پەنایان گرتووە. ئەمانە نموونەی پاکی و دلۆڤانی مرۆڤی سەر رووی زەوین، کچە شیرینەکەم!

ئەم چیرۆکە، چیرۆکێکی بیستراو نییە؟

سپاس بۆ کۆبانێ و پارێزەرانی ئەو شارە کە نەیانهێشت ئەم چیرۆکە بێتە دی!

قادر ئەلیاسی


سەرچاوە: کورتەنامەیەکی فارسی