"an independent online kurdish website

هەر لە کۆنەوە، بە چاوێکی پڕ لە ئەوپەڕی رێز و شکۆدارییەوە، لە مامۆستایان روانیوە .. چونکە بە درێژایی سەردەمەکانی مێژوو مامۆستا خاوەنی پەیامێکی زۆر پیرۆز و گرنگ بووە .. هەر ئەم پەیامەشە کە رێز و پیرۆزی بە مامۆستا بەخشیوە reza_showan.

میری شاعیرانی عەرەب ( ئەحمەد شەوقی ) ـ کە بە رەچەڵەک کوردە ـ لە ستایش و گەورەیی مامۆستادا دەڵێت : ” هەستە بۆ مامۆستا شکۆدارییە … هێندەی نەمابوو کە مامۆستا ببێت بە پێغەمبەر ”   مەبەستی ئێمە لێرەدا مامۆستای کوردە .. مامۆستا چرایەکی هەمیشە داگیرساوی گەشە .. تیشکی گەشی زانست و زانیاری، بە نەوەی نوێی ئەمڕۆمان دەبەخشێت .. خۆرێکی تیشک زێڕینە، رێگا بۆ کەسانی تر رووناک دەکاتەوە .. مامۆستا گۆڵێکی گەش و بۆنخۆشی هەمیشە بەهارە، بە گوڵاوی بۆن و بەرامە خۆشی زانیاری مەستمان دەکات .. مامۆستا هەنگ ئاسایی لە جوانترین گوڵزاری گوڵ هەمەڕەنگدا، شیلەی هەڵاڵەی زانست و زانیاری هەمەچەشنە دەمژێ و، هەنگوینی زانست و زانیاریان لێ دروست دەکات و، پێشکەشی رۆڵەکانی گەلەکەمانی دەکات .. مامۆستا گرنگترین کۆڵەکەیە لە کۆڵەکەکانی بنیاتنانی تاکی سوودبەخش و، کۆمەڵگایەکی دروست و بەختەوەردا .. مامۆستا گرنگترین کارتێکەرە، لە ژیانی ئەمڕۆ و، لە داهاتووی نەتەوەکەماندا .

مامۆستا، پێشمەرگەیەکی جەنگاوەری خۆڕاگر و کۆڵنەدەری گۆڕەپانی جەنگە، کە بە چەکی بڕوا و دڵسۆزی، بە چەکی زانست و زانیاری شەڕی نەزانین و دواکەوتن دەکات .. هەمیشە لەم شەڕەیدا براوە و سەرکوتووە .. مامۆستا، رابەرە، پێشەنگە، پێشڕەوە، بەخشندەیە .. مامۆستا، دایکە، باوکە، خوشکە، برایە، دڵسۆزترین هاوڕێیە .. مامۆستا چێنەری تۆی شادی و ئاشتی و بەختەوەریییە .. هەردەم گەشبین و هیوابەخشە .. مامۆستا  دۆژمنی نەزانین و دواکەوتنە .. هەڵگری ئاڵای گەشەکردن و پێشکەوتنە .. هاندەری داهێنان و گۆڕانکاری و تازەگەرییە .. بۆیە چارەنووس و داهاتووی هەر نەتەوەکەمان لە دەستی مامۆستادایە .. چونکە ئەو قوتابیانەی کە مامۆستا بە راستی و بە دروستی پەروەردە و رێنمایی و ئاراستەیان دەکات و، بە جوانی فێریان دەکات و رایان دەهێنێت .. هەر ئەم قوتابییانەن کە دەبنە سەرکردە و بە رابەر و بە پێشەوا و بە کاربەدەست و، بە سیاسەتمەدار .. هەموو کاروبارێکی کوردستانمان بە رێوە دەبەن .

خزمەت و چالاکی مامۆستا، تەنها لە ناو پۆل و قوتابخانەدا نییە، مامۆستا رۆڵێکی  گرنگی لە گەشەکردن و پێشکەوتنی کۆمەڵدا هەیە .. مامۆستا جۆکەرێکە و لە هەموو بوارەکانی تێکۆشان و ژیاندا رۆڵێ بەرچاوی هەیە .. ئەوە مامۆستایە کە ئەلفوبێی کوردایەتی و کوردستان پەروەری فێری قوتابییەکانی دەکات .. فێریان دەکات کە کوردستانیان خۆشبوێت و، پارێزگاری لێ بکەن .. فێری خوشک و برایی و تەبایی و یەکێتی و یەکڕیزییان دەکات .. فێری هەرەوەزی و هاوکاری و کاری جوانیان دەکات .. ئەوە مامۆستایە، لەسەر ئازادی و دیموکراتی و یەکسانی قوتابییەکانی رادەهێنێت

ئەگەر شارستانییەتی نوێ، بە دانا و زانا و داهێنەران و کەڵەناودارانییەوە بنازێت .. دەبێت رۆڵی مامۆستا فەرامۆش نەکەن و، ئەو راستییە لە بەرچاوبگرن، کە ئەم داهێنەر و ناودارانە، قەرزاری مامۆستان، قوتابی مامۆستا بوونە .. ئەو فێری کردوون و هانیداون بۆ داهێنان و دۆزینەوە .. ئەو بە جوانی پەروەردە و رێنمایی کردوون .. ئەو بە زانست و زانیاری هەمەچەشنە هۆشی زاخاوداون و .. هیوای پێ بەخشیون .

لە داهاتووشدا، هەر داهێنان و پێشکەوتن و گەشەکردنێک بێتە ئاراوە .. پشکی شێری شانازی بۆ دڵسۆزی و رۆڵ و ماندووبوونی مامۆستا دەگەڕێتەوە .

( یاکس ) دەڵێت : ” جیهانی بەیانی .. کوڕی مامۆستای ئەمڕۆیە

چی بڵێین .. چی بنووسین .. گەر بەنرخترین خەڵاتیش بە مامۆستا ببەخشین .. بێگومان هاوتای رۆڵی پیرۆز و ماندووبوون و، دڵسۆزی مامۆستا ناکەنەوە .. هەر هەموومان قەرزاری چاکە و ماندووبوونی مامۆستاین .

مامۆستا بەرپرسیارییەتییەکی زۆر گرنگ و هەستیار و مەترسیداری لە ئەستۆ گرتووە .. گرنگترین و بەنرخترین سامان و سەرمایەی گەلەکەمانی لە بەردەست دایە .. کە منداڵە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمانن .. هیوا و نەوەی داهاتووی کوردستان .. چونک ماموستایە پەروەردەیان دەکات و بنیاتیان دەنێت .. بێگومان بنیاتنانی مرۆڤی دروست .. زۆر گرانترە لە دروستکردن و بنیاتنانی کۆشک و تەلاری ئاپارتمانی باڵابەرز .

وەکو دەزانین فێرکەر (مامۆستا ) و فێرخواز ( قوتابی ) دوو تەوری کرداری زانیارین .

مامۆستایان ( ئافـرەت ـ یا ـ پیـاو ) رۆڵێکی بنەڕەتییان لە دروستکردنی پەروەردەیی و دەروونی منداڵاندا هەیە .. وەکو وتمان رۆڵی مامۆستا تەنها فێرکردن نییە .. فێرکردن بەبێ پەروەردەیەکی دروست، ناتوانین بە فێرکردن ناوی بەرین .. سوودی فێرکردن چییە، گەر منداڵ تەنها بخوێنێتەوە و بنووسێت .. بەڵام نابەڵەد بێت و، کەموکوڕییەکی زۆری لە بەهاکان و، لە رەوشتە بەرزە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبێت .. ئەگەر وا پێ بگات .. ئاکامەکەی لە ئەستۆی مامۆستای بێ ئەزموون و، نابەڵەدە لە ئامانجەکانی پەروەردە و فێرکردن .. قوتابی لە زۆربەی رەفتار و هەڵس و کەوتەکانیدا، چاولێکەرە و، چاو لە مامۆستاکەی دەکات .. بۆیە پێویستە مامۆستا هەردەم پێشەنگێکی نموونەیی باش بێت، بۆ قوتابییەکانی .. دڵسۆزی پیشەکەی و قوتابییەکانی بێت .. وەکو منداڵی خۆی یا خوشک و برای خۆی قوتابییەکانی  بلاوێنێت و، بە دروستی رەفتاریان لەگەڵدا بکات .. لەسەر بنەمای خۆشەویستی و رێزگرتن و بە جوانی گفتوگۆکردن و، راوێژکردن لەگەڵ کەسانی تردا فێریان بکات و رایان بێنێت .. فێری پێکەوەژیان و یەکتری قبووڵکردنیان بکات .. وەکو دەڵێن گۆڵی گەش و جوانی باخچە ..  بۆ خزمەت کردن و بۆ دڵسۆزی باخچەوانەکەی دەگەڕێتەوە .. مامۆستاش باخچەوانی زانست و زانیاری و فێرکردنە، ساڵ لە دوای ساڵ نەوەی هۆشیار و رۆشنبیر و زانست و زانیاری پەروەر و نیشتمان پەروەر و مرۆڤ دۆست پێ دەگەیەنێت .

بە تایبەتیش ( مامۆستای رابەری پۆل ) لە قوتابخانەی بنەڕەتیدا، لە قۆناغی یەکەمی پەروەردە و فێرکردندا، کە ماوەیەکی زیاتر لەگەڵ قوتابییەکانیدا دەمێنێتەوە .. دەتوانێت بەهرە و توانا و حەز و ئارەزووەکانیان دەستنیشان بکات .. پاڵپشت و هاوکار و هاندەر و ئاراستەکەریان بێت، بۆ گەشەکردنی توانا و بەهرەکانیان بە دروستی و بە راستی .

لە ئەمڕۆدا لە سایەی پێشکەوتن و داهێنانی نوێی تەکنۆلۆژیادا، وەکو تەلەفزیۆن و داتە و ئینتەرنێت و تەلەفۆنی پێشکەوتوو و، بە دەیان بابەتی تازە .. ساڵانەش بە دەرچوونی بە سەدان گۆڤار و کتێبی رەنگاوڕەنگ بۆ منداڵان .. کە هەرەیەکە لەو بابەتانە، رۆڵیان هەیە لە فراوانکردنی ئاسۆی خەیاڵ و، گەشەکردنی توانای وەرگرتنی منداڵاندا .. هەریەکە لەو داهێنانانە بوونە بە مامۆستایەکی سوودبەخش ــ ئەگەر بێتو بە دروستی و بە جوانی ئەم داهێنانانە بەکاریان بهێنن ــ جیهان رۆژ لە دوای رۆژ لە پێشکەوتندایە .. رۆژ لە دوای رۆژ داهێنانی سەیری تەکنۆلۆژیا دێنە ئاراوە .. رۆژ لە دوای رۆژ تیۆر و بیردۆزی نوێی پەروەردەیی دێنە ئاراوە .. پێویستە پەروەردەش بەم داهێنانانە و گۆڕانکارییانەوە ببەسترێت .. سەردەم سەردەمی پەروەردەی منداڵانە .. پەروەردەی منداڵان بۆتە جێی بایەخ و خەمی هەمووان .. زۆربەی وڵات پێوەی سەرقاڵ بوونە .. بۆیە لە ئەمڕۆدا، رۆڵی مامۆستا قورستر بووە .. چونکە نە منداڵانی نەوەی ئەمڕۆ وەک منداڵانی نەوەی سەدەی رابردوون، نە خواست و هیوا و پێداویستییەکانیشیان هەمان خواست و هیوایە پێداویستییەکانی منداڵانی جارانن .. کەواتە پێویستە مامۆستای ئەمڕۆش لەم ئاستەدا تازەیەدا بێت و، ببێت بە پەروەردەکار و فێرکارێکی تازەی سەردەمییانە .. راستییەکی هاشا هەڵنەگریشە، سەرەڕای ئەم هەموو پێشکەوتن و ئەم هەموو داهێنانانەش لە هەموو بوارەکانی ژیاندا .. تا ئەمڕۆش رۆڵ و پێگەی مامۆستا نزم و کاڵ نەبوونەتەوە، بەڵکو تا بێت پێویستییەکی زیاتریان بە مامۆستایان هەیە .. چونکە رۆڵی سەرەکی و بنەڕەتی لە بنیاتنانی ئەقڵ و هۆشی منداڵاندا ، لەچاندنی ئاراستەکان و نەریتەکاندا، لە ئەستۆی مامۆستا دایە .. هەرچەندە هۆیەکانی فێرکردن پێشش بکەون .. بەڵام ناتوانن جێی مامۆستا بگرنەوە یا بتوانن رۆڵی ئەو ببینن .

دەبێت ئەم راستییەش بخەینە بەرچاو، هەرچەند مامۆستا بەتوانا و لێهاتووش بێت، ناتوانین ئەوە بڵێین، کە مامۆستا گەیشتۆتە لووتکەی شارەزایی و توانا و زانیاری، هیچ پێویستییەکی تازەی بە راهێنان و وەرگرتن و و بە دواداچوون نەماوە .. بەڵکو هەمیشە پێویستی بە دواداچوون هەیە و، هەردەم پێویستی بە وەرگرتنی زانست و زانیاری و رۆشنبیری زیاتر و زیاتر هەیە .. پێویستە نەچەقی و ئاگای لە شارەزایی و بیردۆزە تازەکانی فێرکردن و پەروەردەی تازە هەبێت .. بە تایبەتیش لە بواری پیشەکەی خۆیدا، کە کارە سەرەکییەکەی فێرکردن و پەروەردەکردنە .. بۆیە پێویستە ئاستی خوێندنی مامۆستایان بەرزتربکرێتەوە، لە ئاستی ( پەیمانگاوە ) بگۆڕێت بۆ ئاستی ( زانکۆ) پێویستە مامۆستایانی قۆناغی بنەڕەتیش دەرچووی زانکۆکان بێت و، بڕوانامەی بەکەلۆریۆسیان هەبێت .. ساڵانەش کۆرسی تایبەتی راهێنانیان و شارەزایی تازە بۆ مامۆستایان بکرێتەوە، بە تایبەتیش بۆ مامۆستایانی تازەی کەم ئەزموون و، کەم شارەزای بواری پەروەردە و، رێبازە سەرکەوتووەکانی فێرکردنی بابەتەکانی وانەکان .. بۆ ئەوەی کادیرانی پەروەردە و فێرکردنی بە توانا پێ بگەیەنن .. کە لەگەڵ پێشکەوتن و داهێنانەکانی ئەم سەردەمەدا دەربەرن ودانەمێنن .. لە ئاستی بە دیهێنانی پێویستی و هیوا و ئامەنجەکانی ئەمڕۆ و، داهاتوودای گەلەکەمان بن .

لە ئەمڕۆدا، رادەی پێشکەوتنی نەتەوەکان و کۆمەڵگاکان، بەوە دەپێورێت، کە تا چەند ئەو نەتەوە و کۆمەڵگایانە، بایەخیان بە پێشکەوتن و بە یاسا و، بە پەیڕە و پروگرامی پێشکەوتووی پەروەردەی منداڵانیان داون .. تا لەگەڵ گۆڕانکاری و تازەگەرییەکان و داهێنانەکان و گۆڕانکارییەکانی سەردەمدا بگونجێن .. ( جوبـران خەلـیل جوبـران ) دەڵێت : ” نیشتمان لەسەر ئەستۆی سێ کەسدا بنیات دەنرێت : جووتیارێک خواردنی دەداتێت .. سەربازێک دەیپارێزێت .. مامۆستایەکیش پەروەردەی دەکات

لێرەدا ئەرک و رۆڵی کاریگەری مامۆستایانی ( باخچەی ساوایان ) لەبەرچاو دەگرين، کە بە تایبەتی بە خوشکان سپێرراون و، بە ( دادەکـان ) ناودەبرێن، هۆی پێ سپاردنی ئەم ئەرکە پیرۆزەش بە خوشکان .. لەبەر ئەوەیە کە ئەوان شایستەی ئەم ئەرکەن، چونکە بە سۆز و دڵ نەرم و نەرم ونیان و میهرەبانن .. لێو بەخەندە و رووگەشن .. زمان شیرینن .. کە لە لای پیاوان ئەم تایبەتمەدیانە بەو رادەیە نین .. دادەکان، تا رادەیەکی باش دەتوانن جێی سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی دایکان بگرنەوە .. بێگومان تەمەنی قۆناغی ( باخچەی ساوایان ) گرنگترین و هەستیارترین قۆناغە لە ژیانی منداڵییەتیدا .. کە بەشی هەرە زۆری خەسڵەتەکانی کەسێتی مرۆڤ لەم قۆناغەدا دروست دەبن .. بۆیە ئەم قۆناغە، بە قۆناغی دروستبوونی کەسێتی مرۆڤ ناوزەند دەکرێت ..ئەو مامۆستا و دادانەی کە لە ( باخچەکانی ساویان )ی زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، ئەرکی پەروەردەکردنی منداڵانیان پێ دەسپێرن، لە ئاستێکی بەرزی زانیاری و شارەزایی و رۆشنبیری و پەروەردەیی و سۆزداری و ئەکادیمیدان .

وەکو پێوەر بۆ هەڵبژاردنی ( دادەکـان ) ی باخچەکانی ساوایان، کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی کەسێتی و، ئاستی پەروەردەیی و زانستی و رۆشنبیری هەن، کە پێویستن لە دادەکان و لە مامۆستایانی باخچەکانی ساوایاندا هەبن، چونکە دادەکان بە شێوەیەکی سەرکی بەشداری خێزان دەکەن، لە دانانی بناغەی دەروونی و زانستی مرۆڤدا .. کە منداڵانی ئەمڕۆمانن و .. هیوای داهاتووی گەلەکەمانن .

رۆڵی ( دادەکان ) تەنها فێرکردن و، گەیاندنی زانست و زانیاری نییە بە منداڵان، بە شێوەی تەڵقین ئاسایی، بەڵکو رۆڵێکی زۆر هەستیار و گرنگیان لە ئەستۆدایە .. بەر لە هەموو شتێک، پێویستە بە سۆز و خۆشەویستییەکی راستی دایکانەوە، رەفتار لە گەڵ منداڵانی باخچەکەیدا بکەن .. چونکە ئەو منداڵانە لە قۆناغێکی هەستیاری ژیانیاندا، دایکیان و ماڵییان بە جێ دەهێڵن .. هەروەها پێویستە دادەکان رۆڵێکی سەرەکییان لە کاری پەروەردەییدا هەبێت .. چونکە ئەوان لەگەڵ منداڵاندا تێکەڵ دەبن و، ئەرک و کاری سەرەکیشیان پەروەردەکردنی دروست و فێرکردن و ئاراستەکردنی راستە .. منداڵانیش چاو لە کارەکان و لە رەفتارەکان و لە هەڵس و کەوتەکانی ئەوان دەکەن .. کاریگەری و رەنگدانەوەیان لە ژیانی ئەمڕۆ و لە داهاتوویاندا دەبێت .

دادەکان دەتوانن، توانا و بەهرە و ئارەزوو و حەزی منداڵانی باخچەکەیان دیاری بکەن و .. توانا و بەهرە و ئارەزووەکانیان بقۆزنەوە و، بە راستی پەروەردەیان بکەن و، بە جوانیش ئاراستەیان بکەن .. هاندەریان بن بۆ گەشەکردنی بەهرە و تواناکانیان .

 

مامۆستا دڵسۆزەکان، دادە خۆشەویستەکان .. منداڵان ئەمانەتێکی زۆر گەورەن و، بە ئێوە سپێرراون .. چارەنووسیان لە ئەستۆی ئێوەدایە .. هەرگیز نابێت پشتگۆیان بخەن .. بەڵکو بە ئەوپەڕی خۆشەویستی و دڵسۆزییەوە پەروەردەیان بکەن، بە زانست و زانیاری هەمەڕەنگەی بەسوود، زاخاوی بیر و هۆشیان بدەن .. بە تایبەتیش لەم سەردەمە چارەنووسازەی گەلەکەماندا، کە لە گەلێ لاوە دوژمنانی کورد و کوردستان، پیسترین و گڵاوترین پیلان لە دژی هیوا و خواستەکانی گەلەکەمان دەگێڕن و، هەڕەشە لە داهاتووی کورد و کوردستان دەکەن .. بەڵام گەشبین و دڵنیاین، کە سەرکەوتن بۆ ئێمەی کوردی خۆڕاگر و کۆڵندەر دەبێت .. مامۆستایان، دادەکان، ئەی پێشمەرگە دلێر و دڵسۆزەکانی گۆڕەپانی پەروەردە و فێرکردن .. ئێوەن ئایندی کورد و کوردستان دیاری دەکەن .. بڕوا و هیوامان پێتانە، کە ئێوەی دڵسۆز، هەرگیز درێغی ناکەن و .. بە ئەوپەڕی تواناتانەوە هەوڵدەدەن .. بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی پەیامە پیرۆزەکەتان .    

پێویستە ئەوەش بڵێین کە تا ئەمڕۆش لە کوردستاندا، وەکو پێویست ئاورێکی ئەرێنی لە مامۆستایان نەدراوەتەوە و، رۆڵی گرنگ و پیرۆز و هەستیاریان لەبەرچاو نەگرتوون .. بە تایبەتیش ( بـاری دارایی ) مامۆستایان، لە ئاستێکی خراپ و نزمدایە و، ناتوانن وەکو پێویست، بە بە جلوبەرگێکی جوانەوە، لە بەردەم قوتابییەکانیدا دەربکەون .. بەڵام مووچەکەمی یا بێ مووچەیی، لە دڵسۆزیی مامۆستایانیان کەم نەکردوونەتەوە .

 

مامۆستاکان، ئەی هەڵگرانی پیرۆزترین پەیام، ئێوەن شەوەزەنگی تاریکی نەزانینتان گۆڕی بە بە رۆژی رووناکی زانیاری .. ئێوەن هەمیشە هێمای دڵسۆزی و بەخشینن .. ئێوەن و .. هەر ئێوەن شایانی ئەوپەڕی رێز و خۆشەویستی و شکۆدارین .

( فیلۆکـس ئەلسـتیری ) دەڵێت : ” ئەوە مامۆستاکانمانن .. رێگامان پێشان دەدەن .. تا ژیانێکی باش بژین  “

( فەیسەڵی یەکەم ) کە یەکەمین شای عێراق بوو، دەڵێت : ” ئەگەر نەبوومایە بە شا .. دەبووم بە مامۆستا ” 

( لیۆناردۆ داڤنشی ) ش دەڵێت : ” ئەوەی لە مامۆستکەی زیاتر نەبێت .. قوتابییەکی بێ کەڵکە ” مەبەستی داڤنشی ئەوەیە، کە پێویستە قوتابی سەرەڕای ئەو زانیاری و شارەزاییەی لە مامۆستاکەیەوە  وەری گرتوون .. پێویستە شارەزایی و ئەزموونی و داهێنانی خۆشی بخاتە سەری و .. لە مامۆستاکەی زیاتر بە دەست بهێنێت .

رەزا شوان

نەرویـج : ٩/٨/ ٢٠١٥

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی