نزیك بە دوو ساڵ پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، كە تێیایدا ئاخوندە هەلپەرستەكان بە زۆرەملی و فرت و فیڵ دەستیان بەسەر شۆڕش و دەسكەوتەكانیدا گرت،
لە هەلومەرجێكی زۆر ناسك و هەستیاردا كە رێژیم بە تەواوی هێز و توانایەوە درێژەی بە فەرمانە جیهادییەكەی خومەینی دەدا و تەواوی كوردستانی ئازیزی میلیتاریزە و داگیر كردبوو، لە دۆخی بێدەنگی، خەفەقان، سەركوت و قەڵاچوودا كە دەنگ و داوا رەوا و دیمۆكراتیكەكانی نەتەوەی كورد بە هیچ كوێیەك نەدەگەیشت، لە گەرمەی رووداوە یەك لە دوای یەكەكانی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویدا كە هیچ كەرەستە و ئامراز و رایەڵگەیەك لەبەر دەستی شۆڕش و خەباتی كورددا نەبوو، حیزیی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، وەك حیزبێكی نەتەوەیی و بەرپرسیار لە هەمبەر پرسە سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەكانی خەڵكی كوردستان بیری لە دامەزرانی رایەڵگەیەك كردەوە هەتا هەواڵی رووداو و پێشهاتەكانی ئەودەمی كوردستان بەڕاستی و وەك خۆیان بگەنە گوێی بیروڕای گشتی و چەواشەكاریی و سیاسەتە دوژمنكارەكانی رێژیم لە كوردستان پووچەڵ بكرێتەوە.
هەر بۆیە بە هەوڵی بێوچانی رێبەرایەتیی حیزبی دێمۆكرات و لە سەرووی هەموویانەوە شەهیدی هەمیشە زیندوو دوكتور قاسملووی زانا لە ٢٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویدا رادیۆی ” دەنگی كوردستانی ئێران” دامەزرا و بە وتارە بەنرخ و پڕ نێوەرۆكەكەی شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو كە رووی لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بوو، بە فەرمی دەستی بە كارەكانی خۆی كرد. لەگەڵ دامەزرانی رادیۆی دەنگی كوردستانی ئێران، دەلاقەیەكی نوێلە راگەیاندن، زانیاری و سەرچاوەی باوەڕ پێكراوی هەواڵ و پێشهاتە سیاسی و نیزامیەكان بە رووی كۆمەڵگای كوردستاندا كرایەوە. لە گەرمەی هێرشی بەربڵاوی رێژیم بۆ سەر شار و شارۆچكە و گوند و دەڤەرە جیاجیاكانی كوردستان و لە كاتێكدا گەماروە نیزامی و ئابوورییەكانی رێژیم هەموو دەرفەت و دەرەتانێكی لە خەڵكی تینووی ئازادی بڕیبوو، دامەزرانی رادیۆ وەك پاڵپشت و بڕبڕە و دەسكەوتێكی تازەی خەباتی سیاسی، كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی پێی نایە مەیدانی تێكۆشانی كوردایەتی و ئەزموونێكی تازە لە شۆڕشی راگەیاندنی لە كوردستانی ئێران دەست پێكرد. رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران وەك راگەیەنێكی نەتەوەیی رێڕەوی سیاسەت و رێبازە گشتێەكانی حدكا، تەنیا لە مەیدانی خەباتی سیاسیی كوردستاندا نەمایەوە، بەڵكوو لەبەر بوونی مەسەلەی هاوخەباتی لەگەڵ نەتەوەكانی دیكەی ئێران نەتەنیا بە زمانی فارسیش بەرنامەی بڵاو دەكردەوە لە ساڵانی ٦٠دا بە زمانی ئازەری بۆ نەتەوەی برا و دۆست و هاوخەباتی ئازەریش بەرنامەی هەبووە و خزمەت كردن لەو بوارەشی بە ئەركی نەتەوەیی زانیوە.
رادیۆ وەك تریبوونی ئازادیخوازانی ئێران بە گشتی و دەنگی حەقبێژ و زوڵاڵی پێشمەرگە و خەباتی میللی دیمۆكراتیكی كورد لە كوردستانی ئێران، شانبەشانی قۆناغ و رەوت و جۆرەكانی خەباتی كورد رێگای سەخت و كەند و كۆسپ و هەوراز و نشێوی بڕیوە و لە قۆناغی شەڕی بەرگریشدا لەژێر رەهێڵەی تۆپ و خومپارەی كۆماری ئیسلامیدا شاخ و دۆَل و چیا و لەند هەڵدێری بڕیوە و لەم پێناوەشدا چەندین رۆَڵەی بە ئەمەگ و تێكۆشەری پێشكەش بە بارەگای ئازادی كردووە، بەڵام ئیمان بە خەبات و باوەڕ بە رێبازی پڕ لە سەروەریی شەهیدان و حیزبی دێمۆكرات چۆكی پێدا نەداوە و ئەو ئەستەمی و دژواریانەی بڕیوە و ئێستاش پاش ٣٥ ساڵ هەوڵ و تێكۆشانی بێوچان ئەم دەنگە راستەقینەیەی كورد، ئەم زایەڵە پڕ لە نركەیەی نیشتمان كە دوژمنان لەبەر هەیبەتی ورەیان دابەزیبوو، ئەم خۆشەویست و لەبەردڵانەی كۆمەڵانی ئۆگری ئازادی بەردەوام سروودی راستی و نیشتمانپەروەری و ئازادیخوازیی بە گوێی بیسەرانیدا دەچرپێنێ.
دەنگی كوردستانی ئێران، سەرەڕای ئەوەی كە لەباری ئیمكانات و كەرەستە و ئامێری مۆدێڕن و سەردەمیانەی راگەیاندنەوە لە قۆناغی جیاجیادا كز و لاواز بووە و وەك پێویست دەرەتانی دەست پێڕاگەیشتن بەو كەرەستانەی نەبووە، بەڵام بەو حاڵەش ٣٥ ساڵی كار و تێكۆشانی بە چەند قۆناغێكی هەستیار و ئەستەمدا تێپەڕانددووە كە هەركامەیان پێویستیان بە تاوتوێو شیكاریی زیاتر هەیە كە لەسەرووی هەموویانەوە هەوڵ دان بۆ رۆشنگەری و دەبڕینی راستیەكانی كۆمەڵگای كوردستان و لەقاودانی سیاسەتی درۆ و چەواشەكاریی رێژیم بووە لە كوردستان. كە هەر ئەم تایبەتمەندیەی بووە هۆی ئەوەی كە ببێتە سەرچاوە و ئاوێنەی راستیەكان و لەناو كۆمەڵانی خەڵكدا نازناوی ” دەنگی حەقبێژی كورد”ی بە باڵا ببڕێ. بە درێژایی تەمەنی رادیۆ دوژمنانی كورد و بە تایبەت كۆماری ئیسلامی كە ئەم رادیۆوە ببوە چقڵی چاوی ئەوان و لە بەرامبەردا و جێگای هیوا و ئومێدی خەڵكی كوردستان بووە، هەوڵی كپ و بێدەنگ كردنیان داوە و لە هیچ پیلانێكیش دەستیان نەپاراستووە. دەنگ و نركەی مافویستانەی پێشمەرگە و هەواڵی پڕ لە حیماسە و جۆش و خرۆشی قۆناغی خەباتی چەكداری سیمایەكی تر و ورە و هەیبەتێكی دیكەی دەبەخشیە شۆڕش و بەرخودان كە ئەمە تەنیا لە بێژەران و نووسەرانی دەنگی كوردستانی ئێران دەوەشایەوە.
رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە كە لەگەڵ بەرەو پێشڤەچوونی دنیای بەرینی راگەیاندندا بەپێی توانای خۆی هەنگا و هەڵێنێو لەگەڵ دۆخی سەردەمیشدا خۆی بگونجێنێو بۆ ئەم مەبەستەش كە داخوازی ئەم قۆناغەی كۆمەڵگایە، هەوڵی خۆ نۆژەن كردنەوە و بە خۆداچوونەوەی داوە و لەباری نێوەرۆك، فرەچەشنی، قەوارە و چوارچێوەی كار و ئامراز و كەرەستەی پێویست و سەردەمیانەی راگەیاندنی رادیۆییەوە پێشكەوتنی بە خۆیەوە بینیوە و لەپێنا باشتر بوونی بەرنامەكان كە رەزامەندنی و بەجێهێنانی ویست و داوای گوێگرانە هەوڵی جێدیش دەدات.
هەر دەزگا و ناوەندێكی راگەیاندن و سەرچاوەی زانیاری كە ئامانجی ئازادی و دابین بوونی مافی رەوا و ویستی دێمۆكراتیك بێت، كۆمەڵێك فاكت و هۆكار دەست دەدەن دەستی یەكتر هەتا لە كار و ئەركە گشتیەكانیدا سەركەوێو ببێتە سەرچاوەی جێگای باوەڕی خەڵك، رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێرانیش لەو دەنگە دەگمەنانەیە كە بە وردبینی و تێڕوانینی واقیع بینانە و رەچاوكردنی سیاسەت و پڕنسیبی ئەخلاقی و مرۆیی توانیویە ئەو ئەزموونە بۆ خۆی دابین بكات و مێژوویەكی پڕ لە شانازی بخولقێنێ، كە لێرەدا ئاماژە بە هێندێك لە تایبەتمەندییە بەرچاوەكانی رادیۆ دەنگی كوردستانی ئێران دەكەین:
١ ـ پاراستنی پڕنسیب و ئەخلاق: رەچاو كردنی ئەخلاقی سیاسی، مرۆیی، رۆژنامەنووسی و گرتنە بەری ئەدەبیاتی پاراوی سیاسیی بە دوور لە جنێو فرۆشی و ناو زڕاندن.
٢ ـ واقیع بینیی سیاسی: واتە خوێندنەوەی ورد و هەمەلایەنە لە كۆمەڵگای ئێران، كوردستان و ناوچە و خۆ پاراستن لە درۆ و دەنگۆ و ئەگەر و شیمانە و دەربڕینی هەڵوێستی روون و ئاشكرای بەدەر لە چەواشەكاری.
٣ ـ رۆڵی رێبەرانی شەهید: هەوڵ و تێكۆشانی بێوچانی دوو رێبەری شەهیدی حیزب و گەل دوكتور قاسملوو و دوكتور شەرەفكەندی، لە دامەزراندن و گەشە سەندنی رادیۆ و هرەوەها بوونی هەركامەیان لە قۆناغێك لە خەبات وەك بەرپرس و پاڵپشتی رادیۆ سەنگ و قورسایی و پێگەیەكی تایبەتیان بەو دەنگە بەخشیوە كە ئێستاش هەر شوێن پەنجەیان دیارە.
٤ ـ راستگۆیی: بڵاو كردنەوەی هەواڵی راست، پشت بەستن بە سەرچاوە و راستیەكان و خۆ بورادن لە پڕوپاگەندەی بێبنەما، سادەیی، خەڵكی بوون، تەنانەت ئەگەر زۆر جار بە زەررەی خۆیشی بووبێت بوونەتە هۆی ئەوەی كە ببێتە سەرچاوەیەكی جێگای متمانە و تەنانەت دوژمانی كوردیش باوەڕیان پێهەبووە و پشتیان پێبەستووە.
٥ ـ گرینگی دان بە چین و توێژە جیاجیاكان: كرێكاران، وەرزێران، مامۆستا و قوتابی، تێكڕكا خۆیان لە دەنگی كوردستانی ئێراندا دەبیننەوە و بۆ ئەم مەبەستەش بەرنامەی تایبەت بە: ژنان، لاوان، خوێندكاران تەرخان كراوە و ئاوڕ لە ویست و داواواو كێشە و گرفتە تایبەتیەكانیان دەدرێتەوە.
٦ ـ رێز دانان بۆ شەهیدان سەروەرانی نیشتمان: شەهید ئەو مرۆڤە گیان لەسەردەست و هەرگیز نەمرەیە كە بۆتە رەمزی هەرمان و حیماسەی كۆڵنەدان و سیمای راستەقینەی دەنگی كوردستانی ئێرانە و رێزلێنان لە فیداكاری، گیانبازی و تێكۆشانی بێوچانیان لە كاروانی شەهیداندا یادگاری دێرینی ئەم دەنگە رەسەنەیە.
٧ ـ گرینگی دان بە فەرهەنگ و ئەدەب: زمان پاراوی و هەوڵ دان بۆ گەشەسەندنی زمان و شێعر و ئەدەبیات و كولتوور و هونەر و رۆشنبیریی كورد، یەكێكی دی لە تایبەتمەندیە بەرچاو و بەرزەكانی دنەگی كوردستانی ئێران بووە و لەم بوارەشدا لەناو راگەیەن بیسراوەکانی کوردددا دەوری باشی لە بواری برەودان بە فەرهەنگ و زمان و ئەدەبی کوردیدا گێراوە و گرنگیدان بە زمان پاراوی و پاراستنی فەرهەنگ خەمی هەمیشەی بەرپرسانی دەنگی کوردستانی ءران بووە کە بەرنامەی فەرهەنگی، ئەدەبیی “کۆلکەزێڕینە” نموونەی بەرچاوی ئەم راستییەیە.
٨ ـ رۆشنگەری و وشیاریی نەتەوەیی: لەقاودانی سیاسەتە دژە مرۆیی و دوژمنكارەكانی كۆماری ئیسلامی لەلایەن دنگی كوردستانی ئێرانەوە یەكێك لە ئەركە رۆشنگەرییەكانی و ئاشنا كردنی خەڵك لەگەڵ مافە رەوا و ئازادییەكانیان و هەروەها هەوڵ دان بۆ بردنەسەری ئاستی و شیاریی نەتەوەیی و شعووری سیاسی و هەنگاو نان لەپێناو بە جەماوەری تر كردنی خەبات لە ئەركە سەرەكی و نیشتمانیەكانی پێرسێنێل و خەباتگێرانی خۆڕاگری دەنگی كوردستانی ئێرانن.
هەر ئەو تایبەتمەندیانە و عەشق و خولیای ئازادی و هەوڵ دان لەپێناو كۆمەڵگایەكی ئازاد و دێمۆكراتی بە دوور لە هەچەشنە چەوسانەوەیك وای كردووە كە دەنگی كوردستانی ئێران دەنگی زوڵاڵ و حەقبێژی كورد، دەنگ و سەمبولی بە هەیبەتی پێشمەرگە، زایەڵەی هاواری نەتەوەیەكی ئازشتیخواز پاش 35 ساڵ لە هەوڵ و تێكۆشانی نەپساوە، بەڵام ماوەی چەند مانگێكە بەهۆی گرفتی تەكنیەكییەوە بە شێوەی كاتی لە وەشان و چالاكیی وەستاوەو، دەنا لە هموو قۆناغەكانی سەختی خەباتی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێراندا بێوچان وەك دەنگێكی بە هەیبەت و دلێر و راستوێژ سروودی عەشق و ژیان بە گوێی ئەڤیندارانی نیشتماندا چرپاندووە و هەتا گەیشتن بە دوا مەنزڵگەی ئاوات و ئازادی بەردەوام دەڵێ:
ئێــــــــرە دەنــــــــگی كـــــوردســــــتانی ئێــــرانە
یادی ٣٥ ساڵەی دامەزرانی رادیۆی دەنگی كوردستانی ئێران لە هەموو شۆڕشگێڕانی دێمۆكرات و ئۆگرانی ئەو دەنگە لایەنگرانی رزگاریی نیشتمان و تێكڕای خەڵكی نیشتمانپەروەری كوردستانی ئێران پیرۆز بێت.
بۆ یادی سی و پێنح ساڵەی دامەزرانی دەنگە حەقبێژەكەی كورد
لە بناری هەر شاخێ، لە گوێی خوڕەی هەر كانیەك، لەژێر تریفەی مانگەشەودا، لە دوو توێی نیگای پڕ لە حۆزگەی كۆرپەی ناو هەر لانكەیەك، دێتە بەرگوێ سۆزی شمشاڵێكی رەسەن كە بۆتە شاپەیڤی نێو لاوك و بەیت و حەیران، رایەڵگەكەی “دەنگی كوردستانی ئێران”.
چنار لەبەر بەرزی باڵای سەری نەوی كرد، سنەوبەر لە هەیبەتی سێبەری دەنگی سەری هەڵنایە، بنارو رەز و باخ، كێو و هەڵدێر و زەنوێر و شاخ، كۆڵان و شەقام و گوند و شار، تەژین لە ئاواتەكانی دەنگ و رایەڵگەكەی ٢٧ی جۆزەردان. سی و پێنج ساڵە دەنگێكی رەسەن، سی و پێنج ساڵە چریكەی ئاوات و ئامانجە رەواكانی نەتەوەی كورد لە هەناوی دەنگێكی راستبێژ و حەقبێژدا دەبنە شاگوڵی ئەڤین و لە بەرۆكی كەسكی نیشتمان دەدرێن.
جۆزەردانە، جۆزەردانە، لەنا و كەژ و كێو و دەریای بێدەنگدا، لەناو تۆف و كڕێوە و ترس و دڵەڕاوكێ و زوقم و بەستەڵەك و لەژێر لێزمە و رەهێڵەی تۆپ و گوللە و لەژێر چەكمەی نەزانپەرستی و ئاڵاهەڵگرانی شەڕ و كوشتن و بڕیندا، لە پێدەشتی قاقڕی خەفەقان و لەناو جەرگەی بێ هیواییدا دەنگێك لە هەناوی بێدەنگییەوە چریكاندنی و لەرزەی خستە دڵی داگیركەران و بوو بەهیوای ئازادیخوازان و نیشتمانپەروەران شۆڕشگێڕانی مەیدانی خەبات ناوی نرا “دەنگی كوردستانی ئێران”. تا رۆژ دەهات ئەم دەنگە زوڵاڵە، ئەم دەنگە حەقبێژە، ئەم دەنگە جێ اوەڕو جێمتمانەیەی خەڵك، خۆشەویستترو لەبەردڵانتر دەبوو.
بۆیە هەر زوو بوو بەدەنگ سۆز حەزیای لێقەوماوان سەرتاسەری نیشتمان لە یلامەوە بگرە تاكوو ماكۆ خۆی سەڵماس بوونە ئۆگر لایەنگری “دەنگی كوردستانی ئێران”، دەگمەنن ئەو دەنگانەی دەبنە كسپەی هاوار بە شە پەیڤی ئازادی ملوانكەیەكی خۆشەویستی دەكەنە گەردنی سەوزی نیشتمان، دەگمەنن ئەو دەنگانەی بێدەنگی شەو دەشڵەقێنن بە زمانی گوڵا و جوانی و مانگەشەو شێعرستانێكی پڕ لە ئەڤین دەنەخشێنن، دەگمەنن ئەو دەنگانەی بەقامووسی وشەی ئەڤین و مرۆڤ و ژیان گوڵستانێكی خۆشەویستیی پێكەوە ژیان، دەخەملێنن، دەگمەنن ئەو دەنگانەی چاوگەی ئازادین و لە سینگی خەباتەوە هەڵدەقوڵن. دەگمەنن ئەو دەنگانەی بەتاڤگەی تەمەندا دێنەخوار و بە نەزمی جوانی گۆڤەندی ژین گۆرانی ئەڤین بۆ هەڤاڵی نادیاری خۆ دەخوێنن. دەگمەنن ئەو دەنگانەی دەبنە رووبار و رەشی تارمایی لە روخساری ژین دەسڕنەوە، دەگمەنن ئەو دەنگانەی چەك و پێشمەرگە و قەڵەم و چیا میوانیانە، دەگمەنن ئەو دەنگانەی دەنگی راستەقینەی ئازادی و رزگاریی نەتەوەیین و خەو لە چاوی ژیانخۆران دەڕەوێنن. سەرتان بەدڵی نیشتمانەوە نێن، گوێ هەڵخەن لەسەر لووتكەی ئاگری و قەندیل و شاهۆو ئاربابا لەناو هەناوی دڵی ئەم خاكەوە چریكەی دەنگێكی رەسەن دێتە گوێ، كە بە”شمشاڵی لوولەی تفەنگ ئەویندارانی بۆ جێژوانی چیا ئەچڕێ” دەگمەنن ئەو دەنگانەی كە دەبنە هێماو سەمبولی خەباتی خوێناوی، “دەنگی كوردستانی ئێران”، ئەی جوانترین نیگای سەوزی نیشتمانم، ئەتۆ هاتی و هەموو رۆژێ ئێواران دەبیە میوانی كونجی دڵی عاشقانی دڵا پڕ لە خولیای نیشتمان، ئەتۆ هاتی و گوتت با بێدەنگی ئیدی بەس بێ و چریكاندت بە گوێی كەڕی قوڕگی شەودا و رووناكاییت بەخشییە ئاسۆی پڕشنگداری ئەم گەلە، زۆرن ئەوانەی بەهیوای هاتنی تۆ ماڵاوایی لە رووناكی رۆژ و خۆر دەكەن، ئەتۆ هاتی و بووی بە شاحەیرانی گۆرانی وڵات و دەنگت بوو بە شێعری پڕ لە خۆزگەی دیوانی شاعێرانی نیشتمان، تۆ شارەزای پەژارە و خەم و ئازار و بڕك و ئێشی، ئەی ئاشنا بە زام، ئێمە هەموو بە تۆوە دەژین، نركەی دەنگی شێرانەت لە قووڵایی شەودا دڕ بە تاریكی دەدات و دوژمن دەخاتە لەرزە، ئەتۆ گیانپەروەری نازی گوڵەمیلاقە و شەرمی وەنەوشە و خەمزەی گەزیزە و لەنجەولاری سوێسنە و بزەی شلێرە و خۆهەژێنی كەنێرە و بۆنی یاس و سنوبەری، تۆ خوڵقێنەری خوای جوانی و شنەی عەشقی گەلاوێژ و ئاواتەكەی ٢٧ی جۆزەردانی، دەگمەنن ئەو دەنگانەی سۆزی هەناسەی مرۆڤ و ژیان و ئەڤین و ئازادی ئەكەنە ئاسۆ و رێبازی خەباتی ئازادیخوازانەی خۆیان، هەر بەردەوام بێ دەنگە زوڵال أو راستەقینە و حەق بێژەكەی كورد، “ئێرە دەنگی كوردستانی ئێرانە”.
سەرچاوە: کوردستان مێدیا
بابەتی پەیوەندی دار
پێشمەرگەکان : ناوی ئەو کەسانەی لە رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران کاریان کردوە