”سەردەمی ئێمە سەردەمی پەرەگرتنی دیمۆکراسی ، گەشەی کۆمەڵایەتی و ڕزگاریی نەتەوییە”.،
ئەم ڕستەیە دەتوانین لە بەرنامە یاپڕۆگڕامی زۆربەی ئەو حیزب و ڕێکخراوانە(ئەوانەی خۆیان وەک ڕێکخراوی مۆدێڕن و پێشکەوتنخواز پێناسەدەکەن و جاڕی گەشەپێدانی کۆمەلایەتی دەدەن) هەڵێنجین.
سێکۆلاریزم و ئاراستەکەی کە جیایی دین لە دەوڵەتە لە دروشمە زەق و بەرچاوەکانیانن، بەو مانایە کە مزگەوت ، دێر،کەنیسە و هەموو پەرستگاکان مینبەرو خەڵوەتگەی دڵان لەگەڵ خوای خۆیانن و تەلارەکانی حکوومەت سەکۆی دەسەلات و فەرمانڕەوایی. بەشی هەرە زۆری ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، چ کورد و نەتەوەکانی دیکە و چ ئەو ڕێکخراوانەی خۆیان وەک حیزبی سەراسەری وڵات دەناسێنن ، سیکۆلاریزمیان وەک بنەمایەکی هەرە گرینگ بۆ گەشەی کۆمەڵایەتی لە گەڵالەکانیان بۆ بەڕیوەبردنی وڵات دا گونجاندووە. دەزانین کە سێکۆلاریزم و ڕژیمی دینی ئاویان بەئاوەڕۆیەک داناڕوا و ئەوەی لێدەکەوێتەوە کە کۆماری ئیسلامی و دژبەرانی حکوومەتەکەی لە٣٦ ساڵ ململانێ دا ئەزموونیان کردووە.
هەموو ئەو حیزب و ڕێکخراوانە هەر بەو هۆیەوە(دەکرێ هۆکاری دیکەش بوونی هەبێ) لە دەستپێکی دەسەڵاتی ”کۆمار”ی ئیسلامی یەوە بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا هەڵوەشاوە ڕاگەیەندران و تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی یان قەدەغە کرا. ئەگەر لە موجاهیدینی خەڵکی ئێران و چەند گرووپێکی ئیسلامی گەڕێین،حیزبە گەورە و جەماوەرییە سەراسەرییەکانی وەک حیزبی توودەی ئێران ، ڕێکخراوی چریکەفیداییەکانی خەڵکی ئێران و….. قەدەغە و سەرکوتیان پێمل نەبوونیان بە حکوومەتی دینیی ”موتڵەق”ی ویلایەتی موتلەقەی فەقیه بوو. لە کوردستانیش مل نەدانی خەڵکی کوردستان بەو پاوانخوازییەی دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامی و ویستەنەتەوەیی و دێمۆکراتیکەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ، چارە هەرچووە ئەوبارە و،لەتێکۆشانی سیاسی و بەشداری لە بەڕێوەبردنی ولاتەکەیان بێبەش کران .
ئەم تاڵانی دەسەڵاتە لە کوردستان لە کەشێک دابوو کە لە یەکەم هەڵبژاردنی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران بۆ ”مەجلیسی شۆڕا” و بەشداری کردنی حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستاندا ، کۆماری ئیسلامی و دەست و پیوەندەکانی نەیانتوانی دەنگی متمانە بۆ هیچ نوێنەرێکیان دەستەبەر بکەن . بەڵام پاوانخوازیی ئایینزایی و فەلسەفەی ویلایەتی مۆتڵەقەی فەقیهی خۆمەینی،نە لەرێگای دەنگی جەماوەری و هەڵبژاردنەوە بەڵکوو بەهۆی هیزی لەشکر و شەڕو داگیرکاری و ئابلۆقەی ئابووری، کۆمەڵکوژی و دەیان تاوانی ترەوە دەسەڵاتی بەسەر خەڵکی کوردستان دا زاڵکرد و هەموو ئاسەوارێکی ژیانی ئازاد و هەموو ڕۆخسارە جوانەکانی پلۆرالیزم ،سیکۆلاریزم و پێکەوەژیانی ئایین و ئایینزاکان(کە لەباوەڕی ئەو حیزبانەدابوون) و …ی سڕیەوە . ئەوە ڕابردوو نیە کە کتێب و سەرچاوەی مێژوویی بۆ بگەڕێین ، هەر ئەوەندە بەسە کە چاوێک بە ئەدەبیات و بڵاوکراوە و ڕاگەیاندنەکانی ڕێکخراوە کوردستانی و ئێرانی یەکاندا بگێڕین و لێمان نەگۆڕێ کە سیاسەتی ئەم سیستەمە رەوتێکی بەردەوامە و ڕیڕەوی خۆی تا ویشک هەڵاتنی سەرچاوەکانی دەپێوێ، ئەو سەرچاوانەی کە یەک لەوان شانۆگەریی هەڵبژاردن بۆ چاوبەستنی بیروڕای جیهانی و خۆڵ کردنە چاوی کۆمەڵانی خەڵکی وڵاتەکەمانە .
ئەم ئاوڕە کورتە لە دۆزی ویلایەتی فەقیه لە وڵاتی بەربەڵای ئێران و دۆخی تێکۆشەرو خەباتکارانی سیاسی لە کوردستان، پرسیارێک دێنێتە ئاراوە.،
ئایا هاندانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ بەشداری،یان بەشداری بەهەر بیانوویەک، لە شانۆی هەڵبژاردن لەم سیستمەدا بۆ ” پەرەگرتنی دیمۆکراسی ، گەشەی کۆمەڵایەتی و ڕزگاریی نەتەوییە”وخەڵوەتگەو تەلارەکان لە جێگای ڕاستەقینەیەی خۆیانن کە بانگەشەیان بۆ دەکەین ؟