لاو نەمامێکی تازە چەقاوی جوان و شلک و ساوان کە بەشیری دایک و ئاودێری و خۆشەویستی دایک و باوک پەروەردە دەکرێن. هەر دەگەڵ هاتنیان بۆ سەر دنیا باوانیان دەیان ئامانج و ئارەزوویان بـۆ دەخوازن ،
هەر بەدیتنەکەیان بـەقدەر تێگەیشتنی خۆیـان زۆر ئـاواتی وەدینەهـاتـوی خـۆیان لـە نـاوچاوانیان دەخوێننەوە .
لاوەتی گرینگترینو خۆشترین کاتەکانی تـەمەنی مرۆڤەکانە . لـەو قونـاغەدا هێزو تـوانای ئـەوەندە زۆرە کە لـە هیچکام قۆنـاغەکانیتردا نیەتی. حەز لـە هەڵدانو تێگەیشتنو خۆ پێگەیاندن دەکا . شاعیرێکی عەرەب کتویە:( بۆ لاوەتیم زۆر گریام بەڵام هیچ فایدەی نەبو . زۆرم خەمی لاوەتیم خوارد ،کەچی پیریو بێهێزیم وەڕێهات . گەڵای داری لاوەتیم وەک گەڵاڕێزانی پـایزان وەرین. خۆزیا لاوەتی ئەوەندە گەڕاباوە پێم کوتبا پیری چیی لێکردم) مەبەست لە هێنانی ئەو شێعرە ئەوەیە کە قەدری ئەو گەوهەرە گرانبەهایە بزاننو مەهێڵن هەروا بەخۆڕایی لەدەستتان بچێو هەرزان فرۆشی مەکەن .
لاوان کۆڵەکەی ماڵی گەلانن، ئەوانن دەبنە ئاڵا هەڵگری پێشکەوتنو ئاوەدانی. ئەوانن زانستو تـوانای خۆیان بـۆ بەختەوەری گەلـو نیشتمانیان دەکار دێنن. کە دەڵێین لاو مەبەستمان کچانو کوڕانی گەلەکەمانن. ئـەوان بـڕبـڕەی پشتی کۆمەڵگان ، دەبێی جێگەی ئەوانە بگرنەوە کە ئەوانیان پێگەیاندوە. ئەو کارانە بکەن کە ئەوان بۆیان نەکراوە ، یان نەیانکردوە. مرۆڤ لەو تەمەنەدا لەباری جەستەیی خاوەنی ئەوپەڕی تواناو حەزی هەڵدانە . فەرمانی کەشتی بەختەوەری گەلو ئاوەدانی وڵات بەدەستی ئـەوانـە . ماکەی ژیانی کۆمەڵو بەرهەم هێنانی سەرجەم پێداویستیەکانی ژیـا نی گەلەکەیانن. تـێـکۆشەری دامـەزرێنەری داهاتویەکی گەشو پڕ لە هیواو ئیمانن. ئامرازی هەڵسوڕینەری ماتۆڕی بەرەو پێشبردنی وڵاتەکەمانن . هـەر کۆمەڵگایەک ئـەگەر بـەئەرکی پیگەیـانـدنـو تێگەیاندنی لاوەکانی وەک پیویست هەڵنەستابی بێگومان قەرزدارو پەشیمانە. لاوان دەبێی بـزانن ڕۆڵەی گەلێکن کەزیاتر لە ( ١٠٠ ) ساڵـە ڕاستەو خـۆو ناڕاستەوخۆ داگیر کەرانی کوردستان بە پشتیوانی لێرەو لەوێی گەورە وڵاتانی دنیایە ،هەوڵی لەناو بردنیان داوە، کە بەخۆشیو شانازیەوە نـەک نـە فەوتاوە بەڵکو ئێستا لە هەمو کاتێک بەهێزترو لە سەرکەوتن نیزیکترە.
لاوان هێزو توانای فێربونو کار کردنیان گەلێکە ، دەبێی بەشیوەیەکی زانستی فێر بکرێنو بەکار بهێندرێن. دەبێی حاکمو دەسەڵاتدارانی وڵات کەشو هەوایەکی لەبار بۆ پێگەیاندیان بڕەخسێنن .زانستیانە بەرەی کۆنو نەوەی نوێی بەیەکەوە دەکار بێنن . پیران بەئەزمونی خۆیان زانستی نوێیان بـۆ بەهێز تر بکەنو لە بەرژەوەندی گشتیدا دەکاریان بێنن. وەک چۆن دایکو باب هەمو زانستو تواناو ئامرازی خۆیان بـۆ پێگەیاندنی ڕۆڵـەکانیان دەکار دێننو دەیـاندەنـە دەستی کۆمەڵ، ئاواش دەبێی بەڕێوەبەرانی وڵات بەبێی تێبینی لە کۆمەڵگادا جێیان بکەنەوە دەکاریان بێنن . ئێمە دەڵێین لاوان سەرمایەی دوا ڕۆژمانن ، بەڵێی ڕاستە بەڵام سەرمایە ئەگەر لەڕێگای زانستو بـەدروستی وەگەڕ نـەخرێی ، سەرئەنجام خاوەنەکەی مایە پوچ دەردێی . ئەگەر دەرگای زانستو فێربونیان بـۆ نەکەینەوەو پێداویستیەکانی ژیانو فێربونیان بۆ دابین نەکەین ، شارەزایانەو زانستیانە باریان نەهێنین ، ئەگەر هیواو بەختەوەریان لە دەروندا نەچێنینو ڕێگای گەیشتن بەئامانجیان نەخەینە بەردەستو ئامرازی پیویستیان بۆ دابین نەکەین ، بێگومان نابنە هیوای دواڕۆژو دەبنە سەربـاری کۆمەڵ. لـە ماڵەوە تادەگاتە مامۆستای قوتانخانەو زانکۆ، لەوێشەوە تادەگاتە کاربەدەستوسەرۆکەکان هەر هەمومان لە برانبەر ئەو مەسئولیەتە گرینگەدا بەر پرسیارین . هەرکەسو ئۆرگانێک خۆی لێببوێرێی بەدڵنیایەوە مێژو چاوپۆشی لێناکاو بەزەی پییدا نایە.
بەباوەڕی من ئێستا دەرەتانی پێگەیاندنی لاوان ڕەخساوە. بەڵام وەک پێویست ئەرکو مافەکانی پێنە ناسێندراوە ،بۆیە لە هێندێک بواردا لە خەتی خۆی لای داوە ، توشی شتی نەشیاوو دور لـە بەرژەوەندی خۆیو کۆمەڵ کراوە. بـۆیە ئەرکی ئینسانیو نەتەوەییو نیشتمانیو ئەخلاقی دایکانو باوکانو مامۆستایانو ڕاهێنەرانو دەسەڵاتدارانو هەمو جومگەکانی کۆمەڵە کە بەهانای ڕۆڵەکانیانەوە بچنوهەرچی لە توانایان دایە بۆ پێگەیاندنو خستنە سەر ڕاستە ڕیگەی ئینسانیو نیشتمان پەروەریو گەلدۆستی باریان بێننو بە ڕاستی تێیان بگەیینن کە گەل نـەویستیو بێگانە پـەرستی مەترسیدارترین فـەتایە کە کۆمەڵگا دەڕزێنێ ، کەسایەتی لە مرۆڤ دەستێنێ ،هەستو غیرەتو کەڕامەتی مرۆف دەمـرێنێ، سەرت پێی لەبەر هەر نامەردێک دادەنەوێنێ. لاوی کورد دەبێی ئەوەندەی هەوڵدەدا بۆجوانتر کردنی ڕواڵەتەکەی زۆر لەوە زیاتر بۆ بەهێز کردنی ڕوحو ڕازاندنەوەی ئەخلاقی مرۆڤانە تێبکۆشێو لە هەر چی دیاردەی نەشیاوی کە دەبێتە هۆی ناحەزکردنی خۆیو گەلەکەی دوری بکاو خۆی بپارێزێی .
برای دڵسۆزتان مەلابرایمی مەجیدپور
.