"an independent online kurdish website

له‌ ساڵ یادی دەساڵەی کۆچی ئه‌به‌دی و پڕ له‌ سه‌روه‌ری پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌ری به‌ وه‌جی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هاوڕێ شه‌هید سه‌ید عه‌لی ئازریseid-ali-azeri-shehid-0

له‌ ده‌ڤه‌ری شاره‌ ره‌نگینه‌که‌ی شنۆی ئازا، جارێکی تر په‌یمان و به‌ڵێن له‌ گه‌ڵ ئه‌م که‌ڵه‌ مه‌رده‌ و هه‌موو شه‌هیدانی رێبازی رزگاری نه‌ته‌وه‌ ماف خوراوه‌که‌مان نوێ ده‌که‌ینه‌وه‌ …ده‌ڵێن: هۆ  پێشه‌نگی شه‌هیدانی سوور خه‌ڵاتی شنۆی ئازا ، هه‌مو شه‌وێ دێی و ده‌بیه‌ میوانی ماڵه‌کانمان ، هه‌مو رۆژ دێی وهه‌واڵی ژیانمان ده‌پرسی ، به‌ خۆت و ئه‌و پۆله‌ هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ره‌ هه‌رده‌م له‌ بیر نه‌کراوه‌که‌ت . تۆ گه‌وره‌ پیاوێ بوی خۆر ئاسا که‌ سه‌ر ده‌مانێک له‌ ده‌ڤه‌ری شنۆی کوردان تیشک ئاوێژ بوی و بۆ گشت لامان .ئێستاش پاش کۆچی سوورت بویت به‌ ئه‌ستێره‌  ، و رێ نیشانده‌ری . وا دە ساڵه‌ هه‌ر هه‌مو مان ئازیه‌ت باری ئه‌م کۆسته‌ی تۆین . له‌ هه‌ر یاد و کۆرێ که‌ بیره‌وه‌ری شه‌هیدانه‌ ، یان که‌ کۆنه‌ هاوڕێکانت باسی رۆژانی سه‌خت و ناخۆشی خه‌باتی رابردو ده‌که‌ن خێرا وه‌ک چرایه‌کی پڕ نور هه‌موو دۆسته‌کانت ده‌ورت لێده‌ده‌ن و یاد و خاتره‌ زیندوو ده‌که‌نه‌وه‌. له‌ پاش کۆچت ئه‌وه‌ ته‌نیا زمانی یه‌ک میله‌ته‌ که‌ ده‌توانێ بێته‌ گۆ و باس له‌و هه‌مو خۆشه‌ویسته‌ت بکات که‌ چۆن وه‌ک بۆن و یادێکی خۆشی ئه‌به‌دی چویته‌ ناو دڵ و ماڵی هه‌مو ئه‌و رۆڵه‌ تێکۆشه‌ر و مافپه‌روه‌رانه‌ی پیرانشاری ئاواره‌ و شنۆی ئازا و دۆل و ده‌شته‌بێڵی پێشمه‌رگه‌ په‌روه‌ر . تاقه‌ یه‌ک جار به‌س بو بینینت و په‌ی به‌ گه‌وره‌یت بردن ، تاقه‌ یه‌ک جار به‌س بو ناوی به‌رزت تا ببی به‌ سونبولی لێڕامانی کوردایه‌تی یادت به‌رز و به‌رێز بێ.

دڵنیا به‌ نه‌ تۆ و نه‌ ئه‌و هه‌زاران شه‌هیده‌ گیان به‌خت کردوه‌ی رێگای سه‌ربه‌ستی گه‌ل و نیشتمان  ،هه‌تا به‌چکه‌ کوردێک مابێ له‌ یاد و هزرمان ناشۆرێنه‌وه‌ .یادتان ، ناوتان ئه‌و دڵ گه‌وره‌یی  و نیشتمان پەرەوریتان  به‌سه‌ بۆ به‌ ترۆپکی رزگاری گه‌یشتن . له‌ یادی دە ساڵه‌ی  کۆچی پڕ له‌ هه‌یبه‌تت  هه‌ر هه‌موومان سه‌ره‌رای ئه‌م کۆسته‌ گه‌وره‌یه‌ که‌وه‌ک ته‌می به‌هاری دانیشته‌ سه‌ر دڵ و گیانمان، به‌ڵام قورس وقایم و دڵ پڕ له‌ هیوا چاومان له‌ ئاسۆی دوره‌ده‌ست بڕیوه  وبه‌خته‌وه‌ری ئه‌وه‌مان به‌ نسیب بوه‌ ببین به‌ رێبواری به‌ ئه‌مه‌گی ئه‌م رێچکه‌ پیرۆزه‌ی که‌ هه‌تا دوا هه‌ناسه‌ ده‌ست به‌رداری نه‌بوی و هه‌رده‌م هه‌وڵ و ته‌قه‌لات ئه‌وه‌ بوو که‌ جار به‌ جار و سات به‌سات شێلگیرترمان که‌یت له‌سه‌ر ی. هه‌زارن داخ بۆ تۆ که‌ ئاوا زوو به‌جێت هێشتین و باری گرانی ئه‌م مه‌رگه‌ نا به‌واده‌یه‌ت خسته‌ سه‌ر شانی چه‌ماوه‌مان.

له‌ پاش سه‌فه‌ری ئه‌به‌دیت هه‌موو هزری ئێمه‌ ئه‌وه‌ بوو که‌ ئاخۆ تاچه‌ند ده‌تواننین ئه‌مگداری راسپارده‌کانت بین و بۆ ساته‌کی هه‌رچه‌ند که‌میش بێ رۆحی به‌رزت شاد بکه‌ین و ئه‌رکی خۆمان وه‌ک نه‌سڵی پاشی تۆ  به‌ باشی به‌رێوه‌ به‌رین. به‌ فه‌رمودی سه‌داری هه‌رده‌م له‌ژیان شه‌هید قاسملو’ باشترین پاداش بۆ شه‌هیدان درێژه‌ پێدانی رێگایانه‌.. ئێمه‌ش هیوامان وایه‌ بتوانین پاداشی تۆ ئه‌و هه‌زاران رۆڵه‌ له‌ خاکا نوستوه‌ی فه‌داکاری کوردستان ، بده‌ینه‌وه‌ و نه‌سڵه‌کانی پاشی خۆمان ئاسوده‌تر و به‌ختیارتر که‌ین له‌ ژیانا. له‌ دووای مه‌رگی پڕ له‌ شکۆت ده‌ڤه‌ری شنۆ ی هه‌رده‌م ره‌نگین و سه‌ر سه‌وز به‌ جارێ ره‌ش پۆش بوون هه‌موو ئه‌و گه‌وره‌ مرۆڤانه‌ی سه‌وداسه‌ری ئازادی و هه‌مو تاکه‌ کوردێکی خاوه‌ن که‌رامه‌تی نیشتمانپه‌روه‌ری. به‌جارێک فیلمی مه‌زڵوومیه‌ت و به‌ ناحه‌ق له‌ خوێندا شه‌ڵالی بووی ئه‌و ده‌یان و سه‌دان شه‌هیده‌ له‌ بیر نه‌کراوه‌ی بناری سه‌رکه‌شی کێله‌شین و پێده‌شته‌ ره‌نگین و خه‌مڵیوه‌که‌ی شنۆی رابوون، هاته‌وه‌ به‌ر دیده‌ی خه‌یاڵان. ئه‌وه‌ هه‌ر مێژوو شاهیده‌ که‌ چۆن به‌ هه‌زاران له‌م خه‌ڵکه‌ به‌ ئه‌مه‌گه‌ له‌ دوور ونیزیک هاتن و به‌شداری پرسه‌ی که‌ڵه‌ پیاوێک بوون که‌ هه‌تا له‌ ژیانا بوو هه‌رده‌م و له‌ هه‌ر شوێنێک ، له‌ تاراوگه‌و له‌ نیشتمان جێگه‌و مه‌کۆی دڵنه‌واییی هه‌مو ئه‌و که‌سانه‌ بوو که‌ روویان تێده‌کرد. ناو و خاتره‌ی هه‌رده‌م به‌رز و پیرۆزت بۆ هه‌تایه‌ له‌ ناو جه‌رگه‌ی دڵ و زه‌ینمان گه‌شاوه‌یه‌.



بێشک تۆ له‌ ریزی ئه‌و نه‌مرانه‌ی که‌ تاریخی سه‌راسه‌ر پر له‌ رووداو و حه‌ماسه‌تی گه‌له‌ مه‌زڵوومه‌که‌م‌ به‌ شانازازیه‌وه‌ یادیان ده‌کات. هه‌ڵۆی به‌رزه‌ فڕی زاگرۆسی هه‌رده‌م کورد نشین  له‌شه‌قه‌ی شاباڵ بده‌ و وه‌ره‌ له‌نگه‌رێ بگرێ له‌م که‌ناره‌، به‌سه‌ غوربه‌ت، به‌سه‌ تاراوگه‌، وره‌ ئاسوده‌ و دڵنیا بنو له‌ وڵاته‌که‌ی هه‌رده‌م چاوه‌ریت، هۆ گۆڕ غه‌ریب، سه‌ربازی وون، تاکه‌ی… تاکه‌ی وڵاتی غوربه‌ت و ته‌نیایی جێ ناهێڵیت نایه‌وه‌ بۆ دێیه‌که‌ی خۆت. هۆ پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌که‌ی دێموکراتم دڵنیابه‌ و هه‌زار به ڵێن سبه‌ی که‌ وڵاتم رزگار بوو، سبه‌ی که‌داری ئازدی پاراو له‌ خوێنی ئێوه‌، به‌ری گرت، پێش ئه‌وه‌ی بۆ خۆمان بچینه‌وه‌ و تامی ره‌هایی بچێژین، من دڵنیات ده‌که‌مه‌وه‌ دێین  و که‌ژاوی سووری جه‌سته‌ی پیرۆزی تۆ  و ئه‌و هه‌زاران گیان فیداکارانی کوردستان، ده‌که‌ینه‌ پێشه‌نگی کاروانی سه‌رکه‌وتن و گه‌رانه‌وه‌مان. ئارام بنو  و ئه‌رخه‌یان به‌ ئه‌گه‌ر مۆمی ژیانی تۆ کوژاوه‌یه‌، هه‌ر ئێستا به‌هه‌زاران مۆمی داگیرساو له‌ چووار لاوه‌ گه‌شاوه‌یه‌ و رێگات، ناوت، هه‌ڵوێستی پیرۆزت پڕ رێبواره‌. ئارام بنوو به‌ سووکنایی سه‌ر بنێوه‌ هۆ پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌که‌ی دێموکراتم.

 

حەیدەر محەمەدی / نۆرويژ

rahener@gmail.com

بابەتی تری نووسەر


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی