"an independent online kurdish website

با و باهۆز بە توندی هەڵی کردبووییە و هەوری ڕەشی خێرا دەهێنا و دەبرد و تێکی دەئاڵقاند. هەور چەخماغەی دەدا بە گرمەی سامناکی هەردی دەلەرزاندەوە.siamand-shexaxayiy_0

 پیرە مێردێکی لاوازو پاک و خاوێن کە دیار بوو لە سەردەمی جحێڵی دا جوانچاک بووە. جانتایەکی چەرم بە لاشانەوە، گۆچان بە دەست خۆی لەبەر رێژنەی باران ڕزگار کردبوو، دەرگای ئیستگای ئەتووبووسی کردەوە، بە هەناسەبڕکە خۆی بە ژوور داکرد. چەند هەنگاو چوويیە پێش و لەبەرخۆییەوە گوتی:

“- تەک بەلەعنەت بی! چ بارانێکی کوتوپڕ! خۆ وەختە با و باران پیاو لەگەڵ خۆیان ڕاماڵن!”

یەک دوو هەنگاو چوویە پێش، بۆ کورتە دەمێک ڕاوەستا و گۆچانەکەی لە پێش خۆی چەقاند. دەستێکی بە برۆیی سپی و درێژی داهێنا. بۆ دۆزینەوەی جێگایەکی بەتاڵ چاوەکانی چکۆڵە کردەوە و بە چوار دەوری دیوەکەیدا گێڕا. ئەوسا بە لەقەلەق و کوتەکوت بۆلای کورسی یەکی بەتاڵ چوو. جانتاکەی دانا و تەماشایەکی سەر کورسییەکەی کرد، پاش دەست بەسەر داهێنان لە سەری دانیشت. پاشان هەردووک لەپی دەستی هاویشتە سەر گۆچانەکەی و سنگی پیوەنووساند

قەیرەکچێکی جوانچاک لە قوڕنەیەکی ساڵۆنەکە بە تەنیا دانیشتبوو، کتێبی دەخوێندەوە. لە تەنیشتی ئەو واتا چەند کورسی ئەولاتریش، چوار پێنج کوڕ و کچی تازە پێگەیشتوو، شاد و سەرمەست، دوور لە ناخۆشی و کۆسپ و تەگەرەکانی سەر ڕێی، ڕاوەستا بوون بە دەنگی بەرز پێکەوە خەریکی گاڵتە و گەپ بوون، جارناجاریش بە قسەی قۆڕ و ئاکاری ساویلکانە لە خۆوە دەتریقانەوە.

 پیرە مێرد لەگەڵ هەر قاقا و جووڵەیەکی لاوەکان ڕادەچەنی، سەری هەڵدەهێنا و بەشێوەیەکی نائاسایی چاوێکی لێ دەکردن.

لاوەکان بێ خەیاڵ بوون لە دنیایی جوانیدا باڵیان لێدەدا و بێ ئارام لە هەڵبەز دابەزدا بوون. ئیدی گوێیان بەوە نەدەبزووت داخوا کەسێک لەم ساڵۆنە دانیشتووە و بەدەنگی بەرزی ئەوان هۆشی دەشەمزێ یان کاسەی سەری لێ دەبێ بەلانەی ژەنگەسوورە.

پیرەمێرد هەرچەند دەنگەدەنگەکەی پێ ناخۆش بوو، بەڵام بەو حاڵەش کردەوەی لاوەکانی پێ سەیر نەبوو. بەڵکوو بە پێچەوانە بێ ئارامی ئەوانی بە ئاکارێکی سروشتی دادەنا و دونیای گەنجایەتی بە جیاواز لە هی ئیختیار بووەکان دەزانی! هەڕەتی لاوێتی خۆی هێنایەوە بیر کە ئەو سەردەمە چەندە قۆشمە و سەربزێو بووە. لە دڵی خۆیدا گوتی:

“- خۆزگەم بەم کوڕوکاڵانە کا! پیاو لەم تەمەنەدا هەست بە بوون و نەبوونی، سارد و گەرمی ژیان ناکا! سەت مخابن تەمەن کە ڕۆیشت ناگەڕێتەوە! خۆزگە تەمەنی جحێڵی سەت ساڵ و هی پیریش تاقە یەک رۆژ زیاتر نەبۆایە! خۆزگە!…”

 قاقای دووبارەی لاوەکان تاروپۆی بیری پیرەیان شەمزاند. پیرەمێرد سەری هەڵێنا، دیتی کوڕێکی چوارپەل قایم سنگی داوەتە پێش، باسکی هەڵماڵیوە و ڕوو بە ئەوانی دیکە دەڵێ:

“- من قارەمانی بۆکسم! کێ دەوێرێ بێتە پێش! تاکوو بە یەک مستەکۆڵە لەگەڵ هەرد جووتی بکەم!” ئەوانی دیکەش بەدەم مەتەڵەک و قسەڵۆکانەوە پێی پێدەکەنین و لەبەری دەکشانەوە.

پیرە مێرد لە دڵی خۆیدا گوتی:

“- منیش لە تەمەنی ئەم کوڕەدا وەرزیشی بۆکسم دەکرد. بەڵام دوایە تێگەیشتم ئەو ورزیشە بێ سەرئەنجامە و هەربۆیە  لەسەر ئامۆژگاری دایک و باوکم بۆ هەمیشە وەلام نا.”

چاوێکی دیکەی هەڵبڕییەوە لای گەنجەکان و گوتی یەوە:

بەڵام ئێستا چێ؟ لەو هەیکەلە بە هێز و توانایەی هەمبوو، هەنووکە مشتێک ئێسک و پرووسک و چەرمەچەقاڵتە نەبێ هیچی دیکەم بەجەستەەوە نەماوە!… ئاخ لەیلا! لەیلا گیان… ‘لەیلا’ی خیزانیشم منداڵی نەدەبوو. من بەخاتری چاوە جوانەکانی ئەو چاوپۆشیم لە بەرهەمی ژیان واتا منداڵ کرد! ئەویش لە تەمەنێکی ئاوا کنفت و لەپێ کەوتوودا ماڵئاوایی لێ کردم و بۆ هەتاهەتایە تەنیا و بێ کەسی هێشتمەوە!

 ئاییی ئەم دەروونەم چەندە پڕ لە جۆشە! خۆزگە ئێستا لە گۆشەیەک بە تەنیا دانیشتبام، پڕ بە دڵ فرمێسکم هەڵوەراندبایە! بەڵام هەزار مخابن تەڕاییش لە چاومدا نەماوە، تاکوو بە فرمێسکی چاوان ئاگری دەروونم دامرکێنمەوە… ئاخ پیری لە دەست تۆ کە چ بە سەر پیاو دێنی!؟… قەت بووە لە سەر رووی ئەم دنیا پان و بەرینە و لە نێو ئەو هەموو دۆست و ئاشنایەی هەمبوو، ئێستا بۆ هەمدەمی تاکە کەسیک شک نەبەی تاکوو ڕوو بکەیە لای و پێکەوە دوو قسەی دەورانی منداڵی و لاویتی خۆمان بگێڕینەوە.”

بەدەم ئاخێکی بەرز و خەماوییەوە، دیسان ڕووی هەڵبڕییەوە لای کوڕوکاڵەکان، باسی فوتباڵیان دەکرد. بەخۆی گوت:

“- منیش لە سەردەمی جوانیمدا کاپیتانی تیمی فووتباڵی شارەکەمان بووم. ئااای!!… بۆ ئەو هەموو هێزو توانایەی هەم بوو! کەس نەبوو لە بەرامبەر شووتی مندا خۆڕاگرێ! بەڵام ئێستا چی؟ ئەوە نییە ئەو پێیانەی تۆپیان وەک گووللەی سوورەوەبوو لە دەروازی حەریف داویشت، لێم بوون بە بەڵا و بە زەحمەت لە دووام دەخشێن!

پیرەمێرد سنگی لەسەر گۆچانەکەی هەڵگرت، بۆ کورتە دەمێک چاوی دەهەڵسووکەوتی لاوەکان بڕییەوەو زۆری حەز لێبوو بە چەشنێک خۆ تێکەڵ قسەکانیان بکا. بەڵام دەنگی بەرزی ئەوان رێگای نەدەدا تاکوو ئەویش دەنگی لە رزۆکی خۆی بە گوێیان بگەیەنێ. هەرجارە کە دەمی دەکردەوە، دەنگی خامۆش و قسەی لە گەروودا دەگیرسا! پاش تاوێک تێ ڕامان بە ئاماژەی دەست و چاو لاوەکانی بێدەنگ کرد و لەحاڵێکدا بزەیەک گنجی ڕوومەتی لێک نزیک کردبووە، بە ئۆگرەیەکی تەواوەوە ڕووی هەڵبڕییە لای ئەو کوڕیژکەیە کە سنگی دەرپەڕاند بوو، گوتی:

کوڕە جوانەکە منیش کاتێک لە تەمەنی تۆدا بووم، بۆکسێر بووم. بەڵام دوایە ئەو وەرزیشەم وەلاناو ڕووم کردە کایەی فووتباڵ و

لاوەکان قسەکەی پیرەیان بەهێند نەگرت و سەرێکی بێ مانایان بۆ لەقاند. ئەوسا یەکیان سەری بردە بن گوێی هاوڕێی تەنیشتی و لەحاڵێکدا چاوێکیشی بەلای پیرە مێردەوە بوو، چەند وشەی گاڵتەجاڕانەی بەگوێیدا چپاند، ئەوانی دیکەش بێ لێکدانەوە لە قاقایان دا و تریقانەوە.

پیرەمێرد بەهۆی ئەم بەکەم گرتنەی لاوەکان زۆر بەخۆی داشکاوە و لە شەرمان سەری داخست. نێوچاوانی لەسەر پشتە دەست و قەفی گۆچانەکەی دانا و چاوی لە بن پێی خۆی بڕی.

گەنجەکان کەللە پڕو لەخۆبایی بوون! بێ ئاگا لە دڵی شکاوی پیرەمێرد، وەک هیج نەقەومابێ لە سەر گاڵتە و گەپی خۆیان بەردەوام بوونەوە.

لە نێو کۆڕی لاوەکاندا کیژۆڵەیەک قتوویەکی پڕ لە ساردی بە دەستەوە بوو، جارناجار قوومێکی لێدەدا. لە نەکاو یەکێک لەو کوڕانە کە لەتەنیشتی ڕاوەستابوو، دەستی برد قتوو ساردییەکەی لە دەست برفێنێ. کیژەکە ویستی بۆار نەدا و خۆی کێشایە دواوە، بەڵام قتووکە لە دەستی بەربووە و بەتوندی کەوتە سەر موزاییکی ساڵۆنەکە. بە دەنگی بڵیندی قتوولەکە جەستەی بێ هێزی پیرەمێرد هەڵبەزییەوە و بە پەشۆکاوی سەری لەسەر دەستی بەرز کردەوە و چاوی هەڵبڕییە لای قتوولەکە کە هێشتا لە نێوەڕاستی ساڵۆنەکەدا وەک مەزرق بە دەوری خۆیدا خوولی دەخوارد و کەفی دەپڕژاند.

ئەو لاوەی کە بەهێزی باسک و مەچەکی خۆی دەخوڕی، بە تەوسەوە ئاماژەی بۆلای پیرەمێرد داو ڕوو بە ئاواڵانی گوتی:

“- بڕواننە لای ئەم وەرزیشکارە کۆنەکارە، چۆن بە دەنگی قتوولەیەک لەجێی خۆی هەڵبەزی یەوە؟! “ئەوانی دیکەش دوا بە دوای قسەکەی ئەو لە قاقایان داوە!

پیرەمێرد وەسەرخۆی نەهێنا، تەنیا لە حەیفی ئەو خۆ تێهەڵقوتاندنە نابەجێیەی کردبووی، خۆی سەرکۆنە کرد، بەڵام ئەو قەیرەکچەی کە دانیشتبوو خەریکی موتاڵا بوو، خێرا کتێبەکەی وێکنا، بە تووڕەیی لەسەر کورسی تەنیشتی ڕاکێشا و بە چەشنێک لاوەکانی پێ کڕو کپ کرد! ئەوسا هەستایە سەرپێ، لەحاڵێکدا چاوی پڕ لە قینی دەلاوەکان بڕیبوو، بە ئۆگرەیەکی پڕ لە رێز و ئێحترامەوە هات لە تەنیشت پیرە مێردی دانیشت. پیرەمێرد لە ئەوەی کیژەکە هات لەلای دانیشت هەستی بەڕزامەندی کرد. ئەوسا چاوێکی باوکانەی هەڵبڕییە لای کیژەکە و بە دەنگێکی کز و لەرزۆکەوە لە ناخی دڵەوە سوپاسی کرد

بۆماوەیەک بێدەنگی بەنێو ساڵۆنەکەدا کشا. پیرەمێرد هاتە قسە، ڕوو بە کچەکە گوتی:

کچەم، ئەم رۆژگارە بۆ پیرە پیاوێکی لەگوێن من زۆر سەخت و نگریسە! بەڕاستی سەردەمێکی ناخۆشە! هەرچی زیاتر بەسەر ئەم رۆژگارەوە دەچێ، بە هەمان رادە هەستی مرۆڤ دۆستی لە دەروونی ئادەمیزاد دەسڕدرێتەوە. دنیای ماشێن و کامپیوتیڕ تۆسقاڵێک حورمەت، ڕووحم و جوامێری لە دڵی ئینسانیەت دا نەهێشتووە!

کچەکە هەروا سەری داخستبوو، پیرەمێرد هەستی بە پەرۆشی و هاودەردی کیژەکە سەبارەت بە خۆی دەکرد. هەربۆیە شێوازی زاری گۆڕی و وەکوو باپیرەیەکی بە رووحم و مێهرەبان زۆر لەسەرەخۆ گوتی:

خانم گیان قەڵس مەبە! دەورانی جوانی هەموو شێتوشوورییە، لێیان مەگرە ئەوانە هێشتا کەللەپڕن، حەقیانە قەدری دەوروبەری خۆیان نەزانن… تاوان لەلای پیرییە! لێگەڕێ با ئەوانیش وەک من پیر بن و بە دارەدارە بڕۆن جا ئەوکات تێدەگەن لە دونیادا چ باسە! … 

پیرەمێرد گرژو توڕە بوو، بێ ئەوەی هەست بە توڕە بوونی خۆی بکا، پاش کەمێک بێ دەنگی دیسان ڕووی هەڵبڕییە لای کچەکە و گوتی:

لەعنەت لە پیری! پیری سەربارییە! پیری گولییە! تەک بەزیاد نەبی پیری!

کچەکە لەبەر دڵپڕیان نەیتوانی سەر هەڵێنێ و ببێ بە هاودەمی کاتی پیرەمێرد، تەنیا ڕووی وەرسووڕاند و چاوێکی پڕ لە قینی هەڵبڕییە لای لاوەکان، ئەسا کزومات چاوی بڕییەوە پێش خۆی. بەڵام پیرەمێرد وازی نەهێنا و بەڵکوو دەیویست بە هەر لەونێک بووە کیژەکە بێنێتە گفتوگۆ، گوتی:

من چەند جاران لە پێشەبڕکێی فوتباڵ میداڵی سەرکەوتنم وەرگرتووە!… وەک ئەوەی کچەکە باوەڕی پێ نەکا، پاش کورتە بێ دەنگێک گوتی باوەڕم پێ ناکەی؟ من یەکەم گۆڵیستی ئەم شارەی خۆمان بووم!… نا تۆ هێشتا زۆر لاوی، ناوی منت نەبیستووە؟ ڕەنگە دایک و باوکت ناو و ناوبانگی منیان بیستبێ، وانییە؟

کیژەکە بەم مانایە قسەکەی ڕاستە سەرێکی بۆ لەقاند، لاوەکان کە گوێیان دابووە قسەکانی پیرەمێرد خۆیان پێ ڕانەگیرا و لەبنەوە پێکەنینەوە، لەپڕ قەیرەکچەکە لەجێ هەستا ڕۆبوویە ئەو قتوولەیە کە سەر موزاییکی ساڵۆنەکە کەوتبوو بە توندی بەرەو دەمی لاوەکانی توڕدا و ئەوسا بێ ئەوەی ئاور بداتەوە بە قەڵسی لە ساڵۆنەکە وەدەرکەوت. لاوەکانیش بەهۆی ئەم دژکردەوەیە بەواقوڕماویی کپ و مات لەجێ ڕاوەستان چاویان لە دەرگای ساڵۆنەکە بری کە بە توندی کرایەوە و پێوەدرا.

پیرەمێرد بۆ رۆیشتن خۆی ئامادە کرد، هێزی هاویشتە سەرگۆچانەکەی و بە زەحمەت هەستایە سەرپێ، بە کوڕەکوڕ جانتاکەی هەڵگرت و لە ساڵۆنەکە وەدەرکەوت.

با بەردەوام بارانی لوول دەدا، تێکییەوە دەپێچا و بە دار و دیواریدا دەپڕژاند. پیرەمێرد لەم کاتەدا هەستی بە هیچ نەدەکرد. نەباران، نەتۆف و تەرزە… سەری داخستبوو بە درێژایی سەر شەقام، بە نێو لووزەوی ئاوی باران، بەبێ هێزی و بەزەحمەت هەنگاوی هەڵدەهێناییەوە، بەڵام هێندەی نەخایاند لەپڕ دەنگی بەسامی تۆڕمز و بەدوای ئەویشدا دەنگی بەرزی هۆڕنی ماشێنێک شەقامی شڵەژاند. با ناڵەی کزی پیرەمێردی لوولدا و لەگەڵ باران تێکەڵ بە خوێنی سووری کرد و دای بە دەستی لافاو و ڕایماڵی. پیرەمێرد لەسەر قیلەتاوی شەقامەکە گڵۆڵە ببووە، جووڵە چییە لێی نەدەهات. دەنگی ئاژێری ئامبووڵانس دەهات نزیک دەبووە. عالەمێک لە دەور جەستەی بێ گیانی پیرەمێرد کۆببوونەوە. پیاوێکی کەمێک ئاماڵ گەڕاوە داهاتبووە بە چاو تەرمی پیرەمێردی دەپشکنی، لەپڕ پشتی ڕاست کردەوە و گوتی:

– ‘میکایل گۆران’!؟

بەڵێ، بۆخۆیەتی قارەمانی کۆنی تیمی فوتباڵی شارەکەمان!

حەیف بۆ ئەم پیاوە!… مامۆستای وەرزیشی منیش بوو!…

کۆستێکی گەورەیە، دەبێ فەرماندار شار ماتەمی گشتی بۆ بگرێ!…

بەڵێ وایە… حەیف و مخابن!…

لاوەکان لە سالۆنەکە دەرپەڕیبوونەدەر، بە هەڵاتن لە شەقامەکە پەڕیبوونەوە ئەوبەر، لە بن داڵدەیەک کش و مات ڕاوەستا بوون، بە شەرمەوە چاویان لە تەرمی پیرەمێرد و شوێنی ڕووداوەکە بڕیبوو لەبەرخۆیانەوە ناوی میکایل گۆران، قارەمانی کۆنی تیمی فوتباڵی شارەکەیان دووپاتە دەکردەوە

 

***

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی