Hoppa till innehåll
Hem » ئەو ئامانجەی لە کۆماری ئیسلامی دا نایەتەدی. عومەر غولامعەلی

ئەو ئامانجەی لە کۆماری ئیسلامی دا نایەتەدی. عومەر غولامعەلی

دێمۆکراسی میکانیزمی ئەزموون کراوی ناسراو بۆ دەستەبەریی گەڵالەی خوازەوتەمای کۆمەڵ و تاکە نالێکەکانی کۆمەڵگایە.omer_xwlam_ali

       لە پێکڵە سەرەکییەکانی پردی ئازادی بەرەو دیمۆکراسی، مافەکانی بەربژێری و هەڵبژاردنن لە پرۆسە سیاسی یەکانی وڵات دا، ڕەخساندنی کەشی لەبار،پاراستنی ئەوکڵانە و پارێزگاری لەو مافانە بە گوێرەی سەنگ و پێوانە ،بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەنگ و ڕەگەز و ئایدیا ئەرکی هێزی بەڕێوەبەریی وڵاتە دیمۆکراتیکەکانە.بە هۆی هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکانەوە کە بۆ مەبەستگەلی دەستنیشانکراولە ئەسپاردنی دەسەڵات دا بەڕێوەدەچن، ئامانجی سەرەکی چاکسازی لەوبوارەداو جێگۆڕکێی تاکی نێو کۆمەڵە لەشەقامی شارەوە بۆ هٶڵی دەسەلات و لە هۆڵی دەسەڵاتەوە بۆ تاکی شەقامی هاووڵاتییان و، ئەوە پێکنایا بە بێ پاڵپشتیی یاسایەکی هاوچەرخ و سەردەمیانە.
یاسا بە مەبەستی ڕێکخستنی پێوەندییەکانی نێو کۆمەڵ پێک دێ وتەنیا ڕیس و تاقانە تان ی پێکەوەگرێدانی پۆی تۆڕی بەربڵاوی دیمۆکڕاسی لە کۆمەڵگا دایە. ئەم تۆماری بەڵێن و هاوپەیمانییە(یاسا) کە لە لایەن نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکەوە واژۆ دەکرێ، ئەودەم پاڵپشتی و ڕەوایی وەدەست دێنێ کەپێکهاتەی خەڵکی وڵاتێک بەماف و دەرەتانی وەک یەکەوەبتوانن بەشداریی تێدا بکەن،ئەگەر پێوەرەکان بۆ ماف و دەرەتانی بەشداری یەکسان نەبن ، بەکردەوەئازادییەکان پێخوست و دێموکراسی پێشێل دەکرێ.

       حکوومەت مافی خەڵکەوپێویستە بە دەنگی ئەوان پێکبێت. ئاشکرایە هیچ کەس و لایەنێک، تاقم و توێژێکی تایبەت، باشتر لە ”خود”ی خەڵک لە بەرژەوەندی و نیازەکانی ئەوان تێناگا، کە وابێ مافی ئەوەشیان نیە خۆیان لە خەڵک بە وریاتر،وشیارتر ، کارلێهاتووترولە ئاکام دا بە ”قەییم” یا” خودان” یان بزانن و لە جیاتی ئەوان بڕیار بدەن. لە دێمۆکڕاسی دا دەسەڵاتی هیچ کەس و تاقم و حیزب و ئیدئۆلۆژییەک زەمانەتی هەتاهەتایی ناکرێ ،ئەگەرخەڵک لە سیستمێک ناڕازی و خوازیاری گۆڕانی بوون ، ئەو سیستمە دەبێ مل بۆ هەڵبژاردنی خەڵک ڕابکێشێ.بە کورتی ئۆباڵی دیمۆکراسی لە ئەستۆی دەسەڵات دایە و پێملی بە دەسەڵاتی خەڵک پیبەند بوونە بە بنەماکانی دیمۆکراسی لە ڕەوتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا دا، بەدەر لەوە هەر جۆرە پاساوێکی کلتووری، ئیدئۆلۆژیک یان بیانووی دۆخ و ئاستەنگ، فڕی بە دیمۆکراسییەوە نیە و خۆ سەپاندنێکی زۆرەملی یە بەسەر کۆمەڵگادا .

         دەمەلاسکەی ئازادی و لاسایی کردنەوەی دیمۆکراسی لە ڕژیمە ئیدئۆلۆژیکەکاندا ئەگەر چەواشەکردن و چاوبەستنێکی سەردەمیانەی ڕای گشتی نەبێ، لە ئەنیمەیشینێکی سەرشەقام و شانۆیەکی کلاسیکی پاتەکراو زیاتر نیە. تاقیکردنەوەیەکی بەردرێژی تاڵ کەلە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا پێدەنێتە نزیک بەچوار دەیە تەمەنیەوە.
         لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی دا ئەوەی حاشای لێناکرێ و زەق بەرچاوە نەبوونی هەرجۆرە ئازادییەکی تاک و کۆمەڵە ، ئازادیی بەیان ، قەڵەم ،ڕێکخراوی سێنفی و نادەوڵەتی ، حیزب و ڕاگەیاندنی ئازاد بەربەست کراون و یاساغن، هەموو ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی لە دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە بەرنامەی تایبەتیان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات هەبوو و وەک وەلی فەقیە بیریان نەدەکردەوە ، هەڵوەشاوە ڕاگەیاندران و بە توندترین شێوە سەرکوت و قەڵاچۆ کران . کەوابوو لە ئەگەری هەڵبژاردنێکی ئاساییش دا هیچ رکابەرییەکی ڕاستەقینە لە نێوان بەر بژێرەکان دا نایەتە ئاراوە و هەموو ئەوانەی دەتوانن بەربژێر و بەشدار بن لە تەنیا ڕێجکەیەک دان کە ڕێچکەی پاراستنی بەرژەوەندفییەکانی سیستمی زاڵ بە سەر ولات دایە . بە گوێرەی ئەزموونی بەڕێوەبردنی ٣١ خولی هەڵبژاردن لە سێبەری دەسەڵاتی ”ویلایەتی فەقیه” دا ، لە٣٢هەمین پاتەی ئەم شانۆگەرییەش دا ئامانجەکانی دیمۆکراسی و ئامرازی هەڵبژاردن وەدی نایەن.