"an independent online kurdish website

تەنیایی،   

پەشێوی،   reuf-gulbeden

بیستنیێکی کتوپڕ لە ڕۆخسار و دەم و چاوی مۆدێڕنیتەی سەدەی بیست و یەکە لە

ناوچاوی کچی پێوەندییەکانی رۆژگاری نێت، دادەبارێت،

لاکردنەوەی سەگەکەش جۆرەکە لە

کارتێکەری هەمان نائارامی و چاوەڕوانی هاوڕێ خاوەنەکەی،

خانووەکان هەرچەند بەرزتر بن

ئەوەندەش مرۆڤ لە دایک، واتە لە خاک دوور دەکەوێتەوە،

خانووەکان هەر چەند قورستر بن،

ئەوەندەش هەستی مرۆڤەکان سووکتر دەبن،

ماڵەکان لەو پەڕی جوانیدا،

ژیان مردار دەکەنەوە،

تەلەفۆنی دەستی شێوەیەک لە پچڕان و لێکترازان لە نێوان تاکی گڵۆڵەکراوی شڵەژاوە،

 کە مۆدێرنیزم وەکوو پاروو دەیگلێنێ!

کەل و پەلی پرش و بڵاو،

 پەلە پەلە و شپرزەیی و بێدەسەڵاتی ژیانی بە ناو،

 بەهەشتی بانگەوازە پڕ لە درۆکانی هەرای دیجیتاڵ،

 قوربانی بوونی تاکە لە ژێر ساباتی پلارەکانی

 خۆشەویستی جیهانی پڕ زرق و برقی مۆدێڕنیتە و

 دوا مۆدێڕنیتەی مرۆڤیزم و ئایەتەکانی کاتی درۆ!

ئیتر چاخی پەیدابوونی قارەمانەکان دوایی هات،

نە پاڵەوانێک دەردەکەوێت لە وێژە،

 نە کەسەک دەبێت بە سەرۆک،

سەرۆکیش تاکێک بوو لە تاکەکان کە بوو بە قوربانی مۆدێرنیزم،

شاعێر ئاسمانیش بە گۆی سەرییەوە بلکێنێ لە ژێر پەنجەی

 قامکە تووتەی جیهانی پێوەندییەکان دەپلیشێتەوە،

ڕۆژگاری ئەوڕۆ نیازی بە تاکی سیاسی نییە و

 دنیا بە دەستی تاکی ڕۆبۆتەوە

 کەوتە نکە و نسکۆ دەدا،

جیهانی ئەوڕۆ جیهانی دۆگمەکانە،

 جیهانی نیشانەکانە،

 جیهانی وێنەکانە،

 دەقیش لە ژێر وێنە ئەلەکترۆنییەکان سەری گێژی دەسووڕێ،

جیهانی پێوەندییەکانی دیجیتاڵ،

 ئاندرۆید و وایببێر و واتساپی شۆفار، تاک لە  گێژەنگ دەدەن!

سەرم تەنیا لەمە سووڕ ماوە:

جیهانی ئەلەکترۆنیک و دیجیتاڵ،

 چۆن چۆنی پێملی درۆ و ڕدێن و

 گومەزی دەنگدانەوەی ڕەشەزمەی داعشەکان بووە؟

 

ڕەوف گوڵبەدەن

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی