"an independent online kurdish website

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، پچڕان و یان کەمکردنەوەی ئاستی پەیوەندیی هێندێک لە وڵاتانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە “دەستپێکێکی جیددی لە ڕاستای کورتکردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی” لە قەڵەم دا.shaho-huseni-

 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شاهۆ حوسێنی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، لە وتووێژێکی‏دا لەگەڵ بەشی فارسیی ماڵپەڕی “العربیە”، بە نیسبەت هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی عەرەبستان و پێشوازیی لە هەڵوێستی پچڕان و یان دابەزاندنی ئاستی پەیوەندیی هێندێک لە وڵاتان لەگەڵ تاران کرد.

 

شاهۆ حوسێنی ،بە نوێنەرایەتی لە حیزبی دێموکرات، هێرشی ئەم دواییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر باڵوێزخانە و کۆنسولگەریی عەرەبستان لە شارەکانی تاران و مەشهەدی شەرەمەزار کرد و گوتی : “کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام بۆ مانەوەی خۆی کێشە دەخولقێنێت و لەو کێشە و ئاژاوەنانەوانە بە مەبەستی سەرکوتی نێوخۆیی و بیانووی دەستێوەردان لە وڵاتانی دیکە کەڵک وەردەگرێت“.

 

ناوبراو وتیشی : “کەسانێک لە نێوخۆی ڕێژیم ئیدعا دەکەن کە گوایە ئەو هێرشانە کاری کەسانی خۆسەر بووە، ئەگەر خۆسەر بە کەسێک دەوترێت کە یاسا پەسەندکراوەکانی قەبووڵ نیە، لەو ڕوانگەوە خامنەیی و “علم الهدای” پێشنوێژی مەشهەد، خۆیان یەکەمین کەسانی خۆسەر بەئەژمار دێن. ئەوان هیچ یاسایەکی مرۆڤی و نێونەتەوەیی قەبوول ناکەن، ڕوونە کە وەها ڕوانگەیەک هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی وڵاتێک ڕەوایی پێ‏دەدات، هاکا “علم المهدی” ڕایگەیاند کە ئەو هێرشە کاری کەسانی شۆڕشگێڕ بووە نەک کەسانی خۆسەر“.

 

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گوتی :”هەتا ئەو کاتەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێت، تیرۆریزمیش هەیە. هەناردەکردنی شۆڕش یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بە سەرنجدان بەو بنەمایە، ڕێژیم دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچە دەکات. سروشتیشە کە لەگەڵ دژکردەوەی ئەو وڵاتانەش بەرەوڕوو بێتەوە“.

 

شاهۆ حوسێنی بە پێشوازی کردن لە هەڵوێستی ئەم دواییانەی هێندێک لە وڵاتانی ناوچە بە نیسبەت پچڕان و یان دابەزاندنی ئاستی پەیوەندیی خۆیان لە گەڵ ڕێژیمی ئێران، ئەوەی بە “دەستپێکێکی جیددی لە ڕاستای کورتکردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی” لەقەڵەم‏دا، بەڵام لە سەر ئەو بڕوایەیە کە؛ “ئەو هەڵوێستە بە تەنیا تەواو نیە و لەو ڕاستایەدا پێویستە کە هەنگاوی دیگەش هەڵبهێننەوە و لە هەموو ڕێگاکانی مەجوود، بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆماری ئیسلامی کەڵک وەربگرن“.

 

بەڕێز حوسینی دەڵێ: “وڵاتانی دێموکرات و ئازادیخواز کە لە پێناو ئازادیی و دێموکراسی و مافی مرۆڤ خەبات دەکەن، لەئێستادا خۆیان بەرەوڕووی هێرشی کۆماری ئیسلامی بوونەتەوە و مەترسیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئەوان هەیە. بەڵام ئەو وڵاتانە لە ڕاستای یارمەتیی و هاوکاریی هێزە دێموکرات و ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران، بەتایبەت نەتەوە ژێردەستەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێران، کەمتەرخەمی دەکەن. بە هاوکاریی یەکتر بەدڵنیاییەوە دەتوانین لە ڕاستای ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، خەباتێکی کاریگەرترمان هەبێت“.

 

ناوبراو وتیشی: “نەتەوەکانی ئێران بەتایبەت نەتەوەی کورد، لەسەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، مافەکانی خۆی داوا کردووە، بەڵام لە لایەن ڕێژیمەوە بە سەرکوت وەڵامی دراوەتەوە. ئەوڕۆکە، هەموو نەتەوەکانی ئێران لە گۆڕەپانەکەدا حزووریان هەیە و مافە ڕەواکانی خۆیان دەوێت و لەو چوارچێوەشدا خەبات دەکەن. بەرەیەک لەژێر ناوی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵمان پێک هێناوە کە بەربڵاوترین و بەئەزموونترین بەرە لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بەئەژمار دێت.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی