جاری وایە ئینسان بە بی ئەوەی پلانی بوو بێ تا تەرکیز بکاتە سەر لایەنێک لە لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵگا، لە پڕ دیمەن ، یان ڕووداو و کردارێک باسێک و بابەتێک دەخوڵقێنێ.
ئەگەر بلێم نیزیک بە تەواوی بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگای ئیسکاندیناوی بە گشتی و نۆروێژ بە تایبەتی جیاوازە لەگەل کۆمەڵگایەک کە من تێیدا پەروەردە بووم ، ڕەنگ بێ زێدەڕۆییم نەکردبێ. هەر ئەو جیاوازیانەش لە پەروەردەیی دەست پێک وبنگەهی دا دەبنە بنەما و بنیاتنانی داهاتووی ئەو کۆمەڵگایە.
ڕۆژی ١١ی مانگی مای لە کاتێک دا خەریکی لێخورینی ماشین بووم لە پڕ چاوم بە چەند مناڵێکی باخچەی ساوان کەوت کە لەگەل یەکێک لە پەدەگۆکانیان خەریکی پاک و خاوێنیی قەراغ جاددە و شەقامەکان بوون.ئەوەبوو کە ئەو دیمەنە هەر زوو سرنجی ڕاکێشام و زوو چەند وێنەیەکم لێگرتن تا لەگەل ئەم چەدن دێرانە بخەمە بەردیدی خوێنەرانی نەتەوەکەم.
ئەو منالانە بێ گومان خۆیان نەهاتوون ئەو پاک و خاوێنی یە بکەن. چوونکی مناڵ سروشتی وایە کە تا بۆی بکرێ ئەو کار و ڕەفتارە دەکا کە خۆی پێیخۆشە و هەست بە هیچ بەرپرسایەتیەک ناکات. هەر وەها هاتنیشیان بێ پلان نەبووە و تەنانەت هەر بۆ سەرگەرم کردن یان کات بەسەر بردنیش نیە. ئەوە بنگەهی پەروەردەی ئەو وڵاتەیە کە مناڵ هەر لە باخچەی ساوایان دا بە ڕووحی کاری بە کۆمەڵ و هەست بەبەرپرسایەتی گەورە دەکاتەوە. ئەوان پەروەردە دەکا تا لە دواڕۆژ دا نرخی ژیان و سروشتی دەوروبەریان بزانن و پارێزگاری لێ بکەن.
ڕۆژی ١٧ ی مانگی مای ڕۆژی سەربەخۆیی نۆروێژە، هەموو ساڵی بەوبۆنەوە کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆر کە یەکێک لەوانە ژینگەپارێزی و پاک و خاوێنیی ژینگەیە کە هەموو تەمەنەکان بەشدار دەبن.
خوێنەری هێژا، ئەوە شێوەی پەروەردەی وڵاتێکی باکووری ڕۆژئاوای ئۆرووپایە کە تەمەنی ئەو وڵاتە ٢٠١ سالە.(١٨١٤) . بەڵام با ئاورێکیش لە خۆمان بدەینەوە.
کورد دەولەتی نیە. کە دەوڵەتی نیە ناتوانین بڵێین کوردیش پێوێستە وەک ولاتێکی پێشکەوتوو پەروەردەی زانستی پەیرەو بکا. تەنانەت ئێستاش زیاتر لە ٨٠ لە سەدی نەتەوەی کورد بە زمانی خۆی ناخوێنێ . کەوایە تەیا دەمەوێ چەند نموونەیەک لە باشووری کوردستان بێنمەوە کە نیمچە دەسەڵاتێکی هەیە و دەتوانێ بنگەهی پەروەردەی دروست دامەزرێنێ و لە ئەزموونی گەلان و دەوڵەتانی دیکەی جیهان کەلک وەرگرێ.
٢٥ ساڵ کەم نیە بۆ جێگیر کردنی هیندێک بواری پەروەردەیی بنگەهی. باشووری وکردستان بە هەموو کەم و کۆڕی یەکانیەوە ٢٥ سالە واتە یەک نەسڵە خۆی بەڕێوەدەبا و پەروەردەی بە زمانی کوردی هەیە. باخجەی ساوایان و قوتابخانە و زانکۆی لە هەموو ئاستەکان دا هەیە. دوای رووخانی ڕێژیمی پێشوو ئیمکاناتێکی زەبەڵاحی ماددی و مەعنەوی لەبەر دەستی حکوومەتی هەرێم بۆوە تا نیزیک ساڵیک لەمەوبەر. کەچی ئێستاش کارێکی ئەوتۆ نەکراوە بۆ پەروەردەی دروست و بنگەهیی جیلی نوێ.
کوردستان خاکێکی پڕ لە جوانی یە. پرە لە کانیاو و چۆم و شاخ و بەردی سرنج ڕاکێش . بە دەیان و سەدان سەیرانگەی خۆش و تەنانەت تووریستیی هەیە. کەچی ئەو سەیرانگە ودیمەنە خۆشانەی کوردستان لەباتی پێراگەیشتن و ئاوەدان کردنەوە وجوانکاری و پاک و خاوێنی، پڕن لە زبڵ و بتڵە کۆلا و بنکە سیگار و گوڵەبەڕٶژە و….. کە ناشیرین ترین دیمەن لە ناو جوان ترین دیمەنەکان دا دروست دەکەن. شەقامی شارەکان بە هەولێری پایتەختیشەوە هەتا ئێستاش پڕن لە زبڵ و بەرماو.
ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵات بەرنامە و پلانی دروستی نیە بۆ پاراستنی ژینگە.
ئێستاش شارێکی وەک هەولێر کارگەیەکی دانەمەزراندووە تا ئەو ئەشغاڵ و زبڵانە هەم بۆ بواری دیکە کەلکیان لێوەرگرێ، هەم بەرگری بکا لە پیس بوونی ژینگە. لە کاتێک دا بە هەزاران بینایی چەندین قات و هۆتێل و …… دروست کراون. ئەو هەموو زبڵە لە جێگایەک فڕێ دەدرێ، لە لایەک خەڵکانێکی هەژار دەچن شتی لێ کۆدەکەنەوەە وبێگومان تووشی نەخۆشی دەبنەوە، لەلایەکی دیکە دەیسووتێنن و ئەو دووکەڵ و بۆنەی تا بڵێێ ژینگە ئالوودە دەکا، هەروەها ئاوی ئەو زبڵانە تێکەڵ بە ئاوی ژێر زەوی دەبێ کە پێکهێنەری دەیان نەخۆشیی ترسناکە.
خوێنەری بەڕیز ، ئەوەی سەرەوە هەم نیشاندانی نموونەیەکی بچووکی پەروەردەی وڵاتێکی پێشکەوتوویە و هەم دەست نێشان کردنی لانی کەمی هەست بەبەرپرسایەتی نەکردنی دەسەڵات و کۆمەڵگای کوردی لە باشووری وڵات. کۆمەڵگایەک کە لە دەستپێک دا فێرکرابێ ژینگەی خۆی بپارێزێ لەگەل کۆمەڵگایەک کە کاتێک کاربەدەستێک دەبینێ ، بیر لە ئەرکناسی دەکا، فەرقیان یەکجار زۆرە. نۆروێژی یەک وا پەروەردەکراوە کە پیویستیی بەوە نیە کە شارەداری پێی بڵێ ئەشغاڵەکەی ڕۆنەکاتە سەر شەقام. بەڵام لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی و کوردیش یەکێک لەو کۆمەڵگایانەیە، کاتێک مەئمووری شارداری دەبینێ ، بیریان دێتەوە کە ئەشغاڵەکەیان لەسەر شەقام هەڵڕژاوە. ئەوە فەرقمانە.