Hoppa till innehåll
Hem » بێژنگ کردنی نووسراوە مێژوویەکانی ئیسلام، ئەرکی گشت تاکێکی ڕۆشنبیرە، مەجید پاڵانی

بێژنگ کردنی نووسراوە مێژوویەکانی ئیسلام، ئەرکی گشت تاکێکی ڕۆشنبیرە، مەجید پاڵانی

ئەوەی تا ئێستە من بیستبێتم، یان خوێندبێتمەوە، زۆرجاریش لەم و لەو جا پێڕەوی ئایینی ئیسلام بووبێت، یان هەر ئایینێکی دیکە، گلەیی کراوە لەوەی،mejid_palani_001

کە زۆر شتی ناڕاست و دوور لە زانست و بگرە دژە مرۆڤایەتیش لە نووسراوەکانی ئیسلامدا بەرچاو دەکەوێ، جا بۆناکرێ و نابێت لە لایەک بۆ دەرخستنی ڕووی ڕاستی ئایینی ئیسلام و لە لایەکی دیکەشەوە، خستنەڕووی ڕاستی مێژووی و زانستی ئایینی ئیسلام هەم بۆ پێڕەوەکانی ئەم ئایینە و هەم بۆ پێڕەوانی ئایینەکانی دیکەی زەوینی و ئاسمانی باس بکرێت؟

 باشە بۆ دەبێ توێژینەوە و باس لێوەکردنیان بڤە بێت و توێژەرەوان و لێکۆڵەرەوەانیان بە بێدین و کافر و دەرچوو لە دین بە ئەژمار بێن و حوکمی کوشتیان بە پێویست بزانارێت؟!                    

وەک دەبینرێت و دەبیسرێت و توێژینەوەکانیش دەریان خستووە، کە دەیان و سەدان و بگرە بە هەزاران وتنی دوور لە ڕاستی بەدەم پەیامبەری ئیسلامەوە (دخ) نووسراون و ناویان ناوە حەدیس و خزێنراونەتە ناو کتێبە حەدیسییەکانیشەوە.  یان هەرکام لەو کادیر و دانەرانی ڕێبازە ئیسلامییەکان و زانایانی سەردەمانی زوو، بە پێی لێکدانەوە و بۆچوونی ئەو سەردەمانە ی خۆیان و بە پێی ئەو داب و نەریت و کولتووری سەردەمانی خۆیانە، شتەکانیان نووسیوە و کردویانە بە بڕیار بۆ پێڕەوانی ئاییی ئیسلام. ئەوەش، کە دەبینی پێڕەوی ئەم ئایینە بوون و ڕای جیاوازیان لەسەر بابەتە ئایینی و کولتووری وکۆمەڵایەتییەکان بووە و هەیە، دەگڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی باسم کرد. هێندێک جاریش لادەرانی ئەم یاسانە بە سزای کوشتن مەحکوم کراون. جا لێرەدا کارم بەوە نییە، چ حەدیسە ڕاستەکان و چ ئەوانەش دوورن لە ڕاستییەوە  و چ وتە و بۆچوونی ئیمامەکان، لەگەڵ زانستی سەردەم ڕێک دەکەون و زانست دەیان سەلمێنێ، یان نە، باسەکەی من لێرەدا ئەوە نییە، بەڵکوو ڕووی نووسراوەکەم لەوانەیە، کە ڕۆشنبیری نێو کۆمەڵگان، دەبێ بوێرانە قۆڵ هەڵماڵن و بێژنگی نووسراوە مێژوییەکانی ئیسلام بکەن و خلتە و خەواڵەکەی لێ دەرهاوێژن و پوختێکی بەتەواوی ڕاست و زانستیانەی لێ هەڵبژێرن. ئەم هەنگاوە بوێرانەیە، نە سووکایەتییە بە ئایینی ئیسلام و نە پێداهەڵوتنیشە، بەڵکوو خزمەتیشە بە پێڕەوانی ئەم ئایینە و ئەو نەوە نوێیانەش، کە دەیانەوێ ببنە پێڕەوی ئەم ئایینە، دەنا دەبێتە پێڕەوی کردنێکی کوێر کوێرانە.

خستنەڕووی ڕاستی مێژووی هەم ئایینی ئیسلام و هەم ئایینەکانی دیکە و باسکردن و هروژاندنی هەڵە و کەم و کۆڕی و خراپەکارییەکانی کادیر، ڕێبەر، پێڕە و … ، هەر ئاینێک بەواتای پەردە هەڵدانەوەیە لەسەر هەموو ئەوانە و هەروەها پێشکەش کردنی خزمەتێکە بە بەرەکانی داهاتوو تا ئەوانیش تووشی ئەو هەڵانە نەبنەوە. بەپیرۆزی تماشا کردنی هەرکام لە و ئایین و ڕێبازە ئایینی و کادیر و ئیمام و … وا بکا لە پێڕەوەکانیان، کە هەڵەکانیان نەبینن، ئەوە کارەساتە، بۆیە دەبێ نەوەکانی دوای ئێمە بەو شێوەیە بیر نەکەنەوە تا ببین بە خاوەنی کۆمەڵگەیەکی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو.

دەبا ڕۆڵە ئازا و بوێرەکانی ئێمە توێژینەوەی زانستیانە لەسەر هەموو ئایین و ئایینزاکان بکەن  و نەترسن لەوەی چ کەند و کۆسپێک سەرەڕێیان لێدەگرێت. با بە بێژنگکردنی گشت نووسراوە مێژوویەکانی ئایینی و غەیرە ئایینی، ڕێگەی ڕاست ببیننەوە، تا ئەوان هەڵە و کەم و کۆڕێیەکانیان کەم و کەمتر ببێتەوە. با بە هەموو نرخێک شوێنکەوتەی گشت کەس و لایەن و بیر و باوەڕێک نەکەون، بەڵکوو خۆیان بە دۆزینەوەی ڕێگەی ڕاست ڕێگەی خۆیان بگرنە بەر. هاوکات گوێ بۆ ئامۆژگاری بە سوودی هەموو کسێکیش بگرن، جا ئەو کەسە پێڕەوی هەر ئایین و ڕێبازێکی ئایینی بێت، یان پێڕەوی لە هیچ ئایینێکیش نەکات. کەوایە،

بڕوانە وتن و کرداری کەسەکە، نەک، خودی کەسەکە”

سەرکەوێ بیری ژیرانە و بوێرانەی ڕۆڵەی کورد، نەمێێنی پێڕەویکردنی کوێر کوێرانە و وەشوێنکەوتەیی گێلانە.

مەجید پاڵانی، نۆروێژ