Hoppa till innehåll
Hem » رۆژهەڵات لە بەردەم دڕندەیی دیکتاتۆردا، بورهان پاڵانی

رۆژهەڵات لە بەردەم دڕندەیی دیکتاتۆردا، بورهان پاڵانی

دوو ـ سێ مانگی رابردوو بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان پڕ ناخۆش و کارەساتبار بوو. دەکرێ بێژین کۆمەڵێک رووداو روویان دا کە لە جۆری خۆیاندا تراژدایەک بوون. لە ناخی ئەم تراژدیاگەلەدا بێ بایەخی مرۆڤ و مافەکانی خۆی دەردەخا و هاوکات دڕندەیی دیکتاتۆرمان بۆ بەرجەستە دەکاتەوە.burhan-palani

رووداوی گیان لەدەست دانی فەریناز خوسرەوانی کە لە ئاکامی هەوڵی دەستدرێژی کاربەدەستێکی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی دا لە مەهاباد روویدا پڕ هەژێنەر و تراژیک بوو کە بە خۆشییەوە کۆمەڵگەی کوردستان لە رۆژهەڵات لە ئاست ئەم رووداوە بێدەنگ نەبوو و کاردانەوەی شیاوی هەبوو. بێگومان ئەمەش نیشانەی زیندوویەتیی کۆمەڵگەی کوردییە لە ئاست ویست و داخوازییە بەرهەق و نەتەوەییەکانی. لە بەرانبەریشدا شێوازی مامەڵە کردنی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەڵارێدا بردنی دۆسییەی تاوانی گیان لە دەستدانی فەریناز خوسرەوانی و رووداوەکانی پاش گیان لەدەستدانی فەریناز لە

ferinaz-xosrewani

 شار و ناوچە جۆربەجۆرەکانی رۆژهەڵات، دڕندەیی و بێبەزەیی بوونی ئەو دەسەڵاتە سەدە ناوەڕاستییەمان بۆ دەردەخات. سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و گرتن و لێدان و کوشتن و بریندار کردنی خەڵک، رەت کردنەوەی ئەوەی کە دەستدرێژیکەر سەر بە دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی نەبووە، هەڕەشە کردن لە بنەماڵەی فەریناز خوسرەوانی و… نموونە رەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی بوون بەرانبەر بەم کارەساتە دڵتەزێنە.

 

پاش ئەم رووداوە و کاردانەوەکان بەم رروداوە، رووداوی لە سێدارەدانی بەندیی سیاسیی کورد، مەنسوور ئاروەند لە رۆژی 23ی جۆزەردان (14.6.2015)، کارەساتێکی دیکە و غەدرێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی بوو بەرانبەر بە کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی و بنەمالەی مەنسوور ئاروەند بەتایبەتی. مەنسوور ئاروەند شۆڕشگێرێکی سیاسی و مەدەنیی کورد کە تەنیا تاوانی ئەوە بوو

mansur-arwend-ahdam-0 داکۆکی لە مافی نەتەوەکەی کردبوو، کە ئەمەش مافی رەوای هەموو مرۆفێکی ئازاد و سەربەستە. سەرەڕای ئەنجام دانی ئەم کردەوە دڕندانەیە، بەداخەوە بینیمان کە ئیزنیان بە بنەماڵەکەی نەدا کە لە مزگەوت سەرەخۆشی بۆ دابنێن و تەنانەت تەرمەکەشیان رادەست نەکردنەوە.

پاش ئەم رووداوە رۆژی 8ی پووشپەڕ دیسان رۆژهەڵاتی کوردستان دوو رووداوی دڵتەزێنێ دیکەی بە خۆیەوە بینی کە بەرهەمی دڕندەیی و بێبەزەیی دیکتاتۆری رەشی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو. رووداوی یەکەم گیان لە دەستدانی ”ئاکام تەلاج”، خوێندکار و خەڵکی شاری نەغەدە بوو کە لە ئەنجامی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان دژی مەرگی فەریناز خوسرەوانی بە گوللەی بەکرێگیراوێک بریندار بوو و دوای تێپەڕینی دوو مانگ کە لە نەخۆشخانەکانی ورمێ و مەهاباد لە ژێر چاودێری پزیشکی دا بوو، بە داخەوە رۆژی 8ی پووشپەڕ گیانی لە دەست دا و چووە ریزی کاروانی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان. پاش ئەم رووداوە و لە ئێوارەی هەمان رۆژدا بەداخەوە کانی ئاگووشی کچی بەندیی سیاسیی کورد حەمەدەمین ئاگووشی لە شاری پیرانشار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. کانی تەمەن 23 ساڵ کە خوێندکاریش بوو، ساڵانێکە باوکی بەند کراوە و لە نازی باوک بێبەش بووە و ساڵی پاریش دایکی لە داست دابوو. ئەمانە بووە هۆی ئەوەی تووشی خەمۆکی بێ و لە ئەنجامدا کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێ.

ئەو رووداوانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێ کرا، هەمووی لە ژێر سایەی سیاسەتە دژە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامیدا خولقاون و بەرپرسیارەتیی ئەم تاوانانە لە ئەستۆی ئەو رێژیمەیە. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە سیاسەتی سەرکوت و هێرشی بۆ سەر کورد و چالاکوانانی کورد گرتووەتەبەر و ئەم سیاسەتە شتێکی تازە نییە، بەڵام بە سەرنجدان بە ئاڵوگۆڕەکانی پێدەچێ ئەم سیاسەت و سەرکووتانە دژی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر پەرە بستێنێ. ئەو چەند نموونەی کە ئاماژەیان پێ کرا نیشانەی ئەو پەڕی دڕندەیی ئەو رێژیمەیە بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان لە چەند دوو ـ سێ مانگی رابردوودا. وەک لەسەرەتاوە هەر کام لەو رووداوانە لە جۆری خۆیدا تراژدیایەکە و بێ بایەخ بوونی مرۆڤ و مافەکانی لا کۆماری ئیسلامی نیشان دەدا.

بە لەبەرچاو گرتنی جموجووڵ و چالاکییەکانی ئەم دواییەی تێکۆشەرانی دیموکرات لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بێگومان رێژیم بازنەی سەرکوتەکانی فراوانتر و توندتر دەکا دژی خەڵکی کوردستان و دەبێ خۆمان بۆ ئەم قوناغە ئامادە بکەین. لەم قۆناغەدا رەنگە رۆژهەڵات بکەوێتە بەردەم پەلاماری زۆر دڕندانەی دیکتاتۆرییەتی کۆماری ئیسلامی و رەنگە رووداوی زۆر قووڵتر و تاژیکتر لەوانەی سەرەوە دیسان دووبارە ببنەوە. ئەوەی لەم نێوانەدا گرنگە ئەوەیە کە نەترسین و ئەم رووداوانە هەنگاومان پێ شل نەکات و نەهێڵین خوێنی مەنسوور ئاروەندەکان و ئاکام تەلاجەکان و… بە فێڕۆ بچێ.