"an independent online kurdish website

بەناوی ئەو هێزە دەست پیدەکەم کە ئەو زەویو عاسمانەی چێکردوە. عاسمانی بەمانگو رۆژو ئەستێران ڕازاندۆدوتەوە ، زەوی بەگوڵو دارو گیاو گۆڵو شاخو دەشتو کانیاوو ڕوبارو دەریا خەمڵاندوە ،mela_biraym1

مرۆڤی دروستکردوە کە دەستی بەسەر هەمویان داگرتوە. مرۆڤ ئەو گیانلەبەرەیە کە لەهەمو کەس زیاتر خراپەی دەگەڵ خۆی کردوە ! زۆر دەردی توش هاتون یان دەرمانیان نازانێ یان خۆی لەدەرمان کردنی بواردوە.

لەناو کوردەواری لە بواری جۆراو جۆردا ڕستەی ( دەردی بێدەرمان) وەک هەڕەشە ومەترسی حیسابی بۆ دەکرا. بۆ وێنە : ئەگەر لە کەسێک تورەبای دەتکوت : دەبێ دەردێکت بدەمێ دەرمانی نەبێی . ئەگەر نەخۆشێک زۆر هیلاک باو چارەیەکی بۆ نەدۆزراباوە دەیانکوت : دەردەکەی بێدەرمانە . زۆر جار دایکانو خوشکان ئەگەر بە توڕەیی دوعایان لە یەکێک کردبایە دەیانکوت : یاخوا دەردێک بگری دەرمانی نەبێی . بەداخەوە یەک نەگرتنو یەکتر قبوڵ نەکردنی ئێمەش دەردی بێدەرمانەو دوعای دایکانمان لێگیرا بوە !!

لەو دنیا پانو بەرینەدا بەهۆی بەرزی پلەی زانست زۆر ئامرازی پێشکەوتو بۆ لابردنی گیرو گرفتەکانی ژیانی تاکو کۆمەڵ دۆزراونەوەو کاریان پێدەکرێی . زۆر نەخۆشی قورسو گرفتی گەورەی کۆمەڵایەتیش چارەسەر دەکرێن. دنیاکە لەبواری ئاگاداری بە هەبونی کەرەسەی ئەلەکتڕونی لەسەر جەم ڕوداوەکان ئاگادارن. پلەی خوێندەواریو فیر بون لە هەمو بوارەکاندا بەتەواوی چۆتەسەرو دەرفەتی خوێندنەوەو نوسینو گوێگرتنو هەڵسەنگاندنو ڕادەر بڕین بەتەواوی ڕەخساوە. هەمو ئەو زانستو ئامرازانە بۆیە باشن کە مرۆڤەکان بەوردی بەخۆیان دابچنەوەو بە شێوەی زانستی ڕابردو لە کەوو بێژینگ بدەنو ئەوانەی باشن بەجلو بەرگی تازە وەک خۆیان بیانخەنە ڕوو وەگەریان خەنەوە. کەچی بەداخەوە شێوەی هەڵسو کەوتی ئێمە هەر لەسەر مۆدێلی ژاراوی زۆرە ملی چەقی بەستوە . ئێمە دەبێی بە وەدەست هێنانی ئەو ئەزمونانەو خستنە ژێر زەڕەبینی زانستیانەی ڕوداوەکانی ئێستا ، بەبەرچاو ڕوونی بەرنامەیەک بۆ کارو تێکۆشان دابڕێژینو ڕابردوو ئێستا بەجۆرێک دەکار بێنین کە ببێتە بناغەیەکی پتەو بۆ دروستکردنی دواڕۆژێکی پڕ لە ئاوەدانیو بەختەوەری بۆ گەلەکەمان. دیارە لە پەنا دەکار هێنانی ئەو ئەزمونە بەنرخانە پێویستە بەقەدەر ئەوان هەڵەکانیش بخەینە بەرچاوو لە بیر خۆمانیان نەبەینەوە . ئەگەر لە و ڕۆو داهاتوشدا هەڵەکانمان فەرامۆش کردبێو بە هێندیان نەگرینو وەک زەنگێکی مەترسی بەردەوام زرینگەیان لە بن گوێمان نەیە بە دڵنیایەوە ڕیسەکەمان دەبێتەوە خوریو هەرچی دروستمان کردون دەیان ڕوخێنینەوە . ئێستا کە وا نایکەین دەردێکی بێدەرمانە کە پێمانەوە نوساوە ! دوژمنێکی خۆکردە دەورەمانی داوە! گرفتێکی گەورەیە تا ئەوڕۆ بۆمان چارەسەر نەکراوە.

بەو پێشەکیە کورتە دەمەوێی ڕوو بکەمە کوردستانی خـۆمانـو داوابکەم بـوێـرانـە چاوێک بە خەتاکانمان دا بخشێنینەوەو بەڕاشکاوی بڵێم : هۆی سەرەکیو بنەڕەتی ڕزگار نەبونی گەلو نیشتمانەکەمان یەک نەگرتووییو دوپات کردنەوەی هەڵەکانو دەرس وەرنەگرتن لە کەوتنو هەستانەوەی خەباتەکەمانە. عەیبی گەورەی ئێمە ئەوەیە زۆر سادەو ساکار دەگەڵ هەمو حیزبو سازمانو تەنانەت حکومەتە دژە کوردەکانیش یەک دەگرینو دۆستایەتیو هاوکاریشیان دەکەین ! بێگانەمان زۆر لە خۆیی لەلا بەڕێزترە ! دەیان جار بۆ دوژمنان پاشەکشە دەکەینو تێدەشکێین ، بەڵام بستێک بەلای خۆمانەوە ناچین ! لەوانەش گرینگتر بۆ تاقە جارێکیش بەگەلەکەمان نەکوتوە ئـەوکـارەمان هەڵەبووەو داوای لێبوردنتان لێدەکەینو دوپاتی ناکەینەوە ! بێی سێودوو بڕوا بەدوژمن دەکەینو موتمانەمان بە ئیخۆمان نیە ! بڕوانە لەڕۆژهەڵاتو باشورو باکور هەمو حیزبە کوردیەکان دەگژ یەک ڕاچونو بەشەڕ هاتون . ئەوەندە ناتەبان بە (چـەسپی دوقلو) ش پێکەوە نانوسێن! هەمو ئەو شەڕو ناکۆکیانە لە بەرچاوانە . شەهیدو برینداری ئەو شەڕە نەگریسە تا ئێستاش ژمارەی دروستی بڵاو نەکراوەتەوە. جیا لەو هەمو شەهیدو بریندارەش تۆوێکی ژاراوی دوژمنایەتیو بێباوەریمان چاندوە کە ناهومێدی گەلی بە دوای خۆیدا هێناوەو هەروا بەهاسانی بۆمان قەرەبو ناکرێتەوە ! ئەگەر لە هەر کامێکمان بپرسن ئەو شەڕە بەکاڕێکی خراپو ناڕەوای دەزانین ، کە چی جارێک نا ، چەندجار دوپاتی دەکەینەوە.! بەقسە دەڵێین خراپەو زیان بەبەرژەوەندی گەلەکەمان دەگەێینێ! بەڵام بەکردەوە سڵی لێناکەین ! بەخوێنی پاکی شەهیدەکانمان دەنوسین : ئێمە کەدەڵێین براین ، ڕاست ناکەین !! کە دەڵێین : بەرژەوەندی گەل لە پێشەوەی هەمو شتێکمانە بوختانە بەخۆمانی دەکەین ، ژارە بەناوی هـەنـگـویـن دەرخواردی خەڵکەکەمانی دەدەین. من دڵنیام ئەو هێزو توانایەی بـۆ لە مەیدان دەرکردنی یەکتر سەرفمان کردوەو دەیکەن ، ئەگەر یەکمان خستباو بەرەوڕووی دوژمنانمان کردبا ، ئەو خوێنە گەشانەی لە شەڕی خۆ کوژیدا ڕژاندومانن بۆرزگاری گەلو نیشتمان ڕژابان ، ئەگەر لە جێگای ئەو هەمو ڕقو قینو بوغزو غەرەزەی بۆ یەکترمان هەیە ، خۆشەویستیو برایەتیو هاوکاریمان لە جێی دانابا ، ئەگەر شەڕدەگەڵ یەکترمان بەحەرامو خەتا زانیبا ، ئیستا سێڵاوی خوێنی شەهیدانو هێزی یەکیگرتوی پۆڵایینمان دوژمنانی ڕادەماڵیو زێدەکەمان ڕزگارو گەلەکەشمان ئەوهەمو نەهامەتیو ماڵوێرانیەی توش نەدەبو. خۆ ئەگەر بەهێنانەوەی ئەو بیانوە کە هەلو مەرج بۆ پێک هێنانی ئەو هێزە لەبار نیە ! خۆ دەکراو دەکرێی خەتێکی سور لە نێوان خۆمانو شەڕی خۆ کوژی بکێشێنو هەرگیز بەلایەوە نەچین ، کە ئەوە بۆ خۆی لە ڕوانگەی دنیای تێگەیشتوی پێشکەوتوی کۆمەڵگای جـیهانی وەک یەکگرتوییەکی پیرۆز بـۆمـان دەژمێردرا. زۆر بەداخم ئەو هەمو ڕابردوە خوێناویە پڕ ئەزمونە کە دیتومانەو ، چێشتومانەو خوێندومانەتەوە ، کاری تێنەکردوین ، لە شتێک کە نابەدڵ دەڵێین خراپە! دەست هەڵناگرینو هەوڵ دەدەین پاساویش بۆ دوپات کردنەوەیان بدۆزینەوە . بۆیە دەڵیم نابەدڵ ، چونکە ئەگەر بەدڵ بەخراپمان زانیبان هێندەمان دوپات نەدەکردنەوە.

شەری خۆ بەخۆ ، یان بڵێم : شەڕە کورد فەتایەکی گەلێک مەترسیدارە و دەردێکی بێدەرمانە. کامە دەرد لە براکوشتنو خوێنی یەکتر ڕشتن بەژانترە ؟ کامەیە ئەو مـافـو بەرژەوەندە کە بەڕشتنی خوێنی شۆڕشگێڕانی گەل بەدەستی یەکتر دەس دەکەوێی؟ کامە ئامانجە کە بە سوتاندنی جەرگی دایکو باوکان بە شە هید بونی کوڕەکانیان بەدەستی براکانیان وەدێدەهێندرێی ؟ بۆمن جێی داخو سەر سوڕمانە ئەگەر ئامانجی هەمومان ڕزگاری کوردو کوردستانە ، ئەدی لەسەرچی شەڕمانە ؟ ئەگەر دڵسۆزی گەلین ئەدی بۆچی ڕۆڵەکانیان لە پێناوی حەزو ویستی گوماناوی بەکوشت دەدەین ؟ دڵنیام لەبەرانبەر ڕژانی ئەو خوێنە گەشانەی کە بۆ غەیری ئامانجی گەل ڕژاندومانن بەر پرسیارین ، چونکە ئامانجو ویستی گەلو پێشمەرگە ڕزگاری کوردستانە نەک بەدەسەڵات گەیشتنی حیزبو سازمانێک . ئا لێرەدا یان من هەڵەم یان ئێوە ئیقرار بەهەڵەکان ناکەن !!

دوایین قسەم ئەوەیە بەباوەڕی من تەنیا ڕێگە چارەی دوایی هێنان بەو کێشانەو لابردنی ئەو بەربەستە مەترسیدارانە لە سەر ڕێگای ڕزگاری گەلو نیشتمان ئەوەیە: گەل بەگشتیو حیزبو سازمانەکان بەتایبەتی بەبێی لایەنگری لە هیچ کەسو حێزبێکو بە لەبیر بردنەوەی خەسارەکانی ڕابردوو، گرینگیو بایخی ئامانجی گشتی گەل دەرک بکەینو ، ئەو ئایەتە بکەینە ئۆلگوو کە دەفەرموێی : { ئەگەر دوو تایەفە لە موسوڵمان توشی شەڕ هاتن ئێوە عادڵانە نیوبژیان بکەنو پێکیان بێننەوە، ئەگەر لایەنێک خەتابار ناسراو ددانی پێدانەدەهێناو ملی بادەداو لەسەر ملهوریەکەی سور بو ، بەهەموتان بەگژی دابچنو بەتوندی بەرەنگاری ببن هەتا لەو ڕێگە هەڵەیە دەیگێڕنەوە .} لێرەدا ئەرکی نێو بژیکارانە هەست بە بەرسایەتی نەتەوەیی بکەنو واز لە دیپڵۆماسیو خاترخواییو لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندی تاکیو حیزبی بێننو لاسارو ملهوڕەکان هەر کەسو هەر حیزبێک بێی بەگەل بناسێنن ، دڵنیام گەلەکەمان ئەوەندە وشیارو بوێرە ، ڕێگە نادەن بەرەژەوەندەکانیان بکرێتە دیاریەک بۆدەوژمنانی بنێرن . لەو بڕوایەدام ئێمە دەزانین بەرژەوەندی گەلو نیشتمان چیە ! بەڵام دەسەڵاتخوازیو لە خۆ بایی بوون بەرچاوی گرتوینو توشی ئەو دەردە بێدەرمانەی کردوین. ئێمە هەمو شتەکانمان لە دروشمو پڕو پاگەندەدا جێکردۆتەوە ، هەر دەڵێی کردەوەکانی شۆڕشگێڕانەمان لەبیر خۆمان بردۆتەوە! وەک وشتری ناو پەمۆ چاومان قوچاندوەو بروبوی گەلمان پێشێل کردوە ! زۆر کەس دەتوانێ قسەی زۆر قەڵەوو جوان بکا، بەڵام کردەوەی چاکی لەدەست نایە ! دیارە بەشایەدی مێژوو کردەوەی شۆڕشگێڕانە لەهەمو عەسرو زەمانێکدا شۆڕشگێڕی ئازاو بوێرو چاو نەترسی ویستوە. ئەویش ئەو کەسانەن کە هەمو شتێکی خۆیان بەقوربانی ئامانجە کەیان کەڕزگاری گەلو نیشتمانە کەیانە کردوە . تۆبڵێێ ئێمەش وابین ؟! هیوادارم ئێمە هەمومان بەگشتیو ڕێبەرانمان بەتایبەتی بەتەواوی مانای وشە سادقانە دەگەڵ یەک بدوێنو خەتاکان لە هەر کەسو لایەنێکەوە بێی بخەینە بەر بیروڕای گشتیو ڕووداوەکان چۆن بونو هەن ئاوا بەخەڵکیان ڕابگەیێنن. ئەوەش بزانن ئەو کوردەی بەدژی بەرژەوەندی گەلەکەی کار بکا لەدوژمنی دەرەکی مەترسیدارترە و ئەوەیان دەردی بێدەرامانە.

ئیمانی تەواوم ئەوەیە کە ڕزگاری گەلو نیشتمان دەبێی لە پێشەوەی هەمو ئیدەو ئایینەکانەوە بێی . هەرکام لەو ئیدەو ئایینانە ئەگەر دژایەتی ئەومافە ڕەوایە بکا ، یان بۆیەکێک لەوانە بیخاتە پەڕاوێزەوە نەک دەگەڵی نابم بـەڵکو چەندی بتوانم بەرەنگاری دەبمەوە. بە دەقو دۆغریو کوردانە بڵێم : من خۆم موسوڵمانمو دەرسی ئایینیشم خوێندوەو بـە زاراوەی کوردی [ مەلای ١٢ عیلمم ] بەڵام ئەگەر ئیمامی عومەرو عەلی (ر) بێنو کوردستان داگیر بکەنو کورد بچەوسێننەوەو قەڵاچۆ بکەن، تاسەرم دادەنێم بەرەوڕویان دەبمەوە. بەڵام ئەوەی من لەمێژوی ئیسلام تێگەیشتوم دڵنیام ئەوانە شۆڕشگێڕو قارەمانی خەبات بەدژی چەوسانەو چەوسێنەر بون بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکەیانو ڕزگاری مەککە هـەرچی فیداکاری بـوو کردیان تا گەیشتنە ئـامانجو زێـدەکەشیان ڕزگار کرد. گومانم لەوەدا نیە ئەگەر ئێستا لە ژیاندابان، یـارمەتی کـوردیان بـۆ ڕزگاری کوردستان دەدا ، بەدڵنیایەوە پشتیوانی تەواویان لە خەباتەکەمان دەکرد ، چونکە کورد هەم ئینسانەو هەم داواکەشی هەقو ڕەوایە و زۆرینەشی موسوڵمانە . دەردێکیتریـش کەبۆتە سەرباری دەردی شەڕی خۆ بەخۆ ئەوەیە : مرۆڤ بونو مافی نەتەوایەتـیـو کوردستانمان خستۆتە دوای مەسەلەی ئایینو مەزهەبو شتی لاوەکی ،کە لەڕاستیدا ئەو لە پێش ئەوانە ، بۆیە ناتوانین یەکگرتوبین بۆ کوردستان!!

دوایین داواشم ئەوەیە : هەمو ئەوهەڵانەی کردومانن با لەڕابدودا بمێننەوە . باتێبکۆشین گەلی کورد نەکەوێتە داوی ئەوانەی تێدەکۆشن کورد بخەنە ناو بازنەی شەڕی ئایینیو مەزهەبیەوە ، چونکە شەڕێکی لەو بابەتە بەتەواوی زەرەرمانە . شەڕێکە هەمو بەرنامەکانمان دەشێوێنێ ، ئامانجی گەل دەفەوتێنێ . باواز لەشەڕی ئیسلامو دینەکانیتر بێنین . بەرەنگاری هەمو ئەوانەش ببینەوە کە زێدەکەمانیان داگیر کردوەو مافی گەلەکەمانیان ژێر پێی خستوە . جائەوانە موسوڵمان بن یان غەیرە موسوڵمان چونکە ئەوانە زاڵمن ، بەرگری لەمافو بەرەنگاری زاڵم مافێکی شەرعیمانە.

لێرەدا بەجێیە بەبۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزان پیرۆزبایی لە هەمو براکوردە خاوەن باوەڕەکانم بکەمو هیوادار بم ، دیندارانی دڵپاکو ئاکار چاک دوعابکەن خوا ئەو نەخۆشی شەڕی خۆ بەخۆیە و دوبەرەکیەمان لە سەر لابەرێیو حیزبەکانیشمان بگەێێنێتە ئەو باوەڕە ، لە ڕاگەێینە گشتیەکانیان بەبەردەوامی نەفرینی لێبکەنو بەوهۆیە گەل دڵنیاو دوژمن ناهومێد بکەن.

بەهیوای ڕزگاری نیشتمانو گەل .

 براتان مەلابرایم مەجید پور ١٥/٦ /٢٠١٥

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی